دوکتۆر عەزیز گەردی، نووسەر، وەرگێڕ، ئەدیب و توێژەری ئاکادیمیی نەتەوەکەمان کە ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی (٦/٦/٢٠٢٢) بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە شارەدێی بەحرکە، سەر بە شاری هەولێری باشووری کوردستان هاتە دنیاوە و لە ساڵانی تەمەنیدا کۆمەڵێک کتێبی زەنگین و توێژینەوەی گرنگی بە زمانی کوردی نووسیوە، یان لە زمانانی دیکەوە کردوونی بە کوردی کە بەڕوونی نیشانمان دەدەن هەر لە تەمەنی لاوییەوە تاسە و خولیای بەرەو پەرجۆی زمان و سێحری ئەدەبیات ڕاخوشیوە. بۆیەشە یەکەم بڕوانامەی ئاکادیمیی لە زماندا (زمانی فەرانسە) بەدەست هێنا و نۆبەرەی قەڵەمەکەیشی لە باسی ”ڕەوانبێژی”دا پێگەیشت کە لە سێ بەرگدا ساڵی (١٩٦٨-١٩٦٩) نووسیویەتی و لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠ی زایینیدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە و هەتا ئێستاش سەرچاوەی خوێندنی قوتابییانی بواری ئەدەبیاتی کوردییە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا.
د. عەزیز گەردی کە لە هەردوو بواری ”نووسین” و ”وەرگێڕان”دا بە توانا و ویقاری تایبەتیی خۆیەوە قەڵەمی لێداوە، وەک باس دەکرێت بە کارە چاپکراوەکانی و ئەوانەیشییەوە کە هێشتا چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە، نزیکەی ٢٠٠ بەرهەمی خوڵقاندوە و، کە خوێنەری کارا بە ڕەچەڵەکی بەرهەمەکانیدا دێتەوە، دەبینێت هەر لە کارە سەرەتاییەکانییەوە چ لە بواری نووسین و چ لە بواری وەرگێڕاندا مەبەستیەتی ”تام و بۆی ئەدەب بخاتە بەر دەم و ددانی خوێنەر”ی کورد، بۆیە هەم یەکەم نووسینەکانی بە باسی ڕەوانبێژی و سەروا و کێشناسی و ئەدەبی بەراوردکاری و پەخشانی کوردی و ڕابەری شیعری کلاسیکی کوردی و ئەدەب و ڕەخنە و… هتد دەست پێ دەکات و، هەم لە وەرگێڕانیشدا جودا لە وەرگێڕانی کتێبی ”ئەدەبی بێگانان” لە پێنج بەرگدا، ساڵی ١٩٧٨ کتێبی ”چەشەی ئەدەبی”، بەرهەمی ئارنۆلد بێنێت، لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا دەکات بە کوردی و چاپ و بڵاوی دەکاتەوە بۆ ئەوەی توانا و بەهرە و تاسەی خوێنەری ئەدەبیاتی کوردی پێ بگەیەنێت. بە واتایەکی دیکە، دەیەوێت دەرگای ڕەخنەی ئەدەبی، وەکوو شێوازێکی کارای خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی و جۆرێک دەق لەبارەی دەقی ئەدەبییەوە ئاشنا بکات. دواتریش بە وەرگێڕانی یەکجار ڕوون و وردی کتێبی ”هونەری شیعر”ی ئەرەستۆ، زیاتر پەرەی بە زمانی ڕەخنەی ئەدەبی دا و بە زاراوەسازی لە بوارەکانی ڕەوانبێژی و جوانکاری و کێش و سەروا و ئەدەبی بەراوردکاری و ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیدا، لە ڕاستیدا زمانی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیی داهێنا و کتێبەکانیشی بوون بە سەرچاوە و لێڤەگەڕی کلاسیکی ڕەوانبێژی و ڕەخنە و ڕێبازناسیی ئەدەبیاتی کوردی.
د. عەزیز گەردی کە دوایین پلەی زانستییەکەی ”پرۆفیسۆر” بووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس (لیسانس)ی زمانی فەرانسە لە زانکۆی مووسڵ، ساڵی 1994 لە زانکۆی سەڵاحەددینی هەولێر ماستەر لە زمانی کوردیدا بەدەست دێنێ و ساڵی ١٩٩٩ش لە هەمان زانکۆ دوکتۆرای زمانی کوردی وەردەگرێت و سەرناوی نامەی دوکتۆراکەیشی ”سەروا”یە کە دواتر دەزگای ئاراس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە و ساڵی ٢٠٠٩ش لە زانکۆی کۆیە دووەمین دوکتۆرا لە زمانی کوردیدا بەدەست دێنێت و نامەی ئەم بڕوانامەیەشی لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە بە ناوی ”ڕۆمیۆ و جوولیەت و مەم و زین.” دوای تەواوکردنی زانکۆ لە بەشی زمانی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەددین دەبێتە مامۆستا، بەڵام بەر لەوەی خانەنشین بێت، خۆی دەست لەکار دەکێشێتەوە و لە هەرێمی تەنیاییی خۆیدا کە سەرزەمینی داهێنانی مەزنە هەموو تەمەنی سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕان دەبێت.
د. عەزیز گەردی بێجگە لە توێژینەوە و وەرگێڕانە ئەدەبناسییەکانی کە بەکورتی باسمان کردن، لە چەند بواری جوداوازی دیکەشدا لە زمانانی وەکوو فەرانسەیی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسییەوە کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر گرنگی کردوە بە کوردی، کە جودا لەوەی خوێنەری کورد لەگەڵ فەرهەنگی جوداوازی ئەو زمانانە ئاشنا دەکات، بە شێوەیەکی شاییبەخۆیانە زمانی کوردی لە گۆڕەپانی شێوازی جوداوازی نووسین و زمان و ڕاوێژی جودادا بە جۆرێک دەنوێنێت کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی توانا و پەرەسەندووییی زمانەکەمان.
بەناوبانگترین بەرهەمی وەرگێڕانی د. عەزیز گەردی، کتێبی دوو بەرگیی ”داغستانی من”، بەرهەمی ڕەسووڵ حەمزەتۆفە کە تا ئێستا هیچ خوێنەرێکی کورد نەیتوانیوە خۆی لە دداننان بە کارتێکەریی زمانی ئەو وەرگێڕانەدا ببوێرێت و، تەنانەت زۆر نووسەری کورد زمانی ئەو بەرهەمەیان بە هاوشانی زمانی نووسەرانی کوردیزانی وەکوو هەژار موکریانی و مەسعوود محەممەد و شوکر مستەفا لەقەڵەم داوە. هەروەها بە وەرگێڕانی کتیبی سێ بەرگیی ”کۆمیدیا”، بەرهەمی دانتی ئەلیگیێری کە ساڵی ٢٠١٥ چاپی یەکەمی بڵاو بووەوە جارێکی دیکە سەلماندی کە زمانی کوردی، سەرباری ئەوەی کە بەهۆی دۆخی سیاسیی کوردستان و کوردەوە لە زۆر بواردا نەیتوانیوە هاوکات لەگەڵ کاروانی فەرهەنگ و کەلەپووری دنیا وەڕێ بکەوێت، بەڵام لە هەر دەرفەتێکدا دەتوانێت تەنانەت کۆنترین دەقە شاکارە ئەدەبییەکانی گەلانی جیهان بنووسێتەوە.
لێرە دەمەوێت وەکوو خوێنەرێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کە خوێندنی قوتابخانەم بەناچاری بە زمانی فارسی بووە و دواتریش بەهۆی هۆگریم بە خوێندنەوەی ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبییەوە ناچار بووم زۆربەی کتێبەکانی ئەو بوارانە بە فارسی بخوێنمەوە – ئەو ڕاستییە بڵێم کە پێشتر ”کمدی الهی / دانتە”، وەرگێڕانی ”شجاعالدین شفا” و ”ارسطو و فن شعر”، وەرگێرانی ”عبدالحسین زرینکوب”م بە فارسی خوێندبۆوە، بەڵام کە وەرگێڕانەکانی د. عەزیز گەردیم لەو دوو بەرهەمە خوێندەوە، تێگەیشتم کە هەم چێژی خوێندنەوەی ”کۆمیدیا” جوداوازە و هەم تێگەیشتن لە ”هونەری شیعر”ی ئەرەستۆ ئاسانترە، کە لە فارسییەکەی هونەری شێعر زۆر کەم تێگەیشتبووم.
جودا لەو بەرهەمە کلاسیکە زۆر گرنگانەی ئەدەبیات لە جیهاندا، د. عەزیز گەردی بۆ ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە ئەفسانە و بیروباوەڕی گەلانی دنیا کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر گرنگی ئەفسانەی گەلانی هێناوەتە سەر زمانی کوردی کە ئەو کارەش جودا لەوەی خوێنەری کورد لە فەرهەنگی گەلانی دنیا ئاگادار دەکات، لە لایەنێکی دیکەشەوە توانای زمانی کوردی لە شێوازی گێڕانەوەی ئەفسانەدا نیشان دەدات و لەو بوارەشدا زاراوەگەلی بواری مێتۆلۆژی لە زمانی کوردیدا دەدۆزێتەوە، یان ڕۆیان دەنێت و ئەوەش یەکێکی دیکە لەو بوارانەیە کە دەکرێ وەکوو بناغەیەک بینای فکری و فەرهەنگیی خۆمانی لەسەر قایمتر بکەین.
لە بواری وەرگێڕانی بەرهەمگەلی ئەفسانەییدا د. عەزیز گەردی بە وەرگێڕانی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی برایانی گریم (ئەڵمانی) و چیرۆکەکانی هانز ئەندرسن و چیرۆكەكانی ئیزۆپ- یان لەناو گیانداراندا- و… هتد، میراتی زۆر مەزنی بۆ منداڵانی نەتەوەکەی بەجێ هێشتوە.
لە کتێبی ”هێزی ئەفسانە”دا کە وتووێژی جۆزێف کەمبڵ (ئەفسانەناسی بەناوبانگ) و بیڵ مۆیرز (ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسیی ئەمریکایی)یە، جۆزێف کەمبڵ دەڵێت: ”یەکێک لە گرفتەکانی ئێستای ئێمە ئەوەیە کە بە ڕادەی پێویست ئەدەبیاتی هزریی خۆمان ناناسین، خوومان داوەتە هەواڵی ڕۆژانە و ئەو گرفتانەی سەعات بە سەعات بەربینگمان پێ دەگرن. پێشتر ژینگەی زانستگە کەشێکی وای هەبوو کە هەواڵی ڕۆژانە نەیدەتوانی سرنجی تاک لەو میراتە شکۆمەندە مرۆڤانەیە هەڵپچڕێت وا لە نەریتی مەزنمان ماوەتەوە؛ ئەو نەریتەی کە تێیدا ئەفلاتوون، کۆنفۆسیوس، بوودا، گۆتە و… لەو بەها هەمیشەییانە دەدوێن وا لە دەوری ژیانمان هاڵاون.” مەبەست لە هێنانەوەی ئەم وتە قووڵەی کەمبڵ ئەوەیە کە لێمان ڕوون بێتەوە بۆچی د. عەزیز گەردی ڕووی لە هەرێمی تەنیایی کردبوو، چونکە دەیزانی فڕکەفڕک و لێشاوی هەواڵی ڕۆژانە بواری مەلەی لە دەراوی میراتە مەزنەکەی داهێنانی مرۆڤانەدا پێ نادەن.
جودا لەو بوارانەی باس کران، د. عەزیز گەردی لە بواری وەرگێڕانی ڕۆمانی گەلانی جوداوازیشدا کاری زۆر تاقانە و دەگمەنی کردوە بە کوردی، بەتایبەتی بە وەرگێڕانی ڕۆمانی ئەو نووسەرە کوردانەی کە بەرهەمی خۆیان بە زمانی فارسی نووسیوە، وەکوو عەلیئەشەرەف دەروێشیان و مەنسوور یاقووتی و… لەڕاستیدا ئەو بەرهەمانەی وەکوو کەمینەیەک لە ئەدەبیاتی فارسیدا گێڕاوەتەوە بۆ نێو باوەشی ئاوەڵای ئەدەبیاتی کوردی.
دیارە سەرباری ئەوەی کە پێویستە و زۆریش گرنگە، بەڵام باسی یەک بە یەکی بەرهەمەکانی د. عەزیز گەردی لەم یادداشتە کورتەدا نالوێت، بۆیە لە گۆشەی ئەم دەرفەتەوە ویستم لانی کەم ئاماژە بە چەند لایەنی وەکوو ئەدەبناسیی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبی و ناساندنی ئەدەب و ئەفسانەی بیگانان لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەر و توێژەرە گەورەیەماندا بکەم، بۆ ئەوەی هەم وەفایەک بێت بۆ یادی هەرمانی خۆی و هەم ئاماژەیەکیش بێت بەوەی کە ناکرێت بەبێ چاوی زیت و هۆشی کراوە بە تەنیشت شێوازی خوێندنەوە و توێژینەوە و بەتایبەتی نووسینی د. عەزیز گەردیدا تێپەڕ بین و دەبێ لە شێوازی ژیان و کار و ڕێباز و ڕاوێژی نووسین و هونەری وەرگێڕانی ورد بینەوە، بەتایبەتی کە ئێستا وەرگێڕان بۆ هەموو گەلانی دنیا دەروازەی چوونە نێو بیرکردنەوە و شارستانەتییە جیاوازەکانە و شەپۆلێکی خێرای وەرگێڕانیش بۆ زمانەکەی خۆمان لە گۆڕێدایە.