لەگەڵ هەر ڕەوتێک لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئێران نیسبەت بە هەر بابەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و هتددا پرسی داهاتووی ئەم وڵاتە و جۆری نیزامی سیاسیی دادێی ئەم وڵاتە یەکێک لە باس و مژارە هەرە بەرچاو و پڕ لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی پەراوێزی ناڕەزایەتییەکانە. بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە درووشم و داخوازیی ناڕەزایەتییەکان و ڕیزی خۆپپێشاندانەکان، بەرچاوتر لە هەمیشە “تێپەڕین لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران” لە تەواویەتیی خۆیدایە.
ئەوەیکە لەم قۆناغە لە ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان و بەگشتی بزووتنەوەی سەرشەقامی خەڵکی ئێراندا بەڕوونی و ئاشکرا بە درووشم و داوای خەڵکەوە دیارە، وڵامدەرنەبوونی نیزامی ئێستا و پێویستیی نەمان و لەنێوچوونیەتی. بەڵام ئەوەی تا ئێستا لێڵ و ناڕوونە و پێوەندی بە داهاتووی ئێران و خواستی تایبەتی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەوە هەیە، جۆر و نێوەڕۆکی دەسەڵاتی جێگرەوە و ئاڵترناتیڤە. ئەم کەمایەسییە ئەوەندەی پێوەندی بە نەبوونی ڕێبەریی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکەوە هەیە، لەوانەیە زیاتر لەوە بۆ فرە پێکهاتەیی ئێران لە ڕووی نەتەوەیی و سیاسییەوە بگەڕێتەوە.
نەبوونی ڕێبەری و ئالترناتیڤ ئەمڕۆژانە هەم جدیتر لە جاران باسی لێوە دەکرێ و تا ڕادەیەکیش باس و خواسی لێ کەوتۆتەوە و وێدەچێ هەم خەڵک لە نێوخۆی وڵات و هەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم زیاتر بەم هۆیەوە ڕوونتر پەردە لەسەر ڕوانینیان بۆ شکڵ و نێوەرۆکی نیزامی سیاسیی داهاتوو لە تاران هەڵبدەنەوە. ئەوەندەی پێوەندیی بە خەڵکەوە هەیە؛ لە قۆناغی یەکەمدا خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەم داواکارییە بەڕوونی بە درووشمەکانی سەرشاقامەکانەوە دیارە. جیا لە چەند درووشمی بڵاو و بەرتەسک کە زیاتر پێوەندیی بە یادەوەری و نۆستالۆژیی سەردەمێکی دیار و بەرتەسکی مێژووییەوە هەیە کە هەم ڕێژیمی ئێستا بەئەنقەست و مەبەست زەقی دەکاتەوە و هەم پاشایەتیخوازەکان بە قازانجی خۆیان لە ڕادەبەدەری گەورە دەکەنەوە، داخوازیی گشتیی خەڵک ڕزگاری لە سەرکوت، کۆنەپەرەستی، پاشکەوتوویی، برسێتی و، گەیشتن بە ئازادی، ئەمنییەت، خۆشبژیوی و وەدەستهێنانەوەی کەسایەتیی بەرزی مرۆیی خۆیانن. بەڵام کە دێتە سەر چۆنیەتیی بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوو و شێوازی دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی خەڵک، پرسەکە ئاڵۆزی و ناکۆکیی تێدەکەوێ. هێز و لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێستا -ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات- کە خۆیان بە جێگرەوە و ئاڵترتاتیڤی کۆماری ئیسلامی داناوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ویست و داوای خەڵک و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارانەی کە خەڵکی وڵاتیان تووشی ئەم چارەنووسە ڕەش و نگریسە کرد، لە دوورەوە و بە ئەقڵیەتێکی سەقەتی خۆبەزلزانی نوسخە بۆ خەڵک و داهاتووی وڵات دەپێچنەوە.
خۆبەزلزانی، تەوایەتخوازی، وەلانان و لەپەراوێزخستنی نەتەوەکانی دیکەی جیا لە فارس کە بە ڕوانین و تێفکرینی زۆرێک لە ئێرانییەکانی هاوشێوەی کوڕی شای پێشووی ئێران، پاشایەتیخوازەکان و کەسانی وەک حەسەن شەریعەتمەداری لە “شورای مدیریت گذار”ەوە دیارە، درێژکراوەی هەمان ئەو ئەقڵیەتەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو چوار دەیەدا خەڵک و وڵاتی پێ بەم ڕۆژە گەیاندوە. ئەگەر عەلی خامنەیی هەر دوای لێدوانەکانی ڕەزا پەهلەوی کە خۆی لە پێگەی ڕێبەری داهاتووی ئێراندا پێناسە کرد، باسی لە مەترسیی ئەگەری “گەڕانەوەی نیزامی پاشایەتی”ی کرد، مەبەستەکە تەنیا ئەوە نەبوو کە خۆی لەو ئەگەرە دەترسێ، بەڵکوو ڕاست ویستی وەبیر خەڵک بێنێتەوە کە نیزامی پاشایەتی چ بوو، بۆ ئەوەی ڕووی ڕەشی خۆی و ڕێژیمەکەی پێ سپی نیشان بدا و مودیرییەتی کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی پێ بکا. ئەوە بوو کە ڕۆژانی دواتر خەڵکی وشیار و چاوکراوەی ئێران لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا درووشمی “نە (شا)مان دەوێ نە شێخ”یان هەم دژ بە خامنەیی و ڕێژیمەکەی و هەم دژ بە نیزامی پاشایەتی بەرز کردەوە.
هەموو ئەو ئێرانیانەی کە ئەقڵییەتی تەواویەتخوازی و ناوەندگەرایی بە سەریاندا زاڵە و بە دووچاوەکییەوە سەیری پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە دەکەن و پێیانوایە بەم جۆرە دەتوانن “چوارچێوەی ئەرزیی خاکی ئێران بپارێزن”، دەبێ بزانن کە بە ڕێگایەکی هەڵەدا دەڕۆن. ئەزموونی وڵاتان نیشانی داوە کە تەواویەتخوازی، خۆبەزلزانی و ناوەندگەرایی کە ڕیشەیان لە ڕەگەزپەرەستی و حاشاکردن لە ئەوانیتر و تێفکرینی ئاسمیلاسیۆندا هەیە، جیا لە خۆ چووکردنەوە لە هەر دوو قەوارەی خاک و خەڵکدا ناتوانێ هیچ ئاکامێکی لێ دەستەبەر بکرێ.
ئەوەندەی پێوەندی بە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران هەیە، لانیکەم لە ماوەی مێژووی هاوچەرخی سەد ساڵی ڕابردوودا کە بەشی زۆری باب و باپیری ڕەزا پەهلەوی لەم وڵاتەدا دەسەڵاتدار بوون و کەمیان دژ خەڵکی کوردستان نەکردوە، ئەم میللەتە لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خۆیدا خەباتی کردوە و لە ئێرانی داهاتووشدا بەبێ سەڵەمینەوە لە هەر ئەقڵییەت و تێفکرینێکی تەواویەتخوازی، لەسەر وەدەستهێنانی ماف و سەروەرییەکانی خۆی سوورە. وەک چۆن لە کاردانەوەی سکرتێری گشتیی حیزب، بەڕێز خالید عەزیزی بە قسەکانی ڕەزا پەهلەویدا هاتبوو: “هەموو هەوڵی ئێمە دێموکراتیزەبوونی حکوومەت و وڵاتی ئێران و دەستەبەری مافە نەتەوەییەکانی کورد و باوەڕهەبوون بە دابینبوونی ئەو مافانە بۆ هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووە. لە قۆناغەکانی دواتریشدا کە دروشمی فدرالیزم لە ئێرانی دێموکرات و فدرالمان هەڵگرتوە، نەک لەو ئامانجانە دانەبڕاوین، بەڵکوو پتریش بۆی تێکۆشاوین. بەڵام هەردوو ڕێژیمی پێشوو و ئێستای ئێران سیاسەتی وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێرانیان بە لەشکەرکێشی، سەرکوت و قەڵاچۆ وەڵام داوەتەوە. هەر لەو سۆنگەیەش نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژووی هەشت دەیەی ڕابردوو زۆرترین قوربانی و تێچووشی بۆ ئەو بەها و بایەخە دێموکراتیکانە داوە.”
بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دیاسپۆڕای ئێرانی لە دەرەوەی وڵات کە بە هۆی دابڕانیان لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و پێکهاتەکانی، لە دەربڕین و هەڵوێستدا تووشی هەڵە و توندڕەوی دەبن، بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکان بۆ جارێکیش بووە پێویستە بە وردی سەرنج بدەنە ویست و داخوازیی خۆپێشاندەران و گوێی خۆیان لە حاست درووشمەکان و چاویان لە حاست ڕەفتاری -ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن خەڵکی حاشییەی ئێران (نەتەوەکان) – کپ و دانەخەن. یەکەم ئەوەیکە ڕوانینی خەڵک بۆ ڕێبەری و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە داهاتووی ئێراندا زۆری فەرق کردوە. خەڵکی ئێران بەو ئاستە لە خۆڕێکخستن و وشیاری سیاسی گەیشتووە کە چیدیکە مەرج نییە تەنیا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بەدوای ڕێبەری و ئاڵترناتیڤدا بگەڕێ. دووهەم ئەوەیکە ئیرادەی خەباتکارانە و مافخوازانەی نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغڕافیای ئێران -بەتایبەت کورد- زۆر لەوە بەرز و بەهێزتره کە ڕەزا پەهڵەوی بە عەشیرە و تایفەیان ناو دەبا و شەریعەتمەداری لەوپەڕی بێئاگاهییەوە پێی وایە چۆنی بوێ پێی سەرکوت دەکرێ.