لە ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٣ ساڵەی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهیدانی دیکەی ڤییەن لەو ڕۆژەدا نیزیک دەبینەوە. ئەم ڕۆژە هەم بیرهێنەرەوەی جینایەتێکی گەورەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەی کوردە کە بە کەلکوەرگرتنی خراپ لە خەسڵەتی بەرزی مرۆیی و دێموکراتیکی د. قاسملوو و، بە ڕاخستنی دێوجامە کاراکتەری کاریزماتیکی جووڵانەوەی کوردی تێرۆر کرد، هەم ڕیسواییەک بۆ نیزامی دادی ئۆتریش کە سەرەڕای هەموو بەڵگە و دێکیۆمێنتەکان بە ئازادکردنی تێرۆریستەکان، بەرژەوەندیی ئابووریی خستە پێش دادپەروەری و بایەخە ئینسانی و پڕەنسیپە مرۆییە جیهانداگرەکان، پێچەوانەی ئیدیعاکانی ئەم وڵاتە ڕۆژاواییە.
بەم پشتتێکردنەی حکوومەتی ئۆتریش لە دادپەروەری و بەو چاونووقاندنەی لەهەمبەر کردەوە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەستی ڕێژیمی تارانی ئاوەڵا کرا تا بە ڕووهەڵماڵاویی زیاترەوە چ ڕاستەوخۆ لەلایەن تیمە نێردراوەکانی خۆیەوە، یا ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بریکارەکانی وەک گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان و مافیاکانی چەک و مادەی هۆشبەرەوە هەتا ئێستاش لە کوشتنی نەیارە سیاسییەکانی بەردەوام بێت. سیاسەتی نەگۆڕی ڕێژیم کە لە ڕەوتی بەردەوامیی خۆیدا سپای پاسدارانی لە هێزێکی نیزامی سیاسیی ئیدئۆلۆژیک، ئاڕمانخواز لە چوارچێوەی وێژمانی توندڕەوانەی شیعەوە کردە مافیایەکی دەسەڵات، کە لە کابولەوە هەتا کاراکاس و لە بەغداوە هەتا بەیرووت تەڕاتێن بکا و ئەمنییەت و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا بەبارمتە بگرێت. بەڵام ئەم باسە بۆچی لە ئێستادا گرینگە؟ وەڵامەکەی دەبێ لە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەکارهێنانی چەکی تێرۆر لە ساتوسەودا جیهانییەکاندا بۆی بگەڕێین:
یەکەم، پاڕلمانی وڵاتی بێلژیک لایەحەی گۆڕینەوەی بەندییە تاوانباران لەنێوان وڵاتانی بۆ پەسندکردن خستۆتە ڕۆژەڤی کاریەوە. بێتوو ئەو پەیماننامەیە پەسند بکرێ، تاوانبارانی چەند وڵات کە یەک لەوان ئێرانە، لەگەڵ بەندکراوانی بێلژیکی دەگۆڕدرێنەوە و دەنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان. بەجۆرە دیپلۆمات تێرۆریستێکی وەک ئەسەدوڵڵا ئەسەدی کە بەتەمابوو کۆبوونەوەیەکی سیاسیی لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە پاریس بتەقێنێتەوە و لەو سۆنگەیەوە گیرا و سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، هەلی ڕادەستکردنەوە بە ئێرانی بۆ دەڕەخسێت. هاوکات ئەوەندەی دیکە دەستی ڕێژیم بۆ بارمتەگیری و کردەوەی تێرۆریستی ئاوەڵاتر دەبێت.
دووهەم، هەر دوو حەوتوو لەوە پێش بوو کە حوسێن تائیب، سەرۆکی ناوەندی هەواڵگریی سپای پاسداران لەسەر کار لابرا. هۆکارێکی گرینگی ئەو بڕیارە لە تەنیشت دەستەوەستانیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دەستوەشاندنە گورچکبڕەکانی ئیسڕائیل لە خاکی ئێراندا، ڕاست بۆ زەبوونی و دەستەوەستانیی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئیسڕائیلی لە خاکی تورکیە و وڵاتانی دیکە دەگەڕێتەوە. سیاسەت و پلانێک کە ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بەهۆی باڵادەستیی مووساد و یارمەتیی ناوەندە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسڕائیل نەیتوانیوە لە بەرژەوەندیی خۆی دژی ئەم وڵاتەدا بە کاری بێنێ، بەڵام قەرار نییە کۆماری ئیسلامی لە هیچ هەلومەرجێکدا وەلای بنێت.
کۆماری ئیسلامیی ئیران کە بە جەمسەر و سپۆنسەری تێرۆریزم لە دنیادا دەناسرێ و سەرەڕای سەدان کردەوەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارقوژبنی دنیادا، بەڵام لە چەند پەروەندەیەکدا نەبێ -بۆ نموونە تێرۆری شاپووری بەختیار و تێرۆری مێکونووس- ڕێژیمی تاران وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچووە. هەروەها لە ژمارەیەکی کەم لەو تێرۆرانەدا نەبێ، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی بێلایەنەنانەش لەو کردەوە تێرۆریستییانەی ڕێژیم نەکراون و بڵاو نەبوونەتەوە، ئەوە نەبێ کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی دوو ساڵ لەوە پێش(١٣٩٩ی هەتاوی) ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو ٤١ ساڵەدا ٣٦٠ کردەوەی تێرۆریستیی لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتدا کردوە. بڕیاری دادگای مێکونووسیش ئەگەرچی بۆ ماوەیەک ڕێژیمی تارانی هەس دایەوە، بەڵام ماشێنی تێرۆری سپای پاسداران لە وڵاتانی ناوچەی لەگەر نەخست. تێرۆری ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە باشووری کوردستان بە بەردەوامی کە مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات تازەترینیان بوو؛ تێرۆری محەممەدڕەزا کۆلاهی لە ٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٤ لە شاری ئالمیرای هۆلەند، تەقینەوەی شەوی یەلدا لە شەوزستانی ١٣٩٥ لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات؛ تێرۆری “ئەحمەد مەولا نیسی” لە ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە شاری لاهەی هۆلەند مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە خەرمانانی ١٣٩٧؛ تێرۆری “مەسعوود مەولەوی” لە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە ئیستانبوڵی تورکیە؛ و لیستەیەکی دوور و درێژی دیکە پێمان دەڵێن لەسۆنگەی هەڵکردن و چاوپۆشیی بەرژەوەندخوازانەی وڵاتان هیچ کوێی ئەم دنیایە بۆ دژبەران و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم ئەمن نییە. بەتایبەت کە تێرۆر لە تەنیشت ئێعدامە سیاسییەکان لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیدا بۆ زەبروەشاندن لە نەیاران و کپکردن و خنکاندنی هەرچەشنە دەنگێکی ناڕازی جیا لە پێداویستییەکانی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و توتالیتێر، بۆ کۆماری ئیسلامی کارێکی پیرۆزیشە و شەرعییەتەکەشی لە دەقە ئاینییەکان وەردەگرێ. بۆیە ئەوەندەی بۆ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، ڕێبەرانی ڕێژیم لە هیچ بڕگەیەکی زەمەنی و لە هیچ بارودۆخێکدا ئەو سیاسەتەیان و ئەو چەکە قێزەونە وەلا نانێن.
لە پێوەندی لەگەڵ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانیشدا ئەزموونی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە “تێرۆر” و “باجوەرگرتن” و کردنیانی بە چەکێک لەبەرامبەر وڵاتانی ڕۆژاوادا هەتا ئێستاش بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی زۆری بووە. هەر ئەو ئەزموونەش دەریدەخا کە هەڕەشە، شەڕانخێوی و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا کاتێک لە کەمی دەدەن کە تێچووەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قازانجی بن، بەڵام هەتا ئەو کاتەی کاربەدەستانی ڕێژیم و نێردراوە تێرۆریستەکانیان قیت و قازاخ لە پێتەختی وڵاتانی ئورووپاییدا بسووڕێنەوە، ئەو سیگناڵە وەردەگرن کە هیچ تێچوویەک بۆ کوشتنی دژبەرەکانیان نادەن. بۆیە ئەمە بۆ وڵاتان هەم دەبێ ئەرک و پڕەنسیپێکی ئەخلاقی بێ و هەم ئەشێ بەرژەوەندیی خۆیانی تێدا ببیننەوە کە چیدی لە پشت ڕێژیمێکی تێرۆریستدا نەوەستن. ئەویش ڕێژیمێک کە هەتا دێ پتر دەکەوێتە بەر ڕق و بێزاریی خەڵکەکەی و نە لەنێو خۆی وڵاتدا هیچ شەرعییەتێکی هەیە و نە لە نێو هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانیدا دەتوانێ ڕۆڵێکی بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەبێ، بگرە پێچەوانە و وەک هەمووان دەزانن هۆکاری زۆربەی قەیران و بشێوییەکانیشە.