کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هاتنەسەرکاری بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر بارمتەگیری دانا و بارمتەگیری و باجئەستێنی لە وڵاتانی ڕۆژاوا بە درێژایی چل و چوار ساڵی ڕابردوو سیاسەتی نەگۆڕی ئەم ڕێژیمە بووە.
ستراتێژیستەکانی کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە، واتە بارمتەگیری و باجئەستێنی وەک فاکتەرێک بۆ چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکانی وڵات دەبینن، وەک چۆن ماوەیەک لەوەپێش موحسین ڕەزایی، دەبیری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام گوتی ” ئەوە ئەمریکایە کە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و لانیکەم ٥٠ میلیارد دۆلاریشمان قەرەبوو بکاتەوە…”. فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی ڕێژیم پێشتریش لە کاتی دانوستانە ئەتومییەکاندا هەڕەشەی ئەوەی لە ئەمریکا کردبوو کە لانیکەم هەزار هاووڵاتییان لێ بە دیل دەگرن و لەبری بەردانیان بە هەزاران میلیارد دۆلار قەرەبوو لە ئەمریکا وەردەگرن و قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەیانی پێ چارەسەر دەکەن! کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردووشدا دوای ئەوەی توانییان لەبری ئازادکردنی جەیسوون ڕەزاییان ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری نەخت لە ئەمریکا بستێنن، بەردانی نازەنین زاغری، هاووڵاتیی ئێرانی-بریتانیاییشیان بە پێدانی ٤٨٨ میلیۆن دۆلار لەلایەن وڵاتی بریتانیاوە بەستبۆوە.
بەڵام چۆنە کۆماری ئیسلامی ئاوای بۆ دەچێتە سەر؟ ڕوونە کە وەڵامەکەی بۆ سیاسەتی ڕۆژاوا و نەرمینواندنەکانیان بۆ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە. وەک چۆن کۆماری ئیسلامی ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی کە زیاتر لە ١٥٠ میلیارد دۆلار بوو، وەک پێشمەرجی ئیمزاکردنی بەرجام بەسەر لایەنەکانی ڕۆژاوادا سەپاند و ئەمریکا خۆی چەند مانگ دوای ڕاگەیاندنی بەرجام یەک میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن دۆلاری نەختی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرد! جیا لەوەش لەگەڵ هەڵگیرانی گەمارۆکان و ئازادبوونی فرۆشی نەوت بە میلیارد دۆلاری دیکەش کەوتە سەر داهاتی ڕێژیم، بەڵام ئەوانە هیچی نەک لە بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتدا خەرج نەکرا، بەڵکوو هەمووی بۆ سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیم و ناسەقامگیرکردنی پتری ناوچەکە تەرخان کرا.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرجام کە پتر لە هەموو شتێک هاندانی کۆماری ئیسلامی بۆ بوونی بە بەشێک لە کۆمەڵگەی مۆدێڕنی جیهانی بوو، بەڵام ڕێژیمی ئێرانی لە بەردەوامیی سیاسەتی بارمتەگیریدا ڕانەگرت. وەک چۆن “ژیائۆ وانگ”، توێژەری ئەمریکایی کە چەند مانگ دوای بەرجام لەسەر بانگهێشتی زانکۆیەک لە ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، دەسبەسەر و نیزیک بە ٤٠ مانگ لە زینداندا ڕاگیرا. “وانگ” دواتر لە گەڵ مەسعوود سولەیمانی، ئەندامێکی سپای پاسداران کە لە ئەمریکا بەندکرابوو، گۆڕدرایەوە. لەو نێوەشدا ئەگەرچی سەرەڕای بوونی چەند کۆنڤانسیۆنێکی نێونەتەوەیی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەدژی بارمتەگیری کۆمەڵە یاسایەکی دیکەشی پەسند کردوە کە تازەترینی ئەوانە “جاڕنامەی دژی گرتنی سەرەڕۆیانە لە پێوەندیی نێوان وڵاتاندا”یە؛ بەڵام ڕێژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی خۆی دەروەست بە هیچ ڕێککەوتن و کۆنڤانسیۆنێکی نێونەتەوەیی نەزانیوە. بۆیەشە کۆماری ئیسلامی کە بە چاوی کاڵا سەیری هاووڵاتیانی بیانی لە خاکی خۆیدا دەکا، هەتا ئەوکاتەی هەست بکا بایی ئەوە هەیە بە دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنیان دراوی دەست کەوێ یان مامەڵەیان پێوە بکات، لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت.
کۆماری ئیسلامی مەبەستێکی دیکەش لە سیاسەت بارمتەگیریی خۆی دەپێکێ، ئەویش بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ترس و تۆقاندنە. ڕێژیم کە نایهەوێ کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی کراوە بێت و خەڵکی وڵات پێوەندیی زانستی، هونەری، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی دیکە هەبێ، لەلایەک کەشی ئێران بۆ مانەوەی خەڵکانی بیانی و هاووڵاتییانی دوو تابعییەتی نائەمن و پڕتێچوو دەکا؛ لەلایەکی دیکەش بەردەوام بەدووی ئەوەدایە ئامرازی گوشار بۆ سەر ڕۆژاوای پتر لە بەردەستدا بێت. ڕێژیم کە باش دەزانێ پێوەندیی کراوەی نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئاکادیمی، بازرگانی و هونەری و … لە نێوان ئیلیتەکانی دەرەوە و ناوەوەی ئێران و، کارتێکەریی ئەو پێوەندییانە لەسەر یەکتری درزی گەورە دەخاتە نێو ئەو دیوارەی بۆ دابڕاندنی کۆمەڵگەی ئێران لەکۆمەڵگەی جیهانیدا هەڵیانچنیوە؛ ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو تێچوویەک تەنانەت ئەگەر بە نرخی ناودەرکردنی بە ڕێژیمێکی بارمتەگیر و باجئەستێنیش بێت بەگژی ئەو مەترسییەدا! بچێتەوە.
بەتاوان ناسینی بارمتەگیری هەروەک لە پێرەوی نێوخۆی دیوانی نیونەتەوەیی سزادان (١٩٩٨)دا کە بە یەکێک لە چەشنەکانی جینایەتی جەنگی دادەنرێ، تەعبیر لە هەستیاری و نیگەرانیی قووڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەنیسبەت ئەو تاوانە دەکەن. هەروەها کۆنڤانسیۆنی بەربەرەکانی لەگەڵ بارمتەگیری (١٩٧٩)ش یەکێک لە گرینگترین بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بەو باسەیە کە وڵاتانی ئەندام ئەرکدار بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ سزادانی بکەرانی ئەو تاوانە دەکا. بەڵام ئەوانە لە سۆنگەی نەرمینواندنەکانی وڵاتانی زلهێزەوە هیچ ڕێگر نەبوون لەوەی کۆماری ئیسلامی بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بوەستێنێ. وەک دەشبینین هەتا پرسی دانوستانەکان دێتە ئاراوە، یان لە شوێنێکی دی و لە هاوکێشەیەکی دیکەدا -کەیسی حەمید نووری بۆ نموونە- کە کۆماری ئیسلامی بەرگژەیەکی بۆ دروست دەبێ، دەمودەست ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کەیسێکی دەسبەسەرکراوە بیانییەکان دەجووڵێنن و بەوجۆرە خودی کەیسی هاوکێشە گۆرینەکە بەبارمتە دەگرنەوە.
بارمتەگیرییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە چوارچێوەی بەندکردنی هاووڵاتییەکی بیانیدا و کردنی بە گارتی گوشار لە سەر دانوستانەکان و بۆ ئیمتیازوەرگرتندا قەتیس نابنەوە، بەڵکوو وەک لەو ماوەیە چەند جارێک بینیومانە هێزی دەریایی سپای پاسداران لە ئاوە ئازادەکانی کەنداو و دەریای عوماندا بەردەوام دەستیان بە سەر نەوتهەڵگر و پاپۆرەکانی بازرگانیی وڵاتاندا داگرتوە. واش نییە کە ئەمە تەنیا سەرەڕۆیی هێزێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بێت، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتیی خۆیدا دیپلۆماسیی بارمتەگیری وەک سیاسەتێکی بەبڕشت بۆ ئازادکردنی داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی، وەرگرتنی ئیمتیاز لە وڵاتان و بەردانی ئەو مۆرە و کاراکتەرانەی لەسۆنگەی کاری تێکدەرانە، ئەرکی پێسپێردراوی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەورلێدانی گەمارۆکان لە دەرەوەی سنوورەکانیان گیراون؛ ڕەچاو دەکا. لەو پڕۆژەیەشدا وەزارەتی دەرەوە، دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان وەک تیمێکی کاری بە دابەشکردن و جیاکاریی ئەرکەکانیان هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتری دەجووڵێنەوە. دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیمیش بەردەوام هەوڵی داوە دیپلۆماسیی بارمتەگیریی ڕێژیم بەوە پاساو بداتەوە کە مادام لە نەبوونی ڕێوشوێنە ستانداردارە حقووقییەکاندا کۆماری ئیسلامی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ماڵییەکانی فرۆشی نەوت و هەناردەکانی دیکەی بێبەش کراوە، ڕێگایەکی دیکە بۆ گەڕاندنەوەی ئە مافە لە بەردەم ڕێژیمدا نامێنێتەوە. بەڵام لێرەشدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە بۆچی ڕێوشوێنە قانوونییە نێودەوڵەتییەکان دەفریای ئێران نایەن؟ ئاخۆ جگە لەوەیە کە ئەم دۆخە بەرهەمی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمە لە چوار دەیەی ڕابردوودا؟
سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە دروشمی “نە شرقی، نە غەربی” بنەڕەتەکەی لەسەر هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی داندرابوو، هەر لە سەرەتاوە بە پێدانی بیانوو بە عێڕاق بۆ هێرش بۆ سەر ئێران، ئەم وڵاتەی لە شەڕێکی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵە وەر دا. سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامی لە هیچ بڕگەیەکی مێژووییدا لەسەر بناخەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی خەڵک و وڵاتدا دانەڕێژراوە. چونکی هاریکاریی ئەلقاعیدە و تالیبان، تەیارکردنی حیزبوڵلای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن بە مووشەک و درۆن، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی سووریە و عێڕاق بەتەواوی لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی خەڵکی ئێران ناتەبایە. بەتایبەت کە ئەوەی لە چوار دەیەی ڕابردوودا چی قەیران و نەهامەتییە بەرۆکی خەڵکی گرتوە، هەر هەمووی دەرەنجام و لێکەوتەی ئەو سیاسەت و دنیابینییەی ڕێژیمن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پتر سیاسەتی سازان و هەڵکردنی وڵاتانی ڕۆژاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و چاونوقاندنیان لەهەمبەر کەڵەوەکێشی و ملدانیان بۆ باجئەستێنییەکانی ڕێژیمە کە، دەستی دەسەڵاتدارانی تارانی بۆ بەردەوام لە دیپلۆماسیی بارمتەگیری ئاوەڵا کردوە.
پڕدیارە هەتا کۆمەڵگەی جیهانی بەو خوێندنەوەیە و بەو جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بجووڵێتەوە، ڕێژیمیش لەو سیاسەتانەی خۆی هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.