وانەی یەکەم: نەوت و ئابووریی وڵات
دەکرێ بە پشت ڕاستییەوە باس لەوە بکەین کە تاکە مەسەلەیەک کە لەنێو سەدەی ڕابردوودا نەگۆڕاوه و چ بەر لە ڕاپەڕین و چ دوای ڕاپەڕین تا ڕادەیەک کردەوەیەکی هاوبەش تێیدا بوونی هەیە، ڕۆڵی نەوت لە پرسی ئابووری و ڕامیاریی وڵاتە.
بەگشتی هەموو دەوڵەتەکان دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش وێڕای هەبوونی جیاوازییەکانیان لەم باسەدا چەند شێوەی هەڵسوکەوتی هاوبەشیان هەیە. بنەچەکەی ئەم هەڵەیە لێرەدایە کە بەرپرسانی وڵات بیر لەوە دەکەنەوە کە دەتوانن چ کارگەلێک بەو نەوتە بکەن، بەڵام ئەوان دەبا بیریان لەوە کردباوە نەوت چ کارگەلێک بە ئەوان دەکات؟!
کتێبی “مرۆڤی زانا” دەست بۆ خاڵێکی سەرنجڕاکێش دەبا و دەڵێ “ئەوە مرۆڤ نەبوو کە گیایەکان بەتایبەت گەنمی ماڵی کرد، بەڵکوو ئەوە گەنم بوو کە مرۆڤی دەستەمۆ کرد و لەسەر زەوی هێشتییەوە.” ڕاستیی مەسەلەکەش هەر ئەوەیە.
گەنم وەها گۆڕانێکی بەسەر ژیانی مرۆڤدا هێنا کە لەگەڵ مێشکی دەستەمۆکەرانیدا نەدەگونجا. نەوتیش لە ئێران و کۆمەڵگە وەیچووەکانی وەها ڕۆڵێکی گێڕاوە، کاریگەریی خۆی لە تەواوی ڕۆنانە هزری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابوورییەکان و ڕامیاری دەرەکیدا نیشان داوە.
تا ئەوکاتەی کێشەی خۆمان لەگەڵ ئەم دێوه بێ کلک و گوێیە چارە نەکەین و خۆمانی لێ ڕزگار نەکەین، کەم تا کورتێک تووشی ئەم چەشنە کێشانە هەر دێین.
نابێتە درۆ ئەگەر بگوترێ هۆکاری کەوتنی شا نەوت بوو و بەشێکی بەرچاوی کێشەکانی حکوومەتی هەنووکەش لەژێر کارتێکەریی نەوتدایە؛ لەو بارەیەوە تاکوو ئێستا زۆرم نووسیوە.
وانەی دووەم: بچووککردنەوە، بچووککردنەوە و بچووککردنەوە
بچووککردنەوە چییە؟
هیچ شتێک بەقەد بچووککردنەوەی هەمووان یان بەشێکی کۆمەڵگە بۆ سیاسەتڤانێک خراپ نییە. لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین شۆڕش وەڵامێک بوو بۆ بچووککردنەوەی خەڵک لەلایەن شاوە.
ئەو بەبێ جیاوازی هەمووانی دەشکاندەوە، تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆی، لە فەڕەحەوە بگرە تا هۆوەیدا و وەزیرەکانی. ئەوانی لەبەر چاوی خەڵک دەشکاندەوە، ناوی لە ڕۆشنبیران نابوو “ئەنتلێکتوێڵ”. مەلاکانی بە کۆنەپەرستانی ڕەش ناو دەبرد،خ وێندکارانیش بە نەتەوەفرۆش، بۆ کرێکاران و وەرزێڕان و خەڵکی ئاساییش تەنانەت ئامادە نەبوو هیچ ناوێک دیاری بکات!
ئەو نەیدەزانی کە هەر جارەی کەسێک دەشکێنێتەوە هەر چەندەش بچووک، ڕۆژانێک کە پێویستی بە پاڵپشتی خەڵکییە، وەکوو تیرگەلێکی کوشندە ئاڕاستەی دەکرێن، کە کران.
ساڵی 1376ی هەتاوی (2ی جۆزەردان)م وەکوو ڕاپەڕینێک دژی شکاندنەوە شرۆڤە و تاوتوێ کرد. هەر چەند حاشا لەوە ناکرێ کە سیاسەتڤانان دوژمن و ناحەزیان هەر دەبێت، بەڵام باسەکە ئەوەیە کە دەبێت تا ئەو جێگایە کە بۆیان دەگونجێ ئەوان کەم و ڕێژەی دۆستەکانیان زیاد بکەن؛ بچووککردنەوە و شکاندنەوەی خەڵک پڕۆسەی پێچەوانەی ئەم پرسە گرینگەیه و دۆستانیشت لێ دەکا بە دوژمن.
وانەی سێهەم: هاوکاری ڕوکنێکی سیاسییە
بنپاری سەرەکیی سیاسەت، هاوکارییە. باشترین بیرۆکەیەک کە لە خەیاڵ و مێشکدا دێتە دی، ئەگەر بەبێ هاوکاری ئەنجام بدرێ یان هیچی لێ هەڵناوەرێت یان کاردانەوەی نەرێنی بە دوادا دێت.
دوای شۆڕش لە نێوان 6 پلانی ستراتیژی بە مەبەستی گەشەپێدان، تەنها پلانی سێهەمە کە تا ڕادەیەکی باش بەئاکام گەیشتوە. چونکە لەسەر بنەمای هاوکاری و بەشداریی چالاکانی سەرەکی ڕێک خرابوو. هاوکاری نەک تەنیا بۆ باش بەڕێوەچوونی کارەکان، بەڵکوو بۆ ڕەوتی کۆمەڵایەتی بوون و هەبوونی ڕوانگەیەکی بەرپرسیارانە گرینگە. ئەگەر کەسانێک لە پڕۆسەی هاوکاری دور بخرێنەوە یان خۆیان دوور بخەنەوە، دەبن بە کەسانێکی ئەهلی خەیاڵ، دور لە ڕاستبینی، بێدەسەڵات و بە بۆڵەبۆڵ بار دێن و ئەمانە بەڵاگەلێکی مەترسیدارن بۆ سیاسەت.
وانەی چوارەم: نەبوونی ئازادی و خەسارەکانی
لە نەبوونی ئازادیدا نەک تەنها خەڵک، بەڵکوو حکومەتەکانیش لە درێژخایەن و کورتخایەندا زەرەرمەند دەبن.
ئەو کاتەی شا لەگەڵ ترۆپکی شۆڕش ڕوبەڕوو بۆوە، بە سەرسوڕماوی و هەڵبەت بەڕاشکاویش دەیپرسی کە ئایا ئەوە خەڵکن دژی من دروشم دەڵێنەوە؟!
لە ڕاستیدا خودی خۆیشی لەنێو ئەو تەونە جاڵجاڵۆکە دیکتاتۆرییەتەدا و لە نەبوونی ئازادیدا گیری خواردبوو. خۆ ئەگەر پێی وابوو ناڕەزایەتی دەربڕین مافی خەڵک نییە، دەبا ئاگاداری ئەوەش با که ئەم بە ناو هەڵەیەی خەڵک بە هۆی نەبوونی ئازادییە.
حکومەتێک کە کتێبەکانی”سەمەد بێهرەنگی” و “ئال ئەحمەد” و ئەوان مانان قەدەغە دەکا و هەڵگرتنی ئەوان بە تاوان دەزانێت، کەمترین ئازادیشی تێدا بەدی ناکرێ.
هەبوونی ئازادی تەنها لە بواری گشتیدا نییە کە نرخی هەیە، بەڵکوو بوونی لە بەشە بچووکترەکانی کۆمەڵگەش وەکوو گرووپە سیاسییەکان جێگای بایەخە.
گروپگەلێک کە نەتوانن بەرگەی لێکدانەوەی و خوێندنەوەی خەڵک بگرن، ئەوە درەنگ یان زوو بە لاڕێدا دەچن.
ڕۆنانی گرووپە چریکییەکان بە شێوەیەک بوو کە پرسی ئازادی تێیاندا ئاڵۆز دەبۆوە و ئێستاش چارەنووسیان دەبینین.
لە نەبوونی ئازادیدا هەر کەسە پێی وایە باشترین بیرۆکەکان لە مێشکی ئەودان و حکومەتەکان ڕێگە نادەن ئەم بیرۆکانە جێبەجێ بکرێن. بەڵام لەوانەیە زۆرێک لەم بیرکردنەوانە بە هەمان شێوەی نێوەڕۆکی سنووقی”پاندۆرا”بن;
کە تاوەکوو نەکراونەتەوە سەرنجڕاکێشن و بەکردنەوەیان تێک دەچن. ئازادی ئیزن بەوە نادا کە ئەم نێوەڕۆکە خراپانە کە لە ناو دیکتاتۆرییەتی جواندا پێچراونەتەوە بە ڕێکوپێکی و جوانی ببینرێن و خەڵک هەڵفریوێنن.
وانەی پێنجەم: ئیرادەگەرایی
ئیرادەگەرایی شێرپەنجەی سیاسەتە. ئەو کاتەی پێمان وایە لە شوێنی خۆماندا دانیشتووین و ئیرادەکانمان بەسە بۆ وەدیهاتنی ویستەکانمان، ئەوە لە خاڵی دەستپێکی کەوتنە خوارەوەداین.
چ شا و چ دژبەرانی و چ هێزەکانی شۆڕشی ١٣٥٧، دوای سەرکەوتنی شۆڕش هەموویان لە یەک بڕوای هاوبەشدا بوون کە داهاتوو بەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئەوان. دروشمێک کە لە سەرەتادا هانی دەدان بۆ کاری خۆڕسکانە، بەڵام لە دواییدا فریودەر و خەڵەتێنەر بوو. ئومێدێکی لە ڕادەبەدەری دروست دەکرد کە لە کۆتاییدا دەگەیشتەوە بە نائومێدی و چالاک نەبوون.
وانەی شەشەم: سیاسەری فڕانکشتاینی
ئەگەر شەپۆلسوارێک وزەی هەنگاوەکانی لە شەپۆلەکان وەرگرێ ئەوە ئەو شەپۆلانە زوو یان درەنگ لەسەر زاخێک دەیخەنە خوارەوە. دروست کردنی شەپۆلی درێژ و بەهێز بەو واتایە نییە کە کۆنتڕۆڵی ئەم شەپۆلانە لە دەستی دروستکەرانیدا دەمێنێتەوە. چونکە ئەوان زۆر زوو دروستکەرەکەیان ملکەچی خۆیان دەکەن و دەیبەنە ژێر دەستی خۆیان. بەوە دەوترێ سیاسەتی “فرانکشتاینی” کە تێیدا شوێنی وەدیهێنەر و وەدیهاتوو دەگۆڕێ، واتە دەتوانین بڵێین ئاواتە گەورەکان لە بری ئەوەی ئێمە پێ بگەیێنن، ئەسیری خۆیانمان دەکەن.