هەڵبژاردنی ئەم گەڕەی سەرۆککۆماری و شوڕاکانی ئێران، ڕووبەڕووی بایکۆتێکی بەهێز بۆتەوە و ڕێژیم بۆخۆیشی گەیوەتە ئەو قەناعەتەی که خەڵک نایەنە سەر سندووقەکان، بەڵام ئەم نەهاتن بۆ سەر سندوق و بایکۆت کردنە چ کاریگەرییەکی دەبێ لەسەر سیاسەتگوزاری ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات؟ هەروەها ئەم بایکوتە بەربڵاوە چ دەستکەوتێکی دەبێ بۆ خەڵکی ناڕازی لە سیستم؟ و پرسیاری گرینگتر ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی چۆن ئەم کارتە بەکار دەهێنێ لە دژ سیستم و چۆن بەدەنگی ئەم بایکۆتەوە دەچێ که خەڵکی نێوخۆی وڵات دەیخوڵقێنن؟
کۆماری ئیسلامی و قەیران یا فوڕسەتی بایکۆت
هەر وەک باس کرا هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شوڕای شار و گوندەکانی ئێران بەرەوڕووی بایکۆتێکی بەربڵاو دەبێتەوە، سەرکەوتنی ئەو بایکۆتە دەبێ بە دەسکەوتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تڕامپ بزانین، سیاسەتە ڕادیکاڵەکانی دەوڵەتی تڕامپ لەهەمبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو بە هۆی داڕمانی ئابووریی ئێران و لە درێژەدا هاتنە ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقامی وەک یەکێک لە گرینگترین دەرکەوتەکانی مێژووی سیاسی چەندین ساڵی ڕابردووی ئێرانی لێکەوتەوە! ئەویش لەنێوچوونی ئیعتباری ڕێفۆڕمخوازەکان بوو. ڕێفۆڕمخوازەکان لە دو دەیەی ڕابڕدوودا وەک سوپاپی دڵنیایی ڕۆڵیان گێڕاوە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی و هەموو کات هیوای چاکسازی و گۆڕانکارییان بەخشی بوو بە خەڵکی ئێران و ئەو هیوابەخشینە وای کردبوو که تاکی ئێرانی زێهنی بەرەو ئەو لایەنە نەڕوا کە دەبێ لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەرن.
دوای پەککەوتنی ڕێفۆڕمخوازەکان ڕێژیمی ئێران و کاربەدەستانی گەیشتوونەتە ئەم قەناعەتە کە خەڵک باوەڕیان بە دەنگدان نەماوە جا چ ڕێفۆڕمخواز بێ چ بناژۆخواز، بۆیه لە گوڵچینکردنی کاندیدەکانی سەرۆککۆماری هیچ ڕیسکێکیان نەکرد و ڕێک ئەو کەسانەیان دەستنیشان کرد که بەدڵی ڕێبەری بوو. ساڵانی پێش دوو بەرە بە ڕواڵەت ڕکەبەریی یەکتریان دەکرد: بەرەی پەسندی ڕێبەری، بەرەی پەسندی خەڵک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی خەراپ بەسەر خراپتردا و ئەوەش دەبووە هۆکار که بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بەرچاو و بەربڵاو بێت. بەڵام ئەوجارە خەڵک کەسیان بەلاوە پەسەند نییه و ئامانجیان ئەوەیە کە پرسی هەڵبژاردن وەک چەکێک بەکار بێنن دژ به حکومەت، بۆیه ڕێژیمیش بە شێوەیەک خۆی لەگەڵ ئەم بایکۆتە گونجاندووە بۆوەی دەوڵەتی داهاتوو، دەوڵەتێک بێت نزیکتر لە ڕێبەری و دەورووبەرییەکانی.
ئایا ڕێژیم پشت لە هەڵبژاردن دەکا؟
دوو ڕوانین سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیم لەهەمبەر بایکۆتی هەڵبژاردن دێنینە بەرباس:
ڕوانگەی یەکەم- ئێران بەرەو توتالیتاریزم: ڕێژیم لە بایکۆتی خەڵک دەترسێ و ئاگاداری خەساری بایکۆت هەیە و دەزانێ که سەرکەوتنی بایکۆت دەبێتە هۆی بێئیعتباربوونی ڕێژیم لە دەرەوە و نێوخۆ، هەروەها دەبێتە ڕەوتێکی موبارزاتی نەرم و مەدەنی دژ بە دیکتاتۆریی ئیسلامی، و ئەگەر ئەو بایکۆتکردنە درێژەی هەبێ مەشرووعییەتی کۆماری ئیسلامی بە یەکجاری لەنێو دەچێ. بۆیه ڕێژیم حەول دەدا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بسڕێتەوە و تەنیا هەڵبژاردنێک بهێڵێتەوە بۆ مەجلیس و پرسی سەرۆککۆمار یا سەرۆکوەزیران لە مەجلیس یەکلایی کاتەوە. واتە سیستمی پارلەمانی_سەرۆککۆماری بگۆڕێ بۆ سیستمی پارلەمانی، کە وابوو ئەو دەورەیە ڕێژیم کەسێک دەکاتە سەرۆککۆمار که بتوانێ پڕۆژەی گۆڕانی سیستم جێبەجێ بکا، بەڵام کردەوە یا دژکردەوەی دنیای دەرەوە چ دەبێ؟ ئەو فایلە دەنگەی جەوادی زەریف سەرینی خاترجەمی لەبن سەری وڵاتانی دەرەوە نا که سەرۆککۆمار هیچ دەسەڵاتێکی نییه و بەڵکوو ئەوە شوێنێکی تره که بڕیارەکانی لێ دەدرێ، بۆیه وڵاتانی دەرەوەش سەختە سەبارەت بەو ئاڵوگۆڕانە دژکردەوە نیشان دەن. ئەوان کێشەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامییان نییە و تەنیا دەیانەوێ مەترسیی ئەو ڕێژیمه لەسەر ڕۆژئاوا، ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی دیکەیان کەم کەنەوە. ئەو ڕوانینە بکەینە بنەما ئەوە دەبێ چاوەڕوان بین که ڕێژیمی ئێران بەرەو تۆتالیتاریسمی زیاتر بڕوا.
ڕوانگەی دووهەم- سورپڕایزی هەڵبژاردنەکان: ڕوانینێکی دیکە هەیە که خۆی دوو ڕەهەندییه، بەڵام پێیوایه ئێران لە داهاتوودا حەول نادا بەرەو تۆتالیتاریسم بڕوا، بەڵکوو به جۆرێک سەرەتا حەول دەدا لە قەیرانی ئابووری و سزا نێودەوڵەتییەکان دەرباز بێ و دواتر به جۆرێک متمانەی خەڵک بە دەست بێنێتەوە. لەو ڕوانینەدا ڕێژیم دوو ڕەوت دەتوانێت بگرێتە بەر، ڕەوتێک کە سەرەتا پرسی بایکۆت چارەسەر دەکا و حەول دەدات ئیعتبار بۆ هەڵبژاردنەکان بگەڕێنێتەوە. ئەویش ئەوەیە که لەو هەڵبژاردنانەدا کەسێک جگە لە ڕەئیسی دەنگ بێنێتەوە. لەو هەڵبژاردنانەدا ئەوەی ڕوونە ئەوەیە که بناژۆخوازێک دەبێتە سەرۆککۆمار، هەم خەڵکی نێوخۆ، هەم ئۆپۆزیسۆن، هەم دنیای دەرەوە چاوەڕوانن کە ڕەئیسی ببێ به سەرۆککۆمار، بەڵام ئەگەر ڕێژیم کەسێکیتری تەرخان کردبێ و ڕەئیسی وەک سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێ، ئەوە هەنگاوێکی ڕێژیم دەبێ بۆ قانعکردنی خەڵک کە بڵێ: ئەوە دەنگی ئێوەیە کە هەموو شت یەکلایی دەکاتەوە و هیچ سێناریۆیەکی لەپێشدا نووسراو بوونی نییه، و لە داهاتووشدا بتوانێ خەڵک ڕازی بکا بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان و بە یەک تیر دوو ئامانج بپێکێ، هەم بناژۆخۆازێک دەسەڵات بگرێتە دەست و، هەمیش جەوێک بخۆڵقێنێ کە ڕووبەڕووی ڕەوتی بایکۆت ببێتەوە.
ڕەهەندی دووهەم ئەوەیە که ڕەئیسی وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ، بەڵام لە باتی چوون بەرەو تۆتالیتاریسم، سیمایەکی خەڵکدۆستی لە بناژۆخوازەکان پێشان بدرێ و کێشەی ئابووری به چارەسەری پرسی تەحریم یەکلا کاتەوە. بەڵام ئەمە ئەو نیگەرانییەشیان بۆ دروست دەکا کە ئەگەر ڕەئیسی سیمایەکی جوانی لێ دەرکەوێ، نابێتە ڕکەبەری موجتەبا بۆ ڕێبەریی داهاتوو؟
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ڕەئیسی لای موجتەبا و ڕێبەری ئێستا چ ڕۆڵێکی بۆ تەرخان کراوە؟ پێشتریش دەنگۆی ئەوە هەبوو کە سادق لاریجانی کاندیدە بۆ جێگری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵام سیستم بەبێ تەعاروف و زۆر جیدی سادق لاریجانی و بنەماڵەکەی لە دەسەڵات دور کردەوە و ئەو ڕەفتارەی سیستم بە جۆرێک دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی کە ڕێبەری داهاتوو جگە لە موجتەبا خامنەیی کەسیتر نییه. کەوابوو بەو پێیە دەوڵەتی داهاتوو بە سەرۆککۆماری ئیبراهیم ڕەئیسی حەول دەدا سیمایەکی خەڵکدۆستی لەخۆ نیشان دا؟ ئایا ڕەئیسی ڕۆڵی خۆی بەپێی بەرنامەی داڕێژراوی ڕێبەر دەگێڕێ یا وەک سادق لاریجانی یا وەک مەحمود ئەحمەدنیژاد و هاشمی ڕەفسەنجانی تەماحی دەسەڵاتی زیاتر دەیگرێ و ڕووبەڕووی گیوتینی موجتەبا و بابی دەبێتەوە و لە دەسەڵات دوری دەخەنەوە.
پێشبینی کردنی داهاتووی سیاسەت لە ئێران کارێکی گەلێک دژوارە، بۆیە ئێمە تەنیا دەتوانین ڕوانینەکان بێنینە بەر دیدی خوێنەر و بڕیاردان لەو بوارەدا ڕەنگە تووشی خەتامان بکا. بەڵام بابەتێک هەیە کە بە ئارخەیانی دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین ئەویش ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ڕابردوودا هەر پیلانێکی دایڕشتبێ بۆ داهاتووی سیستمەکەی نەیتوانییوە بە باشی ئەنجامی دا یا لەنێو خۆوە یا لە دەرەوە گرفتی بۆ ساز بووە و پێشیان بە پیلانگێرییەکانی گرتووه.
دەستکەوتی بایکۆت بۆ خەڵکی ئێران چی دەبێ؟
لە دنیای ئەمرۆدا تەواوی وڵاتان و ڕەوتە سیاسی و حیزب و سیستمەکان حەول دەدەن کە سەرچاوەی دەسەڵاتی خۆیان خەڵک بناسێنن و خۆیان بە نوێنەری خەڵکی خۆیان بزانن، کۆماری ئیسلامییش هەر وەک وڵاتانی تر بۆ مەشروع بوونی دەسەڵاتی خۆی ی بە دەنگی خەڵک هەیە، هەر وەک چۆن لابییەکان و کەسانی نزیک لە سیستم لە دەرەوەی وڵات و لە کۆڕوکۆبوونەوە جیهانییەکاندا ئاماژە بەوەی دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئیرادەی ئەکسەرییەتی خەڵکی ئێرانە و لە ڕێفراندۆمدا دەنگی پێ دراوە؛ یا کەسێکی وەک جەوادی زەریف لە جوابی ڕۆژنامەنووسێکی بیانیدا دەڵێ “ما خودمان انتخاب کردیم”! واتە خەڵک خۆیان هەڵیانبژاردووە کە بەم جۆرە بژین، کە وابوو دەنگنەدان لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا پەیامێکی گەورەیە بۆ ناوەندە جیهانییەکان و هەر وەها پەیامێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە ئەو ڕێژیمە هەڵبژێردراوێ ئێمە نییه و بەڵکوو لە لایان ئەو ڕێژیمەوە لە خاک و نیشتمانی خۆمان بە بارمتە گیراوین.
دەسکەوتێکی تری بایکۆت بۆ خەڵکی ئێران دەکرێ ئەوە بێ کە خەڵکی ئێران بە نەچوونە سەر سندووقی دەنگدان ڕەوتی خەبات لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیندوو ڕاگرن و درێژەی پێ بدەن. ڕەوتێک کە لە دە ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە لوتکەی خۆی و، نەچوونە سەر سندووقی دەنگدان درێژەدانی ئەو ڕەوتە ئینقلابییەیە بە شێوازێکی نەرم و مەدەنییانە. کەواتە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان وەک ئامرازێک وایە کە خەڵکی ئێران سەرەتا دەنگی خۆیان بە یەکتر بگەیەنن و لەگەڵ یەکتر پەیمان نوێ کەنەوە و دواتر دەنگی خۆیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نوێنەری خەڵکی ئێران نییه.
ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنی بایکۆت
هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە ڕەشەمەی ساڵی 98دا ڕووبەڕووی بایکۆتێکی بەهێز بۆوە، بایکۆتێک کە ڕێژیم نەیتوانی بە دڵی خۆی ئامارسازیی بۆ بکا و دانی بەوە دانا کە کەمترین ڕێژەی هەڵبژاردن لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تۆمار کراوە. بەڵام دوای تەواوبوونی پڕۆژەی هەڵبژاردن (هەڵبژاردن لە ئێراندا پڕۆژەیە نەک پڕۆسه)، ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت ئۆپۆزیسۆنی کورد، ئەو کارتە بەهێزەی کە لە لایان خەڵکی ئێرانەوە پێیان درابوو، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە شێوەی گونجاو و شیاو بەکاریان نەهێنا، نەقۆستنەوەی ئەو هەلە زێڕینە لە لایان ئۆپۆزیسۆنەوە بۆ گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی، بوو بە هۆی ڕەخنەگرتنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی ئێران لە ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی.، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو جار ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بە هانەی خەڵکەوە دەچن و دەنگی خەڵک دەگەیننە دنیای دەرەوە؟ ئایا ئۆپۆزیسیۆن هیچ پڕۆژەیەک و بەرنامەیکیان هەیە بۆ بەکارهێنانی کارتی سەرکەوتنی بایکۆت؟ جێی ئاماژەیە کە وەبیر بێنینەوە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن نەتوانێ، یان کەمکاری بکات لە قۆستنەوەی ئەو هەلەی کە خەڵک بە دەنگنەدان پێکی دێنن، سێ دەرکەوتەی نەگەتیڤی لێ دەکەوێتە:
– خەڵک بێهیوا دەبن لە بایکۆت کردن و لە دەورەکانی دیکەدا سەبارەت بە هەڵبژاردن یا هەڵنەبژاردن بێ هەڵۆێست دەبن.
– خەڵک سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن بێهیوا دەبن و متمانەیان سەبارەت بە هێزی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەکەمی دەدا.
– ئەو بێهیوا بوونە دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەو باوەڕە لە خەڵکدا دروست بێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەگۆڕە و دەست لە خەبات و تێکۆشان بکێشنەوە.
بۆیە بە هەڵە نەچووین ئەگەر بڵێین کە سەرکەوتنی هەڵمەتی بایکۆت چەندە گرینگی هەیە، بەکارهێنانی ئەو سەرکەوتنە لە دژ کۆماری ئیسلامی دوو ئەوەندە گرینگە. بە هەڵە نەچووین ئەگەر بڵێن ڕۆڵی خەڵک لە سەرکەوتنی ئەو هەڵمەتە چەند گرینگە، ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە هەمبەر بەکار هێنانی ئەو بایکۆتە و کردنی بە چەکێک دژی کۆماری ئیسلامی دوو ئەوەندە گرینگە، بۆیە پێویستە وەبیر بێنینەوە کە پڕۆسەی بایکۆت سەرناکەوێ مەگەر ئەوەیکە خەڵک دەرئەنجامی ئەو بایکۆتە هەست پێ بکەن و بیبیننەوە.