محەممەد سەدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە هەشتی مانگی گولانەوە مانی لە خواردن گرتووە و بەو هۆیەوە بارودۆخی تەندروستی زۆر خراپە. کەبوودوەند داوای پێداچوونەوە بە بارودۆخی زیندان و هەلوەشاندنەوەی ئەو پەروەندە تازەیە دەکات کە لە دژیان کردۆتەوە. کەبوودوەند لە ساڵی ٢٠٠٧وە بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەستگیر و زیاتر لە دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەوە لەحالێکدابوو کە کاری کەبوودوەند تەنیا رۆژنامەگەری و گەیاندنی زانیاری لەبارەی پشێلکردنی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لەو وتارەدا جەخت لەسەر کاردانەوەی خەڵک لەمەر مانگرتنی کەبوودوەند دەکەم و هەوڵ دەدەم ولامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە بۆ مانگرتنی کەبوودوەند پاش ٩ ساڵ زیندانی، شەقامی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەدەنگ نایەنێت.
کەسایەتی کەبوودوەند
رۆلی کەبوودوەند لە بە رێکخراوکردن و بەرفراوانترکردنی چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤ زۆر پربایەخ بووە. کەبوودوەند لە رێگای گۆڤاری “پەیام مردم”، دەنگی مافخوازی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بوێرانە و بەشیوەیەکی بەرفراوان بەرجەستە کردەوە. دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ نەک هەر وەرچاخێک لە چالاکی مەدەنی کەبوودوەند بوو، بەڵکوو نوێنەرایەتی قۆناخێکی نوێ لە کاری مەدەنی و رێکخراوەیی لە رۆژهەلاتی کوردستان دەکات. سەردەمانێک بوو کاری مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە چالاکی بێ کاریگەری و کاری خەڵکی کۆنەپارێز و نەوێر دەناسرا. بەڵام کەبوودوەند لەسەر مافی مرۆڤ لە رۆژهەلاتی کوردستان پەیوەندی بە بان کی مۆن، سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ وەک رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی گرت و هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەمەر مافەکانیان هوشیارتر کردەوە. کەبوودوەند لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە بۆنەی جیاواز پەیامی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کردوە و نێوئاخنی زۆربەی پەیامەکانی بانگهێشت بۆ خەباتی ناتوندوتیژ، پاراستنی مافی مرۆڤ و بەرێوەبردنی دێموکراسی بووە. کەبوودوەند لە ساڵی ٢٠١٢ دا بە نیسبەت تیرۆری دکتور قاسملوو پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیرۆریزمی دەوڵەتی مەحکووم کرد. ئەو لە ساڵی ٢٠١٤ بە بۆنەی ٦٨ مین ساڵرۆژی کۆماری کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەیدا لە مافی خۆبەرێوەبەری و سیستمی فێدراڵی وەک شیوازێک بۆ بەجێگەیاندنی مافی خەڵکی کوردستان و ئێران داکۆکی کرد. ئەو پەیامانەی کەبوودوەند لە لایەک پانتایی ئازادی ڕادەربرینی وەک مافێکی بنەرەتی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرفراوان کرد و لە لایەکی دیکە حیزب و چالاکانی سیاسی رۆژهەڵاتی لە سەر داکۆکردنی لە کەیسی کەبوودوەند یەکگرتوو کرد.
زیندان لە سیستمە دیکتاتۆرەکاندا بۆ ئەوەیە کەسانی بوێر و مرۆڤدوست تەسلیم و دەستەمۆ بکات و پێش بە بەردەوامی کاری خەباتکاران و ئازادیخوازان بگرێت. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوو دوو زیندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشیوەیەکی زۆر تایبەت و لە رێگەی نووسین و نامەکانیان لە زیندانەوە توانیان فازێکی دیکە لە خەباتی نێو زیندان بێننە ئاراوە. فەرزادی کەمانگەر و محەممەد سەدیقی کەبوودوەند لەرێگەی پەیام و نامەکانی زیندانیان توانیان لە بڵاوکردنەوە دەنگی ئازادیخوازی و مافخوازی خۆیان بەردەوام بن. کەمانگەر و کەبوودوەند توانیان ئەدەبیاتێکی زیندانی پتەو بەرهەم بێنن کە هەڵگری ڕەخنە، دیالۆگ، ئازادیخوازی و مرۆڤخوازییەکی بێ وێنە بووە.
کەمانگەر گیانی خۆی لەپێناو مافخوازی بەخت کرد و کەبوودوەندیش زیاتر لە ٩ سالە لە زیندان دایە. ئەو دوو کەسایەتیە کاریگەری گەورەیان لە سەر گۆڕینی ئەقلانیەتی شۆرشگێری تاکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. وانەی ئەو دوو چالاکە بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە رۆژهەڵات ئەوە بووە کە خەباتی مەدەنی مانای کۆنەپارێزی لە هەڵویست و کرداردا نیە و چالاکێکی مەدەنی پێویستە بوێرانە دەنگی مافخوازی و مرۆڤخوازی خۆی بەرز بکاتەوە و لەو پێناوەدا ئامادەی هەزینەدان بێت. داخستنی دوکان و بازار لە لایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربرینی نارەزایەتی لەهەمبەر لەسێدارەدانی فەرزاد و هاوڕێیانی نیشاندەری پێگەی جەماوەری فەرزاد لە نارەزایەتی لەهەمبەر لەسێدارەدانی فەرزاد و هاورێیانی و پێگەی جەماوەری فەرزاد لە نێو خەڵکی کوردستاندا بوو.
پشتیوانی لە کەبوودوەندەکان
حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە مەجالی چاڵاکی ئاشکرایان نیە، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە وڵاتانی دەرەوە هەوڵیان دا پشتگیری لە مانگرتن و داواکاری کەبودوەند بکەن. کاتێک فەرزادی کەمانگەر لە ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لەسێدارە درا، بەشێک لە پەرلەمانتاران و چالاکانی سیاسی نێوخۆ بە ئاشکرا و بوێرانە داکۆکاکیان لە کەمانگەر نەکرد و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە دەگەراندەوە کە گویا کەمانگەر بە چەکەوە گیراوە. کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە کەبوودوەند بە زۆر تاوان تۆمەتبار بکات، بەڵام هیچ گومانێک لە ناتوندوتیژبوون و مەدەنی بوونی خەباتی کەبوودوەند نیە. دیار نییە پارلمانتارانی کورد و ئەو چالاکانەی لایەنگری لە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە دەکەن، بۆ پشتگیری لە کەبوودوەند ناکەن. ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد، پارلمانتارانی کورد و سەرجەم چالاکانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی وڵات پێویستە لە خەباتی مەدەنی کەبوودوەند ئەزموون وەرگرن و بە ئاشکرا و بوێرانە داکۆکی لە کەیسی کەبوودوەند بکەن. سەفەری روحانی بۆ مەهاباد و پارێزگای ورمێ دەیتوانی دەرفەتێکی باش بێ بۆ چاڵاکانی سیاسی و مەدەنی تا پشتیوانی لە ئازادی کەبوودوەند بکەن.
ئەوەی شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بۆ مەرگی رێبەرانی سیاسی و مەدەنی دەهەژێت تا بۆ پشتگیری و داکۆکردن لەوان لە لایەک دەرخەری دیوی نەرێنی سایکۆلۆژی شۆڕشگێرانەی تاکی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە لایەکی دیکە دەرخەری گەشەنەکردنی مافخوازی و ئازادیخوازی لە نێو بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستانی رۆژهەڵات دایە – چونکە مافخوازی دەبێ وامان لێبکات هەموو هەوڵمان بۆ پاراستن و رێزگرتن لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە بێت نەک تەنیا بۆ مردنیان.
لە ژماره ٦٨١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه