(بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی وەک بەشێک لە ڕەوتی ڕۆشەنگەری)
ئەگەر ڕووناکبیری وەک پێگەی کۆمەڵایەتی و شکۆ ببینین کە لەنێو خۆیدا گرووپەکان، چینەکان و سینفە کۆمەڵایەتییەکانی جۆراوجۆر لە خۆی دەگرێ، بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لەو گرووپە کۆمەڵایەتییانە دەبێت. لە ئاکامی وەها گریمانەیەک، یاسای زاڵ بە سەر کرداری ڕووناکبیری و ڕووناکبیران لە کرداری تاک یا چالاکیی گشتی خوێندکاران گشتگیر دەبێت. لەم دۆخەدا بزووتنەوەی خوێندکاری وەک: بەشەکۆمەڵەیەک لە بزووتنەوەی ڕووناکبیری دەخوێندرێتەوە.
“ژێس پانسکی”، شێست پێناسەی جۆراوجۆری لە ڕووناکبیری کردووە کە دەتوانین ئەم پێناسانە بە سەر سێ دەستەی سەرەکیدا دابەش بکەین.
دەستەی یەکەم؛ بە شێوەی گشتی بەو ڕووناکبیرانە دەگوترێ کە پشکیان لە داهێنانی بایەخ گەڵی هەتاهەتایی و نەگۆڕ لە بەستێنی ڕاستی، جوانی و دادپەروەریدا هەیە.
دەستەی دووهەم؛ ڕووناکبیران، بانگەشەکارانی بڕوا و عەقیدە، دامەزرێنەرانی ئیدۆلۆژییەکان و ڕەخنەگرانی دۆخی ئارایی بە ئەژمار دێن.
لە پێناسەی دەستەی سێهەمدا دەتوانین لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە بڵێین کە ڕووناکبیران چینێکی کۆمەڵایەتی لە چینی نێوەڕاستی نوێن کە ڕۆڵیان لە پەڕەپێدان و بەڕەوپێشبردنی کولتووری کۆمەڵگەدا هەیە.
ڕووناکبیران بە شێوەی گشتی لە شوێنی “زەینی” کۆمەڵگەدا بیانەوێ یا نا نەیانەوێ لەگەڵ چوارچێوەی هێزی سیاسی ملبەملە دەبن و زۆربەی جار لە نێوان ئەم دووانەدا ناکۆکی دێتە ئاراوە.
هزر و ئەندێشە لەگەڵ هێزی سیاسی زۆر بە کەمی دەسازێن، چۆنکی دەسەڵات ناتوانێ لە درێژماوەدا زۆر ڕێکخەری ئەندێشەی ئازاد بێت و هزر و ئەندێشەش کاتێک چاو لەدەمی هێزی سیاسی بن، مانای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست دەدەن.
ڕووناکبیر کەسێکە کە: بۆ ئەندێشە و فکر دەژی، هۆگریی ئەو بە ژیانی هزری وێکچوویی زۆری بە هۆگری مەزهەبیەوە هەیە.
لە نەریتی ڕووناکبیریدا، ئەم ڕێسایانە دەبینرێن:
١- ڕووناکبیری سیاسی زۆر جار لە دەرەوەی سیاسەت و دامەزراوەی هێزی سیاسیی باڵادەستە. ڕووناکبیران خۆیان دەروەست بە ڕەخنەگرتن، هەڵوێست نواندن و ساغبوونەوە دەزانن، بەڵام نەک لایەنگری لە حیزب یا هێزێکی تایبەت.
٢- ڕووناکبیر بەردەوام لە دۆخی دوودڵی و بە دەربرینێکی ڕوونتر لە نێوان هیوا و بێمتمانەیی و دڕدۆنگیدایە.
٣- ڕووناکبیری خەباتێکە دژایەتیی دواکەوتوویی، خورافات و نەزانی دەکا و بۆ گەشە و، بەڕەوپێشبردن و نوێگەرایی تێدەکۆشێ.
٤- ڕووناکبیر ڕەخنەگرە و بە ڕەخنە لە دۆخی ئارایی، بەگشتی دۆخی سیاسی، فەرهەنگی، ئابوری و… عەوداڵی ئاڵوگۆڕی پۆزەتیڤە.
۵- ڕووناکبیر بە ناوی داهاتوو و نوێگەرایی، دژە نەریت و نەریتبەزێنە.
٦- ڕووناکبیران بەهۆی ئاوەز و پێشکەوتنە زانستییەکان باوەڕیان بە پێویستیی جیایی دین لە کاروباری ڕۆژانەی دنیایی هەیە و هەربۆیەشە سێکۆلارن.
٧- ڕووناکبیران پێداگری لەسەر هەندێ چەمک دەکەن کە چەمکگەلی سەرەکیی داخوازە ڕووناکبیرییەکانن، وەک ڕاسیونالیسم (ئاوەزگەرایی)، ئۆمانیزم (مرۆڤتەوەری)، ئازادی، بەرابەری، مافی مرۆڤ و … .
بەمجۆرە بزووتنەوەی خوێندکاری بەشێک لە بزووتنەوەی ڕووناکبیرییە کە ڕەوتی خوێندەواریی بەرزی وەدەستهێناوە و زۆر یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئاماژە پێکراوی هەیە. بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ نەهێشتنی لایەنە ناڕێکەکانی دۆخی ئارایی زۆر گونجاوە، بەڵام هێزی پێویستی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی نییە، هەر بەم هۆکارە ئەوان زۆرتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕەوتە سەرەکییەکانی ڕووناکبیری و بڵاوکەرەوە و بانگەشەکارانی هزرەکانی ڕووناکبیرین و لە ئاکامدا بزووتنەوەکانی خوێندکاری تەنیا بزووتنەوەیەکی سەرتاپاگیرن کە، بە گشتی تێیدا ڕووناکبیران پڵاندارێژ و ئاڕاستەدەرن.
بزووتنەوەی خوێندکاری وەک ڕەوتی ڕابوو لە چینی نێوەراستی نوێ
خاوەنڕایانی نوێگەری وەک: جان جانسۆن، موور بێرگێر، مانفرێد هالپێرن، چارلێز عیسەوی، جیمیز بێل و سامۆئێل هانتینگتۆن، چینی ناوەڕاستی نوێ لە وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندوودا بە جۆرێک دینامیزمی بنەڕەتی و ئیستراتیژیکی گەشەسەندن و نوێگەرایی و لە ئاکامدا ئاڵوگۆڕخواز و گۆڕانخواز و تەنانەت شۆڕشگێر دەزانن.
بە بۆچوونی ئەوان چینی نێوەراستی نوێ، لە ڕێبەریکردن و وەگەرخستنی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە کۆمەڵگەی پەڕەئەستێندا، کاریگەر و چاڕەنووسسازن.
مانفێرد هاڵپێرن چینی نێوەراستی نوێ بە هۆکاری ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەت ئێران دەزانێ و “چین-تەبەقە” لە سەر بنەمای کاریگەرییەک پێناسە دەکا کە لە کۆمەڵگەدا هەیەتی و دەڵێت: هەر چینێک دەبی لە بەستێنی ئەو ڕۆڵە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەدا پێناسە بکەین کە لە پڕۆسەی گۆرانی کۆمەڵایەتیدا دەیگێڕێ.
هاڵپێرن ناوچەی مەراکش تاکوو پاکستان لەنێو شۆڕشێکی قووڵدا دەبینێ و بروای وایە کە هەوڵی داوە هۆکار و تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە شرۆڤە بکا و چینی نێوەڕاستی نوێ وەکوو هێزێکی شۆڕشگێری سەقامگیر دەزانێت کە ئەو چینە بەڕێوەبەر، مامۆستا، ئەندازیار، ڕۆژنامەنووس، خوێندکاران و … لە خۆی دەگرێت. بە بۆچوونی هاڵپێرن، ڕێبەری لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەستی چینی نێوەڕاستی نوێ دایە.
بە بروای جێمێز بیل، یەکێک لە هێزە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان کە بەرگژەی بۆ پێکهاتەی نەریتیی وڵاتانی پەڕەئەستێن دروست کردوە، چینی نێوەڕاستی نوێیە و ئەندامانی ئەم چینەی بە سەر چوار گرووپی: شوێنکەوتووان، داکۆکیکارانی سیستم، تێکنۆکراتەکان و ڕادیکاڵ یا دژبەران دابەش کردوە.
لە ڕاڤەی جێمیز بیلدا، ڕادیکاڵەکان لە ڕاستیدا هەر ڕووناکبیرەکانن.
ڕووناکبیران بە مانای تایبەت نە تەنیا کاربەدەستانی دامەزرنێنەر یا ڕاگوێزەری بەرهەمی فەرهەنگینە، بەڵکوو کەسانێکن کە لە بەرانبەر سیستمدا دەوەستنەوە و لەدژی ڕادەپەڕن. بە بڕوای سامۆئێل هانتینگتۆنین لەنێو ئەو چینەدا، ڕووناکبیران و خوێندکاران زۆرتر لە هەموو لایەنەکانی تر هەوڵی شۆڕش و توندوتیژی بەرانبەر بە دەسەڵات دەدەن.
لە بنەڕەتەوە ڕووناکبیری شۆڕشگێر بە دیاردەیەکی تەواو سەرتاسەری لە کۆمەڵگەی تووشیاری نوێگەری دادەنرێ.
لە بۆچوونی شۆڕشی هانتینگتۆندا، “شار” چەقی دژایەتی لەنێو وڵاتە و چینی نێوەڕاستی نوێ ناوەندی دژایەتی لەنێو شارن و؛ ڕووناکبیران، چالاکترین گرووپی دژبەر لەنێو چینی نێوەڕاستن و خوێندکارانیش ڕێکخراوترین و لێهاتووترین شۆڕشگێران لەنێو توێژی ڕووناکبیرانن. بەمشێوەیە خوێندکاران چالاکترین هێزی شۆڕشگێری لەنێو ناوکی سەرەکی و ناوەندی خەباتی شۆڕشگێری لە کۆمەڵگە پەڕەئەستێنەکاندان.
بە بۆچوونی هانتینگتۆن توندترین، ڕێکخراوترین و شۆڕشگێڕترین دژبەران لەدژی دەسەڵاتی ئارایی دەبێ لە زانکۆکاندا سەرهەڵبدەن. چۆن ئەگەر تەنیا یەک کەڵێن لەنێو هەموو وڵاتانی تووشیاری نوێگەرایی بوونی هەبی، ئەو کەلێنە هەمان کەڵێنی دەسەڵات و زانکۆیە. واتە ئەگەر کۆشکی سەرکۆماری سیمبولی دەسەڵات بێت، بینای ڕێکخراوی خوێندکاری مەکۆی شۆڕشە. بەمجۆرە بزووتنەوی خوێندکاری، لە پێگەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەکاندا:
یەکەم کۆمەڵێک لە خوێندکاران لە خۆی دەگرێت کە: بە شێوەیەکی دڵخوازانە جموجۆڵی گشتی بۆ دروستکردنی گۆڕان لە زانکۆ و کۆمەڵگەدا ڕێک دەخەن، خوێندکاران لەم جموجۆڵە گشتییەی خۆیان ئەگەری ئەوە هەیە کە پێوشوێنی ئاڵوگۆڕێک لە جۆری فەرهەنگی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بەها گشتیگرەکاندا بکەون.
دووهەم؛ بزووتنەوەی خوێندکاری بە چالاکییەکی گشتی بۆ گەیشتن بە مەبەست و ئامانجی هاوبەش دادەنرێت. ئەم هەوڵە گشتییە زۆرتر لەسەر ڕایەڵکەکانی پەیوەندییە نافەرمییەکانی نێوان خوێندکاران و گرووپەکان بنیات دەنرێ.
شوناسی گشتیی خوێندکاری، لە تەنیشت بڕوا و هۆگرییەکانی هاوبەش، یەکگرتوویی و هاودەنگی پێویست بۆ جووڵەی گشتی و سیاسیی شوێندانەر بە بزووتنەوەی خوێندکاری دەبەخشێت. چەمک و ماهییەتی بزووتنەوەی خوێندکاری
لە بناغەڕا، دیاردەیەکی تایبەت لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆکەییدایە و بە خەباتی گشتی گرووپە زانکۆیەکان بۆ بەڕەو پێشبردنی جۆرێک ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگە پێناسە دەکرێت، هەر بۆیە ئەم بزووتنەوەیە بە جووڵە و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دادەنرێ.
لە هەڵسەنگاندنی هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی هەر کۆمەڵگەیەک هۆکارێک بە ناوی زانکۆ و خوێندکاران لە پلەی یەکەمدا جێ دەگرن، بە تایبەت لە وڵاتانی پەڕەئەستێن، زانکۆ لە پێگەی ناوەندی دابینکردنی پێویستییە هزرییەکانی یەک جفات بۆ پێشڤەچوون و ئاسۆیەک ڕوو بە ئازادی، گرینگیی دوو قات وەردەگرێت. ئەم ڕۆڵە چارەنووسسازەی زانکۆکان، زیاتر لە هەر شتێکی تر، قەرزداری بەشداریی خوێندکاران لەم ناوەندە و تواناکانی ئەوانە.
ئەوە ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە زیاتر لە هەر شتێکی تر، سەرچاوەگرتوو لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چینە کۆمەڵایەتییەیە و “ئارمانجخوازی و مافویستی و خۆبەدوورگرتن لە بەرژەوەندیخوازی” دوو تایبەتمەندیی سەرەکی نەوەی لاوی خوێندکارانە کە لە تەنیشت کەڵکوەرگرتن لە هەست و سۆزی لاوان لەچاو چینەکانی تری کۆمەڵگە، هۆی لێهاتوویی ئەم چینە گرینگە کۆمەڵایەتییە دەبێت.
کارامەیی و بەڕەوپێشچوونی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بواری نێوەڕۆکدا پێوەندیی بە گەشەی هەمووانی ئەم چوار هۆکارە هەیە: ١- بزواندنی کۆمەڵایەتی ٢- هەستی گشتی ٣- دەروەستی و یەکگرتوویی و ٤- جیایی فۆڕمی ڕێکخراوەیی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان.
دەرەنجام:
بزووتنەوەی خوێندکاری بە بەردەوامی لە ناوەندی گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستاندا ئامادەگی هەبووە، بەڵام لە خاڵی دەستپێک و دروستکردنی ئاڵوگۆڕی سیاسیدا نەبووە، بەو مانایە کە: شوێنکەوتووی فەزای گشتیی سیاسی ڕەوتە سیاسییەکان لە کۆمەڵگەدا بووە و لە هێندێک قۆناغ بۆ کاریگەرترین کادرەکانی ئەم ڕەوت و لایەنە سیاسیانە گۆڕاوە.
لەوانەیە لە حاڵی ئێستادا لە هیچ شوێنێکی جیهان بزووتنەوەی خوێندکاری بە مانا ڕاستەقینەکەی بوونی نەبێت و تا ڕادەیەک هەموو نەریتەکانی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی خوێندکاری بە تایبەت ئەوە لە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی ئورووپادا بەرچاو بوو نەماوە، یا هێندێک لەم بزووتنەوانە بۆ حیزبی ڕادیکاڵ و حیزبی سەوزەکان لە وڵاتانی ئوروپایی گۆڕاون و بە شێوەیەک لە سیستمی سیاسی ئاراییدا جێیان گرتوە.
بە نیسبەت ئێران و کوردستانیش، زانکۆ لە ناوەندی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا جێی گرتوە و ڕۆڵی خوێندکاران بە تایبەت بە هۆی پەرەسەندنی ڕێژەیی جوغڕافیای فێرکاریی باڵا، هەڤیازی و گرینگی تایبەتی بەخۆیەوە گرتوە.
ئێستا لە ئێران زیاتر لە چوار میلیۆن خوێندکار سەرقاڵی خوێندنن کە ڕێژەی سەتا پێنجی ٥٪ حەشیمەتی ئێران پێک دێنێت. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و کوردستان هەڵگری سێ تایبەتمەندی سەرەکییە؛
١- نەسڵی نوێی خوێندکاری وازی لە ئارمانخوازی و ئاڕەزووە بێ بنەماکان هێناوە و بە ڕێالیستبوونی هەوڵی بەدیهێنانی دێموکڕاسی دەدا و دێموکڕاسی و ئاڵوگۆڕی دێموکڕاتیک لە کۆمەڵگە داڵغەی سەرەکیی جموجوڵە خوێندکارییەکانە.
٢- حزوور و ڕۆڵی بێوێنەی کچانی خوێندکار لە جموجۆلی خوێندکاری کە ئەم
ڕووتێکردنە ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕی قووڵی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندایە.
٣- سەربەخۆیی ڕۆژبەڕۆژی ئەم جووڵانەوەیە لە هێزە سیاسییەکان و گەڵاڵەی سەربەخۆیانەی مافە سیاسییەکانیان و بوون بە نوێنەری داواکاری هەموو چین و توێژەکانی وڵات.
ئەمە وەرچەرخانێکی مانادارە لە ڕوانیین و فەرهەنگی نوێدا، کە فەرهەنگی خوێندکاری و زانکۆی بەدیی هێناوە.