ڕەنگبێ هیچ چین‌و توێژێکی کۆمەڵگه‌ی ئێران بە قەت چینی کرێکار دڵیان بە وادەو بەڵێنەکانی حەسەن ڕووحانی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری خوش نەبووبێ. بەڵام ئه‌وان لە سێهەمین ساڵی سەرکۆماریی ڕووحانی‌دا لە کاتێکدا ڕۆژی کرێکاریان بەڕێکرد کە ئاسۆی دواڕۆژیان پتر لە هەموو کاتێک لێڵ‌و ناڕوونە.
ئەگەر خەڵک رۆژانە لە رێگەی میدیاکانەوە باسی داخرانی کارگەو کارخانەکان دەبیستنو دەخوێننەوە، کرێکاران بە ئێسک‌و پێستەوە هەست بە ژان‌و کەسەری ئەو موسیبەتە تاڵە دەکەن. کار بۆ چینی کرێکار بە مانای ترووسکایی ژیانێکی کۆڵەمەرگییە و، بێ‌کاری واتای ڕاوەستانی ژیان‌و کەوتن بە سەر نەهامەتییەکاندایە.
کێشەی سەرەکیی ئەمڕۆی کرێکاران لە ئێران نەبوونی ئەمنیەتی شوغلیو مۆتەکەی لەدەستدانی کارەکانیان بەهۆی داخرانی کارگەو کارخانەو یەکە بەرهەمهێنەکانەوهیه.
“خانەی سەنعەت، سامانەكان‌و بازرگانی”ی ئێران ده‌ڵێ لە ئێران تا ٦ ساڵ لەوە پێش نزیك بە ١٥٥ هەزار یەكەی بچووكی پیشەسازیی چالاك هه‌بوو که لەم یەكە پیشەسازییانەدا نزیك بە ٤ میلیۆن‌و ٤٠٠ هەزار كەس کاریان ده‌کرد، به‌ڵام لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا سەدی ٤٥ی ئەم کارگه‌و کارخانه بچووکانه بە هۆی سیاسەتی چەوتی كۆماری ئیسلامییه‌وه داخران.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان ئێستا نزیك بە ٧٩ هەزار یەكەی پیشەسازیی بچووک لە کۆی ١٥٥ هەزار یەكەو کارگه‌ی بچووکی ئێران داخراون‌و له‌و سۆنگه‌یه‌وه ٢ میلیۆن كەسیش كارەكانیان لەدەست داوه‌و چوونه پاڵ حه‌شیمه‌تی بێكارانی ئێران.
لە خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی ١١ی بانەمەڕ، ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا ئەمساڵ لە تارانیش عەلیڕەزا مەحجووب، سكرتێری گشتیی “خانەی كارگر” ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار كەسی دیکه له کرێکاران ئەمنیەتی شوغڵییان نیە.
ئەم ئەندامە پلەبەرزەی فراكسیۆنی كرێكاریی مەجلیس نەیشاردەوە کە لە داهاتوودا زیاتر لە یەک میلیۆن كەسی دیکه‌ش ده‌که‌ونه پاڵ ئەم ئامارە.
لە کرێکارانی بەشە سەنعەتییەکان بترازێ لە ئێران زۆرترین بەشی کرێکاران ئەوانەن که لە کەرتی بیناسازی‌و خانووبەرەدا کار دەکەن. هەواڵەکان لەو پێوەندییەشدا دڵتەزینن، چونکی دەڵێن سه‌دی ٦٠ی کرێکارانی خانووبه‌ره له ئێران بێکارن.
چالاکانی کرێکاری دەڵێن کرێکاره‌کانی به‌شه‌کانی دیکه، بۆ نموونه کرێکارانی به‌شی سه‌نعه‌ت‌و کارخانه‌کان کاتێک کاره‌کانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن ڕوو ده‌که‌نه کرێکاری له به‌شه‌کانی وه‌ک کشتوکاڵ یان بیناسازیدا، به‌ڵام کرێکارانی بیناسازی کاتێک بێکار ده‌بن ئیدی جێیه‌ک شک
نابه‌ن کاری تێدا بکه‌ن.
ئیمزاکردنی گرێبەستی کاتیی کار، یان ئیمزای سپی‌و بێبەشی لە مافی بیمە کێشەیەکی دیکەی حەشیمەتی کرێکار لە ئێرانە.
عەلی ڕەبیعی، وه‌زیری کاری ده‌وڵه‌تی ڕووحانییش به‌هاری ساڵی ڕابردوو و له ڕۆژی جیهانیی کاردا به‌ڵێنی دا که ده‌وڵه‌ت هه‌موو کرێکاره‌کانی بیناسازی بیمه بکا، به‌ڵام نه‌ک ئه‌و واده‌یه جێبه‌جێ نه‌کرا، به‌ڵکوو چه‌ند مانگ دواتر محه‌ممه‌د حه‌سه‌نی زه‌دا، جێگری رێکخراوی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕایگه‌یاند که به‌هۆی ئه‌وه‌ی بوودجه‌ی پێویست بۆ بیمه‌ی کرێکارانی بیناسازی دابین نه‌کراوه، به‌ڵکوو بیمه‌ی ١٤ هه‌زارو ٢٦٣ کرێکاری بیناسازییشیان لێ بڕیون. ئەویش لە حاڵێکدا کە کانوونی ئه‌نجومه‌نه سینفییه‌کانی کرێکارانی بیناسازی له ئێران ده‌ڵێ که زیاتر له یه‌ک میلیۆن کرێکاری خانووبه‌ره له ئێران هیچ جۆره بیمه‌یه‌کیان نیه و له هه‌موو ماف و ئیمکانات‌و کارئاسانییه‌ک بێبه‌شن.
بێجگه لە ئەمنیەتی کاری ، بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار بە دۆخی ژیانی کرێکاران کەمیی حەقدەستی کرێکارانە. وەزارەتی کار لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ئەمساڵی ٨١٢ هەزار تمەن دیاری کردوە، ئەویش لە حالێک‌دا کە بەپێی بەراوردی ناوەندی ئامار هێڵی هەژاری لە شارە گەورەکان نیزیک دوو میلیۆن تمەن‌و لە شارە چووکەکان سەرووی میلیونێکو ٤٠٠ هەزار تمەنە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە زیاتر لە نیوەی کرێکاران لە ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاریشدا وه‌زاره‌تی ته‌عاون، كار‌و خۆشگوزه‌رانیی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕاپۆرتێكی لەبارەی ههقدهستو تێچووی بنه‌ماڵه‌ی كرێكاران بڵاو كرده‌وه كه نیشانده‌ری فره‌وانیی قەڵشتی نێوان داهاتو ژیانی ژێر هێڵی هه‌ژاریی زیاتر له نیوه‌ی كرێكارانه.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە داهاتی نیوه‌ی یەکەمی بنه‌ماڵه كرێكارییەکان لە ئێران كه‌متر له لانیكهمی ئەو ههقدهستەیە کە بە رەسمی ڕاگه‌یه‌ندراوه. ئەو قەڵشتەی نێوان داهاتو تێچووی ژیانی کرێکارانیش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئەوان به‌دوای كاری دووهه‌مدا بگه‌ڕێن. به‌پێی ئامارە ڕەسمییەکان سه‌دی ٦٠ی كرێكارانی ئێرانی بۆ دابینكردنی تێچووی ژیان جگه لە په‌نابردن بۆ شوغڵی دووهه‌م هیچ چاره‌یه‌كیان نیه.
ئازادیی پێکهێنانی رێکخراوی سینفیی سەربەخۆ و ئازاد کێشەو داوایەکی دیکەی کرێکارانە.
کرێکاران له ئێران له سه‌ر ویست‌و داخوازی خۆیان ناتوانن ڕێکخراوو کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی خۆیان هه‌بێ، ناڕهزایهتیو داوا سینفییه‌کانی ئه‌وان به چالاکیی ئه‌منیه‌تی دژی نیزام لێک ده‌درێته‌وه‌و هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین له زیندانه‌کانی وڵات‌دا که‌م نین ئه‌و چالاکه کرێکارییانه که له‌سه‌ر داوای سینفیی خۆیان قورسترین حوکم و درێژماوه‌ترین سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
پاش هەموو ئەوانە ئەمجار نۆره دێتە سەر ئەمنیەتی گیانیی کرێکاران لە شوێنی کار‌و کاتی کارکردن‌دا.
پزیشکیی قانوونیی ئێران دەڵێ ڕۆژانه 5 كه‌س له ئێران به هۆی رووداوی كار گیانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. له ساڵی ڕابردووش‌دا ١٤٩٤ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوەو لە ماوەی یەک مانگ‌و نیوی سەرەتای ئەمساڵیشدا زیاتر لە ١٨٠ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان داناوە.
بۆیه زیادمان نه‌گوتوه ئه‌گه‌ر بڵێین بە سەرنجدان بەو دۆخە ئەمڕۆکە کرێکار لە ئێران لە نێو دوو بەرداشی بێمافیو ترسی لە دەستدانی کارەکەیدا ڕۆژ و شەو دەکاتەوە، ڕۆژ و شەوێک کە بۆ ئەو ماناکەی جیاوازە، ئەو کار ناکا بۆوەی بژی، بەڵکوو دەژی بۆ ئەوەی کار بکا، ئه‌ویش ئەگەر دەستی کەوێو شەرمەزاری ماڵ‌و منداڵی نەبێ.
لە ژماره ٦٧٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه