بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی 47- 1346لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا سەڕەڕای کورتیی تەمەنی (١٨ مانگ) و سنوورداربوونی جوگرافیاکەی (ناوچهکانی سهردهشت، بانه، مەهاباد، بۆکان، پیرانشار) بە قوناخێکی گرینگ و شوێندانەر دێتە ئەژمار. گرینگیی ئەم بزووتنەوەیە دەکرێ بەم جۆرە فۆڕموولە بکەین:
ئەلف/ لە دوای رووخانی کۆماری کوردستان راستە چالاکی و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بە هەموو هەڵکشان و داکشانیەوە رانەوەستابوو، بەڵام لە ئاست کاریگەری و رەنگدانەوەی ئەم بزاڤە لە کوردستان و ئێران زۆر کەمڕەنگ بوو.
ب/ یەکەم جار بوو لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ڕێکخراوێکی حیزبی له خهباتی ئازادیخوازانهی خۆیدا شێوازی خەباتی چەکدارانهی گرتبێتە بەر.
ج/ ڕێژیمی پەهلەوی لەم ساڵانەدا تەواو هەستی بە سەقامگیری و ئاسایش دەکرد بە جۆرێک حەمەڕەزاشا ئێرانی بە دوڕگەی “ئارام”ی دەریای تۆفانلێدراوی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ناو دەبرد، بەڕێکەوت نەبوو کە پاش تێپەڕبوونی ٢٦ ساڵ لە سەڵتەنەت، ساڵی ١٣٤٦ شا تاجی لهسهر نا. بزووتنهوهی ٤٦-١٣٤٥ ئارامیی ئەم دوڕگەیەی شێواند.
د/ شوێنەواری ئەم بزووتنەوەیە تەنیا بە کوردستان سنووردار نەمایەوە، بەڵکوو بوو بەهۆی بەخشینی وزە و ورە بەو بیرۆکە چریکییە کە هێشتا لە ئێران نەچووبووە قۆناخی کردارییەوە و دوو ساڵ دواتر ڕووداوی (سیاهکل) بوو بە دەسپێکی خەباتی چەکدارانەی هێزه سهرانسهرییهکان بە دژی ڕێژیم.
هـ/ هەرچەندە ئەم بزاڤە لە رووی سەربازییەوە تێکشکا، بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە بەشداربووانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ دوو وەچەی پاش خۆیان بوون بە سێمبول و ئیلهامدهری خەبات و تێکۆشان.
و/ ئەم بزووتنەوەیە کوردستانی تێکەڵ بەو ڕهوتە خەباتگێڕانهیە کرد کە لە دەیەی ١٣٤٠ی هەتاویدا لە “هانۆی”، “پراگ”، “هاوانا”، “ئەلجەزیرە”، “پاریس” و “غەنا”دا لە هەڵچوون و کەفوکوڵدا بوو.
لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە لەسەر ئەم رووداوە بەهۆی کهمیی بەڵگە و دێکومێنت ئەستەم و دژوارە، بەتایبەتی کە بهشی زۆری رێبەرانی ئەم بزاڤە گیانیان لە دەستدا ¬(١) و لە رێگەی ئەوانەوە هیچ چەشنە زانیارییهکمان دەست ناکەوێ. ئەوەندەی هەیە چەند نامەیەکی سولهمان موعینی و سمایل شەریفزادەن کە بە نرخن و دوو سێ ژمارەی بڵاوکراوەی “تیشک” و هەروەها بیرەوەریی کەسانێک کە لە دوور و نزیکەوە پەیوەندییان پێیانەوە هەبووه.
هەر ئەم کهمیی زانیارییەش وای کردوە کە روانگە و بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە بێتەگۆڕێ. بۆ وێنە: روانگەیەک پێی وایە “بارودۆخی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا لە لایەک و ئەو فشارە کە بۆ کادرەکانی حیزب دەهات لە لایەکی دیکەوە، هێندێک لە بەڕێوەبەران و کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ناچار کرد، کوردستانی عێراق بهجێ بێڵن و بێنەوە کوردستانی ئێران”. ئەوەی پرسیار دەخاتە سەر ئەم روانگەیە ئەوەیە ئهدی چۆن بوو بەدەیان ئەندامی رێبەری، کادر و پێشمەرگەی حیزب “ناچار” نەبوون باشووری کوردستان بهجێ بێڵن و تا کۆتایی بزووتنەوەکەش هەر لەوێ حاوانەوە. کەوابوو ئەو فورسەت و مەجالە بۆ ئەو تێکۆشەرانەش کە باشووری کوردستانیان بهجێ هێشت رەخسابوو و دەیانتوانی “ناچار” نەبن کوردستانی عێراق بهجێ بێڵن. ئەوەی کە خاڵی جیاکهرەوەیە لە نێوان ئەم دوو دەستەیە، فاکتەری ئیرادەیە کە لەلای بەشێکیان غایبە و ئەمە لە نامەیەکی “سولێمانی موعینی”دا بە روونی دەردەکەوێ: “مەگەر شەرایت نابێ ئەو پێشرەوانە بیخولقێنن و دروستی کەن، یا هەردەبێ ئوردووی سوور بێتەوە جا رزگار بین”.
روانگەیەکی دیکه لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بزووتنەوەکە دەسکردە و کەسانێک و ڕەوتێک لە پشتی بوون و دەڵێ: “حیزبی شیوعی ئەو کاتە هاوپەیمانیەتی دەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەبوو و بەم بۆنەوە لەگەڵ شۆڕش کە لە شەری حکوومەتی عێراقدا بوو کەوتبووە دژایەتی و ناکۆک بوون. تەبعەن حەزیان دەکرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرایەک ساز بێ، جا دەگاتە کوێ، کەیفی خۆیەتی، هەر هێندە کە دەگەڵ دەوڵەتی هاوپەیمانی خۆی بڕواتە پێش و ئوموراتی خۆی بۆ بروا بەسە. لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر شۆڕشی باشوور کە رژێمی ئێران پشتیوانی لێدەکات، با ئەوانیش بە یاریدەی حکوومەتی عێراق لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، فیتنەیەک بنێنەوە.” لەم پەیوەندییەدا دەبێ بگوترێ کە حیزبی شیووعی لەم ساڵانەدا نە تەنیا هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نەبوو، بەڵکوو لە دوای کودەتای ساڵی ١٩٦٣ (١٣٤٢) کە بە هاوبەشیی حیزبی بەعس و نەتەوەیییەکان (عبدالسلام عارف) ئەنجام درا، حیزبی شیووعی بە توندی کەوتە بەر پەلامار و راوەدوونان، بە جۆرێک کە سەدان کادر و ئەندامی لێ زیندانی و ئیعدام کران. لەم ساڵانەدا (١٩٦٣-١٩٦٨ز) (١٣٤٢-١٣٤٧هـ) حیزبی شیووعی نە تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات بوو، بەڵکوو لە کوردستان (لە شۆڕشی ئەیلوولدا) هێزی پێشمەرگەیان هەبوو و بەشداریی چەندین شەڕی گەورە وەک شەڕی “هەندرێن ١٩٦٦”یان کرد. ئەو هاوپەیمانەتییەی حیزبی شیوعی و دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەرەتای 70کان دەگەڕێتەوە، واتە پاش کودەتای دووهەمی بەعسیەکان لە ساڵی ١٩٦٨دا؛ ئەوکات کە لەمێژبوو جولانەوەی چەکدارانە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی پێهاتبوو.
روانگەیەکی دیکەی سەرسوڕهێنەر دەڵێ: “بەرێوەبەرانی ئەم بزووتنەوەیە لە حەیفی ململانێی نێوخۆیی و حیزبی چوونەوە و خۆیان بە کوشت دا.” بە پێچەوانە بەڕێوبەرانی ئەم بزووتنەوەیە بە ئاگایییەوە دەستیان داوەتە ئەم کارە و تەنانەت خۆیشیان بۆ گیانبەخشین لە پێناوی ئامانجەکانیاندا ئامادە کردوە. “سولهمان موعینی” لە نامەیەکدا بۆ “کەریم حیسامی” دەنووسێ: “زەمینەی هەموو شتمان ئامادەیە هەر تەنیا لە سەر مەسەلەی ئەودیو راوەستاوین، لایەکی وەلایەکی کەوێ، دەزگای قوڵی (مەبەست حەمەرەزا شایە) وە زەلزەلە دەخەین. ئەو ترس و هەرایەی هاویشتویەتی دڵی خەڵکی بەتایبەتی لە دەرەوە نایهێڵین، بە درێژایی سنوور تەنیومانە و بە جارێک بەسەریدا دەروخێین.” “ئەمما مام حەمە کەریم ئەگەر شەهید بووین خەممان مەخۆ، مەڵی بەخۆرایی چوو، ئێمە دەمانەوێ رێگا خۆش کەین… زانایانە و عادڵانە بێ ئەوەی خۆمان لەبەر چاو بێ دێینە مەیدانەوە…”
ئەمن بە پێچەوانەی ئەو روانگانەی سەرەوە لەمەڕ چۆنیەتیی پێکهاتنی بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٧-١٣٤٦ بیر دەکەمەوە و زەمینە و بەستێنی پێکهاتنی ئەم بزووتنەوەیە لە هۆکار و فاکتەری دیکهدا دەدۆزمەوە کە دەبێ بۆ تاوتوێکردنی بگەڕێینەوە بۆ هەل و مەرجی ئەوکاتی جیهان، ئێران و کوردستان.
ئەگەر قبووڵمان بێ کە هەر دیاردەیەک تەنیا لە زەمینە و بەستێنی مێژوویی تایبەتیی خۆیدا دەکرێ بناسرێ، واتە پەیوەندیی نێوان دیاردە و ئەو بەستێنەی کە تێیدا پێکدێ مێژووی بڕاوەیە، هەروەها ئەگەریش قبووڵمان بێ کە هیچ رووداوێکی مێژوویی لە عەرزی رووت و قووت شین نابێ، واتە شتێکی “تجریدی” و “ابتدا بە ساکن” نیە، بەڵکوو پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لە نێو قۆناغەکان و رووداوەکاندا هەیە. ئێستا لەبەر رۆشنایی ئەم لوژیکەدا دەکرێ ئەو بارودۆخ و زەمینەیه کە بزووتنەوەی چەکدارانهی ٤٦-١٣٤٥ی تێدا پێکهات و لە دایک بوو، وێنا بکەین.
ئەلف/ فەزای سیاسی ئەو سەردەمەی ئێران
١ــ کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٢٢ شکستێکی مێژوویی بوو بۆ ئەو دێموکراسییە رێژەیییە کە ماوەی ١٢ ساڵ بوو کەم و زۆر لە فەزای سیاسیی ئێراندا هەبوو و رێگەی بۆ سەرەڕۆیی و توندوتیژی خۆشکرد.
٢ــ کۆتاییهاتن بەو فەزا سیاسییە نیمچەکراوەیە کە لەنێوان ساڵەکانی ٤٢-١٣٣٩ بە هۆی ناکۆکیی نێوان حەمەرەزا شا و عەلی ئەمینی، سەرۆک وەزیرانی جێی متمانەی ئەمریکایییەکانهوه پێکهاتبوو، کە تێیدا حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی قانوونی (بەرەی نیشتمانی) و بزووتنەوەی خوێندکاری سەرلەنوێ چالاک ببوونەوە.
٣ــ تێکشکانی خوێناویی ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ١٣٤٢ کە رووحانیەتی شیعە مودیرییەتی دەکرد.
٤ــ حهمەڕەزا شا رێبەریی “شۆڕشی سپی” ی خۆی کردبوو کە ئەمریکایییەکان بەسەریاندا سەپاندبوو و لە پڕوپاگەندەی خۆیدا نەمانی سیستەمی فئۆداڵیی بە گوێی جیهان راگەیاند و لە درێژەی ریفۆرمەکانیدا رێگەی بۆ پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆش کرد و ئەو سەرمایەدارییەی بە ئابووریی سەرمایەداری جیهانییەوە گرێ دا.
ب/ بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆن
دوو هێزی سەرەکی کە نەیاری حەمەڕەزاشا بوون بریتی بوون لە حیزبی توودە و بەرەی نیشتمانی. حیزبی توودە دوای کودەتای 28ی گەلاوێژ و ئەو زەبرەی لەلایەن ڕێژیمەوە لێیدرا لە راستیدا تا شۆرشی ساڵی 57 نەیتوانی پشت راست بکاتەوە و لەو سەردەمەدا وەک حیزبێکی دوورخراوە کە رێبەرانی لە “لایپیزیک”ی ئالمانی رۆژهەڵات باروبنەیان خستبوو، زۆرتر لە دوورەوە چاوەدێر و بینەری رووداوەکانی ئێران بوو.
بەرەی نیشتمانییش کە لە ساڵی ٣٩دا سەرلەنوێ لە ژێر ناوی بەرەی نیشتیمانی دووهەمدا خۆی رێکخستبۆوە بەنیاز بوو لە رێگەی چالاکیی قانوونییەوە درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدا، کەوتە بەر پەلاماری دەزگا پۆلیسی و ئەمنییەتییەکانی رێژیم و زۆربەی رێبەرانی گیران و زیندانی کران یان دوورخرانەوە و بەم جۆرە شکانی گشتیی ئۆپۆزیسیۆن عەمەلی بوو.
ئێستا دەکرێ بڵێین کە شکان و سەرکوتی خوێناویی راپەڕینی ساڵی ٤٢ و بەدوای ئەودا سەرکوتی ئۆپۆزیسیۆنی قانوونی وەک دوایین ئەزموونی چالاکیی ئاشکرا و دێموکراتیک کە تا ئەوکات هەوڵیان دەدا لە رێگەی خۆپیشاندانی هێمنانە و مانگرتن و رێگە یاسایییەکانی دیکەی نارەزایەتیدەربڕینهوه لە خەبات بە دژی رێژیم بەردەوام بن لەلایەک، و سەپاندنی کەش و هەوای فشار و سەرکوت و دەستئاوهڵایی ساواک بۆ راوەدوونان و گرتنی نەیارانی سیاسی لەلایەکی دیکەوە، نیشانەی داخرانی رێگەکانی خەباتی ئاشتیخوازانە و هێمنانە بوون و شکست و سەرنەکەوتوویی ئەو شێوازانەی خەباتی بۆ تێکۆشەرانی سیاسی دەرخست. بەم جۆرە رێگە بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی خەبات کرایەوە کە ئەویش خەباتی نائاسایی و نائاشتیخوازانە بوو، بەتایبەت کە کەشوهەوای سیاسیی جیهانیش بەتایبەتی لە وڵاتانی “جیهانی سێهەم” کە تێیدا گوتاری شۆڕش و رادیکالیزم زاڵ بوو، بۆ پەنابردن بۆ شێوازی توندوتیژانە هاندەر بوو.
موهەندیس مەهدی بازرگان کە بە تاوانی ئەندامبوون لە “نهضت آزادی”دا گیرابوو ساڵی ١٣٤٣ لە پێشبینییەکی واقیعبینانەدا لە بەردەم دادگای نیزامی بەڕێوەبوونی تارمایی سەردەمێکی نوێ لە خەبات رادەگەیەنێ و دەڵێ: “ئێمە دوایین کەسانێکین کە لە رێگەی قانوونی بنەڕەتیی مەشرووتەوە خەباتی سیاسی دەکەین، ئێمە چاوەڕوانیمان لە سەرۆکی دادگا ئەوەیە کە ئەم تێبینییە بە کاربەدەستانی سەرەوەش رابگەیێنێ”
ج/ خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە جیهاندا
لەم قۆناغە لە مێژوودا ئەگەر گوتاری زاڵ لە “جیهانی سێهەم”دا گوتاری شۆڕش و رادیکالیزمە، شەپۆلی رادیکالیزم و هەوڵ بۆ گۆڕینی نۆڕم و بایەخەکانی باو و کۆن، ئەمریکا و ئوروپاشی گرتەوە. ئەو قۆناغە لە زەمان شاهیدی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە دەرکی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پێویستیی خەبات لە دژی شێوەکانی کۆنترۆڵ و دەسەڵات بوو. لەڕاستیدا چەشنێک رووحی خەباتگێڕی دنیا و بەتایبەتی “جیهانی سێهەمی” گرتبۆوە:
ــ لە ئەمریکا بزووتنەوەی مافی مەدەنیی رەشپێستان کە ناوی “مارتین لوتێرکینگی” خستە سەرزمانان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ژنان، بزووتنەوەی دژی شەڕی ڤیێتنام، بزووتنەوەی هیپیگەری و چەند بزووتنەوەی دیکه لە دەیەی 40دا شکڵیان گرت.
ــ ساڵی ١٩٦٨ز (١٣٤٧هـ) پاریس شاهیدی راپەڕینی بەربڵاوی خوێندکاران بوو، راپەرینێک کە خوێندکارانی ئەمریکا و مەکسیک لە خۆرئاوا تا لەهستان و چێکسڵۆڤاکی و یوگۆسڵاڤیی سوسیالیستی لە خۆرهەڵاتی گرتەوە. بە وتەی ئەریک هابزباوم: “راپەرینێک کە کوتایی بە قۆناخی ژنراڵ دۆگۆل لە فەڕانسه و سەرۆکە دیموکراتەکانی ئەمریکا هێنا و لەگەڵ خۆی زۆر نۆڕم و بایەخی نوێی هێنان”.
ــ هەر لەو ساڵهدا (١٩٦٨) دێموکراسیخوازانی چێکۆسڵۆڤاکی بەڕێبەریی “دوبچێک” لە بەرامبەر یەکیەتیی سۆڤیەتدا راوەستان کە “بەهاری خوێناویی پراگ”ی لێکەوتەوە.
د/ جیهانی سێهەم “دڵی گوتاری شۆڕش و رادیکالیزم”
ــ لە پاش کوتایی شەڕی دووهەمی جیهانی و لە ئاکامی سەرکەوتنی بزووتنەوەکانی رزگاریخوازی و شکانی مێژوویی کۆلۆنیالیزم، دەیان وڵات بە وەدەرنانی داگیرکەران بە سەربەخۆیی گەیشتن، لوتکەی ئەم سەرکەوتنانە دەیەی ٤٠ بوو. “قەوام نکرومە” لە غانا، “سیکوتورە” لە گینە، “پاتریس لۆمۆمبا” لە کۆنگۆ و “جمال عبدالناصر” لە میسر بە ناوبانگترین سیما بەرچاوهکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی بوون کە خەڵکانی جیهانی سێهەم ستایشیان دەکردن.
ئەوەی کە هەم نەیارانی شۆڕش و هەم شۆڕشگێرانی سەرسام کردبوو، شێوەی ئەسڵیی خەباتی شۆرشگێڕانه لە جیهانی سێهەمدا بوو، واتە شەڕی چریکی و پارتیزانی لەم سەر تا ئەو سەری جیهان. بە پێی ئامارێک کە لە ساڵەکانی ٥٠ گیراوە، لە کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانییهوه تا ئەوکاتە 32 شەڕی گەورەی چریکی تۆمار کراوە. لە نێو ئەو شەڕە چریکییانەدا شۆڕشی چین، سەرکەوتنی خەباتی رزگاریخوازانەی “ئەلجەزایرییەکان” سەرکەوتنی گەلی ڤیێتنام بەسەر فەرانسەیییەکاندا و دواتر تەنگهەڵچنین بە ئەمریکایییەکان و شۆرشی کووبا بوون بە ئیلهامدهری شۆڕشگێڕان لە جیهانی سێهەمدا و یەک لەوان شۆڕشگێڕانی کورد کە وەک ئولگوویەک پەیرەوییان لێبکەن و ئەمە لە نامەیەکی سولهیمانی موعینیدا دەبینین کە دەنووسێ: “چاوگیرانێک بەسەر رابردووی گەلانی دیل و ژێر چەپۆکە و تێبینی و بیرکردنەوە لەسەر جوڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ قەلاچۆکردنی خێرای ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی، ئێمە بەسەر ئەو راستیەدا دەخا کە دەست و بردمان سەرکەوتنی تێدایە”.
ناو و ناوبانگی “مائو”، “جیاب”، “کاسترۆ”، “چەگوارا” و “هۆشی مینە” کە سەرکردە و رێبەرانی ئەو خەباتانە بوون لە هەموو شوێنێک دەبیسترا و ببوونە سێمبوولی سیاسیی میلیۆنان لاو. “مسعود بهنود” مێژوونووس و رۆژنامەنووسی ئێرانی لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەوەی گلەیی لە وەچەی لاوی ئێرانی ئەو سەردەمه دەکا، دیمەنێک لە کەشوهەوای سیاسیی ئەو ساڵانەش وێنا دەکا و دەنووسێ: ” ئەو وەچەیە لە رۆژگارێکدا بێ ئەوەی شتێک لە بارەی “میرزا کوچک خان” بزانێ، کووچە و کۆڵانەکانی “هاوانا”ی دەناسی، هەموو یارانی کاسترۆی بەناوی بچووک بانگ دەکرد، خەبەری هەبوو کاسترۆ و چەگوارا لەسەر چی کێشەیان ههبووە، “کۆنگۆی” وەک ئاو لەبەر بوو، ئەوەندەی دوژمنی “موسی چومبە” بوو، هی “سپهبد زاهدی” نەبوو.”
هەمدیسان “بهنود” دەنووسێ: “کاسترۆ ئۆلگووی کۆمەڵگەی بێ ئۆلگوو بوو و دواتر دەرکەوت کە لەو کۆمەڵگەیەی قارەمانیشی هەبوو، جێگا و شوێنی کاسترۆ لە تەنیشت قارەمانانی نەتەوەیی بوو، لاوەکانی میسری هیچ وێنەیەکیان لە وێنهی “عبدالناصر” لەلا خۆشەویستتر نەبوو، مەگەر ئەو وێنەیە کە ناسر لەلای ئەو کوبایییە بالابەرزە راوەستابوو.”
با ئەو دانپێدانانە لە زمان “علی شریعتی” ئیدئولۆگی شۆڕشی ئیسلامییش ببیستین: “نەسلی خەباتگێر و رووناکبیری ئەو سەردەمە رووی لە مارکسیزم و ئێگزێستانسیالیزم کردوە و لە فیدێل کاسترۆ و لێنین و چەگوارا و وێت کونگ ئیلهامی وەرگرتوە”.
لە بیرمان نەچێ کە ئەو کەشوهەوایە کاردانەوەی تەنیا بە “جیهانی سێهەم”هوە نەبوو، ئەگەر “هۆشی مینە” چووە نێو گۆرانییەکی هونەرمەندی کورد “شوان پەروەر”، لە خۆپێشاندانەکانی “مانگی مەی ١٩٦٨”ی پاریسیش هاواری “هۆ” دەبیسترا و ئەگەر “مسعود بهنود” گازەندەی لە لاوانی ئیحساساتی هەیە، بۆ “ارنست همینگوای” و فەیلەسوف “ژان پل سارتر” کە خەڵاتی نۆبڵیان پێ بەخشرابوو، دەڵێ چی؟ خۆ ئەوانیش ستایشگری کاسترۆ بوون، با “فرانتس فانون و اریک هابزباوم”یش لەولا دانێین.
خاڵێکی دیکەی جێی ئاماژە کە هەر لەو ساڵانەدا رووی دا و شوێنەواری لەسەر ئەم کەشوهەوایە و گوتاری رادیکالیزم و شۆڕش دانا، کێشەی نێوان چین و یەکیەتیی سۆڤیەت بوو. ئەم کێشەیە کە بە بیانووی “ڕێڤێزیۆنیسمی مۆدێڕن” خۆی لە هێنانەئارای تێزی “پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە” و رەخنەگرتن لە “ستالین” بەهۆی “خروشچوف”دا دەدۆزیەوە و لە دوای کۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٦دەستی پێکردبوو، گەیشتە لوتکە و سەرئەنجام کەرتبوونی کەمپی سۆسیالیستی و دیاردەیەک بە ناوی “مائۆئیزمی” لێکەوتەوە. شوێنکەوتووانی “مائۆئیزم بە تایبەتی لە “جیهانی سێهەم” شۆڕشی چین و ئەزموونەکانەکانی خەباتی حیزبی کۆمۆنیستی چین بە رێبەریی “مائۆ”یان دەکرد بە ئۆلگووی خەبات و پەیڕەوییان لێدەکرد کە بریتی بوو لە پشت بەستن بە هێزی جووتیاران و دروستکردنی پێگەی چریکی لە لادێ و گەمارۆی شارەکان بەهۆی گوندەکان و شەڕی درێژخایەنی پارتیزانیدا، ئۆلگویەک کە رێبەرانی بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ لە بڵاوکراوەی “تیشک”دا کە زمانحالی ئەو بزووتنەوەیە بوو، پروپاگەندەیان بۆ دەکرد.
“کورش لاشایی” لە رێبەرانی “سازمان انقلابی حزب تودە” کە لە ژێر کارتێکەریی مائوئیزمدا لە حیزبی توودە جیا بوونەوە و چەند مانگێک لەگەڵ پێشمەرگەکان (سمایل شەریفزادە، حەمەدەمینی سیراجی و عەبدوڵڵای موعینی) لە ناوچەدا گهڕابوو دەنووسێ: “مارکسیزمی چینی بەلایانەوە مەنتقیتر بوو تا مارکسیزمی چەشنی رووسی” ئەو رۆژەی لە کوردستانەوە دەگەڕامەوە “عەبدوڵڵای موعینی” پێی گوتم: کاتێک گەڕایەوە هەرکام لە ئێمە دەسرۆکەیەکی سوور لە مل و کتێبێکی سوور لە دەست، شۆڕش هەڵدایسێنین (مەبەست کتێبی سووری مائۆیە).
بەم جۆرە لە هەلومەرجێکدا کە گوتاری رادیکالیزم و شۆڕش بە تایبەتی لە جیهانی سێهەمدا باوە و لە ئێران هیچ دەرەتانێک بۆ خەباتی قانوونی و هێمنانە نەماوە و سەرەرۆیەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایە، وەچەیەکی نوێ لە تێکۆشەرانی سیاسی کە بەشێکیان خۆیان لە ڕەوتێکی چەپی نوێدا دەدیتەوە، هاتنە سەر ئەو باوەڕە کە تەنیا رێگەی بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژێمی حەمەرەزا شا، خەباتی چەکدارانەیە. “علی اصغرحاج سید جوادی” ساڵی ١٣٤٦ دەنووسێ: “رووحی زەمانە هیچ رێگەیەکی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە جگە لەوە کە مافی خۆی لە جەنگەڵدا وەدەست بێنێ تاوەکوو لە پەرلەمان”.
ئەم قەناعەتە لە نامەیەکی “سمایلی شەریفزادە”دا روونتر و پێداگرانەتر جەختی لەسەر دەکرێ: “ئەمڕۆ توفانێکی بە تەوژمی شۆڕشگێرانە سەرانسەری وڵاتەکەمانی داگرتوە، کۆمەڵانی خەڵک هاتوونەتە سەر ئەوەی کە تەنیا رێگەی رزگاری دەستدانە چەک و وەشاخ کەوتنە. رێگەی رزگاریی هەموو نەتەوە ژێردەست و چەوساوەکان هەر رێگەی راپەرینی کۆمەڵاتی زەحمەتکێشە، واتە شەڕی پارێزانی کە لە پێشدا دەبێ لە دێهاتەوە دەستپێبکرێ و کۆمەڵانی هەراوی جوتیارە تێکۆشەرەکان هان بدا بۆ خەباتی چەکدارانە”.
ئەم وەچە نوێیە کە لە سەرەتای دەیەی ٤٠ بەو مەبەستە هاتە مەیدان و ئامادە بوو لەگەڵ نیزامی پادشایەتی شەڕ ڕابگەیەنێ لە سفرەوە دەستی پێکرد، بێ ئیمکانات بوو، بێ ئەزموون بوو و تەنیا ورە و ئازایەتیی شک دەبرد و لەسەر پێیخۆڕاوەستان (٢). هەر بۆیە دەبینین دەیان هەستەو گرووپی مارکسیستی و تەنانەت چەند تاقمێکی ئیسلامییش دامەزران کە بەرنامەی خەباتی چەکدارانه و تەبلیغ و پشتیوانی لەو خەباتەیان هەبوو. بەڵام زۆربەی ئەو گرووپ و هەستانە تا کۆتایی دەیەی ٤٠ واتە تا ساڵی ١٣٤٩ کە رووداوی (سیاهکل) رووی دا نەیانتوانیبوو کارێکی جیددی بکەن و لەلایەن ساواکەوە کەوتنە بەر پەلامار و ئەندامەکانیان گیران و زیندانی کران (٣).
بەڵام لە کوردستان ڕەوتی رووداوەکان جۆرێکی دیکه بوو، ئەو وهچە نوێ و خوێنگەرمە کە لە بزووتنەوەی خوێندکاریی 42-39دا بەشدار ببوون و لە ژێر کاریگەریی گوتاری شۆڕش و رادیکالیزمدا بوون و بەتایبەتی لەگەڵ گەرمبوونی خەبات و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان، بۆ پیادەکردنی ئەزموونەکانی شۆڕشی چین لەگەڵ ژمارەیەک لە کادرە بە ئەزموونەکانی حیزب لە باشووری کوردستان روویان لە شاخەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و مەشخەڵی راپەڕینێکی چەکدارانەیان هەڵایساند و دوڕگەی ئارامی حەمەڕەزا شایان کە تازە پاش ٢٦ ساڵ هەستی بە دڵنیایی و ئاسایش دەکرد و “تاجگذاری”ی کردبوو، شڵەژاندو بەم جۆرە کوردستانیش تێکەڵ بەو رووحە خەباتگێرییە بوو کە لە “پاریس”، “پراگ”، “هاوانا”، “هانۆی”، “ئەلجەزیرە” و “غانا” لەو سەردەمانە لە هەڵچوون و کەفوکوڵدا بوو.(٤)
پەراوێزەکان
(١) حەمەدەمینی سیراجی یەکێک لە رێبەرانی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە بوو و لەراستیدا تەنیا ئەندامی رێبەریی ئهم بزووتنەوە بوو کە بە سەلامەت دەرچوو. ئەو دەیتوانی زانیاریی بە نرخ بە دەستەوە بدا، بەڵام ئەویش لەم بارەیەوە هیچی لە پاش بەجێ نەما.
(٢) زۆر جار بیستراوە کە دەڵێن: “تەنیا چیاکان دۆستی کوردانن”. ئەم وتەیە بۆ بزووتنەوەی (٤٧-٤٦) هیچ کات ئەوەندە لە جێی خۆیدا و لە راستی نزیک نەبووە.
(٣) دوو رێکخراوی “چریکهای فدایی خلق” و “سازمان مجاهدین خلق” کە خەباتی چەکدارانەیان لە دژی ڕێژیمی حەمەڕەزا شا بەڕێوە دەبرد لە نیوەی یەکەمی دەیەی ٥٠ی هەتاویدا بە چالاکیی خۆیان رێژیمیان ههراسان کردبوو.
(٤) ئەم وتارە تەنیا تەرخان کرابوو بۆ چۆنیەتیی دروستبوونی بەستێن و ئەو فاکتەرانە کە کاریگەریان لەسهر شکڵگرتنی ئەم بزووتنەوەیە ههبوو. بێگومان رەهەندەکانی دیکهی وەک کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر کوردستان و ئێران، دەستکەوتەکان، کەم و کوڕی و هۆکارەکانی شکستهێنانی پێویستییان بە بابەت و لێکۆڵینەوەی دیکه هەیە.
(٥) سەرچاوەکانی ئەم وتارە لە رۆژنامەی کوردستاندا پارێزراون.
لە ژماره ٦٧٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه