“ئیشکالێکی فۆکووسی له‌ڕاده‌به‌ر له‌سه‌ر سایکس-پێکۆ له‌وه‌دایه که به بنه‌ماگرتنی ئه‌و رێککه‌وتننامه‌یه بۆ راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره مێژووییه که له کورد کراوه، ئۆتۆماتیک ده‌بێته هۆی پشتگوێ خستنی مه‌سه‌له‌ی کورد له دووه‌مین پارچه‌ی کوردستان که له‌ڕووی سیاسییه‌وه بهڕابردووترینیشه، واته رۆژهه‌ڵاتی کوردستان “
ئەمساڵ، سەد ساڵ بە سەر ئیمزا کردنی پەیمانی سایکس ــ پیکۆ تێپەڕ بوو. ئەم ڕێکەوتە باس و موناقشەیەکی زۆری لە نێوان رووناکبیران و کەسایەتیە سیاسییەکانی کورد بە گشتی بە دواوە بوو. هۆیەکەشی ئەوەیە کە گەلی کورد یەکێک لەو میللەتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە زۆرترین زەرەر و زیانی لە هەمبەر ئیمزاکرانی ئەو پەیمانە بەرکەوتوە. بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو بابەتە ” کوردستان” وتووێژێکی دەگەڵ د. ئاسۆ حەسەنزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات و پسپۆر و شارەزا لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان پێکهێناوە کە دەقەکەی بەمجۆرەیە:
پرسیار : بۆ ئەوەی بچینە نێو باسەکەمان، با بزانین به‌ستێن و هۆکاره‌کانی هاتنە گۆڕ و ئیمزاکرانی پەیمانی سایکس پیکۆ چی بوون و ئه‌م رێککه‌وتنه به چ شێوه‌یه‌ك نه‌خشه‌ی ناوچه‌ی داڕشته‌وه؟
وه‌ڵام : له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که هیچ رێککه‌وتنێکی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی سایکس-پێکۆ بۆ کورد ئاشنا نیه، به‌ڵام پێم وایه تێگه‌یشتنی باو له‌لای ئێمه بۆ ئه‌و رێککه‌وتننامه‌یه هه‌میشه زۆر ورد و دروست نه‌بووه. ئه‌و رێککه‌وتننامه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که به‌ناوی ئه‌و دوو دیپڵۆماتهوه ناوی ده‌رکردوه که ئاماده‌یان کردبوو، به‌ڵام له‌ڕاستیدا له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا و باڵیۆزی فه‌ڕانسه له پاریس له‌و سه‌رده‌مه‌دا (ئێدوارد گرێ و پۆل کامبۆن)ه‌وه ئیمزا کراوه. ئه‌گه‌رچی ئامانجی رێککه‌وتنه‌که دابه‌شکردنی ناوچه‌ی حزوور و نفووزی ئه‌و زلهێزانه له سه‌رزه‌مینه پێشتر عوسمانییه‌کان و به‌گشتی رۆژهه‌ڵات له‌پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانییه، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێک به‌رهه‌می پێویستیی ئیداره‌ی ململانه‌ی نێوان ئه‌و زلهێزانه له‌پێش شه‌ڕه‌وه و پێویستییه سه‌ربازییه‌کانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و ته‌نانه‌ت پلانه‌کانی “لۆرانسی عه‌ره‌بی” بۆ ده‌ستنیشانکردنی فه‌رمانڕه‌وایی کوڕه‌کانی خانه‌واده‌ی هاشمی بووه. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ڕ ململانێکانی پێشووتری زلهێزه‌کان بۆ نموونه ئینگلیزه‌کان که له‌و سه‌رده‌مه‌دا له میسر بوون هه‌میشه سه‌باره‌ت به مه‌رامه‌کانی فه‌ڕانسه له‌سه‌ر کاناڵی سوئێز نیگه‌ران بوون، له‌و لاشه‌وه ئینگلیز بۆی گرینگ بووه که رووسه‌کان ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا نه‌گرن که سه‌ره‌ڕێی هیندی ئه‌و کات حه‌یاتی بۆ بریتانیا بوون. سه‌باره‌ت به پێویستییه‌کانی شه‌ڕیش، هاوپه‌یمانان به‌هۆی گیروگرفته‌کانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵمان له به‌ره‌ی رۆژئاوادا پێویستیان به کردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌ک له رۆژهه‌ڵات هه‌بووه، به‌تایبه‌تی که ده‌وڵه‌تی عوسمانییش لایه‌نگریی له ئاڵمان ده‌کرد. به‌له‌به‌رچاوگرتنی رکابه‌رییه‌کانیش، کردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌کانه‌وه به‌بێ جۆرێک هه‌ماهه‌نگی و رێککه‌وتنی ئه‌و زلهێزانه سه‌باره‌ت به ئایندهی ئه‌و ناوچانه ئیمکانی نه‌بوو. بهمچهشنه جیا له وه‌خۆکه‌وتنی رووسیه له‌و به‌ره‌یه‌دا به‌نیازی کۆنترۆڵی گه‌رووه گرینگه‌کانی وه‌ك داردانێل و بۆسفۆر و نیمچه دوورگه‌ی گالیپۆلی و ته‌نانه‌ت خه‌ونی وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی قوسته‌نته‌نیه و به‌ڵێنی نفووز له ناوچه ئه‌رمه‌نی نشین و کوردنشینه‌کانی عوسمانی‌دا، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه نێوان ده‌ریای مێدیته‌رانه و ده‌ریای ره‌ش له پێنج زۆندا له‌نێوان فه‌ڕانسه و بریتانیادا دابه‌ش ده‌بن (فه‌ڕانسه لوبنان و سیلێسی –ئاناتۆلیی ئێستا-ی وه‌ك ناوچه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری راسته‌وخۆ و باکوری سوریه‌ی ئێستا و موسڵی وه‌ک ناوچه‌ی نفووز وه‌به‌ر ده‌که‌وێ؛ بریتانیاش کوه‌یت و مێزۆپۆتامیی وه‌ك ناوچه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی راسته‌وخۆ و ئوردون و فه‌له‌ستینی وه‌ک ناوچه‌ی نفووز ده‌درێتێ، ئورشه‌لیم و هه‌یفا و هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری دیکه‌ش بۆ ژێر ئیداره‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی دیاری ده‌كرێن). دابه‌شکارییه‌که که ته‌ئیدی رووسیه و دواتر ئیتالیاشی له‌سه‌ر ده‌بێ، دوای کۆتایی شه‌ڕ له کۆنفرانسی سه‌ن ژان دو مۆریهن و سان رێمۆ به په‌سندی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان ده‌گا و له چوارچێوه‌ی سیستمی مانداکاندا شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام نه‌ک له سیغه‌ی ئه‌سڵیی خۆیدا، چونکه له‌لایه‌ک موسڵ ده‌خرێته سه‌ر عیراق و فه‌ڕانسه رازی ده‌بێ که له به‌رامبه‌ر پشکدارییه‌کی به‌رچاو له نه‌وتی که‌رکووکدا موسڵ بکه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی بریتانیا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، تورکه‌کان ناوچه‌ی سیلێسی وه‌ده‌ست دێننه‌وه و ئه‌و ناوچانه‌ی قه‌رار بوو له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یمانی سێڤر چاره‌نووسیان به پرسکردن به دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه (به‌تایبه‌تی کورده‌کان) دیاری بکرێ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه نێو ئه‌و چوارچێوه جوغرافیاییه که تورکیه‌ی ئه‌مڕۆ پێک دێنێ.
پرسیار: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌راوردێک له‌نێوان ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا که په‌یمانی سایکس بیکۆی تێدا ئیمزا کراوه و سه‌رده‌می ئێستادا بکه‌ین، ئایا چ شتێک له‌و کاته‌وه تا ئه‌مڕۆ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه؟
وڵام: بێگومان سایکس-پێکۆ و رێککه‌وتننامه پێوه‌ندیداره‌کانیش ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و هاوکێشه‌ی هێز له جیهانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بوون. پێش هه‌موو شتێک سایکس-پێکۆ رێککه‌وتننامه‌یه‌کی نهێنی بوو که هه‌روه‌ک ده‌زانین پاش هاتنه سه‌رکاری بۆلشڤیکه‌کان ئاشکرا بوو. ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می رێککه‌وتننامه‌ی نهێنی به‌سه‌ر چووه و ئاشکرایی و تۆمارکرانی رێککه‌وتننامه‌کان یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی ئیعتباریان له یاسای نێوده‌وڵه‌تیدایه. پاشان، له سه‌رده‌می سایکس-پێکۆ و پاش سایکس-پێکۆشدا به‌هۆی ئه‌وه که رووسیه سه‌رقاڵی کێشه نێوخۆییه‌کانی بوو و ئه‌مریکاش به‌هۆی نه‌هاتنی بۆ نێو کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان بۆ ده‌وره‌یه‌کی دیکه له گه‌مه‌ی گه‌وره‌ی سیاسیی ناوچه‌که کشایه‌وه، دوو زلهێزی ئه‌سڵی فه‌ڕانسه و بریتانیا بوون و هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی ئیقلیمییش وجوودی به‌کرده‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین نه‌بوو. له سه‌رده‌می ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که چه‌شنێک له فره‌جه‌مسه‌ری له پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا هاتۆته گۆڕێ، به‌ڵام له ناوچه‌ی ئێمه‌دا ئه‌وه ئه‌مریکا و رووسیهن که بوونه‌ته دوو زلهێزه هه‌ره دیار و شوێندانهرهکه. ئه‌وه جیا له‌وه که چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی وه‌ک ئێران و تورکیه و عه‌ره‌بستان په‌یدا بوون و له کێشه و ململانێکانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌خشیان هه‌یه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا کۆمه‌ڵێك ئه‌کته‌ری ناوده‌وڵه‌تی سه‌ریان هه‌ڵداوه که ته‌رسیمی ئایندهی ئه‌م ناوچه‌یه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی بوونی ئه‌وان واقعبینانه ده‌رناچێ. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ بێجگه له‌وه که سه‌رده‌می ته‌کنۆلۆژی و به‌جیهانیبوونی زانیاری و وشیاریی گه‌لانه، ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌و فۆرموولبهندییانهش که له ده‌وره یه‌کبه‌دوای یه‌که‌کاندا دیزاینی سیاسی و ستراتژیی ناوچه و به‌گشتی بنه‌ما و ئاقاری پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیان دیاری ده‌کرد، گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه.
پرسیار: هۆکاری ئه‌وه که کورد له سه‌رده‌می سایکس پیکۆدا له‌به‌رچاو نه‌گیراوه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئایا وه‌ك ده‌ڵێن نه‌هامه‌تیی گه‌لی کورد به‌ڕاستی له په‌یمانی سایکس پیکۆوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟
وڵام: ئه‌وه که پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ئاکام و کۆتایی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی به رێککه‌وتنی سایکس پیکۆ ده‌ستی پێ کردبوو ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی کوردی نادیده گرت، بێگومان راسته. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا پێوه‌ندیی به پلان و بڕیاری زلهێزه‌کانی ئه‌وده‌مه‌وه نیه، به‌ڵکوو ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین که نه‌بوونی فاکته‌رێکی به‌هێز و یه‌كگرتووی کوردی له‌وکاته‌دا کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بووه. دابه‌شبوونی بژارده‌کانی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌نێوان ئه‌وانه‌ی به کاریگه‌ری وه‌رگرتن له که‌لتوری عوسمانی ته‌نیا بیریان له شتێک بۆ کورد له چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی جێنشینی ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌دا ده‌کرده‌وه و ئه‌وانه که پێیان وابوو پێویسته کورد له‌و بازنه‌یه ده‌ربچێ و چاره‌نووسی خۆی به ته‌واوی بگرێته ده‌ست، و نه‌بوونی بزوتنه‌وه‌یه‌کی یه‌کده‌ست و رێکخراوی کورد که ئه‌و هه‌سته‌ی له‌لای ده‌سه‌ڵاته ئیمپریالی و پۆست-ئیمپریالییه‌کان دروست کردبا که کورده‌کان هه‌م ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان جێ بخه‌ن و هه‌م له هاوکێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی گونجاو و جێگای متمانه‌ی وان یاری بکه‌ن، هه‌مووی هۆکارن بۆ وه‌دینه‌هاتنی خه‌ونی کوردی به‌و چه‌شنه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه باسی ده‌که‌ین. سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌وه که بڵێین ئه‌وه رێککه‌وتننامه‌ی سایکس- پێکۆ بووه که سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تیی گه‌لی کورده، پێم وایه زۆر عیلمی نیه. یه‌که‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ک ده‌زانین دابه‌شبوونی هه‌ره گه‌وره‌ی کوردستان بۆ چوار سه‌ده پێش سایکس-پێکۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئیشکالێکی فۆکووسی له‌ڕاده‌به‌ر له‌سه‌ر سایکس-پێکۆش رێک له‌وه‌دایه که به بنه‌ماگرتنی ئه‌و رێککه‌وتننامه‌یه بۆ راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره مێژووییه که له کورد کراوه، ده‌بێته هۆی پشتگوێ خستنی مه‌سه‌له‌ی کورد له دووه‌مین پارچه‌ی کوردستان که له‌ڕووی سیاسییه‌وه بهڕابردووترینیشه، واته رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چونکه هه‌روه‌ک ده‌زانین به‌هۆی به‌شدارنه‌بوونی ئێران له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا سایکس-پێکۆ هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ر سنووره‌کانی ئێران‌دا نه‌هێنا؛ دووه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سایکس-پێکۆ قه‌ت وه‌ک خۆی جێبه‌جێ نه‌کرا؛ سێهه‌م و له هه‌مووی گرینگتر، خۆ سایکس و پێکۆ نهیانگوتبوو که چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌که‌وتنه ژێر ئیداره و نفووزی زلهێزه‌کان ده‌قیق چی ده‌بێ و چۆن ده‌بێ. هه‌روه‌ک ده‌زانین ئه‌وه له‌درێژه‌ی پرۆسه‌ی سایکس-پێکۆدا و به په‌سندی کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌کان بوو که سیستمی مانداکان دامه‌زرا و کۆمه‌ڵێک رێککهوتننامهش که یه‌ک له‌وان په‌یمانی سێڤر بوو ئیمزا کران. سیستمی مانداش و ئه‌و رێککه‌وتننامانه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌مووی وه‌ک خۆی و به‌بێ ته‌بعیز جێبه‌جێ کرابا، ده‌کرا هه‌ر ئه‌وده‌م کورد له‌سه‌ر به‌شێک له خاکه‌که‌ی ببێ به خاوه‌نی کیان و ده‌وڵه‌تی خۆی.
پرسیار: ئێستا که سه‌ت ساڵ به‌سه‌ر سایکس پیکۆدا تێده‌په‌ڕێ، رستەیەک بە دایم دووپات دەبێتەوە. ئەویش ئەوەیە کە ده‌ڵێن “سایکس پیکۆ” کۆتایی پێهاتووە. بە بڕوای ئێوە ئەو رستەیە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێ و تا چ ڕادەیەک دەگەڵ ڕاستی یەک دەگرێتەوە؟
وڵام: تێپه‌ڕینی سه‌ت ساڵ به‌سه‌ر رێککهوتننامهیهکدا به خودیی خۆی کۆتایی به‌و رێککه‌وتننامه‌یه ناهێنێ. دیاره له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا رێککهوتننامهمان هه‌ن (بۆ نموونه له‌بواری به‌کرێدانی سه‌رزه‌مینێک به ده‌وڵه‌تێکی دیکه) که ماوه‌که‌ی دیاریکراوه و پاش ته‌واو بوونی ئه‌و ماوه‌یه ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان گرێبه‌سته‌که‌یان نوێ نه‌که‌نه‌وه، رێککه‌وتننامه‌که هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه سایکس-پێکۆ ناگرێته‌وه، به‌تایبه‌تی که بنه‌مای قانوونیی نه‌خشه‌ی سیاسیی ئێستای رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست سایکس-پێکۆ نیه به‌ڵكوو رێککه‌وتنه‌کانی دواترن و کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپی یاسای نێوده‌وڵه‌تیشیان هاتۆته سه‌ر. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت سایکس پێکۆش به بنه‌ما بگرین، نه‌ک پاش تێپه‌ڕینی سه‌ت ساڵ، به‌ڵکوو ته‌نیا چه‌ند ساڵ پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، شۆڕشه‌کانی کورد و هێندێک بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیی عه‌ره‌بی نیشانه‌ی ناڕه‌زامه‌ندیی گه‌لانی ناوچه له‌و دابه‌شکارییه بوون. سه‌ت ساڵه‌ی سایکس-پێکۆ به مانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میراتی ئه‌و رێککه‌وتننامه‌یه نیه، به‌ڵام ده‌رفه‌تێکه بۆ ئاوڕدانه‌وه له هه‌موو ئه‌و ناعه‌داله‌تی و نالهبارییانهیه که مشووری ئیمپریالیی سایکس-پێکۆ به‌دووی خۆیدا هێنان. ئه‌مڕۆ نه‌ک هه‌ر کورد، زۆر لایه‌نی دیکه‌ش به جۆرێک پێیان خۆشه “نه‌زم”ی پاش سایکس-پێکۆ کۆتایی پێ بێ، ئه‌گه‌رچی ده‌زانین که مه‌رام و مه‌به‌ستی هه‌موویان له کۆتایی سایکس-پێکۆ وهکیهک نیه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بۆ گه‌لێکی وه‌ک گه‌لی کورد کۆتایی هاتنی سایکس-پێکۆ به مانای راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و غه‌دره مێژووییه‌یه که لێی کراوه، بۆ پان-تورکیسم ئه‌مه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆیه‌کی له‌ده‌ستچوو و له‌ڕاستیدا فراوانخوازییه. سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه ئه‌و لایه‌نه‌ی له هه‌مووان زیاتر و پێش هه‌مووان باسی کۆتایی سایکس پیکۆی کردووه، واته داعش، به‌پێچه‌وانه‌ی ئیدیعاکه‌ی نه‌ک هه‌ر کۆتایی به سایکس پێکۆ نه‌هێناوه، به‌ڵکوو له‌ڕاستیدا سایکس-پێکۆی له سیغه‌ی ئه‌وه‌ڵی خۆیدا جێبه‌جێ کردوه، چونکه ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش راست ئه‌و شوێنانه ده‌گرێته‌وه که به ناوچه‌ی ژێر نفووزی فه‌ڕانسه داندرابوون. مێژووناسێکی فه‌ڕانسه‌وی له‌باره‌ی سایکس-پێکۆوه ده‌ڵێ رۆژئاواییه‌کان خه‌ته‌کانیان کێشایه‌وه، عه‌ره‌به‌کانیش ره‌نگیان کرد. به باوه‌ڕی من خه‌ته‌کان هه‌ر له شوێنی خۆیان ماون، به‌ڵام رهنگڕێژییهکه له زۆر له خانه‌کانی ئه‌و هێڵکارییه‌دا ژه‌نگی هه‌ڵێناوه و سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه. که‌واته ئه‌گه‌ر ناتوانین بڵێین نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه یا ته‌نانه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، لانیکه‌م ئه‌و نه‌زمه سیاسییه‌ی ئه‌و نه‌خشه سیاسییه‌ی له‌سه‌ر داڕ‌ێژرابوو، له زۆر لاوه چۆته ژێر پرسیار و زه‌واڵی هاتووه.
پرسیار: ساڵی ٢٠٠٦ ئامریکا باسی گەڵاڵەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێی هێنایە گۆڕێ. ئایا دەکرێ ئەم باسە وەک لە دایک بوونی سایکس پیکۆی تازە یان بە وتەیەکی دیکە لە ئێعتبار کەوتنی پەیمانی سایکس پیکۆ سەیر بکرێ؟
وڵام: باسکردن له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی تازه یا گه‌وره پێش ئه‌و کاته‌ش له‌نێو ئیداره‌ی جۆرج بووشدا مه‌تره‌ح بوو. دیاره ئه‌و کاته‌ش ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ست گۆڕینی هاوکێشه و پره‌نسیپه‌کانی زاڵ به‌سه‌ر یاریی سیاسی له‌و ناوچه‌یه‌دا بوو، ئه‌وه‌نده مه‌به‌ست سه‌رله‌نوێ کێشانه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچه‌که نه‌بوو. دۆخی زاڵ به‌سه‌ر یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به مافی جودابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی هه‌تا کۆتایی شه‌ڕی سارد بارێکی زۆر ناعادڵانه بوو و له‌ڕاستیدا له غه‌یری لێکجیابوونه‌وه‌ی مه‌خمه‌لی یان به‌ڕه‌سمی ناسرانی قه‌واره‌ی گه‌لێک که حاکمیه‌تی خۆی به زۆری وه‌ده‌ست هێنابێته‌وه، ئه‌و مافه ته‌نیا بۆ موسته‌عمه‌ره‌کان به ره‌وا ده‌زانرا. ده‌زانین که له دوو ده‌یه‌ی رابردوودا تابووی ته‌واوه‌تیی ئه‌رزی به ته‌واوی شکاوه و دۆخه حقووقییهکه بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه که موسته‌عمه‌ره نین، گۆڕانی باشی به‌سه‌رداهاتووه. ئه‌وه‌ش راسته که کێشه و ئاڵۆزییه‌کانی سه‌ت ساڵی رابردووی ناوچه و دۆخی ئێستای رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست که لوتکه‌ی قهیرانهکانیهتی، شکستی ئه‌و پارادیگمانهیان سه‌لماند که له پاش سایکس-پێکۆوه قه‌واره و نه‌زمی سیاسیی ناوچه‌یان له‌سه‌ر دامه‌زرابوو. به‌چه‌شنێک که ئه‌مڕۆ دۆخی زاڵ به‌سه‌ر وڵاتانی وه‌ک سوریه، عیراق، لوبنان، یه‌مه‌ن که زۆربه‌یان چوونه‌ته حاڵه‌تی ده‌وڵه‌تی شکستخواردووه‌وه (Failed State)و کێشه‌ی پێکه‌وه هه‌ڵکردنی سوننه و شیعه و هه‌روه‌ها دۆزی کورد، هه‌مووی ده‌بیرخانه ره‌سمییه رۆژئاواییهکانیشی خستۆته فکری ئه‌وه که بڵێی وه‌ختی سایکس-پێکۆیهکی دیکه نه‌هاتبێ؟ ته‌نانه‌ت زۆرگرووپی لۆبیگه‌ری و ناوه‌ندی نێئۆکۆنسێرڤاتیڤ هێندێک نه‌خشه‌ی غه‌یره رهسمیشیان بۆ داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له چهکمهجهکانیاندا هه‌یه. له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌ش، جارێ به‌دوور ده‌زانرێ که نه‌خشه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره بکرێ دوو شت که له سه‌رده‌می پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی هه‌بوون، ئێستا وجوودیان نیه. یه‌که‌م پێویسته هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی که باس له سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سنووره‌کانیان ده‌کرێ وه‌ک سه‌رده‌می عوسمانی یان وه‌ک سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت له‌ژێر حاکمییه‌تێکی هاوبه‌شدا بووبن بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی نه‌مانی ئه‌و حاکمییه‌ته‌دا قه‌واره گشتییه‌که‌ش لهبهریهکههڵوهشێ. دووه‌م، پێویسته چوارچێوه‌یه‌ك بۆ رێککه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌کان له گۆڕێ‌دا بێ. شتێک که له‌سه‌رده‌می پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی ململانه‌ی زلهێزه‌کان و هێزه ئیقلیمییه‌کان وه‌ها بنه‌ما و چوارچێوه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ست نیه و وێ ناچێ له ئاینده‌یه‌کی نزیکیشدا شکڵ بگرێ. ئه‌و ته‌وافوقه “ئیمپریالیستی”یه‌ی له پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانییه‌وه له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌ک کرا که له به‌رامبه‌ر نه‌خشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تا راده‌یه‌کی زۆر پاسیڤ بوو، ئه‌مڕۆ به‌دی ناکرێ و ژینگه‌که‌ش به چه‌شنێک سێکتاریستی بووه که به‌پێچه‌وانه‌ی ئورووپا له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ئالیه‌تێک بۆ کۆنتڕۆڵی توندوتیژی نیه. هه‌ربۆیه زلهێزه‌کان هێشتا پێیان وایه به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر چوارچێوه‌کانی مه‌وجوود که‌م زیانترین بژاره (هه‌وڵه‌کانی لێکنزیکبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوایییانهی ئه‌مریکا و روسیه سه‌باره‌ت به ئایندهی سوریه نیشانه‌یه‌کی ئه‌م راستییه‌یه). هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی ده‌کرێ روو بدا جارێ ته‌نیا ته‌زعیف و ته‌قویه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ت یا ئه‌م فاکته‌ر له‌نێو ده‌وڵه‌ته‌که‌دا له به‌رامبه‌ر ئه‌و فاکته‌ر له هه‌مان ده‌وڵه‌تدا، سه‌رهه‌ڵدانی قه‌واره‌گه‌لی مهیلهودهوڵهت (Quasi State)، و مامه‌ڵه‌ی به‌جیا و که‌یس به که‌یس له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌تانه‌یه که له‌وندا گه‌لێک (وه‌ك بۆ نموونه کورد له باشووری کوردستان) هاتۆته سه‌ر رێڕه‌وی سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌و کاته به‌پێی بوونی زه‌مینه‌ی له‌بار و ژێرخانی پێویست بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌که کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ که‌یسه دیاریکراوه‌که ده‌کا.
پرسیار: بۆ ئەوەی میللەتی کورد بتوانێ لەم هەل و مەرجە بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێ، دەبێ چ بکا و چ رێوشوێنێک بگرێتە بەر؟ ئێستا که زۆر باسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان ده‌کرێ، ئایا کورد ده‌توانێ بۆخۆی له داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی جیهانی بۆ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ده‌وری هه‌بێ؟
وڵام: کورد له بازنه‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر سیاسه‌تی جیهانی دا نیه هه‌تا له داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ده‌وری هه‌بێ. به‌ڵام پێشوه‌چوونی مه‌سه‌له‌ی کورد و جێگه و پێگه‌یه‌کی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی که کورد ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌تی له په‌ڕاوێزی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داعشدا وه‌ده‌ستی هێناوه، هه‌م له‌ڕووی زه‌ینیه‌وه و هه‌م له‌ڕووی هه‌لومه‌رجه‌وه به‌ستێنێکی له‌باری دروست کردووه بۆ ئه‌وه‌ی کورد بتوانێ له ئاقاربهخشین به سیاسه‌تی جیهانی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چاره‌نووسی خۆیدا وه‌ک ئه‌کته‌ر و نه‌ک هه‌ر وه‌ک کارتێکراو ده‌ور بگێڕێ. سه‌رکه‌وتنی کورد له‌و دۆخه‌دا پێش هه‌موو شتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کورد خۆی و یه‌که‌م مه‌رجیشی ئه‌وه‌یه که کورد هه‌موو هیوا و ته‌مای به پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی نه‌به‌ستێ که گۆیا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی بۆ به‌دیاری دێنێ و له ئاکامدا خۆی له پێویستیی خۆ حازر کردن و چاره‌سه‌ری کێشه نێوخۆییه‌کانی بێ‌نیاز ببینێ. نابێ له‌بیرمان بچێ خودی سایکس-پێکۆ له‌سه‌ر به‌ستێنی چه‌شنێک له خیانه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دروست بوو، چونکه ئینگلیزه‌کان له ساڵی 1915دا له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمیسێری باڵای خۆیان له قاهیره (ماک ماهۆن) به‌ڵێنی مه‌مله‌که‌تێکی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بییان به شه‌ریفی مه‌ککه دابوو. ده‌شزانین ساڵێک پێش ته‌واو بوونی شه‌ڕ به‌ڵێنی به‌لفۆریان بۆ دروست کردنی کیانێکی قه‌ومی بۆ جووله‌که راگه‌یاند. ته‌نانه‌ت پێش شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی کاتێک له باڵکانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی شه‌ڕ هه‌ڵایسابوو، فه‌ڕانسه‌ییه‌کان بۆ خاتری پاراستنی نفووز و ئیمتیازاتیان له عوسمانی‌دا زۆر نیگه‌رانی هه‌ڵوه‌شانی عوسمانی بوون و قازانجی خۆیان له پاراستنی ستاتووکۆ (وه‌زعیه‌تی مه‌وجوود)دا ده‌دی. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئاشکرا بوو که قه‌ول و قهرارێكیش به کورد دراوه، هێشتا کورد نابێ ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی رابردووی له‌بیر بچێته‌وه که له‌ودا زلهێزه‌کان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه خیانه‌تیان پێ کردوه. ئێستا به‌مه‌به‌ستی خۆئاماده‌کردن بۆ دووره‌دیمه‌نی هه‌لومه‌رجێك که له‌ودا سه‌ربه‌خۆیی کوردستان (لانیکه‌م له باشوور) عه‌مه‌لی ببێ، پێویسته کورد نێوماڵی خۆی و پێوه‌ندییه ده‌روونییه‌کانی نه‌ک هه‌ر له باشوور به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا به چه‌شنێک رێک بخاته‌وه که جیهانی ده‌ره‌وه فاکته‌ری کوردی هه‌مووی به‌سه‌ریه‌که‌وه ببینێ و حیسابێكی یه‌کده‌ست یا لانیکه‌م هه‌ماهه‌نگی بۆ بکاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کورد ناتوانێ له مه‌یدانی کارتێکه‌رییه نێوخۆییه‌کانی تایبه‌ت به هه‌رکام له ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا غایب بێ، به‌ڵام پێویسته ئه‌وله‌ویه‌ت و فۆکووس بخاته سه‌ر داینامیزمی تایبه‌ت به کورد خۆی، هه‌م به دروستکردنی ژێرخانه‌کانی سه‌روه‌ری و هه‌م به پێناسه‌یه‌کی فراوانی کوردی که هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌به‌رچاو بگرێ. ئه‌گه‌ر نه‌خشی سه‌ربازیی کورد له قه‌یرانی ئه‌مڕۆی ناوچه‌دا ده‌توانێ حاکمییه‌تی ئه‌و گه‌له له‌سه‌ر خاکی خۆی بچه‌سپێنێ و بشیکاته پارتنێرێکی نێوده‌وڵه‌تی، پێویسته ئه‌مه پشت به رۆئیایه‌کی سیاسیی هاوبه‌شی کوردییش ببه‌ستێ. ئاکامی سیاسی و حقووقیی ئه‌و ره‌وته ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له کورتخایه‌ندا سه‌ربه‌خۆیی کوردستان یا یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌موو کوردستانیش نه‌بێ، لانیکه‌م ده‌بێته هۆی ئه‌وه که جێگه و پێگه‌ی کورد هه‌م له هاوکێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا و هه‌م له چوارچێوه‌ی ئالترناتیڤی سیاسیی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه، به‌شێوه‌یه‌کی چاره‌نووسساز ئه‌وه‌نده به‌هێز بێ که هیچ لایه‌نێک ئیدی نه‌توانێ حاشا له کورد بکا و سات و سه‌ودا به چاره‌نووس و مافه ره‌وا و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی بکا.
لە ژماره ٦٨٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه