ئاماژە: تۆڕی مێدیایی “بی بی سی” لە بیستوپێنج ساڵەی تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی لە ڤییەن بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیدا وتووێژێکی بڵاونەکراوەی دوکتور قاسملووی بڵاو کردەوە.
عینایەتی فانی، ئامادەکاری ئەم وتووێژە دەڵێ لە ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ (نیزیک مانگێک پێش ڕووداوی ٢٢ی پووشپەڕ) بۆ فیلمێکی دێکیۆمێنتاری بۆ یەکێک لە تەلەڤیزیۆنەکانی بریتانیادا لەگەڵ دوکتور قاسملوو کۆ بوونەوەتەوە و لەبارەی پرسە گرینگەکانی ئێران و کوردستان ئەم وتووێژەیان لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێکهێناوە.
عینایەتی فانی کە ئەم وتووێژەی لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملووی پاش ٢٥ ساڵ لە بەرنامەی “بە عبارت دیگری”لە تەلەڤیزیۆنی بی بی سیدا بڵاوکردەوە، باس لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕ لە کوردستان و چییەتیی ماف و داخوازەکانی کورد دەکا و لە خودموختاریخوازی یان ویستی سەربەخۆییخوازیی کوردەکان دەکۆڵێتەوە. هەروەها کاریگەریی لەبەریەکهەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت و مردنی خومەینی و کاریگەریی ئەم دوو فاکتەرە لەسەر داهاتووی هاوکێشە جیهانییەکان و بارودۆخی نێوخۆیی ئێران و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی.
“کوردستان” لە سیوسێ ساڵەی تێرۆری ڤییەندا دەقی ئەم دواوتووێژەی د. قاسملووی دابەزاندوە و بۆ خوێنەرانی بڵاوی دەکاتەوە:
بۆچی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێران کە کوردەکان ڕۆڵێکی چالاکیان تێیدا هەبوو، زۆر زوو لە کوردستان بوو بە شەڕ؟
ئێمە، خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشدار بووین و شەهیدمان دا، و فیداکاریمان کرد. هەر بۆیەش چاوەڕوان بووین کە پاش سەرکەوتنی شۆڕش ئەگەر هەموو داخوازەکانیشمان وەدی نەیەن، هەرنەبێ بەشێک لە داخوازەکانمان پیادە بکرێن. بەداخەوە، هێشتا چەند ڕۆژ بەسەر شۆڕشدا تێنەپەڕیبوو کە بۆمان دەرکەوت ئەو ڕێژیمەی لە تاران هاتۆتە سەر کار، بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان جیاوازی دادەنێ. ئێوە دەزانن کە لە ماوەی شۆڕش و ڕۆژەکانی دوای شۆڕشدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، لاوە شۆڕشگێڕەکان پەلاماری پادگانەکانیان دا و دەستیان بەسەر چەکی پادگانەکاندا گرت. بەڵام کاتێک ئێمە لە مەهاباد بە بێ خوێنڕێژی هەر ئەو کارەمان کرد دەگەڵ ناڕەزایی توندی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی بەرەوڕوو بووین.
دوای ئەوەش هێشتا یەکەمین نەورۆز بوو کە لە سنە بەهۆی ئاخوندێکەوە شەڕیان دژی لاوەکانمان وەڕێخست و ژمارەیەکی زۆر لەو شەڕەدا کوژران. دەسبەجێ دوای ئەویش لە نەغەدە وەختێک ئێمە دەمانەویست متینگێکی ئاشتیخوازانە وەڕێ بخەین و کاتێک ئەمن دەمەویست بچمە پشت تریبوون و قسە بکەم، تەقەیان لە متینگی ئاشتیخوازانەی ئێمە کرد، شەڕێک هەڵگیرسا کە سێ ڕۆژی خایاند و لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لا کوژران. بەمجۆرە بۆ ئێمە ڕوون بۆوە کە ڕێژیم بە هیچجۆر حەز ناکا ئەو ڕاستییە بسەلمێنێ کە حیزبێک لە کوردستانی ئێران هەیە کە خاوەنی ڕابردوویەکی درێژە و بۆ دێموکڕاسی و خودموختاری تێدەکۆشێ. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە ئێمە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ١٣٥٨دا چووینە سەردانی خومەینی خۆی و داوامان لێکرد ڕابگەیەنێ کە لە کۆماری ئیسلامیدا مافی خودموختاری بۆ گەلی کورد مسۆگەر دەکرێ و پێمان گوت کە ئێمەش بەو مەرجە ئامادەین لە ڕێفڕاندۆمدا بەشدار بین و دەنگ بە کۆماری ئیسلامی بدەین. بەڵام چون ئەو کارەی نەکرد ئێمە هەر لەسەرەتاوە دەنگمان نە بە کۆماری ئیسلامی دا، نە بە قانوونە بنەڕەتییەکەی و نە لە هیچ ڕێفڕاندۆمێکیشدا بەشدار بووین. ئەمن پێموایە ئەمەش یەکێک لە هۆیەکانی ئەو ڕقە بوو کە خومەینی لە خەڵکی کوردستانی هەبوو. لەڕاستیدا هۆیەکی دیکەش هەبوو، ئەویش بریتی بوو لەوە کە زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان سوننیمەزهەب بوون، و لەڕاستیدا بەمجۆرە خومەینی بە سێ هۆ دژایەتیی ئێمەی دەکرد یەک ئەوە کە ئێمە خوازیاری دێموکڕاسی بووین و ئەویش هەر ئەودەم ڕایگەیاند کە دێموکڕاسی شتێکە لە خۆرئاواوە هاتوە و بۆ قبووڵکردن ناشێ، ئێمە خودموختاریمان دەویست کە لەجێدا لە فەلسەفەی بەناو ئیسلامیی ئەودا شتێک بەناوی نەتەوە نەبوو تا ئەو دان بەوەدا بنێ کە مافی خودموختاریی هەبێ، پاشان ئێمە هەم سوننیمەزهەب بووین و هەم چەکمان بەدەستەوە بوو و ئامادە نەبووین بچینە ژێر باری (وەک دەڵێن) زۆری دەوڵەتی ناوەندی.
هەمووی ئەمانە بوونە هۆی ئەوە کە ئەو دوو شەڕەی ناوم بردن ڕوو بدەن و دوایەش لە مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی شەڕی ئاشکرا و ڕەسمیی دژی ئێمە وەڕێخست و جیهادی ڕاگەیاند و ئەمن کە ئەودەم بۆخۆم وەک تەنیا نوێنەری لاییکی ئەنجومەنی شارەزایان (مجلس خبرگان) هەڵبژێرابووم و قەرار بوو بچم لە تاران لە دانیشتنی ئەنجومەندا بەشدار بم، هەر ئەو شەوە، یانی پێش ئەوەی وەڕێکەوم نوێنەرانی ئەنجومەنی خڕ کردنەوە و هەر لەوێ جنێوی پێدام و قسەی ناشیرنی کرد و منی بە «مفسد فیالأرض» ناو برد. ئێوە دەزانن کە ئەمە لە عورفی خومەینیدا بە مانای ئێعدام بوو. هەر بۆیە ئەمن ئیدی نەچوومە تاران و شەڕێک هەڵگیرسا کە سێ مانگی خایاند و لەو شەڕە سێ مانگەیەدا ئێمە توانیمان سوپا ببەزێنین و سەرلەنوێ چووینەوە شارەکان. بەڕواڵەت ئاخوندەکان دەیانەویست نیشان بدەن کە دەیانەوێ وتووێژمان لەگەڵ بکەن. شەش مانگ دەگەڵ ئاخوندەکان لەڕاستیدا قسەمان کرد. ئەمن لە هەموو ژیانمدا ئەوەندەم ئایەتوڵڵا نەدیبوو کە لەو شەش مانگەدا دیتم، بەڵام دوایە دەرکەوت کە نیازی ئەوانە تەنیا کاتبەدەستهێنانە و دەیانەوێ خۆیان بۆ شەڕێکی دیکە ئامادە بکەن و هەربۆیەش لە نەورۆزی ١٣٥٩وە سەرلەنوێ هەم لە باکوور لە ناوچەی ورمێ و هەم لە ناوچەی کامیاران شەڕیان دەست پێکردەوە و ئەوەش شەڕێکە کە تا ئێستا درێژەی هەیە.
داخوازەکانی حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی بەڕێز قاسملوو ئەوکات لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بە جیابوونەوەخوازی دادەنران و شەڕ لەگەڵ کوردەکانیش بەو ڕوانگەیە پاساو دەدرا، ئەم داخوازانە چ بوون و بەڕێز قاسملوو چۆنی بۆ من ڕیز کردن؟
ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێمە «دێموکڕاسی بۆ ئێران»مان وەپێش «خودموختاری بۆ کوردستان» خستبوو، نەک لەبەر ئەوەی بە باوەڕی ئێمە دێموکڕاسی هەموویە و خودموختاری بەشێکە لە دێموکڕاسی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باوەڕمان وایە بەبێ دێموکڕاسییەکی سەقامگیر لە ئێران، ئەگەر خودموختاری بەدەستیش بێنین ئەم خودموختارییە دەکەوێتە مەترسییەوە. ئێمە لە هەلومەرجی ئێستادا چەکەکانمان دەستەبەری پاراستنمانن. بەڵام ناکرێ هەتاهەتایە چەکمان پێبێ، دەبێ شتی دیکە لەجێی چەک دابنێین. ئەو شتەی دەتوانێ جێی چەک بگرێتەوە تەنیا دێموکڕاسییە و وێناکردنی ئێمە بۆ دێموکڕاسی زۆر سادەیە. دێموکڕاسی بۆ ئێمە یانی فرەیی (پلوڕالیزم)، دێموکڕاسی واتە ئازادی بۆ هەمووان، ئازادیی بیروباوەڕ، ئازادیی دەربڕین، ئازادیی زمانە نەتەوەیییەکان، ئازادیی فەرهەنگ و دیارە ئازادیی حیزبەکان، دانی دەسەڵاتی (وەک دەڵێن) جێبەجێکردن بەدەستی خەڵک و ئێمە باوەڕمان وایە کە هیچ جۆرە دیکتاتۆرییەک لە ئێران لە دواڕۆژدا ناتوانێ ئامانجەکانی خەڵکی ئێران، گەلانی ئێران دابین بکا. ئێستا ئەو دیکتاتۆرییە دیکتاتۆریی شاهەنشاهی بێ، دیکتاتۆریی ئیسلامی بێ یان دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئێرانی ئێمە پێویستیی بە ڕێژیمێکی دێموکڕات هەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی فەرهەنگی ئێمە، مێژووی ئێمە، بەڵام بە پاراستنی بنەماکانی دێموکڕاسی، بە پاراستنی ئەو بنەمایانە کە لە بڵاوکراوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەیاننامەی مافی مرۆڤدا هاتوون، دەتوانێ وڵاتی ئێمە بەڕاستی بەرەوپێش بەرێ. بەمجۆرە ئێمە تەنانەت لە کوردستانیش کە بەرپرسانە دەتوانم پێتان بڵێم زۆربەی نزیک بە تەواوی خەڵکی کوردستان لایەنگری حیزبی ئێمەن، ئێمە خۆمان بە خاوەنی کوردستان نازانین، ئەوە خەڵکی کوردستانن بڕیار دەدەن داخوا حیزبی دێموکڕات دەبێ خودموختاری بەڕێوە بەرێ یان ڕێکخراوێکی دیکە. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەگەر هەلومەرجی شەڕ لەنێو بچێ دەبێ هەموو ڕێکخراوەکان و هەموو گرووپەکان بەرنامەی خۆیان بخەنە بەر چاوی خەڵک و خەڵکی ئێران بتوانن بە ئازادی لەنێو ئەو ڕێکخراو و گرووپانە هەڵبژێرن.
بەمجۆرە ئێمە باوەڕمان بە دێموکڕاسییەکی قووڵ لە ئێران هەیە، دێموکڕاسییەک کە ڕێز بۆ مافەکانمان دابنێ، ڕێز بۆ مافی نەیارانیش دابنێ. چونکە بە باوەڕی ئێمە هیچ دێموکڕاسییەک بێ ڕێزدانان بۆ مافی نەیاران ناتوانێ هەبێ و هەربۆیەش ئێمە دژی هەموو ئەو ڕێکخراوانەین کە بەجۆرێک دەیانەوێ لە ئێران دیکتاتۆری دامەزرێنن. هەر لەبەر ئەوەش ئامادە نیین دەگەڵ شایەتیخوازەکان هاوکاری بکەین، چونکە پێمانوایە مێژووی ئێمە پێی سەلماندووین شایەتی واتە ملهوڕی.
لێیم پرسی پەیوەندیی کوردستانێکی خودموختار دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چۆنە و چۆن تۆمەتی جیابوونەوەخوازی بەرپەرچ دەدەنەوە؟
لە مێژووی ئێراندا هەمیشە هەموو دەسەڵات لە تاران خڕ بۆتەوە، لەحاڵێکدا ئێمە خودموختاریمان دەوێ، خودموختاری واتە خڕنەبوونەوەی دەسەڵات. ئێمە نامانەوێ هەموو دەسەڵات لە تاران خڕ بێتەوە، ئێمە دەمانەوێ دەسەڵات لەنێو خەڵکی ئێران، لەنێو گەلانی ئێران و تەنانەت ئوستان (پارێزگاکان)ی ئێراندا دابەش بکرێ. ئێستا لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەمدا لەڕاستیدا لە هەموو وڵاتان دەسەڵات بەش کراوە، دەسەڵات لە دەستی تاقەکەسێک ئەویش لە ناوەند کۆ نەبۆتەوە و نەبۆتە ناوەندی و هەربۆیە ئێمە دژی ئەو گرووپانەشین کە بیانەوێ لە ئێران دیکتاتۆری بێننە سەر کار، ئێستا سەر دەکەون یان نا مەسەلەیەکی دیکەیە. ئەمن وا بیر دەکەمەوە لە ئێرانی دواڕۆژدا ئەگەر دوای کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆرییش بێتە سەر کار، ئەو دیکتاتۆرییە ماوەیەکی درێژ لەسەر کار نامێنێتەوە. بەداخەوە ڕێی تێدەچێ دۆخی وڵاتی ئێمە بەرەو شەڕی نێوخۆییش بەرێ. کەوایە لەپێشدا هەموو داخوازەکانمان هەم دێموکڕاسی هەم خودموختاری لە چوارچێوەی ئێراندان. ئێمە خۆمان بە ئێرانی دەزانین و ڕێگا بە هیچ کەس بە هیچ ئێرانییەک نادەین خۆی لە ئێمە بە ئێرانیتر بزانێ، هۆیەکیش بۆ ئەم کارە نابینین، بەڵام لەم بنەماڵە هاوبەشەی خۆمان، نیشتمانی هاوبەشی خۆماندا کە ئێرانە دەمانەوێ مافەکانمان لەبەر چاو بگیرێن و وەک هاونیشتمانی پلە دوو نەژیەین. بەڵکوو هەموومان بەرابەر قانوون وەکیەک بین و هەربۆیەش بیر دەکەینەوە کە ئەم داخوازانەی ئێمە چ داخوازە دێموکڕاتییەکان و چ ئەو داخوازانەی پەیوەندییان بە مافی نەتەوایەتییەوە هەیە کە دیارە بۆ گەلانی زۆرلێکراوی دیکەی ئێرانیش دەبێ لەبەر چاو بگیرێن، تەواوی ئەمانە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکڕاتدا دەگونجێن و هەربۆیەش لەڕاستیدا ئێمە دێموکڕاسی بۆ ئێرانمان کردۆتە دروشمی سەرەکیی خۆمان.
ساڵی ١٣٦٨ ساڵی دەستپێکردنی هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت و سەرلێشێواوی لەنێو ڕێکخراوە چەپەکانی ئێران بوو، دیارە عەبدولڕحمان قاسملوو لەمێژ بوو خۆی بە سۆسیالیستێکی دێموکڕات دەزانی و حیزبەکەشی کە لە سەرەتای دامەزرانیدا وەک ڕێکخراوی ئەیالەتیی حیزبی توودەی ئێران کاری دەکرد، ئیدی نە ئەندامێکی بنەماڵەی حیزبە چەپەکانی لایەنگری سۆڤیەت بەڵکوو لە تەنیشت حیزبە سۆسیالدێموکڕاتە ئورووپایییەکان دانابوو. بەوحاڵە هەمیشە حیزبە چەپەکان بوون کە پشتیوانییان لە خودموختاریی کوردەکانی ئێران دەکرد، پرسیم بۆچوونی لەبارەی ئەو سەرلێشێواوی و پەرشوبڵاوییەی هێزە چەپەکان چیە و حیزبەکەی خۆی لە کوێ دەبینێ؟
ئێمە حیزبێکی دێموکڕاتین، حیزبی مارکسیستی نیین. لە ڕیزەکانی حیزبی ئێمەدا کەسانی خاوەنی ئیدیۆلۆژیی جیاواز هەن. ئێمە تاقە ئیدیۆلۆژییەکمان نیە. زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەندامانی حیزبی ئێمە باوەڕی مەزهەبییان هەیە، موسوڵمانن، کەسانێکیش هەن کە خۆیان بە مارکسیست دەزانن. تەنانەت لە مەسەلەی مەزهەبیشدا لە حیزبی ئێمەدا سوننی، شیعە، ئەهلی حەق، مەسیحی، هەموویان هەن. بە باوەڕی ئێمە ئەوە ڕاستە کە هێندێ هێزی چەپ هەن، چەپی مارسیستی کە هیچ نەبێ وەک فەرمووت لە تیۆریدا بەرگری لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان و یەک لەوان گەلی کورد دەکەن و ئێمە هیوادارین کە ئەگەر ڕۆژێک بەکردەوەش لەگەڵ ئەم مەسەلەیە بەرەوڕوو بوون، ئەم بۆچوونەیان هەر هەبێ.
بەڵام ئەو شتەی دەمەویست بە ئێوەی بڵێم ئەوەیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا، پێموایە مەسەلەی سەرەکی هێزە چەپە مارکسیستەکانیش لە ئێران هەر مەسەلەی دێموکڕاسییە. هێزەکانی چەپی مارکسیستی دوای شۆڕش دەرفەتێکی زۆر بەنرخیان لەدەست دا، وەدوای خومەینی کەوتن هێندێک بەو ناوە کە ڕێژیمی خومەینی ڕێژیمێکی دژی ئیمپەڕیالیستییە، لەحاڵێکدا هەر ئەوکات ئێمە گوتمان و نووسیمان ڕێژیمێک کە ئازادییەکان لەنێو بەرێ، خەڵکی وڵاتی خۆی سەرکوت بکا ڕێژیمێکی دێموکڕاتیک کە هیچ، ناتوانێ ڕێژیمێکی دژی ئیمپەڕیالیستییش بێ.
جگە لەوە، قەیرانی هێزەکانی چەپی مارکسیستی ڕیشەیەکی مێژووییشی هەیە و ئەویش تێنەگەیشتنی دۆخی واقعیی ئێرانە. ئەم ڕێکخراوانە زۆرتر لەڕووی کتێبەوە دەیانەویست مەسەلەکانی ئێران چارەسەر بکەن، لەجیاتی ئەوەی سەرنج بدەنە ڕاستییەکان، لە ڕووی کتێبەوە و ئەویش نەک کتێبە ڕەسەنەکانی مارکس و ئەنگێڵز بەڵکوو ئەو کتێبانە کە بەدەستی دووەم و سێیەم وەک بڵاوکراوەگەلێک نووسرابوون و زۆربەیان لە ڕێگای حیزبی توودەوە گەیشتبوونە دەستی خەڵک، دەیانەویست کێشەکانی ئێران چارەسەر بکەن کە دیارە باش دیتتان کە ئەو ڕێکخراوانە تووشی لەتبوون هاتن و ڕێکخراوێکی وەک ڕێکخراوی چریکە فیدایییەکانی گەل کە لە سەرەتاکانی شۆڕشدا یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکان بوو، بووە چەند ڕێکخراوی چووکەڵە. بەڵام ئێستا چەند ساڵێکە مەسەلەیەکی دیکەش قەیرانی ئەو ڕێکخراوانەی توندتر کردوە، ئەویش ئەو شتەیە کە لە یەکیەتیی سۆڤیەت دەچێتە پێش. ئێستا یەکیەتیی سۆڤیەت وەک گەورەترین وڵاتی سۆسیالیستی بەخێرایی بەرەو دێموکڕاسیزاسیۆن و بەرەو دێموکڕاسی دەچێتە پێش. گلاسنۆست و پریستڕۆیکا ڕاستە کە لەجێدا گۆڕباچۆف دروستی کردن بەڵام پێویستییەکی مێژوویین و نەخشی گۆڕباچۆف پتر لەوەدایە کە باش و بەوەخت لەو پێویستییە مێژوویییە تێگەیشت. ڕێکخراوە مارکسیستییەکان ئێستا تەنیا دوو ڕێگایان لەپێشدان. یان دەبێ ئازایانە پێ لە هەڵە و ڕابردووی پڕ لە هەڵەی خۆیان بنێن و لە سیفرەوە دەست پێبکەن و بەرەو دێموکڕاسی بڕۆن، پەیوەندییە نێوحیزبیەکانیان دێموکڕاتیزە بکەن و فرەیی قبووڵ بکەن و وەدوای دیکتاتۆری نەکەون، یان هەر لەو حاڵەتی پێشوودا بمێنن. ئەمن پێموایە ئاکامەکە ئەوە دەبێ کە هێندێ کەس لە حاڵەتی پێشوودا دەمێنن و ژمارەیەکیش دیارە ئازایەتی بەکار دێنن و سیاسەتێکی تازە دەگرنە پێش. هەر بۆیەش بەداخەوە دەبێ پێشبینی بکەین ڕیزە لەتبوونێکی دیکە لەو ڕێکخراوانەدا بێتە پێش. بەڵام ئەمن هیوادارم پاش ئەو لەتبوونانە ئیدی ڕەوتی یەکیەتی و یەکبوون لەنێو هەموو ئەو کەس و کەسایەتی و ڕێکخراوانەدا کە حەز بە دێموکڕاسی دەکەن و پێیان وایە سۆسیالیزمیش بەبێ دێموکڕاسی دروست ناکرێ، دروست ببێ.
چونکە دروستە کە ئێمە حیزبێکی مارکسیستی نین، بەڵام لە بەرنامەی حیزبیی خۆماندا سۆسیالیزمی دێموکڕاتیمان کردۆتە ئامانجی درێژخایەنی خۆمان و زۆر پێشتر، دەوری پێنج ساڵ پێشتر نیازمان هەبوو هەر ئەو وەختە سنوورمان دەگەڵ ئەوانە هەبێ کە دەیانەوێ بەرەو دیکتاتۆری یان تووتالیتاریزم بڕۆن. ئەمن پێموایە ڕێکخراوەکان و هەموو گرووپەکانی چەپی مارکسیستی لە ئێران ئێستا ئەرکیان ئەوەیە دابنیشن، باش بیر لە ڕابردووی خۆیان بکەنەوە و ئەو ڕێگایە کە ئێستا لە سۆڤیەت و هێندێکی دیکە لە وڵاتانی سۆسیالیستی گیراوەتە پێش، ئەو ڕێیە کە لەپێشدا ڕێی دێموکڕاسیی نێو حیزب و دوایە دێموکڕاسی لە نێوخۆی وڵاتە بگرنە پێش.
ڕاست دوو حەوتوو بەر لە وتووێژەکەم دەگەڵ بەڕێز قاسملوو، ئایەتوڵڵا خومەینی مردبوو و هێندێک لە لێکدەرەوە سیاسییەکان قسەیان لە ئەگەری قەیرانی سیاسی بەهۆی لەدەستچوونی ئەو و توندبوونی ناکۆکییەکانی نێوخۆی ڕێژیم لەسەر دەسەڵات دەکرد، بۆچوونی بەڕێز قاسملوو لەم بارەیەوە چ بوو؟
ڕێژیمی خومەینی لەمێژە کەوتۆتە قەیرانێکی قووڵەوە. تەنانەت پێش ئاگربەس دەگەڵ عێڕاق و پێش مەرگی خومەینی. ئێمە قەیرانی ڕێژیم لەوەدا دەبینین کە مەسەلە گرنگە سیاسی، ئابووری، سەربازییەکانی وڵات بێچارەسەرن و ئەم ڕێژیمە نە بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری ئەو مەسەلانە هەیە و نە لەجێدا لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی ویلایەتی فەقیهیدا ئەگەری چارەسەری ئەو مەسەلانە هەبوو. بەمجۆرە ئاگربەس کە دیارە ناچاری بوو و خومەینی بۆخۆی گوتی ژارێک بوو کە ئەو دەبوو بیخواتەوە و خواردیەوە، قەیرانەکەی توندتر کرد و دۆخێکی هێنایە پێش کە سەرانی کۆماری ئیسلامی یەکتریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە شەڕ خەتای ئەم گرووپ یان ئەو گرووپ بووە. خومەینی جارێکی دیکە هەموویانی دەمکوت کرد و خەتەکەی خۆی کە ناوی خەتی ئیمامە، بردە پێش کە لەڕاستیدا خەتی توندڕۆیەکانە.
ئێستا خومەینی ڕۆیوە. ئەمن پێموا نییە بە مردنی خومەینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ. ئەمن لەو باوەڕەدام کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا زەوەڕی (زەخیرە) هەیە و بەمجۆرە ماوەیەک دەخایەنێ کە قەیرانەکە دیسانیش توندتر خۆی نیشان بدا، دەرکەوێ و ناکۆکیی نێوخۆی ڕێژیمیش بگاتە لووتکە. شتێکی سروشتییە کە پاش مەرگی خومەینی دەسبەجێ ئاخوندەکان هەرنەبێ بەڕواڵەت یەک بگرن، و ئەمەش بە باوەڕی من شتێکی کاتی و دەستکردە. ناکۆکییەکان زۆر پتر و توندتر لەوەن کە بکرێ ماوەیەکی درێژ سەرپۆشیان لەسەر دابنرێ و بەتایبەتی گیروگرفتەکانی وڵات ئەوەندە زۆرن کە سەرەنجام سەرانی ڕێژیمی ئێستا ناچار دەکا هەڵوێست بگرن و هێندێ کار بۆ چاری ئەو مەسەلانە بکەن کە سەرەنجام دەگەڵ قازانجی ئەو گرووپە جۆراوجۆرانە کە ئێستا لەنێو ڕێژیمدا هەن تێکدەگیرێن.
بەمجۆرە ڕێژیمی خومەینی لەڕاستیدا بە مەرگی خومەینی دەسبەجێ ناڕووخێ، بەڵام ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەدار لەنێوخۆی وڵاتەکەماندا خۆش بووە و ئەمن دڵنیام کە ئەو ڕەوتە ئێستا دەستی پێکردوە و ئەگەر بمەوێ جۆرێکی دیکە بڵێم لەڕاستیدا مەرگی خومەینی سەرەتای کۆتایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی نزیک بەتەواوی خەڵکی ئێران، ئاشتییان دەوێ، ئازادی و دێموکڕاسییان دەوێ، ئەمنیەت و ئاسوودەیییان دەوێ و کەسانێک کە بتوانن بەرنامەیەکی لەو جۆرە بخەنە بەر چاوی خەڵکی ئێران و خەڵکی ئێران بە ڕاستگۆیی خۆیان قانیع بکەن کە بەرنامەیەکی لەو بابەتە پیادە دەکەن پێموایە ئەم ڕەوتە لە دواڕۆژی ئێراندا دەیباتەوە. ئەمن باوەڕم وایە کە هیچ گرووپێک بەتەنیایی ناتوانێ لە ئێران بێتە سەر کار، هیچ گرووپێک بە تەنیایی ناتوانێ ببێتە دیکتاتۆر و ئەگەر بشگاتە ئەو جێیە کە دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ شەڕی نێوخۆیی وەڕێ دەخا. ئێمە وەک حیزبی دێموکڕات پێمان وایە دەتوانین ڕێژیم کز بکەین، دەتوانین زەبر لە ڕێژیم بدەین و تەنانەت دەتوانین تاڕادەیەک هەلومەرجی ڕووخانیشی ئامادە بکەین. بەڵام بەتەنیایی ناتوانین ببینە جێنشین (ئاڵتێڕ ناتیڤ)، بۆیە ئێمە لە ئێران، لە بەشەکانی دیکەی ئێران لە هاوپەیمان دەگەڕێین کە هەموومان لە هەڤبەندییەکی زۆر بەرین، دێموکڕاتیک لە بەرەیەکدا کە بتوانێ هەموو دێموکڕاتەکان و کۆمارخوازان کۆ بکاتەوە. پێکەوە بە یەکگرتوویی خەبات بکەین و ئەمجار دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کارێک بکەین کە هیچکات دیکتاتۆرییەکی باشتر یان خەراپتر لە کۆماری ئیسلامی نەیەتە سەر کار، بەڵکوو دوای دوو دیکتاتۆریی دوورودرێژی شاهەنشاهی و ئیسلامی ڕێژیمێکی دێموکڕات بێتە سەر کار کە داخوازەکانی خەڵکی ئێران پیادە بکا.