گه‌نده‌ڵیی ئیداری دیارده‌یه‌كه تایبه‌ت نییه به وڵاتێكی دیاریكراو یان قۆناغێكی زه‌مه‌نیی دیاریكراو له ژیانی گه‌لان، به‌ڵكوو له هه‌موو وڵاتانی جیهاندا و له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی ژیانی مرۆڤدا به ڕێژه و شێوه‌ی جۆراوجۆر و جیاواز بینراوه و ده‌بینرێ. ئه‌و دیارده‌یه كه به خۆركه‌ی ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌لان شوبهێنراوه كاتێك ئاوێته به گه‌نده‌ڵیی سیاسی بێ، به‌ته‌واوی بنه‌ما ئه‌خلاقی و ژێرخانییهكانی كۆمه‌ڵگە له‌بن دێنێ و ده‌بێته ئاڵترناتیڤی مه‌شڕووعیه‌تی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌رزشیی كۆمه‌ڵگە. بۆ تێگه‌یشتنی وردتر له‌و هاوكێشه‌یه، سه‌ره‌تا پێناسه‌یه‌ك له گه‌نده‌ڵیی ئیداری و ده‌رهاویشته‌كانی ده‌كه‌ین و پاشان وێنایه‌ك له گه‌نده‌ڵیی سیاسی ده‌رده‌خه‌ین و له كۆتاییدا په‌یوه‌ندیی دانه‌بڕاوی ئه‌و دوو چه‌شنه له گه‌نده‌ڵی له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا ده‌خه‌ینه ڕوو.
گه‌نده‌ڵیی ئیداری له ساده‌ترین پێناسه‌دا بریتییه له‌و كرده‌وانه‌ی كه فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆیاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و تێیدا ڕێوشوێنه یاساییه‌كان پشتگوێ ده‌خه‌ن و له ئه‌نجامدا ماف یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تاكه‌كه‌سی ده‌فه‌وتێنن یان جێگۆڕكێی پێ ده‌كه‌ن. لێره‌دا گریمانه‌ی ئه‌وه كراوه كه هه‌موو كاروباره ئیدارییه‌كانی وڵات له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی ڕێكوپێكی یاساییدا ڕێك خراوه و كادری ئیداری به جێبه‌جێكردنیان ڕاسپێردراوه و ئه‌وه سه‌رپێچیی كادری ئیدارییه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵیی ئیداری. كه‌واته ناتوانین به ته‌واوی پشت به‌و پێناسه‌یه ببه‌ستین به تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی كه هێشتا خاوه‌ن سیسته‌مێكی یاسایی داڕێژراو نین و ئێرانیش یه‌كێكه له‌و ولاتانه‌ی كه به‌ده‌ر نییه له بۆشایی یاسایی له‌و باره‌وه. بۆیه باشتره بڵێین گه‌نده‌ڵیی ئیداری به‌كارهێنانی ناڕه‌وای پێگه و جێگه‌ی خاوه‌نانی ده‌سه‌ڵاتی گشتییه له پێناو گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی دیاریكراوی تایبه‌تی جا بۆ تاكه‌كه‌س بێ، یان گرووپێكی دیاریكراو. لێره‌دا مه‌به‌ست له ناڕه‌وا له ڕووی ئه‌خلاقی و ئهرزشییهوهیه نه‌ك یاسایی.
به‌چاوخشاندنێك به‌و ئامارانه‌ی كه له لایه‌ن ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر پله‌به‌ندیی وڵاتان له‌ڕووی گه‌نده‌ڵیی ئیدارییه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێ كه له نێوان ڕێژه‌ی گیرۆده‌بوونی وڵاتان به گه‌نده‌ڵیی ئیداری و سیسته‌می سیاسیی وڵات، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ته‌واوكه‌ر هه‌یه. به‌جۆرێك كه ئه‌و ڕێژه‌یه له وڵاتانی دێمۆكڕاتیك و گه‌شه‌سه‌ندوو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌متره له وڵاتانی خاوه‌ن سیسته‌می سیاسیی نادێمۆكڕاتیك و ناوهندگهڕا. هۆكاره‌كانی به‌ربڵاویی گه‌نده‌ڵیی ئیداری له‌و وڵاتانه بریتین له:
– نه‌بوون یان لاوازیی دامه‌زراوه‌ی چاوه‌دێریی به‌سه‌ر داموده‌زگا ئیدارییه‌كانی ده‌وڵه‌ت یه‌كێك له گرینگ‌ترین هۆكاره‌كانی ده‌ستئاوه‌ڵایی فه‌رمانبه‌ران و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ته بۆ خراپبه‌كارهێنانی پێگه‌ی كاریی خۆیان. به‌و پێیه‌ی ڕه‌فتاره‌كانی فه‌رمانبه‌ر به‌شێوه‌ی لۆژیكی پشت به ڕیسای سوود-تێچوو ده‌به‌ستێ، نه‌بوونی چاوه‌دێری له سیسته‌می ئیدارییدا تێچووی ئاشكرابوونی گه‌نده‌ڵی ئیداری داده‌به‌زێنێ و فه‌رمانبه‌ر به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی هان ده‌دا.
– له‌و وڵاتانه‌ی كه ده‌زگای دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆیان نییه و به‌تایبه‌ت ده‌زگای دادوه‌ری له ژێر هه‌ژمونیی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن دایه، زه‌مینه‌ی په‌ره‌گرتنی گه‌نده‌ڵیی ئیداری له‌بارتر ده‌بێ.
– كاتێك قه‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت زۆر گه‌وره‌یه و ده‌ست له هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگە وه‌رده‌دا له ئابوورییه‌وه بگره تا فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و هتد، به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان هاووڵاتی و فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت زیاتر ده‌بێ و ده‌رفه‌تی گه‌نده‌ڵیی ئیداری زیاتر ده‌ڕه‌خسێ. كه‌واته بۆڕۆكراسیی فراوانی ئیداری، ڕووتینی فراوانی ئیداریی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش ڕێخۆشكه‌ره بۆ گه‌نده‌ڵیی ئیداری.
گه‌نده‌ڵیی سیاسی هه‌رچه‌نده خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌زی هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵیی ئیداری، له هه‌مان كاتدا جیاوازیی جه‌وهه‌ری له نێوانیاندا هه‌یه. به ئاماژه‌كردن به‌و جیاوازییانه پێناسه‌یه‌كی ڕوونمان له‌و چه‌مكه ده‌ست ده‌كه‌وێ. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جیاوازییه‌كان بریتین له:
– ڕه‌فتاره‌كانی گه‌نده‌ڵیی ئیداری له لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له ئاستی خواهوهو مامناوه‌نددا و هه‌روه‌ها به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی یان گرووپیی دیاریكراودا ئه‌نجام ده‌درێ بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی سنووردار‌و دیاریكراو، له‌كاتێكدا ڕه‌فتاره‌كانی گه‌نده‌ڵیی سیاسی به‌شێوه‌ی ڕێكخراو و سیستماتیك به ئامانجی كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر هه‌موو كه‌رته‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام ده‌درێ. بۆ نموونه گرووپێك به‌شێوه‌ی ڕێكخراو هه‌وڵ ده‌دا له‌ڕێگای نامهشڕووعهوه كار بكاته سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بناغه‌كانی دێمۆكڕاسی و ده‌نگی خه‌ڵك. لێره‌دا ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له ئاستێكی به‌ربڵاودا گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێ.
– گه‌نده‌ڵیی ئیداری به‌پێی یاسا به تاوان ده‌ژمێردرێ به‌ڵام گه‌نده‌ڵیی سیاسی هیچ پێگه‌یه‌كی له‌یاسادا نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكارانی سیاسی خۆیان خاوه‌نی یاسا و ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن و دادوه‌رین له وڵات‌دا. گه‌نده‌ڵیی ئیداری و سیاسی ته‌واوكه‌ری یه‌كترن بۆ تێكدانی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵات. ئه‌زموونی كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ك نموونه‌ی سیستمێكی گه‌نده‌ڵ له ڕووی ئیداری و سیاسییه‌وه ئه‌و واقعیه‌ته‌مان به‌رچاو ده‌خا كه گه‌شه‌ی ئابووری و سیاسی وه‌ك دوو كۆڵه‌كه‌ی گه‌شه له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ته‌نیا ئه‌وكاته مومكین ده‌بێ كه گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی به‌سه‌ر ئه‌و سیستمه سیاسی و بهڕێوهبهرییهدا بێ.
ڕووداوی ڕووخانی مێترۆپۆلی ئابادان و شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینه‌كانی خه‌ڵك چه‌ند په‌یامی گرینگی بۆ ده‌سه‌ڵات له لایه‌ك و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌كی تر تێدابوو:
– هه‌رچه‌ند ناكرێ نكۆڵی له گه‌نده‌ڵیی به‌ربڵاوی دامه‌زراوه‌كانی بیناسازیدا بكرێ كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی نزیك له ده‌سه‌ڵاته‌وه پاوان كراون، به‌ڵام ڕوودانی ڕووداوی هاوشێوه‌ی میترۆپۆلی ئابادان له وڵاتانی دیكه‌شدا بینراوه، له كاتێكدا دژكرده‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ئێرانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه. ڕه‌گداكوتانی هاوكاتی گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئیداری له ئێران‌دا، دیوارێكی بڵیندی بێمتمانه‌یی له‌نێوان گه‌لانی ئێران به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات لێكه‌وتۆته‌وه كه له پشت هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی هاوشێوه، هه‌ڵوێستی دوژمنكارانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بینن. خه‌ڵك گومانی له سزادانی گه‌نده‌ڵكاران له لایه‌ن ده‌زگای دادەوە هه‌یه، خه‌ڵك گومانی هه‌یه كه ڕێوشوێنی پێویست بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت بگیرێته به‌ر و هه‌روه‌ها خه‌ڵك دڵنیایه له‌وه‌ی كه ده‌زگای ئیداری و سیاسیی وڵات نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ناكا. ئه‌و دروشمانه‌ی له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌ران له ئابادان و شاره‌كانی دیكه‌ی خووزستان دهبیسران، كۆی پێكهاته‌ی كۆماری ئیسلامیی كردبووه ئامانج.
ڕووخانی میترۆپۆلی ئابادان له‌ڕوانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه ته‌نیا به‌رهه‌می هه‌ڵه و كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسانی ئیداریی شار و پارێزگا نه‌بوو، به‌ڵكوو ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی حاكمیه‌تی وڵامده‌ر و میدیای سه‌ربه‌خۆ و به كورتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خامنه‌یی و داروده‌سته‌كه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگەی ئێرانه‌وه‌یه و بێزاریی خۆپێشانده‌ران له حاكمیه‌ت كه به دروشمه‌كانیانه‌وه دیار بوو، به‌ڵگه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و واقعیه‌ته‌ی ئاماژه‌ی پێ كرا.
له ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابه‌دوای ڕووخانی مێترۆپۆلی ئابادان، به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی له ڕێبه‌ر و سه‌رۆك كۆماره‌وه بگره تا به‌رپرسانی ناوچه‌یی، به‌رده‌وام باس له سزادانی لایه‌نی به‌رپرس له‌و ڕووداوه ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها به‌لێنی قه‌ره‌بوو به بنه‌ماڵه‌ی قهربانیان ده‌ده‌ن. ئاشكرایه له سیسته‌مێكی وڵامده‌ر و دیمۆكڕاتیكدا كه هاووڵاتیان متمانه‌یان به ده‌سه‌ڵات هه‌یه ئه‌وه ڕێگاچاره‌ی لۆژیكیی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی كه‌یسی له‌و شێوه‌یه‌یه، به‌ڵام گه‌لانی ئێران باش ده‌زانن كه لایه‌نی به‌رپرس له هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه ڕۆژانه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێین له بێكاری و گرانییه‌وه بگره تا زه‌وتكردنی ماف و ئازادییه‌كانیان، نه شوڕای شار و شاره‌دار و نه پارێزگاره، به‌ڵكوو خامنه‌یی و سپای پاسداران و دامه‌زراوه‌كانی نزیك له ده‌سه‌ڵاتن. گه‌لانی ئێران پاش تێپه‌ڕینی 43 ساڵ به سه‌ر چه‌وساندنه‌وه و كاره‌سات و بێ مافی به‌ده‌ست ئه‌و ڕێژیمه‌وه، چیتر به‌و به‌ڵێنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێن. هه‌ر بۆیه ڕێگه‌چاره‌ی خه‌ڵك زۆر جیاوازه له ڕێگاچاره‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ویش بریتییه له نه‌مانی كۆماری ئیسلامی.