عه‌لی بداغی کردویه‌تییه کوردی
قه‌ره‌باغ جیا له ئهرمهنیو ئازه‌رییه‌کان نیشتمان‌و شوێنی ژیانی زۆر له کورده‌کانیشه که زۆر پێشترلهوێ ژیاون. ئه‌و ناوچه‌یه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی پێشوودا وه‌ک ناوچه‌یه‌کی خودموختار بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا. ئێستا کورده‌کان له کاتێکدا له باشووری کوردستان‌و خۆرئاوای کوردستان به پشتیوانیی هاوپه‌یمانه جیهانییه‌کان شه‌ڕی داعش دهکهنو له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ڕێکخراوو حیزبی سیاسی و سه‌ربازیی خۆیان هه‌یه؛ له ناوچه‌ی قه‌ره‌باغ لێکبڵاونو تووشی شه‌ڕێک بوون که له ئه‌گه‌ری گڕگرتنی زیاتریدا، بۆ ئه‌وان جیا له ئاوارهییو ماڵوێرانیی زیاتر به‌رهه‌مێکی به‌دواوه نابێ.
***
شه‌ڕو لێکدانی ئه‌م دواییانه‌ی نێوان ئازهربایجانو ئه‌رمه‌نستان توندترین تێکهه‌ڵچوونی نێوانیان له ساڵی ١٩٩٤ به‌م لاوه‌یه.
دوو ڕۆژ دوای ده‌سپێکی شه‌ڕی نێوان ئه‌ڕته‌شی ئه‌رمه‌نستان‌و ئازه‌ربایجان له ناوچه‌ی ناگورنو قه‌ره‌باغ هه‌واڵده‌ریی “ئه‌رمه‌ن پرێس” له زمان ” داویت بایابان”، وته‌بێژی کۆماری خۆڕاگهیهندراوی قه‌ره‌باغ بڵاوی کرده‌وه که: ” یه‌که‌م نیشانه‌کانی گورگه بۆرهکانو داعشمان له هێله‌کانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا بینی. “داویت بایابان” ده‌ڵێ له ڕێگه‌ی گوندنشینه‌کانی ناوچه سنوورییه‌کانی قهرهباغو ئازه‌ربایجانه‌وه بۆمان ده‌رکه‌وتوه که‌سانێک که به زمانی عهڕهبیو زمانێکی جیا له ئازه‌ری ده‌دوێن له ناوچه‌کانی شه‌ڕدا بینراون.
هاوکات ماڵپه‌ڕی “ئیزه‌دی پرێس” کۆمه‌ڵێک وێنه‌و ڤیدیۆی بڵاو کردۆته‌وه که له‌واندا هێزه‌کانی ئه‌ڕته‌شی ئازه‌ربایجان بۆ نیشاندانی توانای سه‌ربازیی خۆیان سه‌ری له له‌ش جیاکراوه‌ی سه‌ربازێکی ” ئیزه‌دی”ی ئه‌ڕته‌شی ئه‌رمه‌نستانیان به‌رز کردۆته‌وه.
له ساڵه‌کانی نێوان ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ و له شه‌ڕه‌کانی پێشووی نێوان ئه‌رمه‌نستان‌و ئازه‌ربایجاندا که کوژرانی زیاتر له ٣٠ هه‌زار کهسو ئاواره‌بوونی پتر له ٨٠٠ هه‌زار که‌سی لێکه‌وته‌وه، به هه‌زاران که‌س له ژێر ناوی جیهاد له وڵاتانی پاکستان، ئه‌فغانستان، تورکیه‌و ناوچه‌ی خودموختاری چێچێن له ڕیزی سوپای ئازه‌ربایجاندا بوون‌و له پێناو ئیسلامدا شه‌ڕی ئه‌رمه‌نییه مه‌سیحییه‌کانیان ده‌کرد.
مێژووی نیشته‌جێبوونی کورده‌کان له قه‌فقاز
ناوچه‌ی ناگورنۆ قه‌ره‌باغ که له مێژ ساڵه ناکۆکیی نێوان ئه‌رمه‌نستان‌و باکۆی له‌سه‌ره، به ڕووبه‌ری ٤٤٠٠ کیلۆمێتری چوارگۆشه ناوچه‌یه‌کی قه‌تیس له وشکانی له قه‌فقازی باشوور و له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاخه‌کانی قه‌فقازی بچووکه. ئه‌و شوێنه له خۆرئاوا له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نستان، له باشوور له‌گه‌ڵ ئێران‌و له باکوور‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ کۆماری ئازه‌ربایجان هاوسنووره.
قه‌ره‌باغ ده‌مێک ساڵ پێش ئهرمهنیو ئازه‌رییه‌کان نیشتمان‌و شوێنی زۆر له کورده‌کان بووه. ئه‌و ناوچه‌یه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌تی پێشوودا وه‌ک ناوچه‌یه‌کی خودموختار بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا.
ئایشێ حوڕ (Ayşe Hür ) ڕۆژنامه‌نووسی تورک که له مێژووی کورده‌کان ده‌کۆڵێته‌وه، له سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێستا ناکۆیی نێوان ئه‌رمه‌نستان‌و ئازه‌ربایجانی له‌سه‌ره ده‌ڵێ: ” مێژووی نیشته‌جێبوونی کورده‌کان له ناوچه‌ی قه‌فقاز ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ده‌کانی ٩ و ١٠ ی زایینی. هیندێک سه‌رچاوه‌ش ده‌ڵێن کورده‌کان له سه‌ده‌ی ١٦ ی زایینی‌و له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌کاندا هاتوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه. ئه‌و سه‌رچاوه مێژوویییانه ده‌ڵێن شاعه‌بباسی سه‌فه‌وی به مه‌به‌ستی دروستکردنی ناوچه‌یه‌کی جیاکه‌ره‌وه له نێوان ئێران‌و عوسمانی‌دا هۆزه کورده‌کانی له خوراسانو موسڵڕا بۆ ئه‌و ناوچه‌یه گواسته‌وه.
وه‌ک له قسه‌کانی “ئایشی حوڕ” ده‌رده‌که‌وێ ئه‌و ناوچه‌یه له سه‌ده‌کانی ١٧و ١٨ دا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گه‌کانی قهرهباغو ئێرهواندا بووه، دیاره زۆربه‌یان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی قه‌ره‌باغدا بوون. له‌گه‌ڵ لکاندنی ئه‌و ناوچه‌یه به ڕووسیه‌ی تێزارهوه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له قه‌ره‌باغ، کورده‌کانی ناوچه‌که‌ش که‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسه‌کانه‌وه. ئیدی له‌و ڕێکه‌وته‌وه پرسی پێدانی خودموختاری به کورده‌کان هاته بهرباسو له سه‌رده‌می یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌تدا وه‌دیهات.
کوردستانی سوور، دیاریی لێنین بۆ کورده‌کان
دوای شۆڕشی ئۆکتۆبرو له ڕۆژی حه‌وتی ژوئییه‌ی ١٩٢٣دا، به بڕیاری لێنین، ناوچه کوردستانییه‌کانی نێوان ئه‌رمه‌نستان‌و ئازه‌ربایجان وه‌ک “ئهویزهد”ێك، [پله‌یه‌ک خوارتر له ناوچه‌ی خودموختار] به‌ناوی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تیی ” گوجی قاجییۆڤ دامه‌زراو شاری لاچین کرا به ناوه‌ندی ئه‌و کوردستانه. لاچین، گوڵبه‌جار، زه‌نگیلان، شووشاو قوبادلوو شاره گه‌وره‌کانی ئه‌و هه‌رێمه کوردییه بوون.
کۆماری سۆسیالیسیتیی ئازه‌ربایجان ئه‌گه‌رچی له کاتی دامه‌زرانی ناوچه‌ی خودموختاری کوردستانی سووردا پێشوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌و بڕیاره نه‌کرد، به‌ڵام له دژی بڕیاری مۆسکۆش ڕانه‌وه‌ستا. کۆماری سۆسیالیستیی ئه‌رمه‌نستانیش که به‌پێی ڕێککه‌وتننامه‌ی ١٩٢١ ی مۆسکۆ ناچار به چۆڵکردنی ئه‌و ناوچه‌یه بۆ ئازه‌ربایجان ببوو، ئه‌و بڕیاره‌ی زۆر به‌دڵ بوو.
یه‌کێک له خاڵه‌کانی جێی باس‌و پرسیار له دامه‌زرانی کوردستانی سووردا تێخستنی شاری قوبادلوو له نێو جوغرافیای سیاسیی ئه‌و ئهویزهده بوو. ده‌یوید بابایان، لێکۆڵه‌ری ئه‌رمه‌نی پێیوایه ئه‌و ناوچه خودموختاره که له نێو سنووره‌کانی کۆماری سۆسیالیستیی ئازه‌ربایجاندا دروست ببوو، شاری قوبادلوو که هیچ کوردێکی تێدا نه‌بوو و سه‌دی ٩٨ی دانیشتووه‌کانی ئازه‌ری بوون و ئه‌وی دیکه‌ی ئه‌رمه‌ن بووه؛ بۆیه خرابووه نێو ئه‌و جوغرافیایه تا پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تیی کوردستانی سوور که ئه‌و کات ٥١٢٠٠ که‌س بوو، له سه‌دی ١٠٠ بۆ سه‌دی ٧٣ بگۆڕن.
گرینگیی کۆماری کوردستان به ده‌رکه‌وتنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی باقرۆڤ کاڵ بۆوه‌و له ٨ی ئاوریلی ١٩٢٩ و له‌گه‌ڵ پێکهاتنی کۆمه‌ڵێک ئاڵوگۆڕ له به‌ڕێوه‌به‌ریی ئیداری _ سیاسیی ئازه‌ربایجاندا، کوردستانی سوور هه‌ڵوه‌شاو ناوچه‌کانی تێکه‌ڵ به قه‌ره‌باغ کران.
له 25 ی مانگی مه‌ی ١٩٣٠ دا ” ئوکروگ”ی کوردستانی سووور دامه‌زرا و زه‌نگیلان و جهبرالی چوونه پاڵی؛ به‌ڵام له ٢٣ ی ژووئیه‌ی ساڵی ١٩٣٠دا جارێکی دیکه‌ش سنووری جوغرافیایی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت ئاڵوگۆڕی تێدا پێک هات و هه‌موو ناوچه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌کان هه‌ڵوه‌شان. به‌مجۆره تۆماری مێژووی شه‌ش ساڵه‌ی کوردستانی سوور تێکه‌وه پێچرا و ستالین دیارییه‌که‌ی لێنین به کوردانی له‌وان ئه‌ستانده‌وه.
هه‌وڵه‌کان بۆ ژیاندنه‌وه‌ی کوردستانی سوور
له‌گه‌ڵ ڕووخانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌رمه‌نستان‌و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر ناوچه‌ی قه‌ره‌باغ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه. له ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا ئازه‌ربایجان ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا نه‌ماو کورده‌کان بوونه ده‌سته‌چیله‌ی ئاوری شه‌ڕو پێکهه‌ڵپڕژانی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته. له جه‌نگه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دا هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی ئازهربایجانو ئه‌رمه‌نستان‌و هه‌ر کام به جیا به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌و کوردانه ده‌دا که به هۆکاری جۆراوجۆر کۆچی زۆره‌ملێیان پێکرابوو. ئه‌وان به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه، به ڕه‌سمی ناسین‌و ته‌نانه‌ت دامه‌زراندنه‌وه‌ی “کوردستانی سوور”یان پێده‌دان.
له‌و نێوه‌دا له ساڵه‌کانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ دا هه‌ندێک له چالاکانی کورد‌و یه‌ک له‌وان وه‌کیل مستهفایوف هه‌وڵی ژیاندنه‌وه‌ی کوردستانی سووریا‌ن دا. وه‌کیل مستهفایوڤ ده‌یگوت له شه‌ڕی نێوان ئه‌رمه‌نستان‌و باکۆدا کورده موسوڵمانه‌کان به‌لای ئازهربایجانو کورده ئیزه‌دییه‌کانیش به‌لای ئه‌رمه‌نستاندا شکانه‌وه‌و ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه که کورده‌کان به‌ره‌وڕووی یه‌کتر ببنه‌وه‌و له مێژووی کورده‌کاندا براکوژییهکی دیکه‌ش بێته ئاراوه.
دوای تێکشکانی ئازه‌ربایجان له شه‌ڕی قه‌ره‌باغدا، کورده ئیزه‌دییه‌کان که له به‌ره‌ی ئه‌رمه‌نستاندا به دژی ئازه‌ربایجان شه‌ڕیان کردبوو، له شاری لاچین، پێته‌ختی کوردستانی سوور، ئاڵای کوردستانیان به‌رز کرده‌وه‌و به خوێندنه‌وه‌ی سروودی نه‌ته‌وه‌یی “ئه‌ی ڕه‌قیب” کردیان به جێژن‌و خۆشی. به‌ڵام که‌مێک دوای ئه‌و ڕووداوه ئه‌رمه‌نییه توندئاژۆکان به پشتگیریی ژێربه‌ژێری ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نستان ئاڵای کوردستانیان هێنایه خوارێ‌و ڕێیان له دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له ناوچه‌ی ناگوڕنو قه‌ره‌باغ گرت.
ئێستا کورده‌کان له کاتێکدا له باشووری کوردستان‌و ڕۆژاوای کوردستان به پشتیوانیی هاوپه‌یمانه جیهانییه‌کان شه‌ڕی داعش دهکهنو له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ڕێکخراوو حیزبی سیاسی‌و سه‌ربازیی خۆیان هه‌یه‌و خه‌بات دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌که‌ن، له ناوچه‌ی قه‌ره‌باغدا لێکبڵاونو به‌هۆی نه‌بوونی رێکخراوی سیاسی‌و حیزبی تووشی شه‌ڕێک بوون که له ئه‌گه‌ری گڕگرتنی زیاتریدا، بۆ ئه‌وان جیا له ئاوارهییو ماڵوێرانیی زیاتر چیی دیکه‌ی به‌دواوه نابێ.
لە ژماره ٦٧٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه