ئاماژە: ماوەی چەند ساڵێکە چەندین قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرۆکی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئێرانی گرتووە، بەو تایبەتمەنییە کە کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەی چارەسەرکردنیانی نییە. هەر بەو هۆیەشەوە زیاتر لە پێشوو لایەنە سیاسییەکانی ئێران بە گشتی وەخۆ کەوتوون بۆ پاڵپێوەنانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بیرکردنەوە لە چۆنیەتیی داهاتووی ئێران. لەو بارەوە دوو حەوتوو لەوەپێش میتینگێکی بەربڵاو بە بەشداریی زیاتر لە یازدە هەزار کەس بە کورد و غەیرە کوردەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کلاب هاوس بۆ کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهات، لەم وتووێژەدا ئەنجامەکانی ئەو متینگە لەگەڵ بەڕێزیان باس دەکەین.
کاک خالید وەکوو دەگوترێ لەسۆنگەی باشییەکانی دنیای ئینترنێت و تێکنۆلۆژی ئەو دەرفەتە بۆ ڕێبەرێکی کورد -کە جەنابت بی- دەڕەخسێ ڕاستەوخۆ ڕوو بە ئێرانییەکان لە کڵاپ هاوس قسەیان بۆ بکەی و ڕوانگەی کوردیان بۆ باس بکەی. بە گشتی ڕوانگەی خۆت چییە لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە کە لە کڵاپ هاوس بۆ جەنابت گیرا؟
پێشەکی هەروەکوو لە نێوەرۆکی پرسیارەکەی جەنابتڕا دیارە، دەقیقەن ڕێک لەو چوارچێوەیەدا بوو کە ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان بەگشتی، درگای دیالۆگ بکەینەوە و باش لێک حاڵی بین. سروشتییە کە ئێمە کاتێک باسی بەرنامە و نەخشەڕێی خۆمان بۆ داهاتووی ئێران دەکەین، خەڵکانێک هەن ئەوانیش بەرنامە و نەخشەڕێی خۆیان هەیە، ئەوانیش ڕێگاچاڕەیان هەیە، ئەوانیش بە قەولی خۆیان باوەڕیان بە سازوکاری خۆیان هەیە، دەیجا سروشتییە لە حاڵەتێکی ئاوادا ئێمە دەڵێین ئێران سووڕەتی مەسەلەکەیە و بەو جۆرەیە: فرەچەشنە، جۆراوجۆرە لە بواری ئیتنیکی و ئایینیدا، و دەبێ وەکوو ڕاستییەک قبووڵی کەین. ڕێگاکەشی ئەوەیە لەگەڵ یەکتر لە دیالۆگ ووتووێژدا بین. دەبێ چاوەڕوانی ئەوەشمان هەبێ، کە ئەو کەسانە وەکوو ئێمە بیر ناکەنەوە، ڕێگاچارەی خۆیان هەیە و لە ئاکامدا ئەو باسانە دێنە پێشێ.
لە ڕوانگەی خۆمەوە کۆبوونەوەیەکی باش بوو. ئێمە زۆرجار گوتوومانە کە لە حیزبی دێـموکراتدا لەسەر ئەوە جەخت دەکەینەوە کە مادام بەدوای چارەسەری کورد لە ئێراندا دەگەڕێین، ئەو مەسەلەیە تەنیا بە خۆمان چارەسەر نابێ. جا ئەگەر وایە خەڵکی زۆر لە ئێراندا هەیە، وەکوو ئێمە پێیان خۆشە لە ئێراندا دێـموکراسی هەبێ، وەکوو ئێمە پێیان خۆشە لە ئێراندا ئازادی هەبێ، لەو چوارچێوەیەدا بەشێکی زۆر لەوانیش پێیان خۆشە ئەوانی دیکەش مافی خۆیان هەبێ. ئەوانە هەمووی شتی گشتین. کاتێک دەڵێین دێموکراسی پێموایە هەموو کەسێک دەڵێ دێموکراسی باشە. کاتێک باسی ماف دەکەی زۆربەی هەر زۆری کۆمەڵانی خەڵک دژی ماف نین. بەڵام ئەدی بۆ سیاستمەدارێک ڕێکارە عەمەلیەکان چین! لەو کۆبوونەوەیەدا کە دەهاتنە سەر بواری جۆراوجۆر، بەنیسبەت ڕێکاری عەمەلیی ئێمە پرسیاریان دەکرد، من بۆم باس دەکردن، لە زۆر شوێنی دێکە پرسیاریان دەکرد. دیسان ئەرکی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات ئەوە بوو ئەوانە باس بکەین. هۆیەکەشی ئەوەیە نابێ چاوەڕوانیمان هەبێ کە هەموو ئێرانییەکان بەگشتی وەکوو خۆمان لە مەسەلەکە تێبگەن. ئەگەر، ئەو بەرداشتەمان هەبێ هەڵە دەکەین. ئەگەر وایە دەبێ تێبکۆشین مەسەلەی خۆمانیان بۆ ڕوون بکەینەوە.
کاک خالید ڕوانگەیەک هەیە دەڵێ، لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا بەرانبەر بە مەسەلەی کورد، هەیانە گاردێکی زۆر توند دەگرن، هەیانە نازانێ، شارەزای سیاسەت و مێژوو نییە، بەڵام هەیانە زۆر بەباشی شارەزای سیاسەت و مێژووە لە ئێراندا و بەتایبەتی باش لە مێژووی سیاسەتی کوردیش ئاگادارە بەڵام ئەوانە گاردگیرییەکی زۆر توند دەکەن، ئامادە نین بە هیچ جۆرێک دان بە مەسەلەی کورد دابنێن، لەو کۆبوونەوەیەشدا شتی وا لە ئارادا هەبوو، لەو بارەیەوە ڕای جەنابت چییە؟
ئەو گاردگرتنە ڕاستە و هەست پێ دەکرێ، لەو کۆبوونەوەیە بەربەرینەشدا هەستم پێ کرد. من پێموایە دوو هۆی هەیە. هۆی یەکەم کۆماری ئیسلامییە کە ئاگاهانە و بە بەرنامە دەیهەوێ لە مەسەلەی کورد و جووڵانەوەی کورد، وێنایەک دروست بکا کە کورد و بەرنامەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران هەڵوەشێتەوە و ئێران تەجزییە ببێ. ئەوەی کۆماری ئیسلامی، ئاگاهانەیە، بە بەرنامەیە و هەمیشە تێدەکۆشی کە بڵێ حیزبی دێـموکرات یا جووڵانەوەی کورد پێوەندی بەم یان ئەو دەوڵەتەوە هەیە، هی ئەوان ئاگاهانەیە.
هێندێکیشیان بەڕاستی نیگەرانن، من ئەوەی بەڕاستی بە ئاگاهانە دانانێم. هێندێکیان نیگەرانن کە ئێران چیی لێ دێتەوە. هێندێک لەوانە هەروەکوو ئاماژەم پێ کرد، وەکوو ئێمە باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە، باوەڕیان بەوە هەیە کە لایەنی جۆراوجۆر چ وەکوو تاک، چ وەکوو گرووپ و میللەتەکان مافیان هەبێ، بەڵام ڕەنگە بەرنامەی ئێمەیان زۆر لێ ڕوون نەبێ. بەشێک لەوانە کە نیگەرانن، حەقی خۆیانە پرسیار بکەن بڵێن، ئەو فیدڕالیزمەی کە حیزبی دێموکرات باوەڕی پێی هەیە و دەیەوێ لە داهاتوو ئێرانی پێ ئیدارە بکات، ئەوە چۆنە بۆمانی ڕوون بکەنەوە بۆمانی باس بکەن! من ئەو نیگەرانییە بە شتێکی سەیر دانانێم. ئەوە بۆ ئێمە ئەرک دروست دەکا و ئەو کۆبوونەوەیە ڕێک لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەدا بوو کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و من لەوێدا، ئەوانە باس بکەم. یانی زۆرتر بەردەنگی من ئەو بەشە لەو خەڵکەیە کە وەکوو ئێمە دێموکراسییان پێ باشە، بەدوای مافدا دەگەڕێن، بۆ داهاتووی ئێران بە پەرۆشن، بەڵام ڕەنگە بەباشی لە بەرنامەکانی ئێمە نەگەن.
کاک خالید باسی کۆماری ئیسلامییت کرد و ئەو تەیفە کە نیگەرانن و دەیانەوێ بزانن، بەڵام بەشێکی دیکە وەکوو عەرزم کردی زۆر باش ئاگاداری مێژووی ئێمە و زۆر باش ئاگاداری جیهانی سیاسەتن، بەڵام گاردگیرێکی زۆر توند دەکات و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییشە. جاری وا هەیە تەنانەت دان بە زمانی دایکی ئێمەدا نانێن، ئەی لە بەرامبەر چی؟ ڕەنگە کێشەکە زیاتر لەو بەشەدا بێ؟
لە بەرانبەر ئەوانەشدا ئێمە هەمیشە وڵاممان هەیە. وڵامەکەی ئێمە ئەوەیە دەڵێین ئێوە کە وەکوو ئێمە بیرناکەنەوە، چ مەشرووتەخواز بن، سەڵتەنتتەڵەبن، موجاهدین بن، چ شوڕای گوزارن، چ هەمبەستەگین، چ شوڕای کار بۆ دێموکراسیخوازین، چ کۆنگرەی میللیەتەکانی جۆراوجۆرن، چ ئەوانەی لە نێوخۆی وڵات لەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات و تێکۆشان دەکەن، هەموومان دەبێ واقعییەتێک قبووڵ کەین. واقعییەتەکە ئەوەیە ئەو ئێرانەی کە هەموومان بەیەکەوە کاری بۆ دەکەین، بە مەیل و ئیرادەی یەکێک یان لایەنێک دروست ناکرێتەوە و بەڕێوە نابرێ.
بۆیە ئەگەر ئێمە لێرە بە خوێندنەوەیەک گەیشتین لەسەر سووڕەتی مەسەلەکەی ئێران، ئەوەمان وێنا کرد، هێنامانە گۆڕی، گوتمان سووڕەتی مەسەلەکە ئەوەیە، تەبیعەتەن چارەسەرەکانیشیان لە پێش دادەنێین. جا بەشێک لەوانەش کە جاری وایە ئاوا گاڕد دەگرن، هەڵوێست دەگرن، ئەرکی ئێمە ئەوەیە بێئەوەی کە سووکایەتی و بێڕێزی بە هیچ لایەک بکەین، (ئەوە نە زمانی ئێمە وەکوو میللەتێک کە بە دوای مافەکانی خۆماندا دەگەڕێن، نە سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و نە ئێمە بەدوای خسوومەت و دوژمنیدا هەین، لەدژی هیچکام لەو حیزب و هێزانەی کە لە دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن.) لەوێشدا ئێمە وەزیفەمانە کە گەڵاڵەی خۆمان بدەین. لەوێشدا کە ئێمە گەڵاڵەی خۆمان دەدا، لەڕاستیدا ئێمە وەکوو کورد و لایەنە کوردییەکان، بەگشتی دەبێ ڕوونکردنەوەمان هەبێ لەسەر ئیدارەی داهاتووی ئێران.
ئێمە هەتا ئێستا گوتمانە باوەڕمان بە فیدڕاڵیزمە، هەموو لایەک بەشدار دەکەین تێیدا. ئێمە دەڵێین ئێران لە سەردەمی پەهلەوی و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، بەشێوەی موتەمەرکز ئیدارەی بووە، لایەنەکانی دیکە حەزف کراون، هەر کەس دەسەڵاتی خۆی سەپاندوە، ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی، ئێرانییەکان بەشێکی زۆریان وەکوو تاک و بەشێکی دیکەیان وەکوو نەتەوەکان، لەگەڵ ناوەند نەبن، لەدژی ناوەند بن. ئەگەر قەرار بێ دان بە مافەکانی ئێمەدا نەنێن، تەبیعییە کە ئێران ئەمنییەت و ئارامش بەخۆیەوە نابینێ.
ئەڵبەتە ئەگەر بەراوردێکی ئەو باس لەگەڵ باسەکانی پێشووتر لەگەڵ ئێرانییەکان بکەم، من کەم و زۆر گۆڕانکاری لە بۆچوونی بەشێک لە ئێرانییەکاندا دەبینم. دۆخەکە وەکوو ٢٠ ساڵ لەوە پێش نییە، بەشێکی زۆر لەوان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە چارەسەری کێشەی ئێران و قبووڵکردنی ئەو ڕاستییە کە دەبێ میللەتە جۆراوجۆرەکان لەنێو ئیدارەی ئێراندا هەبن. بەتایبەت بۆ کورد کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە خەبات و تێکۆشاندا هەیە، تازە ئەمری واقعە.
لە بەرانبەر ئەو گاردگیرییە توندەی غەیرە کوردەکەدا، لەنێو کوردیشدا دژکردەوە پەیدا دەبێ، دژکردەوەیەک هەیە پێی وایە، کورد مادام خودموختاریی لێ وەرناگیرێ، فیدڕالیزمی لێ وەرناگیرێ، وڵامی داخوازییەکانی نادرێتەوە، دەرفەتی ڕێفراندۆمی بۆ ناڕخسێ، ئەی باشە بەو هەمووە تێچووە کە دەیدین، بۆ داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان نەکەین ئەم ڕوانگەیە هەیە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا.
ئەگەر قسە لە سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییە، تا ئەو جێگایە پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، بێگومان ئەگەر سیاسەتێکی وا بێتە پێشێ و ئەوە دروست بێ، من پێموایە زیاتر لە هەموو لایەک بە بەژن و باڵای حیزبی دێموکرات بڕاوە و ئەوە حیزبی دێموکراتە خاوەندارەتیی ئەو بابەتە دەکا. حیزبی دێموکرات یەکەم حیزب بوو کە مەسەلەی نەتەوایەتیی لە ئێراندا هێنا گۆڕێ، حیزبی دێموکرات کاتی خۆی لە چوارچێوی ئێراندا دەوڵەتی کوردیشی دروست کردووە. سەرکۆماری هەبووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەبووە و کۆمەڵێک هێمای خۆی هێناوەتە گۆڕێ و ئەزموونی مەسەلەی کورد هەمووی بۆتە ئەوانە. بەڵام لە هەموو گۆنگرەکانی خۆیدا و ئاخرین کۆنگرە حیزبی دێموکرات بڕیاری داوە کە لە حاڵی ئێستا چارەسەری مەسەلەی کورد لە چوارچێوی ئێراندا دەبینێ. دەمەوێ ئەوە بڵێم تاکەکانی کورد لەنێو ئێراندا و لە هەر شوێنک کە هەن، حەقی خۆیانە کاتێک کە بیر لە ئێستا و داهاتووی میللەتی کورد دەکەنەوە، بیروبۆچوونی جۆراوجۆریان بۆ مەترەح بێ. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات ڕێز لەوانە دەگرین.
باشە بە هەموو ئەمانەوە وەکوو بەڕێزیشت فەرمووت، ئەوە لە پرستیژی حیزبی دێموکراتدا هەیە، حیزبی دێموکرات ئەو ئیعتبار و پرستیژ و توانایی و کاریگەرییەی هەیە، بڵێ خەڵکینە من لەوە بەدوا دوای سەربەخۆیی دەکەم بۆ کوردستان و ئەمە بابەتەش هیچکام لە ڕێبەرانی کورد و حیزبی دێموکرات حاشایان لێ نەکرد[دوە، ئەگەرچی لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا بە ڕاشکاوی نەهاتوە. مادام حیزبی دێموکرات ئەو ئیعتبارەی هەیە ئەی بۆ داوای سەربەخۆیی ناکا؟
حیزب، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک ئەندام، حیزب تابیعی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی خۆیەتی، حیزب تابیعی ئەو بڕیاراتەیە. ئەندامانی حیزب لە کۆنگرەی حیزبدا کۆ دەبنەوە، تەیفی جۆراوجۆریان تێدا هەیە، لە جۆغرافیای جۆراوجۆرەوە دێن، لە نێوخۆی وڵات کاریگەرییان هەیە، لە دەرەوی وڵات کاریگەرییان هەیە، لە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کە بەشێوەی داییم کار دەکەن، کاریگەرییان هەیە، ڕێبەریی ئەو حیزبە کە بەهۆی ئەو تەشکیلاتە بەربەرینە هەیەتی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لەگەڵ کۆمەڵێک فاکتۆر سەروکاری هەیە، هەمووی ئەوانەمان لێکداوەتەوە، هەڵمانسەنگاندوە لە کۆنگرەکانی خۆمان، بەڵام تا ئێستا لەنێو حیزبی دێموکراتدا بۆچوونێک نەبووە کە بڵێ ئەوەی تا ئێستا هەبووە نادروستە و بەدوای رێگا چارەیەکی دیکەدا بڕۆین. دەمەوێ بلێم ئەوەی کە کەسایەتیەک وەکوو خۆی یان هێندێک گرووپ دروست دەبن، چەند کەسێک لێرە و لەوێ باسی دەوڵەتی کوردی دەکەن، دەڵێن ئێمە ماندووبووین لەگەڵ ئێرانییەکان با لەگەڵ ئێرانییەکان چی دیکە سەری خۆمان نەهێشێنین، جاروبار هێندێک لەوانە توندیش قسە دەکەن. ئەو شێوە قسەکردنە بۆ حیزبێکی سیاسیی بەرپرسیار و مەسئوول نابێ. حیزبێکی سیاسیی مەسئوول پانۆڕامایەک دادەنێ، لەسەر مەسەلەکی خۆی، لەسەر ئیمکانەکان، لەسەر زەرفییەتەکان، تواناکان، نێوخۆی ئێران دەڵێ چی؟ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ چی، هاوکێشەی نێودەوڵەتی دەڵێ چی؟ بەگشتی مەسەلەی کورد چۆنە و لەژێر ئەو ڕوانگەیە بە دوای چارەسەردا دەچێ. بۆیە من بەشبەحاڵی خۆم چارەسەریی حیزبی دێموکرات و بەرنامەی ئەم حیزبە تا ئێستاش بە ڕێگا چارەیەکی دروست دەزانم، بەڵام لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕەکان چیی لێ دێ، ئێران چیی لێ دێ، ناوچەکە چیی لێ بەسەر دێ، نەسڵی داهاتوو چۆن لەسەر داهاتووی خۆی ، بە تەبیعەتی باوەڕی حیزبی دێموکرات بە دێموکراسی و بە بەشداری ئەندامان و ڕای جۆراوجۆر لە کۆنگرەدا، لە داهاتوودا دەتوانێ بیر لەوە بکاتەوە. بەڵام لە حاڵی ئێستادا، سیاسەتی حیزبی دێموکرات هەر ئەوەیە کە لە چوارچێوی ئێراندا بەدوای ئەو چارەیەدا بگەڕێن، لە چوارچێوی ئێران بەردەنگ بۆخۆمان ببینینەوە.
کاک خالید ئەمە جادەیەکی یەک ساید نییە کە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات پێیدا دەڕوا؟ باوەڕی بە دێموکراسی هەیە، باوەڕی بە بایەخە ئەوڕۆییەکان هەیە، باوەڕی بە مافی مرۆڤ هەیە، باوەڕی بە مافی چارەنووس بۆ گەلانی ئێران هەیە، بەڵام لایەنی بەرامبەرت چ بە دەسەڵاتەوە و چ بە ئۆپۆزیسیۆنەوە وڵامدەر نییە، لە دوایین دەرکەوتنی کوڕی شاشدا، بە نموونە و هەرچەند لایەنی دیکەش هەر زۆرن، ئەوە بوو کە نەتەوەکانی بە ئیلات و عەشایەر و شتی وای باس کردەوە و ئەوە دژکردەوی بەڕێزتانیشی بە دواوە بوو. پرسیار ئەوەیە، ئەم جادەی یەک تەرەفە تا کەی، یانی ئەمە بەڕاستی وڵامدەرە؟
جاروبار کە ئێمە قسە لەسەر موخالفینی کۆماری ئیسلامی دەکەین، زۆرتر سەرنجمان لەسەر ئەو کەسانە هەیە چ بە کوڕی شا، چ بە کەسایەتییە ئێرانییەکان کە لە ئورووپا و ئەمریکا دانیشتوون، یان ئەو حیزب و ڕێکخراوانە کە لە دەرەوە دروست بوون. ئەگەر ئاوا بۆ مەسەلەکە بچین لە هەڵەداین. بەردەنگی ئەسڵیی ئێمە، هەموو ئێرانییەکان بەتایبەتی خەڵک لەنێوخۆی وڵاتن. بە باوەڕی من ئێمە وەکوو کورد پێویستیمان بەوە هەیە لەگەڵ هەموو ئێرانییەکاندا، لە هەلومەرجێکی ئازاد و دێموکراتیکدا، ماوەیەک بەیەکەوە بژین، با ئێمە لەیەکتر حاڵی بین. با ئێمە تەجرووبەی دێموکراسی بکەین، خەڵکی مەشەهد و تەورێز و تاران و ئیسفەهان و ئەوانە لەگەڵ خەلکی ئیلام و کرماشان و سنە و ورمێ و شوێنەکانی دیکە با تێکەڵ بین، با لەگەڵ یەکتر قسە بکەین. با ئەوانە لە نیزیکە ئێمە بناسن. ئەوان لەژێر کاریگەیی کۆماری ئیسلامی و هێندێک خەڵکی شۆونیستی ئێرانی قەزاوەت لەسەر ئێمە دەکەن، کە ئەوە هەڵەیە.
هەموو شەڕ و کێشەکان لەسەر مێدیاکان دێن و دەچن. هەر ئەو کۆبوونەوەیە کە بۆ من پێک هات لەگەڵ ئێرانییەکان، قسە کرا و باس کرا، بە بڕوای من زۆر دەرس بە ئێمە دەڵێ. ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە. تا ئێستا ئێران دێموکراسیی تێدا نەبووە، هیچ شتێک لە مەیدانی عەمەلی ڕۆژانەدا تەجرووبە نەکراوە، مەسائیلی ئێران زۆرتر کەوتووەتە نێو بازنەی نوخبەگان. زۆرتر کەوتووتە نێو کەسانێک کە بڵاوبوونەتەوە و لە نێوخۆی ئێران نین. حیزبی دێموکرات بەخۆشییەوە نەکەوتە نێو ئەو بازنەیەوە، هەمیشە پێوەندی خۆی لەگەڵ خەڵک لەنێوخۆی وڵات ڕاگرتوە و بە ئێعتباری ئەوە هەمیشە هەوڵی داوە وێنایەکی جوان لە مەسەلەی کورد دروست بکات. جا من ڕێگا چارەکە لەوەدا دەبینم، کە خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان عیلاقات و پێوەندییان لە نێوخۆی ئێران لەگەڵ خەڵکی غەیرە کورد زۆرتر بێ و زۆرتر لە مەسەلەکەی خۆمانیان بگەیەنین، زەمینە و ئیستعدادێکی زۆرتر هەیە.
کەسی وا هەیە لە دژی ئێمە قسە دەکا بەڵام ناتوانێ ڕێز بۆ خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە ڕابردوودا بەگشتی و حیزبی دێـمرکراتدا نەنێ. هەروەختێک باسی دوکتور قاسملوو دەکرێ، زۆرێک لە ئێرانییەکان، ڕەنگە ڕەخنەشیان لە حیزبی دێموکرات هەبێ، بەڵام زۆرێک لەوانە بە ئیحترام و شانازییەکی گەورە باسی دوکتور قاسملوو دەکەن. یانی من مەبەستم ئەوەیە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و کورد لە ئێران، سەرمایەیەکی بەهێزمان هەیە و پێویستە ئەو سەرمایەیە بکەین بە بنەمایەک بۆ گوفتگۆیەکی زۆرتر لەگەڵ ئێرانییەکان. تووڕە نەبین، پەلە نەکەین، حەوسەلەمان هەبێ، لە تووڕەبووندا چ ئێمە قسەی توند بکەین و تووڕە بین، لەوانەیە بڕیاری هەڵە بدەین. چ ئەوان تووڕە بن و قسەی توند بکەن بە هیچ جێگایەک ناگەین. جا بۆیە من ڕێگاکەی هەر لەوەدا دەبینم.
کاک خالید کاتێک جەنابت باسی دنیای سیاسەت دەکەی، بێگومان دەزانم چاوێکیشت لەسەر سیاسەت لە جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتییە، زۆرجار باست لەسەر ئەوە کردوە کە ئێمە دەبێ، دنیای نێودەوڵەتی تێبگەیەنین و دۆست بۆخۆمان پەیدا بکەین، کە مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمەیە بۆ ئەمە چیتان کردوە بۆ ئەم بەرنامە چییە؟
بۆ ئەوەش دیسان تۆ دەبێ سووڕەتی مەسەلەکەت هەبێ، کاتێک لەگەڵ دنیای دەرەوە دادەنیشین لەگەڵ لایەنی جۆراوجۆر، حیزبی دێموکرات مەوقعیەتێکی باشی هەیە لەو بابەتەوە، لە زۆر کۆڕوکۆمەڵدا دەستمان پێیان دەگا. لانیکەم گوێمان دەدەنێ. سووڕەتی مەسەلەکە لای ئێمە و لای ئەوان بەتایبەت، دیسان چارەسەری مەسەلەی کورد لە چوارچێوی ئێراندایە. جا کاتێک دێینە سەر ئەو باسە ئێمە دەبێ پێیان بڵێین بۆ داهاتووی ئێران بەرنامەمان چییە! ئەوان دەڵێن دی باشە بەردەنگی کورد بە لەحازی سیاسی، لەنێو لایەنەکان کێن. دەبێ بۆیان باس کەین هەموو ئەو لایەنانە کە باوەڕیان بە دێموکراسی و مافی مرۆڤ هەیە، دەتوانن بەردەنگی ئێمە بین. لەچوارچێوەیەدا بۆ جارێکی دیکە دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئەرک و وەزیفەی ئێمە ئەوە دەبێ جیاواز لەوەی کە خۆمان وەکوو کورد بەخۆشییەوە ڕابردوویەکمان هەیە، کە لەگەڵ توندوتیژی تێکەڵاو نییە، ڕابردوویەکمان هەیە تێکەڵاوی لەگەڵ زۆر دۆست و ئاشنا هەیە لە دەرەوە، ڕابردوویەکمان هەیە کە ئێحترام بۆ مافی مرۆڤ و چارتێرەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات دادەنێن، ڕابردوویەکمان هەیە تێرۆریان کردووین بە تێرۆر وڵامان نەداوەتەوە، ڕابردوویەکی مەدەنی و باش و ڕێکوپێکمان هەیە کە لە نێوخۆی وڵات ئێستا لەسەر خەتن، هەمووی ئەوانە سەرمایەی باشن.
کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەین بەو ڕابردووە و بەو سەرمایەیە، ئاماژەی پێ دەکەین دەڵێن ئەگەر ئێوە چارەسەرێکتان بۆ داهاتووی ئێران هەیە، ڕاستییەکەی نابێ جۆراوجۆریی ئێران نادیدە بگرن، نابێ مەسەلەی کورد نادیدە بگرن، بۆیە گلەییەکیشمان لێیان هەیە، گلەییەکەشمان ئەوەیە ئێوە هەموو شت لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا و لەچوارچێوی چارەسەری کێشەی بەرجامدا دەبینین، ئێوە لەوەدا خەلکی ئێران بەگشتی و لایەنەکانتان غایب کردوە. جا لەوێدا ئەرکی ئێمە ئەوەیە چ بە ئەندامانی حیزب و چ بە ئەوانەی کە لە بواری دیپلۆماسی کار دەکەن و چ بەوانەی کە پێوەندی و تێکەڵاویان لەگەڵ کەسایەتیی و حیزبەکان و کەسایەتییەکانی ئێرانی هەیە، ڕاستییەکی لەوچوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەوان کار بکەن و بڕۆنە پێشێ.
کاک خالید بە هەموو ئەمانەوە کە باست کرد، لەم قۆناغە تازەیەدا ئەگەر بتوانین ناوی بنێن قۆناغی تازە، جموجۆڵی زۆر لە ئارادیە، لە نێوخۆ بەتایبەتی لەنێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێران، لە دەرەوە بە هەموو ئەمانەوە تەتانەت لەنێو دەسەڵاتیشدا، بەهەموو ئەمانەوە وەزیفەی کورد، چالاکانی سیاسیی کورد، بزووتنەوەی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات، چییە؟
دیسان وڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە دوورەدیمەنمان و چارەسەرەکەی چۆن دەبینین. تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە دژایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، دەتوانم بلێم زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵک دژی ئەو نیزامەن. ئەو نیزامە لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبردنی ئێراندا نیزامێکی ناسەرکەوتووە. نیزامێکی خۆشەویست نییە، ئەو نیزامە دەبێ بڕوا. هەم خەڵکی ئێران لێی ماندوو و جاڕزن، هەم خەڵکی ناوچەکە لێی ماندوو و جاڕزە، هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەس خۆ نیزامێک تەنیا لەبەر ئەوەی کە خەڵک لێی ناڕازی بن، خۆپیشاندان بکەن و هەر جارێک بە بۆنەیەکی سینفی و هەر جارێک لە گۆشەیەکی ئێراندا ناڕەزایەتی دەرببڕن، نیزامێک ئاوا ناڕووخێ. نیزامی کۆماری ئیسلامی بەرهەمی پڕۆژەیەکی سیاسییە، ئەو پڕۆژەیە هەتا ئێستا ماوە و دەبێ پڕۆژەی سیاسی هەبێ لەدژی ئەو نیزامە هەتا بڕوا و نەمێنێ. پڕۆژەی سیاسیش، بەو بەربڵاوییەی ئۆپۆزیسیۆن ناکرێ، من زۆرجار گوتوومە زۆربەی زۆری کۆمەڵانی خەڵک، موخالفی کۆماری ئیسلامین. ئەوە هونەر نییە، هونەر ئەوەیە ئەوە بکەی بە ئاڵترناتیڤ. لەوێدا گرفتێک هەیە، گرفتەکە ئەوەیە تا ئێستا لایەنەکان سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام ئێمە وەکوو کوردەکان، بە بەراورد لەگەڵ ئێرانییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر باشتر چووینەتە پێشێ، مەسەلەی یەکگرتوویی و یەکریزی لە نێوماندا کاری لەسەر دەکرێ، حیزبەکانی کوردی لەگەڵ یەکتر عیلاقاتیان باشترە، هەوڵمان داوە زۆرجار بە هەماهەنگی و بە وێژمانێکی نیسبی کە لەسەری بە ڕێککەوتن دەگەین، قسەی لەسەر بکەین. ئەوانە بەشێکی ئەسڵی کاری ئێمە و ئێمە لەو بوارەدا تەجروبە و ئەزموونمان زۆرترە.
کاک خالید زۆر سپاس کە کاتت بۆ ئێمە و ئەو دیمانەیە دانا
ئێوەش ماندوو نەبن لە ئەرک و کارەکانتاندا