داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە لە زیندان وەک ئامرازێکی زەبر و زەنگ بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام لە بەند کردنی هەڵسوڕاوانی سیاسی نەک نەبووەتە ئاستەنگ لە پێش گەشەی بزووتنەوەکە، بەڵکوو بە خۆڕاگری خەباتگێڕانی کورد، زیندان هەمیشە سەنگەرێکی بەربەرەکانی بووە دژی سەرکوت و داگیرکاری. کاک عەزیز یوسفی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ساڵی ١٣٢٧ تا ١٣٥٦ نزیکەی بیست و پێنج ساڵ لە تەمەنی خۆی لە زیندانەکانی رژێمی پاشایەتی تێپەڕاند، نموونەیەکی هەرە دیاری زیندانییانی خۆڕاگر و بە ئیرادەی نێو زیندانەکان بوو. عەزیز یوسفی لە ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ بەهۆی ئەو نەخۆشییانەی لەنێو زیندان تووشی ببوو، لە تاران کۆچی دوایی کرد و رۆژی دواتر تەرمەکەی بە رێوڕەسمی تایبەت و بە بەدرەقەی کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی سیاسی کورد و ئێرانی گەیەندرایەوە مهاباد. هەرچەند حکومەتی پاشایەتی هەوڵی دا پێش بەوە بگرێت کە بەخاک سپاردنی ئەو کەسایەتییە سیاسییە بە بەشداری ئاپۆرای خەڵک بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هەوڵی رێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێداگری خەڵک، رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی کاک عەزیز کرایە دەرفەتێک بۆ هاتنەسەر شەقامی خەڵکی کوردستان و تێکەڵ بوونی نەپساوەیان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی. ئەگەرچی بنەماکانی دژایەتی رێژیمی پاشایەتی و هەوڵدان بۆ دابین بوونی مافە نەتەوەیییەکان لە نێو خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا ڕیشەیەکی کۆنتری هەبوو، بەڵام ناڕەزایەتی مەدەنی خەڵکی کوردستان لەکاتی بەخاک سپاردنی کاک عەزیز یوسفیدا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بزووتنەوەی مەدەنی و جەماوەری خەڵکی کوردستان. ئەو ڕێوڕەسمە وناڕەزایەتییە هەرچەند لە مەهاباد بوو، بەڵام بنەماکانی هەر لەو ناوچەیەدا بەرتەسک نەمایەوە و زۆر زوو ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی کە تەنانەت دوای رووخانی حکومەتی پاشایەتیش درێژەی کێشا و بوو بە سەنگەری ئازادی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو کودەتایەی بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا کرا.
رێچکەی خۆڕاگری سیاسی لە زیندان کە لە کوردستان بە نموونەی وەک عەزیز یوسفی دەناسرێتەوە، تا ئێستاش هەر بەردەوامە. دەیان ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و هەروەها ژمارەیەکی زۆر هەڵسوڕاوی سیاسی و مەدەنی کورد لە زیندان دان. ئەو زیندانییانە سەرەڕای هەموو فشار و هەڕەشەیەکی حکومەت و دەزگا ئەمنییەتییەکان، ساڵانێکی زۆرە خۆیان ڕاگرتووە و لە سەر بیر و باوەڕەکانی خۆیان سوورن و ئامادە نین بە نرخی رزگار بوون، ساتوسەودا لە سەر بیر و باوەڕیان بکەن و پشت لە رابردووی خۆیان بکەن. نموونەیەکی دیکەی ئەو زیندانی یانە محەمەد سدیق کەبودوەندە کە نزیک بە ١٠ ساڵە بە هۆی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بەند کراوە و نەک تەنیا ئامادە نەبووە پاشەکشە لە بۆچوون و خواستەکانی بکات، بەڵکوو نێو زیندانیشی کردووەتە سەنگەرێک بۆ داکۆکی کردن لە بەها نەتەوەیی و ئینسانییەکان و بەگژ داچوونی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی. زیندانییانی سیاسی خۆڕاگر و پابەند بە بیروباوەڕیان بۆ بزووتنەوەی کورد، سەرمایەیەکی مەعنەوی گەورەن و دەبێ بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لێ بکرێت و هەروەها دوای گیان لەدەست دانیشیان لەبیر نەکرێن.
لە ٣٨ەمین ساڵیادی گیان لەدەست دانی کاک عەزیز یوسفی دا دەبێ دان بەو راستییە دابندرێ کە وەک پێویست ئاوڕ لە خەبات و رەنجەکانی ئەو تێکۆشەرە نەدراوەتەوە و وەک سەمبولێکی نێو زیندان کەمتر بە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان ناسێندراوە. ئەگەر داستانی عەزیز یوسفی لە هەر شوێنێکی دیکە تۆمار کرابا، قارەمانیەتی و خۆڕاگری ناوبراو چەندین کتێبی پێ پڕ دەکرایەوە و کاریگەری و خۆ پێگەیاندنی لەنێو زیندان دەکرا بە بابەتی زۆر لێکۆڵینەوە و نووسین. هەروەها ساڵرۆژی گیان لەدەست دانی لە رۆژژمێری نەتەوەییدا لاپەڕەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرا و ساڵانە بە شکۆوە یادی دەکرایەوە. بۆیە پێویستە بۆ ئێستا و داهاتووش زیاتر کار لەسەر وەبیرهێنانەوە و ناساندنی ئەو کەسانە بکرێت کە بە قارەمانەتی و ئیرادەی خۆیان لەنێو دڵی دوژمندا چۆکیان بە زیندان و تەسلیم بووندا بە عەرز داداوە
لە ژماره ٦٨١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه