ئاماژە: دوکتور عەلی گەلاوێژ یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی چەپی کورد بوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی ١٣٦٧ ئێعدامی کرد. دوکتور عەلی گەلاوێژ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لەگەڵ پۆلێکی دەیان کەسیی لاوانی کورد بۆ خوێندنی زانکۆ دەنێردرێتە شاری باکۆ لە کۆماری ئازەربایجان. ئەو دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان نەگەڕایەوە وڵات و دوکتۆرای ئابووریی سیاسیی وەرگرت. ئەو دواتر وەک کوردێکی مارکسیست لە ڕیزی حیزبی توودەدا درێژەی بە چالاکییە سیاسییەکانی دا و هەتا ئاستی ڕێبەریی ئەو حیزبە ڕۆیشت، بەڵام قەت پرسی شوناسخوازیی نەتەوەکەی لەبیر نەکرد.
“کوردکاناڵ” ماوەیەک لەوەپێش و لە نەوەدونۆیەمین ساڵەی لەدایکبوونی د. عەلی گەلاوێژدا بۆ شەنوکەوکردنی چەند لایەنێک لە ژیانی سیاسیی ئەو وتووێژێکی لەگەڵ د. کامڕان ئەمینئاوە پێکهێنابوو. “کوردستان” پوختەیەک لەو وتووێژە بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە:
دوکتور کامران! ئێوە بەبۆنەی نەوەدونۆیەمین ساڵەی لەدایکبوونی دوکتور “عەلی گەلاوێژ” بەدواداچوونێکتان بۆ ژیانی سیاسی و فەرهەنگی و ئەدەبیی بەڕێزیان کردوە. با ئەو پرسیارە بکەینە دەروازەی باسەکەمان کە جەنابتان چۆنتان دوکتور عەلی گەلاوێژ ناسی؟
ئەمن تەمەنم ١٥ ساڵ بوو. مامۆستا “عەلی گەلاوێژ”م بۆ یەکەمجار لە دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ و لە شاری بۆکان لە چەند کۆڕ و کۆبوونەوەی سیاسیدا چاو پێکەوت. درەنگتریش کاتێک ماڵمان لە تەورێز بوو، بە هەڵکەوت زۆرجار لە شەقامی شاناز دەمدیت و ئەو شانازییەم پێ دەبڕا کە نیزیک نیو سەعات و جاری وابوو زیاتریش پێکەوە پیاسەیەک بکەین. ئەمن ئەو پرسیارانەی بووم ئاراستەی مامۆستام دەکرد و ئەویش بە دڵئاوەڵاییەوە وەڵامی دەدامەوە. خاڵی سەرنجڕاکیش لە کەسایەتیی مامۆستا عەلی گەلاوێژدا ئەوە بوو کە وەختێک پرسیارێکت لی دەکرد ئەگەر ئاگاداری نەبایە و نەیزانیبا، زۆر ڕاحەت دەیگوت نازانم، پرسیارت بۆ دەکەم و وەڵامەکەت دەدەمەوە. ئەوە شتێک بوو ئینسان دەیتوانی لە مرۆڤێکی ئاوا بەرز و زانا فێری ببێت کە کاتێک ئاگاداری بابەتێک نییە پێویست ناکا قسەی لەسەر بکا.
لەسەر ژیانی دوکتور عەلی گەلاوێژ، ئەوە کە کەی لەدایک بووە؟ لەکوێ خوێندوویەتی؟ بوارەکانی دیکەی ژیانی بەڕێزیان؟
قسەکردن لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی مامۆستا بەهۆی کەمیی سەرچاوە و نووسراوە قورس و ئەستەمە، بەڵام ئەوەندەی ڕوونە ئەوەیە کە مامۆستا “عەلی گەلاوێژ” ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی لە گوندی “ساروقامیش”ی بۆکان لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگی فەیزوڵابەگی لەدایک بووە. مامۆستا عەلی گەلاوێژ لە یەکەم کەسەکان بووە کە بۆ دەرس خوێندن نێردراوەتە تەورێز و توانیویەتی لە ساڵی ١٣١٩دا قۆناغی دواناوەندیی ببرێ و دیپڵۆم وەربگرێ. لە کاتی کۆماری کوردستاندا کە تازەلاوێکی ٢٣-٢٤ ساڵان بووە، پلەی کاپیتانی پێ بەخشرا. برایمخان باوکی بەڕێزیان یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای کوردستان بووە. دوکتور عەلی گەلاوێژ ساڵی ١٣٢٥ لەگەڵ نیزیک بە ٦٠ لاوی کورد لەلایەن کۆماری کوردستانەوە نێردرا بۆ باکۆ بۆوەی لەوێ لە زانستگای سپاییدا دەرس بخوێنن. ئەو و سێ نەفەر لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لەوێ تەنانەت وەکوو قوتابیی هەڵکەوتوو ناو بردران.
دوای ڕووخانی حکوومەتی ساوای کۆماری کوردستان بەشێک لە قوتابییەکان گەڕانەوە، بەڵام مامۆستا گەلاوێژ و بەشێک لە کوردەکانی ئەوێ وەکوو “د. ڕەحیم سەیفی قازی”، “د. سوڵتان ئۆتەمیشەیی”، “د. کەریم ئەییوبی” و “د. مستەفا شەڵماشی” و… ئەوانە لەوێ مانەوە و توانییان لە بواری جۆراوجۆردا بە ئاستێکی بەرزی زانستی بگەن. بۆ وێنە کاک کەریمی ئەییوبی لە باری زمانەوانیدا، دوکتور سوڵتان ئۆتەمیشی لە بواری پزیشکیدا، دوکتور عەلی گەلاوێژ لە بواری ئابووریناسیدا، یانی هەریەک لەمانە بەخۆشییەوە توانییان قۆناغی بەرزی زانستی ببڕن. بەتایبەت مامۆستا گەلاوێژ و دوکتور ڕەحیم سەیفی قازی ماوەیەکی زۆر لە پەنای ڕۆژنامەی ئازەربایجان، ڕۆژنامەی “کوردستان”یان وەکوو ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵاو دەکردەوە کە نزیک بە ١٣٣٧ ژمارەیان لەنێوان ساڵەکانی ١٣٢٦ تا ١٣٣٩ چاپ کرد.
بەپێی بەدواداچوونەکانی من عەلی گەلاوێژ تا ساڵی ١٣٣٩ وەکوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجاندا کاری کردوە. تەنانەت ساڵی ١٣٢٩ لەگەڵ دوکتور ڕەحیم سەیفی قازی وەکوو ئەندامی کۆمیتە ناوەندیی ئەو حیزبە هەڵبژێردران. کاتێک ساڵی ١٣٣٩ فرقەی دێموکرات و حیزبی توودە پێکەوە یەک دەگرن، دوکتور عەلی گەلاوێژیش پەیوەست بە حیزبی توودەی ئێران دەبێ و لەو ساڵانەی کە لە دەرەوەی وڵات بوو، لە ڕادیۆ “پەیک”ی ئێران وەکوو بێژەر کاری کردوە، هەروەها نووسراوە و وتاری زۆری لە گۆڤاری “دنیا”دا بڵاو کردۆتەوە کە دەتوانم بڵێم سەتا ٩٩ی نووسینەکانی هەموو سەبارەت بە مەسەلەی کورد و کوردستانە. ئەو پاش شۆرشی ٥٧ و دوای نزیک بە ٣٠ ساڵ ژیان لە تاراوگە توانی بگەڕێتەوە ئێران و بوو بە بەرپرسی کۆمیتەی ئەیالەتیی حیزبی توودە لە کوردستان. لە بانەمەڕی ساڵی ٦٢دا و دوای هێرشی دووهەم کە کرایە سەر حیزبی توودە و پاشماوەی ڕێبەرانی ئەو حیزبە گیران، مامۆستا گەلاوێژ یەکێک لەوان بوو کە لە زیندان کەوتە ژێر ئەشکنجە و ئازارێکی زۆرەوە و لە خەرمانانی ١٣٦٧ لەگەڵ هەزاران شۆڕشگێڕی کورد و ئێرانی لە زیندانی ئیڤین لە سێدارە درا.
ئێوە لە بابەتێکدا کە لەسەر عەلی گەڵاوێژ نووسیوتانە، باس لە چارەنووسی تاڵی ئەو دەکەن، هۆیەکەی لە چیدا دەبینن؟
ئەمن لە نووسینێکی پێشوومدا باسم لە چارەنووسی تاڵی عەلی گەلاوێژ کردوە. کەسێک کە دوای نزیک بە ٣٠ ساڵ ئاوارەیی دێتەوە وڵاتەکەی خۆی بەڵام ڕەنگی ئازادی نابینێ و دوای ماوەیەکی کورت دەگیرێ، ئەشکەنجە دەکرێ و وای لێدەکەن بێتە سەر تەلەڤێزیۆن و بیر و هزری خۆی ڕەت بکاتەوە و دواییش بەم چەشنە تڕاژیدیکە لە سێدارە دەدرێ ئەوە بۆخۆی چارەنووسێکی تاڵە. عەلی گەلاوێژ ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە ئەگەر دێتەوە، ئازادی نیشتمانەکەی ببینێ، نیشتمانیش بۆ ئەو کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی کوردستان بوو. بەڵام بەداخەوە لە ماوەیەکی کورتی پێنج ساڵەدا هەموو ئاوات و ئارەزووەکانی ئەو و زۆر کەس کە پێیان وابوو دوای شۆرشی ٥٧ پرسی کورد چارەسەر دەبێ بە با چوون، ئەوە بەشێکیەتیی.
بەشێکی تر مامۆستا گەلاوێژ سەرەڕای ئەوەی تەواوی ژیانی لەپێناوی مەسەلەی کورد و کوردستاندا کاری کردبوو و شتی نووسیبوو، لە ساڵەکانی ئاخری ژیانی خۆیدا لەنێو حیزبێکدا بوو کە سەرەڕای ئەوەی باوەڕی بەوە بوو دەبێ پرسی کورد لە چوارچێوەی مافی خودموختاریدا چارەسەر بێ؛ بەڵام کەوتبووە بەرەی جمهووریی ئیسلامی. کاتێکیش عەلی گەلاوێژ گیرا، ئەشکنجە کرا و دوایە لەسێدارە درا، بەداخەوە ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسا کە بتوانن ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆیان بدەنەوە، پێداچوونەوەیەک بەو سیاسەتەدا بکەن کە وێڕای ئەوەی باوەڕی بە پرسی نەتەوەیی گەلانی ئێران هەبوو، بەڵام لە بەرەیەکدا بوو کە دژایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی دەکرد و ئەوەش بۆخۆی بە باوەڕی من چارەنووسێکی تاڵ بوو بۆ کەسێکی وەک دوکتور گەلاوێژ.
وەک دەزانین د. عەلی گەلاوێژ لەگەڵ پۆلێک خوێندکاری دیکە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان دەچنە یەکیەتیی سۆڤییەتی ئەوکات و لە باکۆ درێژە بە خوێندن دەدەن. بەرهەمی خوێندنە ئاکادیمییەکەی د. عەلی گەلاوێژ چی بوو؟
مامۆستا گەلاوێژ لە ساڵی ١٩٥٥ بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی کتێبێکی نووسیوە بە ناوی “پێوەندیی وەرزێڕەکانی کوردستانی ئێران” کە تەنانەت نەمر دوکتور قاسملوو لە کتێبی “کوردستان و کورد”یشدا وەکوو سەرچاوە کەڵکی لێ وەرگرتوە. بەداخەوە ئەم کتێبە ئێستا لەبەردەست نییە کە ئینسان بتوانێ هەڵیسەنگێنێ و باسی بکا. بەڵام لە ساڵی ١٣٦١ کتێبی “مناسبات ارضی در کردستان: فروپاشی نظام عشیرەای” واتە پێوەندیی وەرزێڕەکانی کوردستانی ئێران و ڕووخانی سیستەمی عەشیرەیی نووسی کە لەلایەن دەزگای “روزبە”ەوە چاپ کرا. بەڵام ئەویش زۆر زوو حکوومەت دەستی بەسەردا گرت و ئیزنی بڵاوکردنەوەی نەدا. لەم ساڵانەدا pdfی ئەو کتێبە لەلایەن کتێبخانەی عەبدوڵڵا شەهبازییەوە کەوتە سەر تۆڕی ئینتەرنێت. کەسێک کە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە ئاگاداری ئاستی بەرزی زانایی مامۆستا گەلاوێژ لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کوردستان و وەزعییەتی ئابووریی ئەو دەبێ. واتە ئەم کتێبە هاتووە باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستانی لە نێوەڕاستی سەدەی ١٩ تا نێوەڕاستی سەدەی ٢٠م لێک داوەتەوە و پێمان دەڵێ کە چۆن عەشیرەکان سەر دەگرن و لەبەین دەچن، هەروەها پێوەندیی سەرمایەداری چۆناوچۆن لەو کۆمەڵگایەدا پەرە دەستێنێ. بە باوەڕی من کەسێک ئەگەر بیهەوێ لەسەر مەسەلەی کوردستان و مەسەلەی ئابووری و مێژووییەکەی کار بکا بێگومان پێویستی بەم کتێبە دەبێ. ئەم کتێبە بە زمانی فارسی چاپ بووە و هیوادارم ڕۆژێک ئێمە ببینین کە ئەم کتێبە بە زمانی کوردی تەرجەمە کراوەتەوە و خەڵکی کورد لە بەشەکانی دیکە بتوانن کەڵکی لێ وەرگرن. ئێمە کەمایسییەک کە بەگشتی هەمانە ئەوەیە کە زانایانی ئێمە زۆر کەم خۆیان لە شتی قورس و قووڵ داوە. ئەگەر ئێمە تەنانەت سەرنج بدەینه کاری حیزبە سیاسییەکانی خۆمان لە چل ساڵی ڕابردوودا، کاری ئەدیبەکانی خۆمان و چالاکانی مەدەنییش، کارێکی ئاوا قورس کە بتوانێ وەزعییەتی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسیی کوردستان و دۆخی چینایەتیی ئەو وڵاتە هەڵسەنگێنن، نابینین. بەڵام کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەینەوە، سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و ناتەواییەکان لەوکاتدا، سەرەڕای نەبوونی ئینتێرنێت و کەمیی سەرچاوە زانستییەکان؛ بەڵام کەسانێک وەکوو مامۆستا عەلی گەلاوێژ بە نووسینی ئەم کتێبە، یان دوکتور قاسملوو بە نووسینی کتێبی کوردستان و کورد بەڕاستی شاکاریان خوڵقاندوە. ئێستاش ئێمە ئەو کتێبانەی بتوانن لە ئاستی ئەم بابەتانەدا بن بەداخەوە زۆر کەمیان دەبینین.
یەکێک لە لایەنەکانی ژیانی دوکتور عەلی گەلاوێژ زمانزانی و هۆگریی ئەو بە ئەدەبی کوردی بووە تا ئەو ڕادەیە کە مامۆستا هەژار لە “چێشتی مجێور”دا پێی هەڵدەڵێ. لەگەڵ ئەوەدا لەو بارەیەشەوە هەر کەم ناسراوە. بۆ؟
بە ڕای من یەکێک لە هۆیەکانی، نەبوونی ئەو دەرفەتە بوو کە مامۆستا گەلاوێژ بتوانێ شێعر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بڵاو بکاتەوە. ژیان و مانەوەی لە یەکیەتیی سۆڤییەت، نەبوونی هاتوچۆ، نەبوونی ئەو دەرفەتانەی کە ئەوڕۆ ئێمە لە سۆنگەی بوونی ئینتێرنێت و سۆسیالمێدیاوە هەمانە، هەموو هۆکارێکن بۆ ئەوە.
شێعرەکانی مامۆستا گەلاوێژ زۆرتر لە ڕۆژنامەی کوردستان چاپی باکۆ بڵاو بوونەتەوە. دەفتەرێکی شێعریشی بوو کە زۆر درەنگ مامۆستا حەسەن سەلاح “سۆران” ناردی بۆ دەرەوەی وڵات و بەخۆشییەوە بەشێکی لە ماڵپەڕی “بۆکان ڕۆژهەڵات”دا بڵاو بۆتەوە. بەڵام ئەوە کە ئەو پێوەندییە ڕاستەوخۆیەی لە کوردستان نەبووە و ئەو دەرفەتەش نەبوە کە تەنانەت لە کوردستانی عێراقیش زۆربەی شێعرەکانی بڵاو بێتەوە، یا وەکوو دیوانێک کۆ بێتەوە، ئەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی ئەم لایەنەی کەمتر بناسرێ. مەنزوومەی “زووحەیاتەین” کە بەخۆشییەوە دوای شۆڕشی ٥٧ لە ئێران چاپ و بڵاو بۆوە، زۆر زوو بوو بە شتێکی نایاب و کەمیاب کە بەداخەوە ئێستا وەکوو کتێب لەبەردەست نیە، بەڵام لەسەر چەند سایتدا بەخۆشییەوە بڵاو بۆتەوە. یانی نەبوونی ئەو دەرفەتە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی بووە، لەلایەکی تریشەوە ئەو جۆرەی کە من ئاگادار بم بەشێک لە شێعرەکانی لە ڕۆژنامەی “ئازادی”دا کە ئەوکات حیزبی شیوعیی عێراق دەری کردوە، بڵاو بۆتەوە کە ئارشیوەکەی ئەویش بەداخەوە لە بەردەستدا نییە. ئەمن هیوادارم دەفتەر شێعرەکەی یان نووسینەکانی دیکەی کە بەدەستی کەسانێکەوە هەن بدرێتە ئەو کەسانەی کە خوازیارن چاپی بکەن یان بتوانن بینێرن بۆ دەرەوەی وڵات بەڵکوو بتوانین بەبۆنەی سەدەمین ساڵی لەدایک بوونی چاپ و بڵاویان بکەینەوە.
ئێمە دەزانین کە د. عەلی گەلاوێژ لە حیزبی توودەدا گەیشتە پلەی ڕێبەرییش. هۆکار چی بوو کە ئەو وازی لەو حیزبە نەهێنا، بە تایبەت لە هەلومەرجی هەستیاری ئەوکاتی کوردستانیشدا؟
بۆ باس لەسەر ئەو بابەتە کە چۆن بوو کەسانێک وەکوو مامۆستا گەلاوێژ یا زۆر کەسی تر وەکوو د. قاسملوو، مامۆستا حەسەن قزڵجی و زۆر کەسایەتیی دیکەی کورد قۆناغێکی تایبەت لە ژیانیان لە چوارچێوەی حیزبی توودەی ئێراندا تێپەڕ کرد، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کەمێک دوورتر. یانی بزانین چۆن بوو کە زۆربەی ئەوانەی هەستێکی قووڵ و نەتەوەییان هەبوو بەرەو حیزبە چەپ و مارکسیستییەکان ڕۆیشتن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بۆ یەکەمینجار لە مێژووی جیهاندا ئەوە کۆمۆنیستەکان بوون کە کێشەی نەتەوەییان بەفەرمی ناسی و خوازیاری دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلان هەتا پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییش بوون. لەو مەسەلەیەدا شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ و پێکهاتنی دەوڵەتەکانی فێدڕاڵی یەکیەتیی سۆڤیەت وەکوو “کۆماری ئازەربایجان”، “کۆماری ئۆزبەکستان”، “کۆماری تاجیکستان” کە ئەوانە نەتەوەگەلێک بوون کە پێشتر ژێر چەپۆکەی دەوڵەتی تێزار بوون و تەنانەت پێکهاتنی کۆماری سووری کوردستان لە چوارچێوەی ئازەربایجاندا کوردەکانی هان دەدا کە پێوەندییەک لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت بگرن و لە ڕاستیدا بەرەو ئەم بەرەیە بکێشرێن، یانی لە دونیای دوو جەمسەریی سۆسیالیزم و سەرمایەداریدا ڕۆڵەی کورد بەشی سۆسیالیزمی هەڵبژارد. لە باکووری کوردستانیشدا دەبینین کاتێک لە ساڵی ١٩٢٢ی زایینی کۆمیتەی سەربەخۆی کوردستانی ئەرزڕۆم “سەرهەنگ خالد بەگی جوبڕانلی” بەرپرس دەکا کە پێوەندی لەگەڵ یەکیەتی سۆڤییەت بگرێ تەنانەت داوا دەکا کە ئەو بەشەی کوردستان ببێتە بەشێک لە یەکیەتیی سۆڤییەت. ئەو عەتفە لە نامەی “شێخ مەحموود” لە ساڵی ١٩٢٣ بۆ کۆنسوولی تەورێز و تەنانەت لە وتەکانی “پێشەوا قازی محەممەد”یشدا دەیبینین کە لە دوو کۆبوونەوەی ساڵەکانی ١٣٢٠ و ١٣٢١ لە بینای ناسراو بە دادگای قازی تەنانەت باسی ئەوە دەکا کە چۆن نووری شۆڕشی ئۆکتۆبر ئاسمانی کوردستانی ڕووناک کردۆتەوە. ئێمە ئەوە لە شێعرەکانی مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، وێردی و لە ڕۆژنامەی “کوردستان”دا یان لە نووسراوەکانی مامۆستا زەبیحی لە “نیشتمان”دا دەیبینین کە ئەوان لە واقیعدا سۆسیالیزم و یەکیەتیی سۆڤیەتی ئیستالینیان وەکوو ڕزگارکەری گەلی کورد دەدی. واتە لە دنیای دوو جەمسەریی ئەوکاتدا زۆربەی ڕووناکبیرانی کورد بەرەی سۆسیالیزمیان هەڵبژارد و پێیان وابوو لەگەڵ وەدیهاتنی سۆسیالیزم لەم کۆمەڵگەیەدا مەسەلەی نەتەوەییش بە شێوەیەکی ئوتووماتیک لەو چوارچێوەیەدا چارەسەر دەکرێ. هەر ئەو تێڕوانینە وایکردبوو کە بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیرانی چەپی کورد بەرەو حیزبی توودەی ئێران بکێشرێن.
کە شێعرەکانی دوکتور عەلی گەلاوێژ دەخوینیتەوە، تەژیین لە هەستی نیشتمانخۆشەویستی. بە سەرنجدان بە دنیابینیی دوکتور عەلی گەلاوێژ و پێناسەی بەڕێزیان بۆ نیشتمان، چون دەکرێ ئەو وەک چەپێکی کورد پێی وابێ کە چارەسەری کێشەی کورد تەنیا لە نیزامی سوسیالیستیدا دەکرێ؟
ئێمە بۆ ئەوەی پێناسەی نیشتمان لە دنیابینیی مامۆستا عەلی گەلاوێژدا بکەین پێویستە زۆرتر بۆ لای شێعرەکانی مامۆستا گەلاوێژ بڕۆین کە توانیویەتی بە لێزانییەوە ئەو هەست و سۆزەی خۆی بۆ نیشتمانەکەی بخاتە چوارچێوەی دەربڕینەوە. بەڵام پیش ئەوەی بچمە سەر ئەو باسە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە مامۆستا گەلاوێژ مارکسیست لێنینیست بوو، بیر و باوەڕی ئەنترناسیۆنالیستیی هەبوو، بەڵام تەواوی نووسراوەکانی ئەو کەسە سەرەوەی نەوەد لەسەدی لەبارەی نیشتمانەکەی واته لەبارەی کوردستانە. ئەو له پێشەکی بۆ بەشێک لە شێعرەکانی و به تایبەتی بۆ شێعری “هیوای دواڕۆژ” سەبارەت به کاتی تێپەڕکراوی له تاراوگە دەنووسی: “وەبیرم کەوتەوە پاش مانگ و نیوێکی دیکه، دروست پەنجا ساڵ له عومرم تێدەپەڕێ و بەڵام من هێشتا هەر لە غوربەتم و هیچم بۆ نیشتمانەکەم نەکردوە” و فرمێسک بە چاویدا دێتە خوارێ. مامۆستا گەلاوێژدا لەم شێعرەدا هەست و سۆزی خۆی بۆ نیشتمانەکەی و ئاواتەکانی بۆ دواڕۆژ و لە کاتی گەڕانەوە بۆ زێدەکەی ئاوا دەردەبڕێ:
لە دەورم کۆ ئەبن خوشک و برازا
به خاڵه – خاڵه یا خۆ مامه – مامه
له ملیان لائەچی کۆتی ئەسیری
به فیشاڵی مەزانن، ئەم کەلامه
له خوێندنیان ئەنێم به زمانی کوردی
که زگماکی زمانی عەقڵ و فامه
ئەبێ بێستوون به جەولانگای شیرین
ئەکا فەرهادی کێوبڕ ئەم مەڕامه
لەوێ کێ پیر ئەبێ و کێیه کە بمرێ؟
سەری خەرمان و نوخشەی خاس و عامه
سەماکەن دۆست و هاوپەیمانی کۆنه
به دەنگی “تەیرەکر” و “شیرین هەلامه”
حاشاهەڵنەگرە عەلی گەلاوێژ لە ڕاستیدا کوردێکی چەپ بوو، یانی حەولی بۆ ئەوە دەدا مەسەلەی نیشتمانەکەی کە کوردستان بێت لە چوارچێوەی سۆسیالیزمدا چارەسەر ببێ و گەلەکەی بە مافی خۆی بگا. ئەو لە شێعری “پاش ٢٧ ساڵ”دا دەڵێ:
“ئەی خاکی پیرۆز، قەزای تۆ لە خۆم
ببم به خۆڵیش، هەر پێشمەرگەی تۆم
له دەردی دووری با کوێر و شەل بم
با دەستەملانی پەیکی ئەجەل بم
نیشتمان یا هو! کوردستان هەیهات
بۆ مردنیش بێ، هەر دێمەوە بۆ لات”
مامۆستا گەلاوێژ تا دوا سات و کاتی ژیانی خۆی هەر ئاوای دەڕوانی و نیشتمان بۆ ئەو خاکی کوردستان بوو. حەتتا وەختێکی نووسەر و وەرگێڕی به ناوبانگی ئێرانی مەحموود ئیعتیمادزادە – “بە آذین” لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا کە دوای مردنی بڵاو بۆوە و باسی عەلی گەلاوێژ دەکا، ئێمە دەبینین تەنیا سەرنج دەداتە بەشێک لەو هەستەی کە مامۆستا گەلاوێژ نیسبەت بە نیشتمانی خۆی بوویەتی و تەواوی ئەو ناسین و بیرەوەرییەی لە ئەو بوویەتی لەو ڕستەیەدا کۆ دەکاتەوە و دەڵێ: “مایەیەکی خەست و خۆڵی له خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان هەیە“.
بە باوەڕی من ئەم کەسایەتییە نیشتمانی خۆی زۆر خۆش ویستوە و ئەگەر کارێکیشی کردوە هەر لە پێناوی ئەوە بووە بەڵکوو ڕێگایەک بدۆزرێتەوە، نەخشەڕێگایەک پەیدا ببێ کە کورد بە ئاواتی لەمێژینەی خۆی بگا.
لە بەشێک لە نووسراوەکانی مامۆستا گەلاوێژ که لە ڕۆژنامەی “کوردستان” چاپی باکۆ و پێش پەیوەست بوونی بە حیزبی توودە بڵاو بونەتەوە، دەبینین بەرێزیان تەنانەت چارەنووسی کورد هەمیشە بە تاران نابەستێتەوە و پێی وایە ئەگەر دەیان دەوڵەت لە تارانیش بگۆڕدرێ ئەوە هەر دەوڵەتی فارس و ئێرانییە و ” خەڵکی کورد بهم کارە واته به ڕووخانی دەزگای دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێران، به هیچ ئامانجێکی بنەرەتیی خۆی ناگات“. ئەو باوەڕی بەوە بوو کورد بێ گەیشتن بە کیان و دەوڵەتی خۆی چارەنووسەکەی یەکلا ناکرێتەوە، بەڵام لە عەینی کاتیشدا بەهۆی ئەوە کە دوایە لە ساڵی ١٣٣٩دا پەیوەست بە حیزبی توودەی ئێران دەبێت، ئەو ڕێگایەک هەڵدەبژێرێ کە وەکوو قۆناغێک کورد بەو ئامانجە نزیک کاتەوە. بەڵام هەڵوێستەکانی حیزبی توودە بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ٥٧دا جۆرێک بوو کە ئەم حیزبەی لە بەرانبەر بە بزووتنەوەی کورددا ڕاگرت.
وەک دواپرسیار، بە سەرنجدان بەو پاشخانە فکرییەی دوکتور عەلی گەلاوێژ و قۆناغ و بڕگە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی ئەو، لە ئێستادا میراتی هزری و زانستی دوکتور عەلی گەلاوێژ بۆ نەوەی نوێ و بۆ داهاتووی نەتەوەی کورد چییە؟
هەرچەند مامۆستا عەلی گەلاوێژ و زۆر کەسایەتیی دیکەی کورد هی سەردەمی دنیای دوو جەمسەریی سۆسیالیزم و سەرمایەداریین، بەڵام ئەو ئەزموونەی کە ئێمە دەتوانین بۆ ئەم سەردەمەی لێی وەرگرین ئەوەیە کە کورد بە گشتی دەبێ تەواوی کار و خەبات و چالاکییەکانی لەپێناوی گەیشتن بە کیان و دەوڵەتی خۆیدا بێ. ئەم ئامانجە پیرۆزەش بەبێ هەبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی وەدی نایە، یانی ئێمە وەکوو کورد، تەواوی حیزبەکانمان، کەسایەتییەکانمان دەبێ لەو شتانەی کە لە ڕابردووی مێژووی کورددا دیومانە کەڵک وەرگرین و بە هەبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی و بە یەکگرتوویی خۆمان بۆ وەدیهێنانی ویستی نەتەوەییمان هەنگاو هەڵێنین، تەنانەت ئەوە دەگەڕێتەوە سەر شێوازی هەڵسوکەوتی حیزبە کوردییەکان لەگەڵ حیزبە سەراسەرییەکانیشدا. بۆ وێنه، کاتێک ئێمە دەبێ بچینە نێو بەرەیەک کە ئەو بەرەیە بیهەوێ بەشێکی بەرچاو لە ویستەکانی نەتەوەی گەلی کورد لەبەرچاو بگرێ و لە قۆناغی داهاتوودا، یانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوە بکاتە ئەمری واقیع. بێتوو ئێمە لەو بوارەدا هەنگاو هەڵنەهێنین بێگومان لە داهاتوودا تووشی شکست دەبین.
دوکتور کامڕان زۆر سپاس کە کاتت بۆ ئەو دیمانەیە تەرخان کرد. ئەگەر لەسەر د. عەلی گەلاوێژ قسە و باسێکی نەگوتراو ماوە، بفەرموون؟
دوکتور عەلی گەلاوێژ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و گەڕانەوە لە کۆماری ئازەربایجانی یەکیەتی سۆڤیەتی بۆ زێدی خۆی، ڕۆژێک لە ساڵۆنی دەبیرستانی شەهید کەماڵ حەمیدی (کوورش کەبیر)ی بۆکان لە کۆڕێکی پێکهاتوو لەلایەن ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە، بەکوردییەکی ڕەوان و بە خۆشڕاوێژی وتارێکی پێشکەش کرد. لە بەشێک لە قسەکانیدا سەرەڕای ئەوەی ئەندامی کومیته ناوەندیی حیزبی تودەی ئێرانیش بوو گوتی: “لەو ماوە دوور و درێژەی غەوارەیی تاقە یادگارێکی گرینگ و بەنرخ که هەمیشە بۆ هەموو شوێنێک پێم بووە، کارتی ئەندامەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بووە”. کارتەکەی لە گیرفانی کۆتەکەی دەرهێنا و نیشانی بەشداربووانی کۆڕەکەی دا. کارتەکە مۆری کۆماری کوردستانی پێوە بوو. پاش ئەو هەمووە ساڵە دەتگوت تازە چاپ و نووسراوە.
لە کۆتایی قسەکاندا من سپاسی ئێوە دەکەم کە ئەم دەرفەتەتان ڕەخساند کە ئەمڕۆ بتوانین لێرەدا باس لە کەسایەتیی مامۆستای نەمر عەلی گەلاوێژ بکەین. زۆربەی ئەو کەسایەتییانەی لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا به هەر هۆیەک بوون به ئەندامی حیزبە چەپە ئێرانییەکان، خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و پێویسته به تایبەتی ئەوانەی کە بە حوکم و بڕیاری ئەم حکوومەتانە لە زیندانەکاندا پاش ئەشکهنجە و ئازارێکی زۆر گیانیان بەخت کرد، بیانهێنییەوە نێو ماڵی کورد و ڕێزیان لێ بگرین و نەهێڵین ناو و نیشانیان بزر بێ. یەکێک لەوانە کەسایەتی گەورەی کورد – دوکتور عەلی گەڵاوێژە.
یادی نەمر عەلی گەلاوێژ و تەواوی گیانبختکردووانی ڕێگای ئازادی کوردستان بەرز و بەرێز بێ.