له سه‌رده‌می ئێستادا چه‌مک و ده‌سته‌واژه سیاسییه‌کان مه‌فهوومی خۆیان له‌ده‌ست داوه و زۆرتر وه‌ک ئامڕازێک بۆ شاردنه‌وه‌ی ئامانجی جۆراوجۆر به‌کار ده‌هێنرێن. سۆشیال مێدیا کارێکی کردوه که هه‌موو که‌س ببێته نووسه‌ر، سیاسه‌توان، تهحلیلگهر، شۆڕشگێڕ، چالاکی مه‌ده‌نی، پسپۆڕی نیزامی، پسپۆڕی سیاسی، چاوه‌دێری سیاسی و …هتد. چه‌مکه‌کانی وه‌ک دێموکڕاسی، سۆسیالیزم، شۆڕشگێڕی، نه‌ته‌وه‌خوازی، فیدڕالیزم و ..هتد، به‌رگی زانستی‌یان له‌به‌ر داماڵراوه و هه‌رکه‌س و لایه‌نێک به گوێره‌ی قازانجه‌کانی خۆی واتایان بۆ داده‌تاشێ. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک له دنیای مه‌جازیدا بێ ئه‌وه‌ی هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پسپۆڕییان تێدا بێ، بۆخۆیان بڕوانامه‌ی هه‌موو پسپۆڕییه‌کانیان داوه به خۆیان و ده‌م له هه‌موو بواره‌کان وه‌رده‌ده‌ن. جگه‌له‌وه وه‌کاله‌تی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشیان داوه به خۆیان و له جیاتی هه‌مووان قسه ده‌که‌ن.
ئه‌و بازاڕه شێواوه له نیو کوردان‌دا به داخێکی گرانه‌وه کڕیاری زۆرتریشی هه‌یه و خه‌ریکه شوێن له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد داده‌نێ. کۆمه‌ڵێک له‌وانه خۆ وه ڕێکخراوه کوردستانییه‌کان هه‌ڵده‌واسن؛ ده‌بنه لایه‌نگری شێلگیری لایه‌نێک و لێی ده‌بنه پسپۆڕی هه‌موو شتێک. له هه‌موو بواره‌کاندا ده‌بنه پسپۆڕی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه و له هه‌موو بواره‌کانیشدا نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه ده‌ده‌ن به خۆیان. بڕیار بۆ ڕیکخراوه‌که ده‌ده‌ن و حوکم بۆ ڕه‌قیبانی سیاسیی ڕیکخراوه‌که ده‌رده‌که‌ن. به یه‌ک چرکه خه‌باتکاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌نه جاش و هه‌ر به چرکه‌یه‌کیش جاشی چه‌ندین ساڵه ده‌که‌نه باش. که‌ش و هه‌وای سیاسی به داخه‌وه هێنده شێواوه که لایه‌نگرێکی تازههاتوی منداڵی هیچ نه‌زان، ده‌توانێ شوێن له سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان دوو خه‌باتگێڕ که زیاتر له سی ساڵ له یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوون و به ده‌یان جار پێکه‌وه له سه‌نگه‌ری خه‌بات دا له مه‌رگ ڕزگاریان بووه دابنێ.
له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان به داخه‌وه که‌شوهه‌وا بۆ ئه‌و زڕه پسپۆڕانه زیاتریش گونجاوه. به چونکه په‌رش و بڵاوییهکی مه‌ترسیدار باڵی به‌سه‌ر ڕێکخراوه سیاسییه‌کاندا کێشاوه. خه‌باتی خۆرهه‌ڵات به هه‌لومه‌رجێکی زۆر دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا مه‌یدانداری ده‌کا و توانیویه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کورد له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان تووشی زۆر گیروگرفت بکا. له لایه‌کی دیکه‌وه گرژی و ئاڵۆزی له نێو ڕێکخراوه سیاسییه‌کاندا هه‌یه وبه تایبه‌ت گرنگترین ڕێکخراوی سیاسی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان واته حیزبی دێموکراتی کوردستان، له‌تبوون و دووبه‌ره‌کیی له نێودا دروست بووه، مشه‌خۆره‌کانی سیاسی زۆر به شێوه‌یه‌کی مه‌ترسیدار هێلانه‌یان کردوه. گومانم له‌وه‌دا نیه که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌یش له‌و که‌شوهه‌وایه که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و هیچ به دووری نازانم که مووچه‌خۆره‌کانی خۆی بخزێنێته نێو ڕیزه‌کانی ئێمه‌وه‌و هه‌وڵ بدا که‌لێنی ناکۆکییه‌کانمان هه‌رچی زۆرتر گه‌وره بکا و ڕێگایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری گیروگرفته‌کانمان نه‌هێڵێته‌وه.
ئێمه چۆن ده‌توانین له نێو ئه‌و فه‌زایه‌ی بۆمان دروست کراوه به سه‌ربه‌رزی و یه‌کگرتوویی ده‌رباز بین؟ چۆن ده‌توانین بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕات وه‌سه‌ریه‌ک خه‌ینه‌وه که خه‌ونی هه‌موو کوردێکی دڵسۆزی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانه؟ ڕێگامان بۆ لێک تێگه‌یشتن چییه؟ ئایا ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر بۆ چه‌مکه سیاسییه‌کان، ئه‌ویش هه‌ر لایه‌نه‌ی به قازانجی خۆی و به ده‌ستێوه‌ردانی زڕه پسپۆڕه‌کانی سه‌ر سۆشیال مێدیا، ده‌توانێ ڕێگای یه‌کگرتنمان هه‌موار بکا؟ ئه‌من ده‌ڵێم نا. چونکه زۆر به‌هاسانی ده‌توانین یه‌کتر به لادان له‌و چه‌مکانه تاوانبار بکه‌ین . به‌هه‌رحاڵ یه‌ک له یه‌ک کیشدارتر و ئاوههڵگرترن. چۆن ده‌توانین لێک تێبگه‌ین که ده‌رفه‌ته‌کانی نێو سیستمی دواکه‌وتوو و تا سه‌ر ئێسقان نا ئینسانی و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی‌یش له هێندێک بواردا بۆشایی ده‌دا تا ئێمه‌ی کورد خۆمانی تێدا بێنینه گۆڕێ. به چ ڕێگایه‌کدا تێبگه‌ین که زیاتر له ده میلیۆن کورد که گۆیا ئێمه خه‌باتی بۆ ده‌که‌ین، هه‌موو ڕۆژێ له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه نه‌گریسه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌ره‌وڕوویه و ده‌بێ له گه‌ڵی بژی و ناچاره له نێو فهزاکهیدا هه‌ناسه بدا. چۆن تێده‌گه‌ین که بۆ ئه‌و خه‌ڵکه ڕێگایه‌ک نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ی له‌و دهربیجانهوه کوردایه‌تیی خۆی نیشان بدا که سیستمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئامانجی خۆی ده‌یانکاته‌وه، که به‌ناو هه‌ڵبژاردن یه‌کێک له‌وانەیه. که‌ی له‌وه حاڵی ده‌بین که زیاتر له سێ ده‌یەیە، ناسیۆنالیستانی ئازه‌ری و کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌کانی وه‌ک ورمێ، نه‌غه‌ده، سه‌ڵماس، خۆی، هه‌وشار و جێگاکانی دیکه ده‌ستیان له‌نێو ده‌ستی یه‌ک ناوه تا دێمۆگرافیی ئه‌و ناوچانه بگۆڕن و له کوردستانیان دابڕن. ئایا ده‌بێ دژی ئه‌وه بین که کورد له‌وناوچانه له ده‌رفه‌تی به ناو هه‌ڵبژاردن که‌ڵک وه‌رگرێ بۆ نیشاندانی خۆی؟ وه‌ده‌رکه‌وتنی پیاو و ژنی کورد له شه‌قامه‌کانی ورمێ به کۆمه‌ڵ و به لیباسی کوردییه‌وه، جا به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێک بێ، به قازانجی مه‌سه‌له‌ی کورد نیه؟ ئایا ئه‌گه‌ر کورد خۆی بشارێته‌وه و مه‌یدان بۆ ناسیۆنالیزمی توندڕۆی ئازه‌ری چۆل بکا، سبه‌ی ڕۆژێ ورمێ دوو ده‌ستی ته‌حویلی کوردان ده‌ده‌ن، یان ته‌نانه‌ت ڕێگای به‌شداری له ئیداره‌ی ورمێ‌دا به کوردان ده‌ده‌ن.
خۆسهرگهرمکردن به دروشمی سی ساڵ به‌ر له ئێستا، یا خۆهه‌ڵواسین به دروشمی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا له تاران به که‌لکی چیی ئێمه دێ. دابینبوونی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی کورد ته‌نانه‌ت به پیاده‌کردنی دێموکراسی له ئێرانیش ده‌سته‌به‌ر نابێ، تا دڵی خۆمان به هێندێک ئاڵوگۆڕی ڕواڵه‌تی خۆش که‌ین. چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتی فره نه‌ته‌وه‌دا دوو ڕێگای زیاتر له به‌ر ده‌م نیه. یان ده‌بێ به شێوه‌ی ته‌وافوقی و له چوارچێوه‌ی وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه‌دا چاره‌سه‌ر بکرێ به‌شێوه‌یه‌ک که هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی خۆیاندا ئازاد بن و له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییشدا به‌شدار بن؛ یان ده‌بێ جیا ببنه‌وه و هه‌رکام ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ پێک بێنن. جۆرێکی دیکه له مافی نه‌ته‌وه‌یی له‌ئارادا نیه. هێندێک ئازادیی فه‌رهه‌نگی و مافی شارۆمه‌ندی -که ئه‌ویشمان هه‌ر نیه- نابێته مافی نه‌ته‌وه‌یی.
بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانج بگه‌ین پێویسته خۆمان له قه‌تیسمان له‌و چه‌مکانه‌دا ده‌رباز بکه‌ین. له جیاتی هه‌موو ئه‌و چه‌مک و ده‌سته‌واژانه دوو ئه‌سڵی سه‌ره‌کی بکه‌ینه چرای ڕێگای خه‌باتمان: کوردایه‌تی و یه‌کگرتوویی. ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین هه‌موو چه‌مکه‌کانی دیکه بۆ خزمه‌تکردن به‌و دووانه به‌کار بێنین. دێموکڕاسی بۆ ئێمه‌ی کورد کاتێک تام و چێژی هه‌یه که مافی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌سته‌بەر بووبێ. خه‌باتی مه‌ده‌نی کاتێک به ئاراسته‌یه‌کی باش‌دا ده‌ڕوا که هه‌نگاوێک له وه‌دیهێنانی مافی نه‌ته‌وه‌یی نیزیکمان بکاته‌وه . هاوپه‌یمانی له گه‌ڵ غه‌یری خۆمان کاتێک به قازانجه که زه‌بر له یه‌کیه‌تیی نێو خۆمان نه‌دا. ئاڵوگۆڕ له تاران کاتێک بۆ ئێمه په‌سنده و پێویسته هاوکاریی تێدا بکه‌ین که چاره‌سه‌ری بۆ داوای نه‌ته‌وه‌یی ئێمه پێ بێ. ئێمه نابێ ببینه پرده‌بازی سه‌رکه‌وتنی ناوه‌ندنشینان و ماندووبوون و قوربانیدانی گه‌له‌که‌مان بکه‌ینه ده‌سته‌چیله‌ی ئاگرێک که ته‌نیا دووکه‌ڵه‌که‌ی بۆ ئێمه بێ.
له هه‌لومه‌رجی ئێستادا یه‌کگرتن گه‌وره‌ترین پێداویستیی گه‌لی کورده. به تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی کوردستان که ده‌بێ هه‌ستێته‌وه سه‌رپێ، به بێ یه‌کگرتن و ته‌نیا له سه‌ر یه‌ک لاق ئه‌و ته‌کانه به هێز و پته‌وه‌ی بۆ نادرێ. له وه‌دیهێنانی ئه‌و پێویستییه گرنگه‌شدا حدک و حدکا ده‌بێ پێشه‌نگ بن و هه‌ر دووکیان ئاماده بن مایه له خۆ دابنێن. له پێشدا به یه‌کگرتنه‌وه‌یان و دواتریش به یه‌کگرتنیان له گه‌ڵ حیزب و ڕێکخراوه‌کانی دیکه گوڕوتین به خه‌باتی کوردایه‌تی و جه‌ماوه‌ری بده‌ن و گه‌له‌که‌مان له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان دلگهرم که‌ن و بیهێننه مه‌یدان. گومانم له‌وه‌دا نیه که خه‌ڵکی ئێمه تینووی ئازادییه و به خڕۆشانی هێزی له بننه‌هاتووی ئه‌و گه‌له به‌شخوراوه، هه‌موو داموده‌زگای سه‌رکوتکه‌ری ڕێژیم له کوردستان تێکه‌وه ده‌پێچرێ. هێزی کوردایه‌تی نیشانی داوه که هیچ ئه‌هریمه‌نێک خۆی له‌به‌ر ڕاناگرێ.
لە ژماره ٦٧٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه