تێرۆریزم تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زاتیی كۆماری ئیسلامییه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌و گوزاره‌یه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا به‌سه‌ر كارنامه‌ی كۆماری ئیسلامی له ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تا ئێستا به‌سه. حوكمڕانییه‌كی سیاسیی دیكتاتۆڕی پشت‌به‌ستوو به ئیدئۆلۆژی، پێویستی به‌وه‌یه په‌نا بۆ توندوتیژی و تێرۆر و ئامرازه سه‌ركوتكار و نادیمۆكڕاتیكه‌كان ببا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ی بپارێزێ. به‌تایبه‌ت كاتێك به‌ها و نۆڕمه ئیدئۆلۆژیكه‌كان بارته‌قای ئه‌وه نین تاكه‌كان بڕوایان پێ بێنن، ده‌سه‌ڵاتی ڕووت جێگای هێژمۆنی ده‌گرێته‌وه و تێرۆر ده‌بێته خه‌سڵه‌تێكی زاتیی حوكمڕانی. له وه‌ها ڕێژیمێكی سیاسی‌دا چه‌مكی هاووڵاتی چیتر مانای نامێنێ و ڕه‌عیه‌ت جێگای ده‌گرێته‌وه كه یان ده‌بێ ملكه‌چی ڕێنوێنییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بێ یان نه‌مێنێ.
كۆماری ئیسلامی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ئیدئۆلۆژیك كه نه‌ك له زه‌وی و له‌نێو خه‌ڵكدا، به‌ڵكوو له ئاسمان و مێتافیزیك به‌دوای مه‌شرووعییه‌تی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵگری گوتارێكی توندوتیژ بوو. ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی ڕاسته‌وخۆی خواستی مكوڕی ئۆلیگارشی‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ ڕاده‌ست‌نه‌كردنی ده‌سه‌ڵات بوو. هه‌ربۆیه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی پێویستی به‌وه بوو بارودۆخێك دروست بكا كه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه نه‌بیسترێ و كپ بكرێ. ڕێژیم له نێوخۆ هه‌وڵی دا په‌ره به ده‌زگا سه‌ركوتكاره‌كانی بدا بۆ گرتن و ئێعدام و تێرۆری جیابیران و له هه‌مان كاتدا به دامه‌زراندن و پشتیوانی‌كردنی ماددی و مه‌عنه‌وی له گرووپ و ڕێكخراوی تێرۆریستییه‌كان له وڵاتانی ناوچه، سه‌رنجی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌ت ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له نێوخۆی ئێرانه‌وه به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان لاڕێ بكا. ئاشكرایه له‌و سیسته‌مانه‌دا تێرۆر هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ئاگاهانه و پلان بۆ داڕێژراوه بۆ ملكه‌چ‌كردنی ڕه‌عیه‌ت؛ به‌و مانایه‌ی كه له چارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامییدا له هاووڵاتی ده‌ڕواندرێ.
بێگومان سیستمێكی له‌و چه‌شنه نا‌توانێ ته‌حه‌ممولی نه‌یارانی خۆی بكا و هه‌موو داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی خۆی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ له‌ناێوبردنی كه‌سایه‌تییه سیاسی و ته‌نانه‌ت فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه ناڕازییه‌كانی به‌سیج ده‌كا.
له بارودۆخێكی له‌و شێوه‌یه‌دا گه‌لی كورد وه‌ك گه‌وره‌قوربانیی تێرۆریزم كه هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات‌گه‌یشتنی ڕێژیم له‌گه‌ڵ هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕێژیم به‌ره‌وڕوو بوو، ڕێچكه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازی گرته‌به‌ر. به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له سیاسه‌تی حیزبی دێمۆكرات و به‌تایبه‌ت بۆچوونه‌كانی دوكتور قاسملوو، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه تێرۆر له ڕوانگه‌ی كورده‌وه به‌ته‌واوی مه‌حكووم و ڕه‌تكراوه‌یه. تێڕوانینێك كه له‌نێوان ته‌واویه‌ت‌خوازیی ناوه‌ند و مافخوازیی حیزبی دیمۆكڕاتدا تا ئێستاش به‌رده‌وامه و له لایه‌ك پرێستیژێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌باتی گه‌لی كورد لێكه‌وتۆته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌وه كۆماری ئیسلامیی وه‌ك ڕێژیمێكی پشتیوانی تێرۆر به كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ناساندوه.
دوكتور قاسملوو سه‌باره‌ت به تێرۆر ده‌ڵێ: “دیمۆكراسی دوژمنی ژماره یه‌كی تێرۆریزمه. به‌رته‌سك‌كردنه‌وه‌ی دیمۆكراسی به مانای یارمه‌تیدان و لایه‌نگری كردنه له تێرۆریزم.” ئه‌و شێوه ڕوانینه بۆ تێرۆریزم هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ده‌لاله‌ته كه له‌لایه‌ك تێگه‌یشتن و ڕوانینێكی واقعی و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نیشان ده‌دا كه ئه‌وكات دوكتور قاسملوو یان باشتره بڵێین حیزبی دیمۆكڕات له زمانی دوكتور قاسملۆوه به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه هێناویه‌تیه گۆڕێ و له لایه‌كی دیكه‌ش دوكتور قاسملوو له ده‌ره‌وه‌ی یان له سه‌رووی ئه‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه ئیدئۆلۆژیكه‌وه كه له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد له ئارادا بوو، سیسته‌می به‌ها و ئه‌رزشه‌كانی به چه‌شنێك بۆ خه‌باتی گه‌لی كورد داڕشتوه كه تا ئێستاش وه‌ك میراتێكی به‌نرخ بۆ نه‌سلی ئێمه به‌جێ ماوه.
دوكتور قاسملوو سه‌ره‌ڕای سازش‌نه‌كردن له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كورد، تا ئه‌و كاته‌ی له ژیاندا بوو خواستی خۆی وه‌ك ڕێبه‌رێكی ناوداری گه‌لی كورد به وتووێژ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی پرسی كورد نه‌شارده‌وه و له‌و ڕێگایه‌دا هه‌موو هه‌وڵی خۆی خسته‌گه‌ڕ، تا جێگایه‌ك كه گیانی خۆی كرده قوربانیی ئه‌و ئامانجه.
له 33 ساڵه‌ی تێرۆری دوكتور قاسملوو و كاك عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ردا، ئه‌وه‌ی بۆ حیزبی دیمۆكڕات و گه‌لی كورد و به‌گشتی بزووتنه‌وه‌ی دیمۆكراسی‌خوازیی ئێران گرینگه دادگایی‌كردنی تێرۆریستانی ڤیه‌ن و تاوانبار ناساندنی ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامییه له دادگایه‌كی بێ لایه‌ندا. پێویسته ئازادیخوازانی ئێران به‌گشتی و به‌تایبه‌ت حیزبی دیمۆكرات هه‌موو زه‌رفییه‌ته قانوونییه به‌رده‌سته‌كان بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌یسی ئه‌و جینایه‌ته به‌كار بێنن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م بۆ جارێكی دیكه ماهیه‌تی كۆماری ئیسلامی به كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بناسێنن و هه‌م دادگه‌ری بێته‌دی.
وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و زه‌رفییه‌ته قانوونییانه به‌تایبه‌ت له ئێستادا كه ئاراسته‌ی سیسته‌می دادوه‌ریی جیهانی به‌ره‌و به‌رپرسیاره‌تیی به‌رامبه‌ر تاوانه گه‌وره‌كان ده‌ڕوا، گرینگیی تایبه‌تی هه‌یه.
– سیسته‌می دادوه‌ریی وڵاتی ئوتریش
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییانه‌ی كه دوابه‌دوای تێرۆره‌كه له لایه‌ن دژه‌تێرۆری ڤیه‌ن ئه‌نجام دران و تا ڕاده‌یه‌ك له ڕاگه‌یه‌نه‌كانیشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بوو، به‌ڵگه‌ی به‌هێزن بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌روه‌نده‌یه. به‌تایبه‌ت كه له‌نێو خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوتریش كه‌سانی ده‌ست‌ڕۆیشتوو له پارله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری زۆرجار ڕه‌خنه‌یان له سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له دادگا و سیسته‌می دادوه‌ری و ته‌سلیم‌بوونی ده‌وڵه‌ت به ڕاده‌ست‌كردنه‌وه‌ی تاوانباران له‌ژێر فشاره‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا گرتوه. وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و په‌ڵه ڕه‌شه به نێوچاوانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئوتریش له په‌نا لابیگه‌ری له‌نێو نوخبه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته، باشترین ده‌رفه‌ته بۆ دووباره وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌یسی تێرۆری دوكتور قاسملوو.
– ئه‌نجومه‌نی ئاسایش
ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌سه‌ڵاتێكی فراوان و به‌رپرسیاره‌تییه‌كی گه‌وره‌شی هه‌یه له ئاست ئاسایش و ئه‌منیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی. له ئێستادا كه تێرۆریزمی كۆماری ئیسلامی وه‌ك هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا جێی گرتوه، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌توانێ به‌تایبه‌ت له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕای گشتی و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤدا بێته مه‌یدان. ئه‌و ڕێچكه‌یه له ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له كه‌یسی تێرۆردا له دادگای ڕه‌فیق حه‌ریری دا تاقی كراوه‌ته‌وه. دیاره نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ بارودۆخی سیاسی و ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی چه‌نده به‌ره‌و تەریک‌کەوتەیی ده‌چێ ده‌توانێ زه‌مینه‌ی هه‌نگاوی له‌و چه‌شنه بۆ كه‌یسه‌كانی تێرۆری ده‌وڵه‌تیی كۆماری ئیسلامی و یه‌ك له‌وان تێرۆری دوكتور قاسملوو له‌بار بكا.
– سه‌ڵاحیه‌تی دادوه‌ریی جیهانی
یه‌كێكی دیكه له زه‌رفییه‌ته قانوونییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه ده‌توانین ده‌ستی بۆ به‌رین بریتییه له سه‌ڵاحیه‌تی دادوه‌ریی جیهانی. هه‌رچه‌ند تا ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی پێناسه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له سه‌ر چه‌مكی تێرۆر، ئه‌و سه‌ڵاحییه‌ته زیاتر بۆ تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه پێناسه‌كراوه‌كانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕه‌وتی دادگایی‌كردن و مه‌حكووم‌كردنی حه‌مید نووری‌دا بینرا، له هه‌مان كاتدا درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دادوه‌ری بۆ تاوانه مه‌ترسیداره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك تێرۆریش به‌ره‌به‌ره وه‌ك پڕنسیپێكی دادوه‌ری سه‌ری هه‌ڵداوه و دوور نییه له داهاتوودا كه‌یسی هاوشێوه‌ی تێرۆری دوكتور قاسملوو له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌دواداچوونیان بۆ بكرێ. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین ئاماژه به دوو وڵاتی ئه‌مریكا و ئیسپانیا بكه‌ین كه تاوانی تێرۆریان خستۆته بازنه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی له كۆنتێكستی سه‌ڵاحیه‌تی دادوه‌ریی جیهانیدا گونجێنراون.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرینگه هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌له‌به‌ره یاسایی و سیاسی و هه‌روه‌ها ئه‌و میكانیزمه كارپێكراوانه‌ی له سیسته‌می دادوه‌ریی نێوده‌وڵه‌تیدا له گۆڕێ‌دان.