پەسندکرانی یاسای بەکارهێنانی چەک بۆ هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەجلیسی ڕێژیم لە ڕۆژانی کڵپە و گڕکانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێستای ئێراندا چاوەڕوانکراو بوو، چونکی ئەو ڕێژیمە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا جیا لە سەرکوت و زەبروزەنگ و کوشتار هیچ وەڵامێکی بۆ داخوازە ڕەواکانی خەڵک نەبووە و هیچ زمانێکی زیاتر و باشتر لەوەی نەناسیوە.
یاسا چ لە ئێستا و چ لە سەرجەم مێژووی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا قەت لە خزمەت ڕاییکردنی کێشە و ئارێشەکانی کۆمەڵگە و لە بەرژەوەندیی خەڵکدا پەسند نەکراون، بەڵکوو مەجلیسی ڕێژیم کە خۆی بێدەسەڵات و بێنێوەرۆکە؛ ڕەوایی هەڵبژێرانی لەلایەن خەڵکەوەی بۆ قازانجەکانی ڕێژیم بەکار هێناوە و یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی “خەڵک” پەسند کردوە! قانوونەکەی ئێستاش کە ناوی “لایەحەی چاکسازیی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک”ی لەسەر دانراوە و، لەپێناو سەرکوتی خەڵک و دەستەبەری بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم داندراوە؛ شتێک نییە کە پێشتر بەکردەوە جێبەجێ نەکرابێت. بەڵکوو هەوڵەکە تەنیا بۆ بەقانوونیکردنی ئەو کوشت و کوشتارەیە کە چوار دەیەیە ڕێژیم –بەتایبەت لە کوردستان- دەیکا و ئێستا بارودۆخەکە وا دەخوازێ مەجلیس ڕەواییەتی پێ بدات.
باسی کوردستان کرا. یاسای بەکارهێنانی چەک کۆمەڵە ڕێوشوێنێکی بۆ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دیاری کردوە. ئەوە کە کەسی چەکدار دەبێ لە ڕووی سڵامەتیی ڕوحی و دەروونییەوە هیچ کێشەیەکی نەبێ، سەرەتا سێ جار ئەو کەسەی پێویستە دەسبەسەر بکرێ بە زار وریا بکرێتەوە، پاشان بە دوای تەقەی ئاسمانی ئەگەر کەسەکە نەوێستا و پێویست بوو، لە نێوقەد بۆ خوارەوە لێی بدرێت. هەموو ئەوانەش بۆ کاتێکە هێزە چەکدارەکان یەکەم لەلایەن کەس یان کەسانی بەرانبەرەوە مەترسیی پەلاماردانیان لەسەر بێ، دووهەم دەرەتانی گرتنی ئەو کەسانە بۆ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەست نەدات. بەڵام هەمووان دەزانن چ ئەو کۆڵبەرانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە لە ناوچە سنوورییەکان کەوکوژی دەدرێنە بەر دەسترێژ و، چ ئەو خۆپیشاندەر و کەسە ناڕازییانەی لەنێو شارەکانی کوردستاندا سیلە لە دڵ و مێشکیان دەگیرێ، هەمووی بەناحەق کوژراون و یاساکان لەو پێوەندییەدا لە گاڵتەجار بەوەلاوتر زیاتر نەبوون.
ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێن تەنیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو (١٣٩٧-١٤٠٠)دا زیاتر لە ٩٥٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەبێ وریاکردنەوەی پێشوەختە و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ یاسایەکی بەکارهێنانی چەک کوژراون و بریندار بوون. ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانە کە بەشی زۆریشیان خوێندەوار و دەرچووی زانکۆکان بوون و تەنیا لە سۆنگەی سیاسەتی کوردکوژی و دوژمنکاریی کۆماری ئیسلامییەوە هەلی کار لە شار و ناوچەکانی خۆیان بۆ نەڕەخساوە. کوژران و نقوستانبوونیشیان بەرهەمی ئەو یاسای دارستانەیە کە هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک بۆ هێزە چەکدار و ئەمنیەتییەکان بەشێک لەو جینایەتانەن دەرحەق بەوان و گەلی کورد دەکرێت.
ئێستا چ باسە؟ ڕەئیسی، مۆرەی دڵخوازی حاکمییەت بۆ یەکدەستکردنی پتری دەسەڵات هێشتا ساڵێک لە تەمەنی کابینەکەی تێنەپەڕیوە، بەڵام بایی دۆلار گەیشتۆتە مێژووی تەمەنی خۆی لە ئێراندا. دۆخی ئابووری و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی دیکەش لەجێی خۆی، پڕدیارە کە لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا ئەوان پێیان وابێ کە هێزە ئەمنیەتییەکان دەبێ دەستئاوەڵاتر بکرێن، بۆوەی خەڵک لە ترسی فیشەک پێوشوێنی ماف و داواکانیان نەکەون. ئەو هێزانەی کە “لیباسشەخسی”یەکانیان پێ دەگوترێ، نە پۆلیسی وڵاتن و نە لە یاساکانی وڵاتدا بەئاشکرا دیارە ئەرک و بەرپرسایەتییان چین، بەڵام هەر ئەوانە چەکیان دەدرێتە دەست هەتا کوشتوبڕی خەڵکیی ناڕازی و مافویستیان بەقانوونی کردبێت. ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە ئێران جۆرێکە کە دەمامک لە ترسی بێسنووری ئێران خەریکە بەتەواوی لا دەچێ و لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمەوە سەرکوت تاکەڕێگای دەربازبوون لەو دۆخە و هۆکاری مانەوەی پتریان لەسەر کورسیی دەسەڵاتە؛ بێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەزموونی مێژوویی ئەم چەشنە دۆخە لە وڵاتانی دیکەشدا، کە دامرکاندنەوەی ئابووریی لێکترازاو و ناڕەزایەتیی هەراوی خەڵک بە بیکیفایەتیی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەک بە فیشەک و زەبروزەنگ بەڵکوو چارەسەری دیکەی گەرەکە.
ئەگەرچی لە “پێداچوونەوە بە یاسای هەڵگرتنی چەک” لە چەند بڕگە و خاڵێکدا پێ لەسەر پێدانی ئەو ئیزنە بە کەسی شیاو داگیراوە، بەڵام وەک ڕۆژی ڕوون دیارە ئەو کەسەی شیاوییەکەی قسەی لەسەرە ڕێک ئەو کەسانەن کە دەسەڵات پشتی پێ بەستوون. پەسندکردنی ئەو قانوونەش لەو ڕۆژە ڕەش و سەختانەدا تەنیا ڕاگەیاندنی شەڕ لەژی خەڵکی کۆڵان و شەقامەکانە کە دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕیوە. ئەگینا کێیە نەزانێ کە ئەو مووچەرمگە خانەنشینکراوە تینی بۆ هاتوە و ناچار بووە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە و گوزەرانی شەقام لە رێژیم بگرێ. یان ئەو مامۆستا و کریکارەی بەهۆی دواکەوتنی چەند مانگەی مووچە و مزی بڕستی لێبڕاوە، چۆن دەکرێ بە فیشەک و ئاگر بەگژیدا بچیتەوە؟ ئەمانە هەمووی ئاماژە بە داماوی و دەستەوەستانیی ڕێژیمێکن کە دواڕۆژەکانی تەمەنی تێپەڕ دەکا و بۆ مانەوەی چەند بەیانییەک پتر لە کورسیی دەسەڵاتدا هەر فیشەک و سەرکوت و زەبروزەنگی زیاتر شک دەبات. بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامی خۆی لێ گێل کردوە ئەوەیە کە ترس لە مردن خەڵک لە مافخوازییەکانیان پاشگەز ناکاتەوە. چونکی بەو دۆخەی دەسەڵاتدارەکانی ئەم ڕێژیمە بۆ خەڵکیان خوڵقاندوە، ئەوە ترس لە ژیانی کۆڵەمەرگی بە مەرگەساتی بەردەوامە کە سێبەری ڕەشی خۆی بەسەر وڵاتدا بڵاو کردۆتەوە. ئەگەر گۆپاڵبەدەست و قوڵەچۆماغەکانی ڕێژیم ڕۆژانێک تەڕاتێنیان دەکرد، ئێستا وەک بەسەرهاتە ئەمریکاییەکەی لی هاتوە کە دەڵێ: فیشەکەکان تەواو دەبن و لە دەراغەکانی تۆدا جیا لە ترس هیچی تر نامێنێتەوە، بەڵام ئەوکات ئیدی دەرفەتی هەڵبژاردن و گەڕانەوە بۆ بەرەی خەڵکت نییە!
لە زنجیرەفیلمی “چێڕنۆبێل”دا کرێکارێک لە بەردەم وەزیری کاردا وەستاوە و ڕاشکاوانە پێی دەڵێ: تۆ دەتوانی بە قەرا هەموو فیشەکەکانت لێمان بکوژیت، بەڵام ئەوانیدی دی لە ئێمە کە دەمێننەوە لەت و کوتت دەکەن. ئەم وریاکردنەوەیە بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پڕ بە پێستیەتی.