خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕزگاری و مافە نەتەوایەتییەکانی تێچووی زۆری بۆ ئەو نەتەوەیە هەبووە، بەڵام سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی ڕێژیمە ناوەندگەراکان گەلی کوردی بەچۆکدا نەهێناوە. لە قۆناغی سەردەمی خەباتی کورد لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چی جینایەت و کارەساتی مرۆییە ئەو ڕێژیمە دەرحەق بە کورد خوڵقاندوویەتی و دەستی لە هیچ چەکێک و یەک لەوان تێرۆر نەپاراستوە.
تێرۆر چەکی دەستی دەسەڵاتە نادێموکراتیک، دوگم و داخراوەکان و هەروەها نیشانەی زەبوونی و دەستەوەستانیی ئەوان لە بەرەوڕووبوونەوەی لۆژیکییە. واتە کاتێک سیستمێکی سیاسی پەنا بۆ تێرۆری کەسێک یان لایەنێک دەبا، هەم لە مەترسیی بیر و ئاوەزی ئەوان بۆ سەر دەسەڵاتەکەی تێگەیشتوە، هەمیش ناتوانێ دێموکراتیک لەهەمبەر ئەو ئیرادەیە بەربەرەکانی بکا. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی پاوانی دەسەڵات لە ئێرانەوە هەتا ئێستا بەهۆی پێکهاتەی دوگماتیزمی ئایینی و سیاسی و بێبایەخیی بیروبۆچوونە جیاوازەکان لای کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە هەوڵی داوە دژبەرانی خۆی بە توندوتیژی لە مەیدانەکە وەدەر بنێ. لەو ڕێژیمەدا مافە دێموکراتیکەکان و مافی ڕەوای ئەوانیدی مانای نییە و بۆ بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقینیش بەردەوام چەکی تێرۆری بەکار هێناوە؛ لەو نێوەشدا کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کورد زۆرترین قوربانیی دەستی تێرۆریزمی ئەم ڕێژیمەیە.
تێرۆری سیاسی کاتێک ڕوو دەدا کە نیزامی سیاسیی وڵات کەسێکی تێرۆرکراو بە مەترسییەکی زۆر بۆ سەر خۆی دەزانێ، بۆیە ئامادەیە بە هەموو نرخێک و تەنانەت بە گرتنەبەری ناجوامێرانەترین شێواز و بە پێشێلکردنی هەرچەشنە بەها و بایەخێکی مرۆیی لەنێوی ببات. شەهید مووسا باباخانی یەک لەو کەسانە و لە ڕێبەرانی لاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە سیستمی ویلایەتی فەقیهـ لێی دەترسا. ئەوەی زراوی ڕێبەرانی ڕێژیمی بردبوو دێموکراسیخوازی، ئازادیخوازی، شوناسویستی و خەباتی بەکردەوەی شەهید مووسا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بوو. بەڵام شەهید مووسا نە یەکەم ڕێبەری کوردە کە بە دەستی غەدر و تاوان لە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی نەتەوەکەی دەستێندرێ، نە هەتا ئەو خەباتەش بە ئاکام و دوامەنزڵی خۆی دەگا دەکرێ دوا ڕێبەری شەهیدی تێرۆرکراو بێت.
جیا لەو مەبەستە ئامانجێکی دیکەی ڕێژیم لە تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، وەستاندنی خەبات و لە جووڵەخستنی بزاوتی سیاسیی کورد بووە؛ بەڵام ئەو سەنگەرە پارێزەرانی پیرۆزی خۆی هەیە، پارێزەرانێک کە قوربانیبوونی خۆیان خستۆتە پێش هەموو بەرژەوەندییەک. پارێزەرانێک کە سەرکوت و تێرۆر باوەڕمەندتر، و لە بڕینی ئەو ڕێگایەدا ڕژدتر و سوورتر و شێلگیرتریان دەکا.
خاڵێکی جێی سەرنجی دیکە لە بەشێکی زۆر لە تێرۆرە سیاسییەکان ڕاکێشانی متمانەی قوربانی بۆ لەداوخستنیەتی، وەک ئەوەی لە تێرۆری شەهید د. قاسملوودا بە بیانووی وتووێژێک بۆ چارەسەری پرسی کورد ڕەکێشی کوشتنگەیان کرد و چ لە تازەترین تێرۆری ڕێژیم لە حیزبی دێموکراتدا متمانەکردنی شەهید مووسا بە مۆرەیەکی ڕێژیمیان بۆ لەداوخستنی بەکار هێنا. کەسی خەباتکار متمانەکردنەکەی بە خەڵکەکەی تا ڕادەیەک سروشتی دەنوێنێ، ئەوە بە مانای ناپێویستبوونی ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە ئەمنیەتییەکان نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە کەسی خەباتکار گیانفیدای بیروباوەڕەکانیەتی و دەیەوێ ئەو بۆچوون و وێژمانە بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵ شۆڕ بێتەوە. لێرەدا ئەوەی پڕدیارە بێپرەنسیپی دوژمنێکە کە بۆ زەبرلێدان لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد هیچ سنوورێک و هیچ بەها و بایەخێک و تەنانەت یاسا و ڕێسا جێکەوتووەکانی شەڕیش ناناسێت.
مووسا باباخانی، ئەندامی ڕێبەریی لاو و شاییبەخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی غەدر و تاوان شەهید کرا. بەڵام وەک چۆن د. قاسملوو کە خۆی دیارترین قوربانیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییە دەفەرموێ: “باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەپێدانی ڕێگەیانە.” بیچمداکوتانی کولتووری خەبات و پێداگری لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان لە ماوەی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پڕستیژێکی تایبەتیی بە جووڵانەوەی سیاسیی کورد بەخشیوە. جووڵانەوەیەک کە بۆتە چقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی و ئەوەندەی زەبوون و دەستەوەستان کردوە کە ناتوانێ لە مەیدانی ڕاستەوخۆدا بەربەرەکانیی بکا و دواتر بە فێڵ و دەهۆ کە پیشەی هەمیشەییانە بەرەنگاری تێکۆشەرانی کورد دەبێتەوە.
پەرەسەندن و ڕەگداکوتانی خەباتی نەتەوەیی و چوونەسەرێی ئاستی وشیاری سیاسیی کۆمەڵانی خەڵک و کاریگەریی حیزبە سیاسییەکان لەسەر ڕێکخستنی وزەی خەباتگیڕیی خەڵک هۆیەکی دیکە بۆ فازێکی دی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتە. بەتایبەت لەبارەی شەهید مووسا باباخانی کە بەهۆی دەور و شوێندانەریی ئەو لە قووڵبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و ڕێکخستە سیاسییەکان لە ناوچەی خوارووی کوردستان ناوەندە ئەمنییەتییەکان تەواو هەستیان بە مەترسی کردبوو و چارەسەریشیان تەنیا لە تێرۆر و لەنێوبردنی فیزیکیی ئەودا دیتەوە.
ڕوحی شەهید مووسا شاد، بەڵام بێگومان سەنگەری خەبات و تێکۆشانی هەمیشە ئاوەدان دەمێنیت.