وەرگێڕان: تەهای رەحیمی
چەند ساتێک دوای یەکەم زەبری ناوکی دەنگی ئاژیری مەترسیی لە شارە گەورەکانی ئامریکا و رووسیە و ئورووپا و (رەنگە چیینیش) بەرز دەبێتەوە، بەڵام هیچ دەرەتانێک نیە و کەمتر لە کاتژمێرێک دواتر، هەموو دنیا بە بیستنی هەواڵی هێرشی ناوکی بۆ سەر شارە گەورە و بنکە سەربازییەکانی رووسیە و ئەمریکا و ئورووپا تووشی گومان دەبێ و هەموو وڵاتانی جیهان سەرەڕی بێلایەنیش سوپاکانیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشی، بەڵام کار لە کار ترازاوە و بێلایەنی وڵاتان هیچ کاریگەرییەکی نیە تا بەر بە وێرانی وڵاتان بگرێ، تەنانەت ئەگەر نەشکەونە بەر هێرشی بۆمبی ناوکی. لە دواساتەکانی داهاتوودا و دەگەڵ هاویشتنی مووشەکە ناوکییەکانی دیکەی رووسیە و ئەمریکا لە ژێردەریایی و بنکە شاراوەکانەوە و بۆمبڕێژی ناوچە هەستیارەکانی وەک ئاوبەندەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و چاڵە نەتەکان لە لایەن فڕۆکە بۆمبڕێژە ستراتیژییکەکانەوە و هێرش بۆ سەر شارەکانی دیکە و ئاگردانی جەنگەڵ و لیڕەوارەکان، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا دووکەڵێکی قوورس ئاسمانی زۆربەی جیهان دادەپۆشێ و بەرگری تیشکی خۆر دەگرێ و بەرەبەرە زستانێکی زۆر سارد و ناخۆش دادێ و نەخۆشێ و ئاڵۆزی و هەرەج و مەرەج هەموو شوێنەکانی دنیا دەگرێتەوە، نەخۆشی سەرچاوەگرتوو لە بۆمبە ناوکی و میکرۆبی و شیمیاییەکان بڵاو دەبێتەوە، زۆربەی ئەوانەی ماون بەو دەردەوە تێدا دەچن. زۆربەی کارناسان پێیان وایە ٩٩ لەسەدی مرۆڤ دەربازی نابێ. ئەو کورتەیە، باس لە ئاکامەکانی شەڕی ناوکی نێوان رووسیە و ناتۆ بوو، ئەگەر ئێستا روو بدا. هەتا ئێستا هاوسەنگی هێزی ناوکی یەکێک لە هۆکارەکانی روونەدانی شەڕی نێوان ئەمریکا و رووسیە بووە، بەڵام هەنووکە رووسیە پێی وایە ئەمریکا بە دامەزراندنی سیستمی دژە مووشەکی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئورووپا دەیەوێ توانای ستیراتیژیکی ناوکی رووسیە لاواز بکا و ئەو کارەی ناتۆی بە هەنگاوێکی دوژمنکارانە زانیوە. ئەو پرسە لەو رۆژانەی دواییدا بۆتە جێی باس و ئەو پرسیارەی ورووژاندوە کە رووسیە دژکردەوەی چ دەبێ. لە درێژەدا تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین.
دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت، پێوەندیی رووسیە و رۆژاوا ئەگەرچی زۆر جار تەنگەژەی تێکەوتوە، بەڵام بەگشتی، لەچاو قۆناخی شەڕی سارد زۆر باشتر بووە و ئەمریکا و رووسیە لە زنجیرە رێککەوتنێک لە ژێر ناوی ستارتدا، ژمارەی کڵاوە ناوکییەکان و ئامرازی گواستنەوەیان وەکو مووشەکە باڵستیک و ژێردەریایی و بۆمبڕێژە ستراتیژیکەکانیان کەم کردەوە و بە رواڵەت جیهان هەندێک ئەمنتر بوو. بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کڵاوە ناوکییەکانی هەردووک لایەن هێندە زیادە کە تەنانەت بیرکردنەوە لە ئاکامەکانی شەڕی نێوان رووسیە و ئەمریکا بۆ کارناسە سەربازییەکان کارەساتبارە. کۆتایی هاتنی شەڕی ئایدیۆلۆژیکی نێوان رۆژهەڵات و رۆژاوا و کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی ناوکی رووسیە و ئەمریکا بە بێ شک کۆتایی شەڕێکی سارد بوو کە دەیان ساڵ جگە لە بەفیڕۆدانی هەزاران میلیارد دولار سامانی رۆژاوا و رۆژهەڵات بۆ بەرهەمهێنانی چەک و تفاقی سەربازیی هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نەبوو، بەڵام بە واتای کۆتایی رکەبەریی چەپەڵانە و زێدەخوازای و شەڕ لە جیهانیش نەبوو و کێشەی سنووری و نەتەوەیی و ئیتنیکی دەگەڵ رکەبەریی چەپەڵانە و زێدەخوازییە ئابوورییەکان و نایەکسان بوونی پێکهاتەی رێکخراوی نەتەوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، بەردەوام بواری بۆ دەستەبەندی و باڵ باڵێنی دیکە خۆش کردوە و بەداخەوە ئێستاش زلهێزەکان نایانەوەێ ئەو کێشە و ئارێشانە چارەسەر بکەن. بوودجەی سەربازیی ١٧٠٠ میلیارد دولاری وڵاتانی جیهان لە ساڵی رابردوودا (دامەزراوی توێژینەوەی ئاشتی ئیستێکهۆڵم) نیشاندەری بێ متمانەیی و ترس لە هێرشی لایەنی بەرانبەر یان ئامادەبوون بۆ شەڕی نێوان وڵاتانە. سەرەڕای لێکهەڵوەشانی یەکێتی سۆڤییەت، ناتۆ هەروا لێک دەڕەوێتەوە و رەفتاری دوو ساڵی رابردووی رووسیە لە ئوکراین و لکاندنی کریمە بە وڵاتەکەیەوە بۆوەتە هۆی ترسی وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەت وڵاتانی دەڤەری باڵتیک و ناتۆش بەو بیانوویە زیاتر لە سنوورەکانی رووسیە نزیک بووەتەوە. بەڵام کرانەوەی بنکەی بەرگری مووشەکی لە رۆمانی و دروست کردنی بنکەیەکی هاوشێوە لە لەهیستان لە چەند ساڵی داهاتوودا بە بیانووی رووبەرووبوونەوەی مەترسیی مووشەکی ئێران، هێندەی دیکەترس و تووڕەیی رووسیەی هەڵخڕاند، بەتایبەت چەند مانگ لەمەوبەر ئەمریکا بۆ پاراستنی دراوسێکانی کۆریای باکوور لە ئەگەری هێرشی ئەو وڵاتەدا، بڕیاری دامەزراندنی سیستمی دژەمووشەکی “تاد”ی لە کۆریای باشووری دا. هەر چەند سکرتێری گشتی ناتۆ دامەرزاندنی ئەو بنکە و سیستمانەی بە سیستمی بەرگری ناو برد، بەڵام پووتین ئامانجی ئەو کارەی ئەمریکای بە پووچەڵکردنەوەی توانایی ناوکی رووسیە زانی و رایگەیاند دەگەڵ دامەزراندنی کەرەسەی هێرشبەری پێشکەوتوو، دژکردەوەمان دەبێ. لە بواری سەربازییەوە قسەکەی پووتین راستە، چونکی ئەگەر ئەمریکایەکەم گورزی ناوکی لە رووسیە بوەشێنێ، بەکردەوە سیستمی دژە مووشەکی دامەزراوی لە ئورووپا بەر بە دژکردەوەی رووسیە دەگرێ یان لانیکەم بەشێک لە مووشەکە ناوکییەکانی رووسیە دەفەوتێنێ وئەوەش رێک بە واتای کەم کردنەوە یان پووچەڵکردنەوەی توانایی مووشەکی رووسیەیە، بە چەشنێک ئیدی سیستمە دژە مووشەکییەکانی رووسیە توانایی بەرگریی لە بەرانبەر یەکەم زەبری ناوکیی ئامریکا نیە. هەروەها ئەو بنکانە بەهۆی ئەوەی خاوەنی سیستمی وریاکردنەوەی پێشوەختە و دژکردەوەی خێران، توانایی رووسیە بۆ دەست وەشاندنی پێشوەختە زۆر دادەبەزێنن و ژمارەیەکی زۆری مووشەکە رووسییەکان بەر لەوەی بگەنە ئامریکا دەتەقێنرێنەوە و ئەوەش بە واتای تێکچوونی دەیان ساڵ هاوسەنگی ناوکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە. پێویستە بوترێ مەبەست لە یەکەم زەبری ناوکی، پەکخستنی لایەنی بەرانبەرە بە چەشنێک توانای دژکردەوەی لێ ببڕێ. لە سەردەمی شەڕی سارددا هەردووک وڵات هەوڵەکانیان لەسەر ناسین و زانینی شوێنی بنکە مووشەکییە ناوکییەکان و بۆمبڕێژە ستراتژیکەکان و ژێردەریایی ناوکییەکانی لایەنی بەرانبەر چڕ کردبۆوە، هەتا بتوانن ئەگەر بەسەریان دادان یەکجێ مووشەک و بۆمبە ناوکییەکانی لایەنی بەرانبەر لە سەر زەوی و دەریا لەنێو بەرن و بەکردەوە لایەنی بەرانبەریان لە بواری ناوکییەوە چەک بکەن، بەڵام هەروەک باسکرا بە هۆی ئەوەی هەردووک لایەن خاوەن بارتەقایەکی زۆری کڵاوەی ناوکی و چەکی هەڵگریی بوون، هیچ کامیان توانای پەکخستنی یەکیان لە یەکەم هێرشدا نەبوو و لە ترسی هێرشی پێچەوانە، لێکیان نەدا. بەڵام پاش لێکهەڵوەشانی یەکێتی سۆڤییەت، ئەمریکا بەهۆی هێزی ئابووری زۆر بەرزتر لە رووسیە و وەبەرهێنانی مەزن لە بەشە سەربازیی و زانستییەکاندا توانیوێ لە بواری تێکنۆلۆژی سەربازی بەتایبەت توانایی زانیاریی لە زۆر بوارەوە وەسەر رووسیە بکەوێو، بە دامەزراندنی بنکە مووشەکییەکانی لە ئورووپا، رووسەکان مافی خۆیانە نیگەرانی زەبرێکی قوورس لە لایەن ئەمریکاوە بن، چونکی بە بێ گومان ئەمریکا زۆربەی مووشەکە ناوکیی و بۆمبڕێژە ستراتژیک و ژێردەریاییە رووسییەکان بەر لە هەر دژکردەوەیەک بە مووشەکی ناوکی لەنێو دەبا و بوونی سیستمی مووشەکی لە ئورووپاش دەستی رووسەکان بۆ بەکارهێنانی ئەو مووشەکانەی ماون دەبەستێ و، ئەوکات رووسیە بە میلیۆنان کوژراو و بریندار یا دەبێ بەبێ مەرج خۆ بدا بە دەستەوە یان بە هاویشتنی ئەو مووشەکانەی ماونی (کە زۆربەیان بەر لەوەی بگەنە ئامانج لە لایەن سیستمە دژە مووشەکییەکان دەپێکرێن) و وێران کردنی چەند شارێکی ئەمریکا چاوەڕوانی هاتنی سەدان بۆمبی ناوکی دیکە بێ بۆ سەر شارەکانی.
هەنووکە تۆپەکە لە زەوی رووسیە دایە و دەبێ چاوەڕوان بین بزانین دژکردەوەی چ دەبێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەهۆی هێژمۆنی ئابووری رۆژاوا هەر چەشنە تەنگەژەیەکی زیاتر و دەستپێکردنی شەڕێکی سارد، قازانجی بۆ رووسیە نابێ و رووسیە دەبێ بەرەبەرە لە بواری سەربازییەوە لە ئەمریکا جێ بمێنێ و بەمجۆرە لە بەرانبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا بێدەنگ بێ ئەگینا … و لەوانەیە خۆڕاگری رووسیە بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و ئورووپا دوایین هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بێ، بەر لەوەی هاوسەنگی ناوکیی بەرەبەرە بەتەواوەتی بگۆڕدرێ.
بەداخەوە مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە کوشت و کوشتار و شەڕ و تاڵان و ئێمە مرۆڤە مودێرنەکانیش رێگەی باب و باپیرانمان بەر نەداوە و رەنگە لەوانیش خراپتر و بە دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژی ترسناک، بەرەی مرۆڤمان خستبێتە بەر مەترسیی فەوتانەوە. ئەگەر هەر چەشنە شەڕێکی ناوکی لە نێوان رۆژاوا و رووسیە روو بدا، تەنانەت لە باشترین حاڵەتیشدا ئەگەر ئەمریکا بتوانێ لە یەکەم زەبردا رووسیە پەک بخا و پێویست نەکا هێرش بکاتە سەر شارەکان، دیسانیش کوژرانی چەندین میلیۆن کەسی رووسی بە سەدان مووشەکی ناوکی کە بەر بنکەکانی رووسیە دەکەون، پەڵەیەکی رەش دەبێ بە نێوچاوانی مرۆڤایەتییەوە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر واش برواتەپێش، رووسیە هەموو تواناییەکانی لە دەست نادا و شارە ئامریکایی و بەتایبەت ئورووپاییەکان لە دەست تۆڵەی ناوکیی رووسیە رزگاریان نابێ، پێویستە بزانین لە دنیادا ٩ وڵات خاوەن هێزی ناوکین کە بەگشتی هێزی حەوت وڵاتیان (فەرانسە، ئینگلیس، چین، هیند، ئیسرائیل، پاکستان و کۆریای باکوور) دەگەڵ هێزی رووسیە و ئەمریکا بۆ پێکگرتن نابن و ئەگەر ئەمریکا یا رووسیە نەبووایە، ئەوی دیکەیان دەیتوانی هەموو سیاسەتەکانی بەزۆری بەسەر جیهاندا بسەپێنێ! بەگوێرەی لێکدانەوە و مەزەندەی بنیاتی گۆلدمەن ساکس تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمی (ناخالس)ی نێوخۆیی چین بە زیاتر لە ٥٢ هەزار میلیارد دولارەوە زیاتر لە ئەمریکا بە ٣٤ هەزار میلیارد دولارەوە دەبێ و هیندیش دەگاتە زیاتر لە ٢٤ هەزار و دەڤەری یۆرۆش دەگاتە ٢٢ هەزار میلیارد دولار و رووسیە دەگا بە زیاتر لە ٨ هەزار میلیارد دولار، کەواتە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئایا ئەمریکا و رۆژاوا دەست لە سەر دەستدا دەنێن کە وڵاتانی برازیل و پاکستان هاوسەنگی ئابووری و سەربازی جیهان بە زەرەری رۆژاوا بگۆڕن.
لە ژماره ٦٨١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه