هیچ شتێک لە “خەمۆکیی سیاسی” بۆ نەتەوەیەکی بندەست کوشندەتر نییە، چون خەمۆکی سیاسی کە بەرهەمی نەبوونی هیوا بە دواڕۆژە، خەونکوژە. کە خەون و خولیاش نەما، ئیتر وردەوردە و بەئەسپایی، نەتەوەش دەمرێ!
نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر لە چەند قۆناغێکدا بە جۆرێ تووشی ئەم خەمۆکییە بووە، بەڵام بە هۆی خاڵگۆڕانێک لەم قۆناغانەدا، ئاماڵڕۆنێسانسێکی ناسنامەخوازانەی لە ژیانی سیاسی خۆیدا بەخۆوە بینیوە کە دواجار لەم ئازارە کوشندەیە ڕزگاری کردوە.
لە ڕاستیدا خەمۆکی سیاسی جۆرێ لە ئەتۆمیزاسیۆنی لێ دەکەوێتەوە کە پێچەوانەکەشی ڕاستە. ئەتۆمیزاسیۆن بریتییە لە شكاندن و وردكردنەوەی هەر چەشنە ماددەیەك بۆ پاژە پێكهێنەرەكانی واتە ئەتۆم، وەك بچووکترین یەكەی پێكهێنەری ماددە كە بە شێوەیەكی جیا و ڕەها دێ و دەچێ. جین شارپ دەستەواژەی ئەتۆمیزە دەگوازێتەوە بۆ واقیعی هەندێ كۆمەڵگەی جیهانی سێهەم. بە تەعبیری شارپ خەڵكی ئەم وڵاتانە، چەشنێ ئەتۆمیزەیان پێوەدیارە، واتە لەتوپەت كراون، بە جۆرێ كە توانایی هاریكارییەكی ئەوتۆیان بۆ مەبەستێكی هاوبەش نییە. ئاكامی ئەم ئەتۆمیزاسیۆنە دەبێتە هۆی لاوازیی خەڵك و دواجار هیوا و هەستی متمانەبەخۆبوون و هێز و وزەی خۆڕاگرییان لەنێو دەچێ. ڕێک دەکرێ ئەم ئەتۆمیزەبوونە لەنێو حیزبە سیاسییەکانیشدا بەدی بکەین.
ڕەنگە سازبوونی کۆماری کوردستان تەنانەت بەر لەویش واتە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، خەباتی چەکداری ساڵانی ٤٧-٤٦ی هەتاوی و سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە گرینگترین قۆناغەکانی ئەم ئاماڵڕۆنێسانسانە بن، کە بوون بە هۆی ڕەوینەوەی خەمۆکی سیاسی و ئەتۆمیزەبوون لە قۆناغێکی زەمەنی تایبەتدا! بۆیە دەڵێم ڕۆنێسانس چون کارتێکەری و شوێندانەری ئەم ڕووداوانە جگە لە سەردەمی خۆیان تا هەنووکە بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە ئاستی تیۆریک و فکری و تەنانەت مەیدانیشدا هەر بەردەوامە. نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە پارچەکانی تریش! دیارە بێ هیچ شک و گومانێک شانازی ئەم دەسکەوتانەش تەنیاوتەنیا بە بەژنی حیزبی دێموکرات دەبڕدرێ.
حەفتاوحەوت ساڵ کە ئەگەر سێ ساڵەکەی ژێکافیشی – بەحەق – لێ زیاد کەین، هەشتا ساڵ بە سەر تەمەنی حیزبی دێموکراتدا تێدەپەڕێ، حیزبێک کە تا ئێستاش هیچ ڕێکخراوەیەکی سیاسییتر لە هەر چوار پارچەی کوردستان نەیتوانیوە دەسکەوت و شانازییەکانی دووپات کاتەوە، کە بێگومان دیارترینی ئەم دەسکەوتانە دامەزراندنی کۆماری کوردستان (وەک سەرەتای قۆناغی دەوڵەت – نەتەوە) بوو لەسەر بنەمای گوتارێکی نەتەوەیی کە سەرجەم کلیلوشەکانی پێناسەیەک بوون بۆ ئەو ناسنامەیەی کە تا ئاستی لەبیرچوونەوە لایکەم لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا ون ببوو. کلیلوشەکانی ئەم گوتارە بریتی بوون لە: پێشمەرگە، پێشەوا، شەهید، ئاڵا، سەربەخۆیی، ئیستقلال، کۆمار و… ئەم گوتارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا ئێستاش بە سەر گوتاری بەشەکانی تردا زاڵ و دیارە.
جگە لەم دەسکەوتانەی کە وەک ڕۆنێسانێس باسم لێوەکردن، بە دڵنیاییشەوە هیچ حیزبێکی کوردی هێندەی حیزبی دێموکرات تووشی کارەسات نەبووە. لە هەرەسی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدرانی پێشەوای نەمرڕا بگرە، تا سەرکوتی بێبەزەییانەی جووڵانەوەی ساڵانی ٤٧-٤٦ و دابڕان و لەتبوون و شەهیدبوونی سەرکردە کاریزماکانی و هەروەها دۆخی خەمۆکی سیاسی داسەپاوی ئێستا.
بەڵام بەدەر لەم کارەساتانەی بەسەری هاتووە و بەدەر لەم دەسکەوتانەی وە چنگی خستوە، حیزبی دێموکرات “بەرپرسترین” حیزبی مێژووی نەتەوەی کوردە. ئەم هەست بە بەرپرسیارییەت و مەسئوولییەتە بە تەعبیری شەهید دوکتور قاسملوو، گەورەترین “سەرمایەی کۆمەڵایەتی” لەلای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ ساز کردوە. خۆ ئەگەر ئەم خۆشەویستییە بێوێنەیەی لەلای خەڵکی ڕۆژهەڵات نەبوایە و پاڵپشتیی ئەم گەلە نەبوایە، دەمێک ساڵ بوو تێداچووبوو. پەیوەندیی نێوان حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا جگە لە ڕەهەندە ڕزگاریخوازییەکەی وەک بزووتنەوەیەکی میللی دێموکراتیک، سۆز و عاتیفەیەکی کەموێنەی پێوەدیارە کە زۆر جاران خۆ لە قەرەی چیرۆک و ئەفسانە دەدا و ئەمە بۆتە ڕەمزی هەرمانی حیزبی دێموکرات لە نێو دڵ و زەینی خەڵکی کوردستاندا.
بەڵام کە بێینە حاڵی حازر، لە ڕاستیدا ئەم حیزبە ئێستا لە هەر دوو ڕەهەندی فکری و ڕێکخراوەییدا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. هەم لە ڕوانگەی گوتارییەوە هەم لە سۆنگەی دامەزراوەییەوە، بەتایبەتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران جگە لە دەیەی ٨٠ی زایینی، ئەم قەیرانانە زیاتر خۆیان دەرخستوە. بەڵام ئەوەی هیوابەخشە دوو پتانسییەلی گەورەی نێوخۆی حیزب و نێوخۆی ڕۆژهەڵاتە کە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕزگار بوونی لەم قەیرانانە.
یەکەمیان بریتییە لە توانایی و پتانسییەلی نێوخۆی حیزب بۆ بەخۆداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە تایبەتی بۆ چارەگەسەدەی ڕابردوو. وەک شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: “پێشەنگیی و ئاوەڵناوی شۆڕشگێڕیی حیزبێکی سیاسی لەمەوە سەرچاوە دەگرێ کە چۆناوچۆن بۆ هەڵەکانی ڕابردووی دەڕوانێ، حیزبێکی شۆڕشگێڕ نابێ ترسی ئەوەی هەبێ کە بە کوتنی هەڵەکانی دوژمن پێی شاد دەبێ یان لە ڕادەی باوەڕپێکراوییەکەی کەم دەبێتەوە، بەپێچەوانە دان بە هەڵەنان و ڕاست کردنەوەیان باوەڕپێکراوی حیزب لەنێو خەڵکدا دەباتە سەر و “جیددی” بوون و “بەرپرس” بوونی حیزب نیشان دەدا. ئەمە ڕێک ئەو پنتەیە کە دەبێ سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات زیاترین نرخ و بەهای پێ بدا کە ئەگەر بێتوو ڕەخنە وەک دیاردەیەکی ئاسایی سەیر نەکرێ و چەمکی وێکهەڵکردن بەتەواوی نەچسپێ، ئەگەری چەندپات بوونەوەی ئەزموونە تاڵەکان هەر هەیە.
دووەم وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ئەم پێگە قورس و قایمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی حیزبی دێموکراتە کە لە نێوخۆی کوردستاندا هەیەتی. بۆ نموونە لە دوایین دابڕانی ئەم حیزبەدا، خەڵکی کوردستان نە سەلماندی و نە پێمل بوو بەم لێكترازانە، هەربۆیە بەڕاشکاوی جۆرێ لە خەمۆکی سیاسی و ئەتۆمیزەبوونی خەڵک وەبەر چاو دەهات چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە. هەرچەند سەرەڕای ئەم دۆخەش گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات لە زۆر بواراندا چالاک و پێشەنگ بوو و تەنانەت بۆ پشتگیری لە حیزب، حەماسەی ٢١ی خەرمانان دەخوڵقێنن، بەڵام گوشارەکانی خەڵک بۆ سەر هەر دوو باڵی حیزب سەلمێنەری ئەم ڕاستییە بوو کە ڕۆژهەڵات دوو دێموکراتی نەدەویست و ناوێ!
حیزبی دێموکرات بە هۆی ئەم پتانسییەلە لەناخداهەڵگرانەی کە هەیەتی و بۆ ئەوەی یەکگرتنەوەی ئەم جارەیان بە مەرەدی یەكگرتنەوەكانی پێشوو نەچێ، دەبێ ڕەخنەگرتن و تەنانەت دەربڕینی ڕای دژواز بکا بە میکانیزمی بەڕێوەبردنی حیزب. دێموکرات تەنیا حیزبی سکرتێر، دەفتەری سیاسی، کۆمیتەی ناوەندی، کادر و پێشمەرگە نییە… دێموکرات وەک چۆن لە سەرەتای دامەزرانی، حیزبی تەواوی گەلی کورستان بوو، ئێستاش دەبێ دوکتورینە سەرەکییەکەی ئەوە بێ کە ببێ بە چەترێک بۆ هەمووان و گەورەتر لە حیزبێک خۆی بنوێنێ!
لە کۆتاییدا دەگەڕێـمەوە سەرەتای باسەکەم و هیوای ئەوە دەخوازم کە یەکگرتنەوەی دوو دێموکرات ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتایی و ببێتە ئاماڵڕۆنێسانسێک بۆ سڕینەوەی تەمی خەمۆکی سیاسی و لەناوبردنی ئەتۆمیزەبوونی کۆمەڵگای کوردی و بزووتنەوەی نەتەوەیی.