سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیم کار له سه‌ر له په‌راوێزخستنی کورد له ورمێ ده‌که‌ن
له‌م ده‌وره‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمانیی له ئێران، کێبرکێ بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی شاری ورمێ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بوو. له گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه کورده‌کانی ئه‌م شاره هه‌وڵێکی زۆریان دا که کاندیده کورده‌کان به ده‌نگێکی باشه‌وه هه‌ڵبژێردرێن، به‌ڵام له کۆتاییدا هه‌ر سێ نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراو له کاندیده تورکه‌کان بوون!!
له جه‌ریانی هه‌ڵبژاردنه‌کان دا حیزبی دێموکراتی کوردستان به پشتیوانی له بانگه‌وازی چالاکانی کوردی شاری ورمێ و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی بۆ هه‌ستیاربوونی شاری ورمێ، پێی باش بوو که کورده‌کانی شاری ورمێ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کان دا بکه‌ن و ده‌نگ به کاندیدا کورده‌کان بده‌ن. له به‌رانبه‌ریشدا هه‌بوون له هێزه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵات که بانگه‌شه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانیان ده‌کرد.
بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی ورمێ و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م شاره له رووی ئیتنیکییه‌وه “کوردستان” وتوێژێکی له گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حیجاب، چاودێری سیاسی کردوه.
به‌ڕێز کاک عه‌بدوڵڵا! پێشه‌کی سپاس بۆ ئه‌وه‌ی کاتت بۆ ته‌رخان کردین.
زۆر سوپاس بۆ ڕه‌خساندنی ئه‌و ده‌رفه‌ته. له كار و تێكۆشانی ماندوویی نهناسانهتاندا داوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌كه‌م و ده‌ستخۆشیتان پێ ده‌ڵێم.
پرسیار: بۆ ده‌بێ كورد له هه‌ڵبژاردن دا به‌شداریی كردبا؟
وه‌ڵام: مه‌سه‌له‌ی به‌شداری كردن یا بایكۆتی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی كه له ژێر سێبه‌ری كۆماری ئیسلامی دا به‌ڕێوه ده‌چن پرسێكی سیاسییه كه جاری وایه به شێوه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارانه لێك ده‌درێته‌وه و له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رخوردی سیاسیی له گه‌ڵ بکرێ، ده‌بێته‌وه هه‌وێنی قووڵكردنه‌وه‌ی دژایه‌تیی نێوخۆیی بزووتنه‌وه‌ی كورد یا چالاكڤانانی سیاسی. كۆماری ئیسلامی به‌و دۆسیه ڕه‌ش و دژ به كورده‌ی كه له ساڵانی ژیانی دا تۆمار كردوه، نه جێی متمانه‌ی گه‌لی كورده و نه ههڵبژاردنهكانیشی شتێك ده‌گۆڕن. ئه‌و ڕوانگه‌یه به شێوه‌ی گشتی له نێو بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دا جێی گرتوه و تێڕوانینێكی دروستیشه. به‌ڵام خاڵێكی گرینگ كه دیاره هه‌موو لایه‌نه‌كان له سه‌ری یه‌ك هه‌ڵوێست نین، ئه‌وه‌یه كه چۆن ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نانه‌ت له ژێر سێبه‌ری دیكتاتۆریی كۆماری ئیسلامیش دا بكه‌ی به گۆڕه‌پانێك بۆ زه‌ق كردنه‌وه‌ی هه‌بوون و داخوازییه‌كانی خۆت. له‌و خاڵه‌ی دواییدا، من پێم وایه بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد تا ئێستا هه‌موو زه‌رفیه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگای به كار نه‌هێناوه، ته‌نانه‌ت هێندێك جار ڕێگریش كراوه كه زه‌رفییه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگا بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئامانجی سیاسی به كار بهێندرێن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هێزه سیاسییه‌كان، ئێمه كۆمهڵگایهكمان هه‌یه كه له ژێر سێبه‌ری دیكتاتۆڕیدا ده‌ژی. ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری ژیانی ئاسایی خۆی ناچاره له گه‌ڵ دام و ده‌زگاكانی ڕێژیم پێوه‌ندیی هه‌بێ. لێشمان ڕوونه كه خه‌ڵك ده‌رفه‌تی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی یا نافه‌رمانیی مه‌ده‌نیی نیه. پاش ده‌یان ساڵ به‌ربه‌ره‌كانی له دژی ڕێژیمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی، ده‌شزانین كه ڕێژیم میكانیزمێكی به هێزی بۆ كۆنترۆڵ كردنی كۆمه‌ڵگا و به‌ده‌سته‌وه گرتنی هه‌موو سهرهبهنهكانی ڕه‌وته سیاسییه‌كانی نێوخۆیی دروست كردوه كه ڕێگا نادا له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی خۆیدا هیچ شتێك له ئێران ڕوو بدا. ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه هه‌ڵبژاردن له ئێران دا ئازاد نیه، به تایبه‌ت له كوردستاندا، نه‌بوونی مۆری به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن له پێناسه‌ی خه‌ڵك دا ده‌توانێ بۆ زۆر كه‌س كێشه بخوڵقێنێ و ده‌رفه‌ته‌كانی كار و ژیانیان بۆ سنووردار بكا. كه وابوو به‌شێكی خه‌ڵك چ به ناچاری بێ و چ له ترسان ناچارن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕێژیم دا به‌شداری بكه‌ن. ئه‌وه به مانای مه‌شرووعییه‌ت دان به ڕێژیمێكی دیكتاتۆر نیه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێزێكی سیاسیی یا ڕێكخراوێكی كورد بچێ و بۆ خۆی له ژێر سێبه‌ری ڕێژیم دا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بێ، ده‌بێته هه‌نگاوێكی هه‌ڵه و واتای مه‌شرووعیه‌ت دان به ڕێژیم ده‌گه‌یه‌نێ.
به‌شداریكردنی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه یا لایه‌نی سیاسی نه له‌و هه‌ڵبژاردنه و نه له باقی شانۆگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی دا هیچ كات له ڕۆژه‌ڤ دا نه‌بووه. به‌ڵام گرینگه كه بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد كاریگه‌ریی خۆی له سه‌ر هه‌موو ڕه‌وته‌كان، به پێی ده‌رفه‌ت و ئیمكان نیشان بدا. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه گرینگ بوو ئه‌و ده‌نگده‌ره كوردانه‌ی كه به هه‌ر هۆكارێك خۆیان ناچار ده‌بینی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ڕێژیم‌دا ده‌نگ بده‌ن، له ڕێگای ده‌نگه‌كانیانه‌وه په‌یامێك زه‌ق بكه‌نه‌وه كه دۆست و دوژمن له داخوازه‌كه‌یان تێ بگا.
پرسیار: هه‌ڵبژاردن له ورمێ به ئاقارێكی دیكه دا ڕۆیشت. له ورمێ چ ڕووی دا؟
ڕووداوه‌كانی به‌ر له هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی ده‌هه‌می ڕێژیم و دوای هه‌ڵبژاردن نیشانه‌ی گه‌مه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار له سه‌ر ورمێ و له دژی گه‌لی كورد له‌و شاره‌ن. له به‌رامبه‌ر كاندیده كورده‌كاندا، هه‌موو لایه‌نه‌كانی دژبه‌ر، به مۆره‌كانی ڕێژیم و به ڕواڵه‌ت دژبه‌رانی ڕێژیمه‌وه یه‌كیان گرت و شانۆگه‌ریی ڕێژیمیان كرد به مه‌یدانی ململانێ له گه‌ڵ هه‌بوون و ناسنامه‌ی كوردی. ئه‌و گه‌مه‌یه له لایه‌ن چوار جه‌ره‌یانی به ڕواڵه‌ت جیاواز، به‌ڵام سه‌ر به یه‌ك مه‌كته‌بی فیكرییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا كه بریتی بوون له:
١. پاسدار و به‌سیجیه‌كانی سه‌ر به باندی مه‌لا حه‌سه‌نی له نێو ده‌سه‌ڵاتی دژی كوردی كۆماری ئیسلامی دا كه له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ركاری ڕێژیمه‌وه ته‌نیا و ته‌نیا دژایه‌تی گه‌لی كورد و مافه‌كانی ده‌كه‌ن. ئه‌و بانده، تێڕوانینێكی زێده دژ به كوردیان هه‌یه و له سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیزمی به‌رچاوته‌نگی توركیی تێكه‌ڵاو به شیعه‌گه‌ری، هه‌موو ئیمكاناتی ده‌وڵه‌تییان به ده‌سته‌وه گرتوه و له دژی گه‌لی كورد به كاری دێنن. ئه‌وان كورد به كافر ده‌زانن و له دژایه‌تیی گه‌لی كورددا، ده قات له سیاسه‌تی دژە كوردی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی توندڕه‌وانه‌تر دوژمنایه‌تیی كورد ده‌كه‌ن.
٢. جه‌ره‌یانی پان توركیستی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی زێده ڕه‌گه‌زپه‌رستی گورگه بۆره‌كان كه له لایه‌ن مه‌حموود چێهرهگانیهوه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێ و به ناوی بزووتنه‌وه‌ی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان “جامۆ”وه كار ده‌كا. ئه‌و بزووتنه‌وه ڕه‌گه‌زپه‌رسته پێشتر كه‌متر دژایه‌تیی كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه ده‌كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بوون به ئه‌ندامی UNPO و هه‌ستیان به‌وه كرد كه ده‌نگیان به جێگایه‌ك ڕاده‌گا، له گه‌ڵ باقی گرووپه توركه‌كانی ئه‌ندام له‌و ڕێكخراوەیەدا، به تایبه‌ت توركمه‌نه‌كانی عێراق فراكسیۆنی دژی كوردیان پێكهێنا و هه‌موو هێز و ئینێرژیان خسته كاناڵی دژایه‌تی كردنی داخوازییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه. جامۆ، كورد له ورمێ به میوان ده‌زانێ و لایه‌نگرانی خۆی هان ده‌دا كه كۆمه‌ڵگای تورك بۆ وه‌ده‌رنانی ئه‌و میوانه هان بدا. له پڕۆپاگه‌نده‌ی ئه‌و ڕێكخراوەیه دا نه ته‌نیا ورمێ و هه‌موو ناوچه كوردستانیه‌كانی باكووری ڕۆژهه‌ڵات، ته‌نانه‌ت مهاباد و سه‌رده‌شتیش به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ی خاكی ئازه‌ربایجان ده‌ژمێردرێن كه ده‌بێ له كورد پاك بكرێنه‌وه. ئه‌و ڕێكخراوەیه به بێ ئه‌وه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی ئاشكرا بۆ شێوه‌ی كاری خۆی بكا، به قسه‌ی چێهرهگانی له ڕێگای پێك هێنانی كۆمیته‌كانی خه‌ڵكی له نێو ڕیزه‌كانی به‌سیج و سوپای پاسداران‌دا خۆی بۆ دواڕۆژ ئاماده ده‌كا.
٣. كۆمه‌ڵێك قاچاخچی نێونه‌ته‌وه‌یی كه بنكه‌ی سه‌ره‌كیان له كانادا و ئامریكایه و له ڕێگای ته‌له‌ڤیزیۆنی گووناز تی ڤی (GUNAZ TV) یه‌وه تۆیی دژایه‌تی له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌پرژێنن. ئه‌و جه‌ره‌یانه به‌و ئیمكاناته ته‌بلیغاتییه‌ی كه به دهستیهوهیەتی زۆر ڕاشكاوانه دژایه‌تیی گه‌لی كورد ده‌كا و نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه به تێڕۆریست و دوژمنی خۆی له قه‌ڵه‌م ده‌دا. به‌شی هه‌ره زۆری چالاكیه ته‌بلیغاتیه‌كانی ئه‌و بانده له ده‌وری دژایه‌تی كردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستاندا ده‌خولێنه‌وه.
٤. كۆنگره‌ی جیهانیی توركانی ئێران به سه‌رۆكایه‌تیی مۆره‌ی نێوزڕاوی پان توركیست، علیره‌زا نه‌زمی ئه‌فشار كه به چه‌كی شیعه‌گه‌ری و پان توركیسمهوه شه‌ڕی كورد و هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد ده‌كا. نه‌زمی ئه‌فشار بۆ دژایه‌تی كردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌م دواییانه‌دا چرا سه‌وز بۆ خامنه‌یی و باڵی بنئاژۆ له كۆماری ئیسلامی دا هه‌ڵ ده‌كا و به نامه و په‌یامه‌كانی نیشان ده‌دا كه ئامانجی سه‌ره‌كیی چالاكیه‌كانی ئه‌و، دژایه‌تی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده تا وه‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ری. كۆنگره‌ی جیهانیی توركه‌كان، خاوه‌نی تۆڕی چالاكی دیپلۆماتیكه كه لە كۆنگرێسی ئا‌مریكا، پارڵمانی كانادا و دام و ده‌زگاكانی یه‌كیه‌تی ئه‌وڕووپادا كار ده‌كه‌ن. ده‌زگای دیپلۆماسیی توركیه‌ش زۆر به نهێنی كارئاسانیان بۆ ده‌كا و هه‌لیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ. نامه‌ی نه‌زمی ئه‌فشار بۆ نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی ڕێژیم له ورمێ كه له ماڵپه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خودی نه‌زمی ئه‌فشاریش دا بڵاو كراوەتهوه، ئه‌و ڕاستییه جوانتر ده‌رده‌خا.
خاڵی هاوبه‌شی هه‌ر چوار له‌و جه‌ره‌یانانه ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای ناكۆكیی نێوخۆیی و جیاوازیی ڕاوبۆچوونیان، له سه‌ر دوژمنایه‌تی له گه‌ڵ هه‌بوون و مافی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان دا یه‌كگرتوون و له سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تی كردن له گه‌ڵ كورد، ئاماده‌ن به كرده‌وه پێكه‌وه كار بكه‌ن. هه‌مووی ئه‌و جه‌ره‌یانانه هه‌ڵوێست و بۆ چوونه‌كانیان به ڕاشكاوانه له ماڵپه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كاناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیاندا باس ده‌كه‌ن و ڕاوبۆچوونیان له دژی كورد ئاشكرایه.
ئاكامی ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیسته توندئاژۆه‌كان و پشتیوانی دام و ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كان ڕێژیم ئه‌وه بوو كه كورده‌كانی ورمێ به یه‌كجاری له په‌راوێز خران و ڕێگایان پێ نه‌درا ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی یاساكانی خودی ڕێژیمش دا بتوانن به ده‌نگی خۆیان، كه‌سێك بنێرن بۆ تاران.
پ. ئاكامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه چ په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نێ؟
وه‌ڵام: زۆر به ڕوونی پێمان ده‌ڵێ كه داهاتووی ئه‌و ناوچانه پڕه له مه‌ترسی و ده‌توانێ كاره‌ساتی چاوه‌ڕواننه‌كراوی به دواوه بێ. من هیچ به دوور نازانم كه درێژه‌كێشانی ئه‌و ڕه‌وته مه‌ترسیداره‌ی كه له مێژه ده‌ستی پێكردوه و ئێستا به ئاستێكی مه‌ترسیدار گه‌یشتوه، بتوانێ له قۆناغێكی ئیحتیمالیی گۆڕان دا نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و هه‌رێمه‌دا له گه‌ڵ دژوارترین و پڕ كاره‌ساتترین ساته‌كانی مێژووی خۆی ڕووبه‌ڕوو بكا. چونكه كه‌م نین ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ كاره‌ساته‌كانی هاوشێوه‌ی نهكبهتییهكانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ١٧ و گۆڕینی دێمۆگرافیای ئه‌و هه‌رێمه، دوای ساڵی ١٨٨٣، سه‌رده‌می شه‌ری جیهانیی یه‌كه‌م و … دووباره بكه‌نه‌وه.
ئه‌و ڕه‌وشه پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنێكی به‌رپرسانه هه‌یه كه هه‌موو هێزه‌كانی كوردستانی پێویسته لێی قووڵ ببنه‌وه. ئه‌وه به مانای ڕه‌ش بینی و شینی به‌ر له كاره‌سات نیه، به‌ڵكوو ته‌نیا وشیاركردنه‌وه له به‌رامبه‌ر ئاسۆیه‌كی ته‌م و مژاویدایه كه ڕه‌نگه تۆفانێكی پر له كاره‌ساتی به دواوه بێ. ته‌نیا ئاماده‌كاریی جێی متمانه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی ئیحتیمالی، یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه سیاسیه‌كانی كورد و وهخهبهرهاتنهوهیانه.
پ. هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتنی كورده‌كان و خهمسارییان به‌رامبه‌ر به پرسێكی ئاوا كامانه‌ن؟
وه‌ڵام: پێم وانیه مه‌سه‌له خه‌مساری بێ. وه‌ك باسم كرد، له ورمێ و به گشتی له هه‌موو پارێزگاكه‌دا كه به پارێزگای ورمێ ده‌ناسرێ ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌رست و بیری توندڕه‌وی پان توركی به ئیمكانات و پشتیوانیی ڕێژیم، له به‌رامبه‌ر داخوازه‌كانی به‌ربژێره كورده‌كاندا كه به گشتی پێكه‌وه ژیانێكی ئارام و دابه‌ش كردنی ئیمكاناتی ریفاهی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا له چوارچێوه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار دا بوو، یه‌كیان گرته‌وه. ئهوەشمان له بیر بێ كه ڕه‌وتی به‌ر له هه‌ڵبژاردن له خودی ئاكامی هه‌ڵبژاردن گرینگتر بوو. له‌و ڕه‌وته‌دا كورده‌كان توانیان زۆر به ڕاشكاوانه به‌شێكی ئه‌و زوڵم و بێ عه‌داله‌تییه‌ی كه له كوردستاندا به شێوی چه‌ند قات به‌ڕێوه ده‌چێ بێننه به‌ر باس و زه‌قی بكه‌نه‌وه. به شێوه‌یه‌ك كه به‌ربژێره كورده‌كان سه‌لماندیان نه ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ، نه توندئاژۆیی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه ده‌توانێ پێش به نواندنی ڕه‌نگ و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌ییان بگرێ، هه‌ر چه‌ند ڕێگاشیان پێ نه‌درێ كه له كاروباری سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ریی وه‌ڵات دا، ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ڕێژیم‌دا به‌شداری بكه‌ن. به بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ربژێره كورده‌كان، من پێم وایه كۆمه‌ڵگای كورد له‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌لماندی كه له قۆناغی ته‌سلیم بوون به جه‌وی زاڵ و دابه‌ش بوون به سه‌ر پێكهاته‌ی جیاواز كه نه‌توانێ له ده‌وری ویستی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی كۆببێته‌وه تێپه‌ڕیوه. ئه‌وه‌ش ڕووداوێكی ئه‌رێنی بوو.
پ. بۆ داهاتوو ده‌بێ چ بكرێ؟
وڵام: پرش و بڵاویی بزووتنه‌وه‌ی كورد خاڵی لاوازی تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ییمانه و له هه‌موو كات و ده‌رفه‌ت دا زه‌ربه‌مان لێ ده‌دا. كاتێك هه‌موو لایه‌نه‌كانی كورد باسی دێمۆكراسی، پاراستنی مافی مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتێكی به دوور له بنئاژۆیی، توندئاژۆیی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌كه‌ن، ده‌بێ بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ئه‌و نرخانه‌ی تێیدا به‌دی بكرێن، به كرده‌وه هه‌نگاوێك بۆ لێكنزیكبوونه‌وه هه‌ڵبگرن. هاوته‌ریب له گه‌ڵ ئه‌وه، ده‌بێ دیالۆگێكی نه‌ته‌وه‌یی دوور له بهرچاوتەنگی حیزبیمان هه‌بێ كه ده‌رفه‌تمان بۆ بڕه‌خسێنێ، هه‌ل و مه‌رجی هه‌ر هه‌رێم و ده‌ڤه‌رێكی نیشتیمانمان به شێوه‌ی ڕاستبینانه هه‌ڵبسه‌نگێنین و بۆ هه‌ر ڕه‌وت یا ڕووداوێكی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی یا ئیداری به‌رنامه‌ی گونجاو بۆ ئه‌و هه‌رێمه دابنێین. ئه‌وه به مانای واز هێنان له پڕه‌نسیپ نیه. به‌ڵام پێوان و پڕه‌نسیپی دێمۆكراتیك ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌ڕه‌خسێنێ كه هه‌ل و مه‌رجی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك وه‌ك خۆی به جیا له به‌ر چاو بگیرێ و له چوارچێوه‌ی پڕه‌نسیپه گشتییه‌كان دا ده‌رفه‌تی مانۆڤری سیاسی به پێی هه‌ل و مه‌رج له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك دا پێك بهێندرێ.
لە ژماره ٦٧٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه