حه‌سەن روحانی سه‌ر کۆماری ئێران له ماوه‌ی رابردوودا سه‌ردانی پارێزگای ور‌مێ کرد و بێجگه له‌وه که له ناوه‌ندی پارێزگا واته شاری ور‌مێ بۆ ئاماده بووانی کۆبوونه‌وەیەک که به مه‌به‌ستی پیشوازی لە ناوبراو ته‌رتیب درابوو قسه‌ی کرد، رۆژی دواتر سه‌ردانی شاری مه‌هابادی کرد له‌وێش قسه‌ی بۆ خه‌لکی ئاماده‌بوو له ستادیومی وه‌رزشی ئه‌و شاره‌دا کرد و له قسه‌کانی دا کۆمه‌لێک بابه‌تی له بواری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری‌دا هێناگۆرێ و هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا کۆمه‌ڵێک قه‌ول و به‌ڵێنی دا که ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاکانی ئیجرایی و ئیداری پارێزگا رادەسپێری به جێ به جی کردنیان کە ئەو بەلێنیانە و جێ بەجێکردنیان باسێکی دوور ودرێژ هەڵدەگرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته‌دا ده‌مانهه‌وێ تیشکی بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و به‌شه له قسه‌کانی ناوبراوه که به ته‌واوی له گه‌ڵ قانوونی بنه‌ره‌تی ئێران و کرده‌وه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای حاکمه‌ی کۆماری ئیسلامی له ناته‌بایی دان. روحانی له بەشێک لە قسه‌کانی له شاری مه‌هاباددا ده‌ڵێ: “هیچ که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه فه‌رق و جیاوازی له نیوان مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌کان (اقوام) دابنێ و ئه‌سل له نیزامی کۆماری ئیسلامی له سه‌ر شایسته بوونه.” ته‌نانه‌ت به‌وه‌ندەش به‌سه‌نده ناکا و بۆ ئه‌وه‌ی له حزووری خه‌لك دا قورس و قائیم قسه بکا ده‌ڵێ: “من به عینوانی سه‌ر کۆمار‌و رەئیسی شورای ئه‌منیه‌تی میللی به ئاشکرا راده‌گه‌یێنم کە لە ئێران‌دا هیچ که‌س ئه‌و مافه‌ی نییه له نێوان موسوڵمان و پێره‌وانی مه‌زهه‌بێک له گه‌ڵ مه‌زهه‌بێکی دیکه فه‌رق و جیاوازی دابنێ.” ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو رسته‌یه له قسه‌کانی روحانی ته‌ته‌ڵه بکه‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌سله‌کانی قانوونی بنه‌ره‌تی ئیران که سه‌رچاوه‌ی قانوون و ده‌سه‌ڵاته‌کانه له نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دا بەراوردبکەین، ئه‌و کات بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و قسانه‌ی روحانی به پێ قانوونه‌کانی ئێران ناتوانی هیچ مه‌بنایەکی قانوونی له پشت بێ.. له حاڵه‌تی زۆر گه‌شبینانەدا ره‌نگه ئاغای روحانی خۆی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتبێ که سه‌قامگیری سیاسی و ئابووری لە ئێران‌دا به‌وه به‌ندە که ده‌بێ نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی پێکهێنەری ئێران له به‌رێوه‌به‌ری و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی حاکمییه‌تی ئێران‌دا به‌شداریان پێ بکرێ ، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه ئیشاره‌م پێ کرد ته‌نیا قه‌ناعه‌تی ئاغای روحانی بۆ ئه‌و پرسه گرینگه که به‌شداری کردنی هه‌موو نه‌ته‌وه و پێره‌وانی ئایینه جیاوازه‌کانه له ده‌سه‌ڵاتداری ئێران‌دا، به‌س نییه به‌لکو له پێش هه‌موو شتیک‌دا قانوونی بنەڕه‌تییه که نیزامی کۆماری ئیسلامی له سه‌ر دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های داوه به که‌سێک به ناوی رێبه‌ر کە بۆ “دائم العمر” له سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی جێگیر بێ، پیویستە بگۆردرێ، چونگە ڕێبەر لە بەرامبەر هیچ کەس و لایەنێک‌دا خۆی بە وڵامدەر نازانێ، به‌ڵکو بە پێ ئەسلی پێنج لە قانوونی ئەساسی رێبه‌ر نوێنه‌ر و راسپارده‌یه له لایه‌ن ئیمامی زه‌مانه‌وه که ئه‌ویش نۆێنه‌ری خوایه له سه‌ر زه‌وێ. له نیزام و سیستمێکی ئاوادا ئه‌و قسانه‌ی روحانی ته‌نیا وه‌ک قسه‌یەکی جوان و دڵخۆشکه‌ر دێنە بەر چاو، ده‌نا له مه‌یدانی کرده‌وه‌دا ناتوانن هیچ مه‌بنایەکی قانوون‌یان هه‌بێ. ئه‌سله‌کانی ٤، ١٢، ١١٥، ١٥٧ و چه‌ند ئه‌سلێکی دیکه ئەوە راستییە دەسەلمێنن کە چۆن ئەسڵ وبڕگەکانی قانوونی بنەڕەتی به‌ربه‌ست دروست ده‌که‌ن له به‌رامبه‌ر بەشێکی بەرچاو لە تاکەکانی کۆمەلگا که ده‌یانهه‌وه‌ی به‌شداری ده‌سه‌ڵات و به‌رێوبه‌ری وڵات بن. چونکه له‌و ئه‌سلانه‌دا به روونی دین و مه‌زهه‌بی ره‌سمی وڵات دیاری کراوه و گوتراوە هه‌موو قانوونه‌کان ده‌بێ له چوارچیوه‌ی دین و مه‌زهه‌بی ره‌سمی که هه‌مان ئیسلام و ئەویش لە نەوعی شیعەی ١٢ ئیمامی‌یه دابێ، واته هیچ که‌س ناتوانێ وه‌ک رێبه‌ر، سه‌رکۆمار، سەرۆکی پارله‌مان، سه‌رۆکی ده‌زگای دادوه‌ری، فه‌رمانده‌هانی ئه‌رشه‌دی نیزامی و… ته‌نانه‌ت دیپلۆماتکار خۆی به‌ربژێر بکا، مه‌گه‌ر موسلمان و پیره‌وی شیعەی ١٢ ئیمامیی باوه‌ردار به “ویلایت مطلقه” بێ و لە بێژینگی شوورای نیگابان دەرچووبێ. بۆیە لە ئاکام دا ده‌بینین قانوونی بنه‌ره‌تی ئێران ئه‌و فه‌رق وجیاوازیه له نێوان نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و ئایینەکان له ئێران‌دا داناوه و لێرەدایە کە دەردەکەوی ئه‌و قسانەی رووحانی لە پلەی سه‌ر‌کۆماردا که خۆی به‌رێوبه‌ری قانوونه، د‌ژایه‌تی هه‌یه لەگەڵ نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتی ئیران، واته ئه‌و قسانه‌ی روحانی ته‌نیا ده‌توانی مه‌سره‌فی کاتی هه‌بێ، چونکه سه‌ر کۆمار ناتوانێ به پێچه‌وانه‌ی ئه‌سل و ماده‌کانی قانوونی ئه‌ساسی بجوڵێته‌وه.
له به‌شیکی دیکه‌ی قسه‌کانی‌دا روحانی ده‌لێ:” شانازی به “قومیت” له قوناغی سیهه‌م دایه” و له درێژه‌ی قسه‌کانی ده‌ڵێ: “پێش هه‌موو شتیک ده‌بی بزانین ئێمە ئێرانین و بە ئێرانی بوونی خۆمان شانازی دەکەین و هەموومان موسوڵمانین و شانازی پێوە دەکەین.” ئەو روانگە و بۆچوونەی ئاغای روحانی دەبێ لەوەوە سەرچاوە بگرێ کە نەتەوەکەی خۆی بە درێژایی مێژووی ئێران هەستی بە چەوسانەوە نەکردووە، تەنانەت ئەو کاتەش کە خاکی ئێران لە ژیر دەسەڵاتی “موغول و تاتار و عەرەب و تورک …” دابووە، چونکە هەمووی ئەوانە خزمەتیان بە فەرهەنگ و زمانی فارسی کردوە. بەڵام نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری ئێران وەک کورد و تورک و بەلوچ و عەرەب … و تەنانەت ئایین و ئایین‌زاکانی غیرە ئیسلام و شیعە هەموو کات لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەوە چەوساونەوە و ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بندەستی رێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دا قەراری گرتووە بە ئێسک و پێستەوە ئەو جیاوازی دانان و هەڵاواردنانەیان هەست پێ کردوە. ئاغای روحانی حەتمەن وەک سەر کۆمار و کەسێکی شارەزا لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئەوە باش دەزانێ کە ئەو پارێزگایە کە بە ناحەق ناوی ئازەربایجانی بەسەر دا بڕاوە هەر لە ئێستا دا زیاتر لە ٦٠% دانیشتووانی کوردن کە بە پێی ئامارەکان تەنیا نزیک بە ٥% ناوەندی بریار دان و بەرێوەبەری ئەو پارێزگایە بە دەستی کوردانە. لە وڵاتێکی ئاوادا کە هەڵاواردن دەکاتە پلەی ١٠٠% ، خەڵکی ئەو ناوچەیە چۆن بە ئێرانی بوونی خۆیان شانازی بکەن. لە ماوەی ٣٧ ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی کورد بوون خەڵکی ئەو دەڤەرە قەتڵی‌عام دەکەن و دووبەرەکی داوێنە نێو دوو نەتەوەی کورد و ئازەری و ئەوە لە حاڵیک دایە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا ئەو دوو نەتەوەیە توانیویانە لە تەنیشت یەکتر بژین لە کاتێکدا کە هەر ئەو دوو نەتەوەیە خوازیاری ئەوە بوون کە دەوڵەت و ئیدارە و بەڕێوەبەری خۆیان هەبێ، بەلام دوای ٧٠ ساڵ لەو رێکەوتە بە پێی سیاسەتی شا و کۆماری ئیسلامی رۆژ بە رۆژ لەو پارێزگایە کورد چەوساوەتەوە و بێ‌حورمەتی پێ کراوە و لە زێد و ئاو و خاکی خۆی هەڵقەندراوە، تەنانەت ئایینی هاوبەشیش کە هەمان ئیسلام بێ فریای نەکەوتووە. ئاغای روحانی دەبێ ئەوە باش بزانێ زۆر سروشتییە کە دابەش کردنی نادادپەروەرانەی دەسەڵات و نەبوونی سەرمایەگوزاری و پشت گوێ‌خستنی داواکاری خەڵک و ڕێز دانەنان بۆ مافی شارۆمەندی، تاکەکانی ئەوە نەتەوەیەی کە بەو شێوەیە دەچەوسێنەوە، خۆیان لە بەرامبەر دەوڵەت و وڵات‌دا بە بەرپرسیار نازانن و لە هەموو رێگایەکی مومکین کەڵک وەردەگرن بۆ نارەزایەتی دەربڕین و شێوەی خەباتی جۆراجۆر هەڵدەبژێرن بۆ وەدەست هێنانەوەی مافەکانیان. مرۆڤ کاتێک شانازی بە هاوڵاتی بوون دەکا کە مافەکانی وەک هاوڵاتی راستەقینە پارێزراو بێ.
لە ژماره ٦٨١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه