کاتێک لە باسی ئێراندا زووم دەکرێتە سەر کوردستان، سەرنجەکان لەسەر چەند خاڵێکی گرینگ دەوەستن: یەکەم لە مێژووی زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگی مافویستی، ئازادیخوازی و هەوڵدان بۆ دەستەبەر و جێگرکردنی دێموکراسی بووە لە ئێرانداد؛ تەنانەت لەو کاتانەاش کە گەلانی دیکەی ئێران ملیان بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی حاکم ڕاکێشاوە. دووهەم لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی ئەو مێژوویەدا کورد هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە دەسەڵاتی ناوەندی جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی ئەو قەوارە سیاسییە وەک خۆی ببینێ و پێناسەی بکات. سێهەم لە زۆربەی ئەو کاتانەدا کورد هەوڵی داوە جگە لەوەی داخوازییەکانی خۆی لەگەڵ تاران بێنێتە بەرباس، هاوکات گەلانی دیکەی ئێران لەو گرنگیە سیاسییە و ڕاستییانە ئاگادار بکاتەوە و هاندەری ئەوانیش بێ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان. چوارەم ئەوە کە لە هیچ خوێنەر و مێژووناس و سیاسەتمەدارێک شاراوە نییە کە کورد لە بواری سیاسی و بۆچوونی دروست بۆ پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار ڕۆڵی پێشەنگایەتیی لە ئێراندا بووە. پێنجەم ئەوە کە دەسەڵاتی ناوەندی هەموو کاتێک پرسی کوردی چەواشە کردوە دواجار ئەوە کە کورد هەوڵی داوە، لە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانە و لەڕووی دیپلۆماسییەوە چارەسەری ئەو پرسە بکا کە کەمترین تێچوو و خەساری هەبێ بۆ لایەنەکان. بە گشتی خاڵی هاوبەش و یەکانگیری دەسەڵات لە تاران، چ لە پێکهاتەی سیاسیی پاشایەتیی پەهلەوی و چ لە ویلایەتی فەقیهی ئێستاکەدا ئەوەیە کە هیچیان باوەڕیان بە پرسی کورد و دیالۆگ نەبوە. بۆیەشە نرخی کوردایەتی و هەوڵدان بۆ مافی ڕەواکەی دیارە و لە کەس شاراوە نییە کە تێچووەکەی چەندە؛ ئەو قسەیە زۆر بەجێیە و لە جێی خۆیەتی کە دوکتور قاسملو دەڵێت: “هەر گەلێکی ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییە بدات”. جا نرخی ئەو ئازادییەش بەپێی هێندێک پارامێتر بۆ هەر گەلێک جیاوازە.
کورد لە مێژووی خۆی لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان قوربانیی دەستی سیاسەت و نەزمی جیهانی و پیلان و دوژمنایەتیی نەتەوەی باڵادەست و پاوانخوازانی دەسەڵاتی ناوەندی بوە. بەڵام ئەمە هیچکات نەبۆتە هۆی ئەوە کە ئەو گەلە بۆ چرکەیەکیش لە خەبات بۆ ماف و داخوازییەکانی پاشگەز بێتەوە یان بوەستێندرێ.
کورد لە ئێران زۆربەی کاتەکان بە خۆڕێکخستنەوە و داڕشتنێکی باش لە بواری سیاسی و هەروەها بە دانانی پلان و بەڕێوەبەرییەکی دروست لەسەر پرسی نەتەوەیی کە بنەما و بناغەیەکی جیانەکراو لە هەر نەتەوەیەکە، ڕوو بە تاران داواکارییەکانی خۆی باس کردوە و لە هەمان کاتیشدا بەشێوەیەک ئەو پرسەی بە ڕۆژەڤ کردوە کە نەتەنیا ماف و ویستەکانی خۆی دەستەبەر بکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئوسوولی و بە مانیفێستێکی ڕاستگۆیانە، یارمەتیدەر و هاوبەش بێ لە جۆری بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتەدا. هاوکات بەخوێندنەوە و پێناسەکردنی هەموو هێز و پوتانسییەلە مەوجوودەکانی ئەو قەوارە سیاسییە، ئەو وڵاتە لە قەتیسمانەوە و دواکەوتن و دواکەتوویی ڕزگاری بێت و ئەوەش بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕاستییەکانی نێو فرەیی لە پێکهاتەی ئەم وڵاتەدا و ڕێزگرتن لە بنەماکانی دێموکراسی، یەکسانی و دادپەروەری لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووریدا بوونی نابێ. بەڵام دەسەڵاتی ناوەندیی پاوانخواز نەک هەر نەیویستوە ڕاستییەکان ببینێ، بەڵکوو بە هەموو هێز و تواناوە بەرپرچی ئەو بابەتەی داوەتەوە. لەوەش زیاتر بە بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و ئەخلاقییەکان تاوان و جینایەت و کارەساتی خوڵقاندوە.
بزووتنەوەی گەلی کورد لە سەردەمی سمایل ئاغای سمکۆ ڕا هەتاکوو دەسەڵاتی کۆماری کوردستان و پاشان لە سەردەمی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران هەموو شێوازەکانی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مافخوازیی خۆی ئەزموون کردوە و چ لە مەیدانی بەربەرەکانی چەکداریدا و چ لەسەر مێزی وتووێژ هەوڵی داوە دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانی بکات. بۆ ئەوەش تێچووی قورسی داوە، بۆ نموونە دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی کورد لە ڕۆژاوا و لەنێو جەرگەی وڵاتانی پێشکەوتووی دێموکراسیخوازدا لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرا. خۆ ئەگەرچی بزوتنەوەی گەلی کورد بە تێرۆری تێکۆشەران و تەنانەت ڕێبەرانی نەوێستاوە، بەڵام شاراوە نییە کە هەرکام لەو تێرۆرانە خەسار و تێچوویەکی زۆری بووە بۆ بزووتنەوەکە. ئێمە هەروەها بینیمان دەسەڵاتێک کە خۆی بە نوێنەری چەوساوەکانی جیهان و کوشتنی بەناحەق و ڕشتنی خوێنی ناعادڵانە بە تاوانێکی گەورە دەزانێ و بەپێی تاریفی ئیدئۆلۆژیکی خۆی ڕشتنی خوێنی میوان -تەنانەت بێتوو کافریش بێت- بە حەرام دادەنێت؛ بەڵام بۆ ڕێگری کردن لە وەدیهاتنی مافەکانی کورد دەستبردن بۆ جینایەتیش بۆخۆی بە حەڵاڵ، یاسایی، پیرۆز و پاساوهەڵگر دەزانێت.
دوای سی و سێ ساڵ لە تێرۆری دوکتور قاسملوو ئەوەی جێی سەرسووڕمانە ئەوەیە لە وڵاتێکی بەڕواڵەت یاساسەروەردا لایەنی حقووقی ئەو پرسە تاکوو ئێستا نەچۆتە نێو پرۆسەی یاسایی و پۆلیس و دەزگای داد نەیتوانیوە هەموو لایەنەکانی ئەو جینایەتە ئاشکرا بکەن و لەکۆتاییشدا حوکمێکی شیاو و عادڵانەی لەسەر بدەن. ئەوەش جێی پرسیارێکی گەورەمان بۆ دەهێڵێتەوە، بەو مانایە کە چۆنە وڵاتانی ڕۆژاوایی (ئۆتریش بە نموونە) بەرانبەر بە جینایەت، بەتایبەت ئەو جۆرە جینایەتانەی دەستی دەرەکییان تێدایە و بە تاوانی نێودەوڵەتی پێناسە دەکرێن، بێدەنگ دادەنیشن؟ ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەد وای ڕوودانی ئەو جینایەتە لانیکەم دوو کەس لە تاوانبارەکان گیراون و بە وتەی ئیسوالد کیسلێر، بەرپرسی یەکەی دژە تێرۆری پۆلیسی وییەن ئەو مەسەلەیە بەتەواوی ڕوون بووە کە لەو کۆبوونەوەیەدا سێ کورد هەبوون کە هەر سێکیان کوژراون و سێ ئێرانیش لەوێ بوون و هەر سێکیان زیندوو ماون و کردەکە بەتەواوی ڕوون و ئاشکرایە بۆمان! هەروەها پیتەر پیلز ئەو کەسەی کە فرۆشتنی چەکوچۆڵ لەلایەن وڵاتی ئۆتریشی بە ئێران و عێراق لەقاو دا، گوتوویەتی هێندێک کەس لە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئاڵمان پێیان گوتوە کە ئاڵمان وڵاتی ئۆتریشی لە ئەگەری تێرۆری دوکتور قاسملوو ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام دەوڵەتی ئۆتریش نەتەنیا ئەو مەترسییە جیدییەی بە دوکتور قاسملوو ڕانەگەیاندوە، بەڵکوو لە خاکی خۆیدا هەوڵی پاراستنی دوکتور قاسملووشی نەداوە. هەربۆیە پرسی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی تەنیا کەیسێکی تێرۆری نێودەوڵەتی سەبارەت بە دەسەڵاتی ئێران نییە؛ بەڵکوو کەیسێکی نێودەوڵەتییە کە دوو دەسەڵاتی بەردەنگی هەیە:
یەکەم بەردەنگ دەسەڵاتی ئێرانە کە بەهۆی تێرۆری سێ کورد لەسەر مێزی وتووێژ سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاوانباری سەرەکییە. ئێستاکەش جینایەتکارانی ئەو ڕووداوە بەئاشکرا لەنێو ئێراندا دەژین، ڕێزیان لێ دەگیرێ، بەرپرسایەتییان دراوەتێ و بڕیاردەرانی ئەو جینایەتەش پلە و پایەی بەرزتر لەو کاتیان پێیە. هەربۆیە دەسەڵاتی ئێران و ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە دەبێ بەپێی ستاندارد و ئوسولی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن و بە چوار هۆکار سزای کردەوەی خۆیان ببینن: یەکەمیان تێرۆری ڕێبەرانی کورد و ئەنجامی کردەوەی تێرۆریستی لە ئاستی نێودەوڵەتی و لەنێو خاکی وڵاتێکی دیکەدا. دووهەمیان پشتیوانیی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی ئێران لە تێرۆر و تێرۆریزم و پاراستنی ئەمنییەتی ئەو تێرۆریستانە. سێهەمیان بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە و درۆ و دەلەسە و تاریفی هەڵە و گێڕانەوەی ناڕاست لێی. چوارەمیان کەڵکوەرگرتن لە باڵوێزخانەکەی وەک بنکەیەکی تێرۆریستی بۆ کردەوەی تێرۆریستانە.
دووهەم بەردەنگ وڵاتی ئۆتریشە. یەکەم، جینایەتەکە لەنێو دڵی پێتەختی ئەو وڵاتەدا ڕووی داوە و لەجیاتی بەدواداچوونێكی جیدی و دروست بە زووترین کات، ئەنجامدەران و دەست و پێوەندییەکان و لایەنەکانی ئەو جینایەتە ڕوون بکاتەوە و ئەمنییەت و یاسا و سەروەری دەسەڵات و وڵاتەکەی سەقامگیر بکاتەوە، دەبێ هەم وڵامدەری ئەو کەمتەرخەمییانە بێ کە ئاگایانە ئەنجامی داون، هەمیش وڵامی بۆ ئەو کارانە هەبێ کە دەبا ئەنجامی دابان و ئێستاش لەدوای سی و سێ ساڵ پشتگوێی خستوون. ئەوەی کە دوو جینایەتکاری ئەو کردە تێرۆریستییە هەر چەند خولەک لەدوای ئەنجامی جینایەتەکە دەستبەسەر کراون و یەکیان بریندارە و شایەتیدانی ئەو دوو بکوژ و تێرۆریستە لە وێستگەی پۆلیس لەگەڵ یەکتر نایخوێنێتەوە و ناڕوونە. دووهەم جینایەتکارەکان ئازاد کراون بەبێ ئەوەی بنەماڵە و نیزیکانی ئەو کەسانە و حیزبی دێموکرات کە لایەنی سەرەکی ئەو مەسەلەیەن ئاگادار کرابنەوە. سێهەم ئیزنی ڕۆیشتن و جێهێشتنی خاکی ئەو وڵاتە بە پۆششی دیپلۆماتیک و لەژێر سێبەری باڵوێزخانەی ئێران بەو سێ جینایەتکارە دراوە. چوارەم بۆچی دادستێنی وییەن، دەزگای دادی ئەو وڵاتە و دەوڵەتی ئۆتریش چاویان لەسەر ئەو جینایەتە نێودەوڵەتی و هەستیارە تاکوو ئێستاکە داخستووە؟ و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە کە ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئەو تۆمەتانەی کە بەنیسبەت خۆی لە ئارا دایە سەبارەت بە کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی دەبێ وڵامیان بداتەوە و لە هەمان کاتدا ئەو کەیسە لە دەزگای دادی خۆی بەپێی ئوسولی یاسای نێوخۆی وڵاتەکەی و یاسای نێودەوڵەتی وەگەڕی بخات و لەدوای سی و سێ ساڵ ڕێز لە دروشمی ڕۆژاوایی خۆیان بگرنەوە کە هەمان ڕێزگرتن لە عەداڵەت و دێموکراسییە.
کاتێک وڵاتانی ئازاد و دێموکرات چاوپۆشی لە جینایەت و کردەی تێرۆریستی بکەن و ئەو کردەیە بۆ گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم بەبێ تێچوو بێ، یان لانیکەم تەنیا تێچووەکەی ناوزڕانی لەنێو بیروڕای گشتیدا بێ، ئەو وڵاتانە دەبێ چاوەڕوانی سنووربەزاندنی زیاتری تێرۆریستان و پێشێلکردنی پتری سەروەریی سیاسی-یاسایی وڵاتەکانیان بن.