دیپڵۆماسیی کوردو کرانەوەی دەروازەیەکی نوێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و لوتکەی بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان بە شێوەیەکی ژیرانە، دەمانگەیەنێتە ئاستێک کە بۆ خۆمان بتوانین داهاتووی خۆمان دیاری بکەین.
ئەو حیزبانە کە خولیای سەرکەوتنی نەتەوەکەیانن، لە بەرژەوەندیی گەلەکەیان چۆن رەفتارو سیاسەت دەکەنو، لە دنیای دەرەوەدا لە چ ئاستێک و له چ بازنەیەکی بەرژەوەندیدا دیپڵۆماسی دەکەن، هەمووی ئەوانە لە چوارچێوەی کاری دیپڵۆماسیی کورددا خۆیان دەبینێتەوە. لە هونەرو تاکتیکی کاری دیپڵۆماسیدا ئەگەر لە چاوی دەوڵەت ــ نەتەوەوە چاوی لێبکەین، دەبینین کە تا ئاستێک خەریکە جێگای خۆمان بکەینەوە. بەڵام لەگەڵ گۆڕانەکان لە جیهانی دیپڵۆماسیدا کە خۆی لە گۆڕان لە ئاستی جیهانیدا دەبینێتەوە، دیارە دەتوانین بڵێین لە سایەی خۆڕاگریی پێشمەرگەوە کورسییەک لە سیاسەتداو لە دنیای دەرەوەدا بۆ کورد دیاری کراوە.
بەڵام لە بەشە جیاوازەکاندا هەر بەشێکی کوردستان بە جیا لە هەوڵی ناساندنی خۆی و دۆزی کوردیدا بووین. هۆیەکەشی ئەوەیە لەم پرسە پرسێکی ئاڵۆزەو ئێمەش یەکگرتوو نیین. بۆیە لەم ساتە میژویییەدا کە هەموو بەشەکانی کوردستان بەشێوازی جۆراوجۆر چالاکن و لە هەوڵی بە دیفاکتۆکردنی بەشەکەی خۆیاندان، پێویستە سیما چالاکەکانی دیپڵۆماسی لە دنیای دەرەوەشدا زۆر بەباشی دەرکی ئەو بارودۆخە بکەن. هەر بۆیە پێدەچێ ئێستا کاتی ئەوە هاتبێ کە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە؛ ئاخۆ دەبێ لە سەر دیپلۆماسیی کورد بەگشتی چۆن خوێندنەوە بکەین کە ببینە بەشێک لە هێزی ئەو ناوچەیەی کە ئێمەی لێ دەژیین ؟
“رۆژەهەڵات”
لە سەر ئەساسی ئەم پرسیارە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ئاستی دنیای دەرەوەدا خەریکە مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتدا دەکاتە دیفاکتۆ و پرسی رۆژ. لێرە دا دەتوانین ئیشارە بە دیپڵۆماتکارە ئامریکاییەکان بکەین کە چەندین جار بۆ پرسی کورد لە ئێراندا سەردانی ئەو حیزبەیان کردوەو لە ئاستی بەرزدا، فەرانسەوییەکان و ئینگلیسییەکانیش بە هەمان شێوە. دەوڵەتانی نۆروێژ و سۆئید و ڕێکخراوی ئەنتێرناسیۆناڵی سوسیالیستیش بە گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە خاوەن نفوزو ئەدرەسی کورد لە ئێراندا دەزانن. لە ئاستی نێوخۆییشدا پرسی رۆژهەڵات تەوەری، چالاکی مەدەنی، پرسی ریفراندۆم و پارێزەرانی رۆژهەڵات و حزوری پێشمەرگە لە نێو شارو گوندەکاندا روحێکی تازەیان بە کۆمەڵانی خەڵکی بەخشیوە، هەر بۆیە ئەرک و رەفتاری دیپڵۆماسی و ستراتێژی ئەو حیزبە ئەوەندەی بتوانێ و لە دەستی بێت، دەبێ ببێتە سەکۆیەک بۆ گەیاندن و خوێندنەوەی رەفتار و سیاسەتە دەرەکییەکانی کورد لە پانتایی سیاسەتی ئەمرۆی جیهان لە پەیوەندی لەگەڵ کورددا. لەم ڕەهەندەوەیە کە دەتوانین سەرکەوتووبین.
لە ژماره ٦٧٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه