دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا، پادگانی مەهاباد کەوتە دەست کورد. بەشێک لە چەک و کەرەسەی شەڕی ئەو پادگانە لە لایەن شەهید سەید ڕەسووڵی دێهقان (بابی گەورە)وە هێنرانە دێیەکانی «سەیدئاوا» و «لگبن» لە ناوچەی نەغەدە. لەنێو ئەو دەستکەوتانەدا دەزگایەکی گەیاندن “فرستەندە”یەکی گەورەی تێدا دەبێ کە نازانن ئەوە بێسیمە یان شتێکی ترە. کاک سەید ڕەسووڵ دۆستایەتییەکی تایبەتی دەگەڵ ئاغا چکۆلە، کوڕی عەلیاغای پەسوێ دەبێ و پرسی پێ دەکات کە “چۆن بزانین ئەو دەزگایە چیە”؟ ئاغا چکۆلەی پەسوێ موهەندیس خەیاتی (بە ڕەچەڵەک ئازەری) بە کاک سەید ڕەسووڵ دەناسێنێ و دەڵێ ئەو ئەڕتەشییە و دۆستی منە. کاک سەید ڕەسووڵ بە هاوکاریی ئاغا چکۆلە بە دوای موهەندیسدا دەنێرێ و دەڵێ ئەو بێسیمە گەورە چییە؟ موهەندیس خەیاتی دەڵێ: ئەوە بێسیم نییە بەڵکوو ڕادیۆیە… .
کاک سەید ڕەسووڵ خەڵک کۆ دەکاتەوە و ڕادیۆ و کەرەسەکانی شەڕ بەشان و پیلی ئەوان لە گوندی لگبن ڕا بۆ دۆڵی بابەکراوێ دەبا. لە کێلێی سەرشاخان و لە دۆڵی بابەکراوێ لە نێو ئەشکەوتێکدا حەشاریان دەدا و چەند کەسێک لە خەڵکی دێی بۆ پاراستنیان دادەنێ. سەرشاخان و دۆڵی بابەکراوێ جێگایەکی ئەمین و پارێزراو بوو و دوژمن هەروا بەئاسانی نەیدەتوانی زەفەری پێ بەرێ. شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە و کاک سمایلی ئاغا مەجیدی لە تەداروکات و پێداویستی و هەڵسووڕانی ڕادیۆدا نەخشی هەرە گەورەیان هەبوو. دوایە لە دۆڵی بابەکراوێ، بڕیاری گواستنەوەی ڕادیۆ درا و بە شان و کۆڵی خەڵکی بەئەمەگی دۆڵی لگبن و سەرشاخان تەواوی دامودەزگای ڕادیۆیان بە داروبار گواستەوە بۆ کەڵەکووکەی سەرێ هەر لە ناوچەی سەرشاخان. ڕادیۆ لەوێ دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی تاقیکردنەوەی.
لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا یەکەم بەرنامەی تاقیکردنەوەی ڕادیۆ بە دەنگی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد نەمر محەمەدی ماملێ بڵاو کرایەوە. چەند کادرێکی بەئەمەگی حیزب وەک عومەری ئەمینی و موهەندیس خەیاتی بۆ چاوەدێری و سەروبەرکردنی ڕادیۆ دیاری کران. جارێکی دیکەش ڕادیۆ بارگە و بنەی بۆ بەرزاییەکانی قەڵاتی شای و ناوچەی دۆڵی شێخان گواستەوە و بە مشوور و پسپۆریی شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە لە «کانێ مام سەیدەی» دانرا.
رادیۆ یەکەم وەشانی ڕەسمیی بەرنامەکانی خۆی لە ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی١٣٥٩ی هەتاویدا لە کانێ مام سەیدەی بە بەشداریی ڕێبەری شەهید د. قاسملوو و هەروەها کادر و پێشمەرگەکان، شەهید سەید ڕەسووڵ دیهقان، موهەندیس خەیاتی، سمایلی ئاغا مەجیدی، محەممەد وەیسی، خەلیل گادانی، وەستا ئەحمەدی داغەی، عومەر بەقایی، عومەر ئەمینی، پورئایشێ خوشکی وەستا ئەحمەد ناسراو بە دایکی حیزب، ئامانە خان، هاوسەری شەهید سەید ڕەسووڵی بابی گەورە و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە ڕادیۆیەکە بەناوی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ناودێر کرا (ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە). ئەو دەنگە ڕاستگۆ و هەقخوازە بە شمشاڵی قالەمەڕە و سروودی ” ئەی ڕەقیب” و چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز و وتارێکی دوکتۆر قاسملوو و هەواڵەکان دەست بە کار بوو. دوای ماوەیەک بڕیاردرا شوێنی ڕادیۆ لە دۆڵی شێخانەوە بگوازرێتەوە بۆ گوندی شێلمانی نزیک شیوەجۆ، کە دەفتەری سیاسیی حیزبی لێ بوو و بە دۆڵی دێمۆکڕات ناوبانگی دەرکردبوو.
ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، بە دەنگە بە سۆز و ئاشناکەی بۆ خەڵکی کوردستان، دەنگی خەدیجە مەعزووری، بابەتە سیاسییەکان بە قەڵەمی ڕێبەرانی شەهید و بەرێزان مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەنزادە، حەسەن شەڕەفی و کەریم حیسامی و دەیان و سەدان نووسەری دیکە بوو بە ڕاگەیەنەرێکی سەرنجڕاکێش و جێی متمانە. دەنگی دلێرانە و پێشمەرگانەی بەرێزان تەها عەتیقی، بێهڕووز کوردئەحمەدی، ئەحمەد شێربەگی و پۆڵا نانەوازادە و دەیان کادر و وێژەری دیکە، دڵی گوێگرانی ئەو ڕادیۆیەیان وەک گوڵی بەهار پاراو دەکرد. ڕێژیمی ئێران هەمیشە بۆ کپکردنی ئەو دەنگە بێوچان هەوڵی دەدا. لە سایەی پارێزگاری پۆلێک پێشمەرگەی ئازا و لەخۆبوردوو کە خەو و خواردنیان لە خۆ حەرام کردبوو، ئەو دەنگە دوژمنتۆقێنە هەرگیز بێدەنگ نەکرا.
ڕادیۆ بێوچان شوێنگۆڕیی پێ دەکرا، کێلێی سەرشاخان، دۆڵی بابەکراوێ، کەڵەکوکەی سەرێ، کانێ مام سەیدەی، شیوەجۆ، ئاڵیەمەران، ئالانی سەردەشتێ-گوندی دوولکان-، گەڵاڵە، گەورەدێ، بۆڵێی بناری قەندیل، شارۆچکەی دوکان، کۆیە و کەرکووک. لە هەمووی ئەو شوێنانەدا دەنگە بەهێزەکەی ڕادیۆ بێهێز نەکرا.
ئەوکات مێدیا و تەکنولۆژیا ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو کە بتوانێ ڕاستییەکان لەکاتی خۆیدا بۆ خەڵک بڵاو بکرێتەوە، بەڵام دامەزرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران ئەو کەلێنەی پڕ کردەوە و هەواڵەکانی بوون بە جێگای باوەری نەتەوەیەک. لە ساڵەکانی ١٣٧٠ و٧٢و ٧٣ی هەتاویدا لە وڵاتی سوێد ڕادیۆیەکم کڕی، بە هەزاران کیلۆمیتر دوور لە نیشتمان، هەموو ڕۆژێک ئاگاداری سیاسەتی حیزبەکەمان و کوردستان دەبووین. ڕاگەیاندراوەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتم بە بەرپرسانی کۆمیتەی حیزب لە سوێد دەدا، ئەو ڕاگەیەندراوانەی زۆر پێویست بووایەن، لەبەرم دەنووسینەوە و دەمدان بە کۆمیتەی حیزب. بوونی ئەو دەنگە ڕاستوێژە لە فەزای مێدیای پر لە سانسۆڕی ڕێژیمی داسەپاوی ئێراندا بە یەکێک گرینگترین دیاردەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دادەنرێ. “دەنگی کوردستانی ئێران” کۆڵەکەیەکی پۆڵایین بوو لە بەرامبەر تەوژمی دەزگای تەبلیغاتیی پڕ لە درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەدژی گەلی کورد و وەدرۆخستنەوەی هەواڵە ناڕاستەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران. دەنگی کوردستانی ئێران سیاسەتی چەپەڵ و دژیگەلیانەی ڕێژیمی دژ بە گەلی کورد لە سەر ڕێبازێکی ڕاستگۆیانە و بە زمانێکی پاراو و بە ئەدەبیاتێکی خاوێن و بە دوور لە بێڕێزیی لەقاو دەدا. ڕۆڵێکی گرنگی لە پووچەڵکردنەوەی پڕوپاگەندەی ڕێژیم لە دژی کورد و هەوڵدانی ئەو ڕێژیمە بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی گەلێک وەک گەلی کورد لەسەر زەوی هەبووە.
پێرۆز بێ ٢٧ی جۆزەردان، ڕۆژی دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان!