[بێتوو دەسەڵاتدارانی ئێران بەشی خۆیان لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن -کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردوو وێناچی کاری ئەوتۆ بکەن- دەرگای چەکی ناوکی دوای ماویەکی نە زۆر دوور بۆیان ئاواڵا دەبێ. بەڵام ڕەنگبێ داواکانیان تەنانەت بۆ بایدنیش زۆر بێ.]
چەند مانگە بازاڕی گرەوی ڕێککەوتنی ناوکی لەنێوان سەرکۆمار بایدن و دەسەڵاتدارانی ئێران گەرمە. بایدن بەڵێنی دابوو هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لە ڕێککەوتنی سەرکۆمار ئۆباما کە لە ٢٠١٥ واژۆی کرد و سەرکۆمار ترامپ لە ٢٠١٨ لێی کشایەوە، “درێژمەوداتر و بەهێزتر” دەبێ؛ بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ملیان نەدا.
ئەوان داوای پاشەکشە لەدوای پاشەکشەیان کرد، چونکە دەیانزانی نێردەکانی بایدن ئیدیعا دەکەن ئەوان پێشیان بە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە توانایی بەرەهەمهێنانی چەکی ناوکی گرت، تەنانەت ئەگەر ئەو ئیدیعایە بە تەواوی دوور بێ لە ڕاستی.
هاتبا و دەسەڵاتدارانی ئێران بەشی خۆیان لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردبا، کە بە لەبەر چاو گرتنی ڕابردوو وێناچی ئەو کارەیان کردبا، دەرگاکان بەرەو یانەی ناوکی لە ماوەیەکی نە زۆر دووردا ئاواڵا دەکرا. ڕێککەوتنەکە زایەڵەی ڕێککەوتنێک دەبوو کە لە ١٩٩٤ سەرکۆماری ئەوکاتی کلینتۆن بە شانازییەوە ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنە پێش بە دەستڕاگەیشتنی کۆرەی باکوور بە چەکی ناوکی دەگرێ.
ئێستا کاتی هەواڵە خۆشەکەیە: دوایین داواکاریی تاران دانوستانەکانی تووشی وەستانێکی ڕوون و ئاشکرا کردوە. ڕێژیمی مەلایان لەسەر ئەو داوایە پێداگرە کە وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ سوپای پاسداران لە لیستەی ڕێکخراوی تێرۆریستیی بیانی بێنێتە دەر. بایدن تەسلیم نەبووە. ڕەنگبێ هۆیەکەی ئەوەبێ کە ئەو دەزانێ بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی سوپای وڵاتە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٦٠٠ ئەمریکایی بە چەکی ئەوتۆ کوژراون کە لەژێر چاودێریی سوپای پاسداراندایە و بەتایبەتی بۆ کوشتنی ئەمریکاییان گەشەیان پێ دراوە، بە قاچاخ براون بۆ عێراق و دراون بە میلیشیای شیعە و سوپای پاسداران شێوەی کەڵک لێوەرگرتنیانی فێری ئەوان کردوە. ئەو بێگومان دەزانێ کە سوپای پاسداران بەرپرسی هێرش بۆ سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، سووریە و لوبنانە و پشتیوانی لە حیزبوڵڵا، حەماس، جیهادی ئیسلامیی فەلەستین و حوسییەکان دەکات.
زۆربەی ئەوانەی لەسەر جۆرێکی لاوازتر و کورتمەوداتری ڕێککەوتنی سەرکۆمار ئۆباما پێداگرن، نکۆڵی لەوە ناکەن کە سوپای پاسداران ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە. بەڵام ئەوان دەڵێن دەستنیشان کردنیان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریست تەنیا شتێکی “سیمبۆلیکە” و لەبەر ئەو هۆیە گرینگ نییە. ئەوە دەبێ بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوە سەرسوڕهێنەر بێ کە لیستەیەکی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی بیانی لەبەر دەستدایە کە ناوی ٧٠ تاقمی تێرۆریستی تێدایە، لە ناویاندا ئەلقاعیدە و داعش. بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما ٢٥ ڕێکخراوی بە لیستەکەوە زیاد کرد.
حەوتووی ڕابردوو، وەفدێکی بنەماڵەکانی ئەستێرەی زێڕین [مەبەست کەسوکاری ئەو کەسانەیە کە لە کاتی خزمەت بە نیشتمان گیانیان بەخت کردوە. و.]، کەسوکاری ئەندامانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا کە بە چەکی ئێرانی کوژراون یان بریندار بوون، هاتن بۆ واشینگتۆن و داوایان لە بایدن کرد ناوی سوپای پاسداران لە لیستەی تێرۆریستان نەسڕێتەوە. چاوپێکەوتنەکە دوای ناردنی نامەیەک دێت کە لەو دواییانەدا لە لایەن ٩٠٠ برینداری جەنگ و ئەندامانی بنەماڵەی ئەستێرەی زێڕین واژۆ کرابوو و تێیدا دژایەتیی خۆیان بۆ سڕێنەوەی ناوی سوپای پاسداران لە لیستەی تێرۆریستاندا دەربڕیبوو.
سەرەتای ئەمساڵیش نامەیەک لەلایەن زیاتر لە هەزار کەس کە لە جەنگدا بەشدارییان کردووە و ئەندامانی بنەماڵەکانیان نێردرا کە تێیدا داوایان لە بایدن کردبوو میلیاردان دۆڵار لە دراوی دەستبەسەرداگیراوی ئێران ئازاد نەکات. ئەو دراوە دەبوو بۆ قەرەبووکردنەوەی دایک و باوک و هاوسەرانی کەسانی کوژراو بە دەست کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی تەرخان بکرێ. بێتوو ئەو دراوە بدرێتە دەسەڵاتدارانی تاران، بۆ تێرۆریزم و شەڕانشۆیی زۆرتر کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
لە کاتێکدا ئەو مشتومڕە لە ئارادایە، سوپای پاسداران بێدەنگ دانەنیشتوە. ڕۆژی یەکشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لێدوانێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا گوتراوە: “لەو چەند مانگەی دواییدا هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێرۆری ژەنڕاڵێکی ئەمریکایی لە ئاڵمان، ڕۆژنامەنووسێک لە فەڕانسە و سیاسەتوانێکی ئیسڕائیلی لە تورکیە پووچەڵ کراونەوە… ئەو هێرشە تێرۆریستییانە لە لایەن ڕێبەرانی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران فەرمانیان بۆ دراوە، پەسەند کراون و پشتگیریی داراییان بۆ تەرخان کراوە و ئامانج ئەوە بووە کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ بکرێن.”
هەر لەوکاتدا ئانتۆنی بلینکن، وەزیری کاروباری دەروە دانی بەوە داناوە کە تاران هێشتا “هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر کاربەدەستانی هەنووکەیی و ڕابردووی ئەمریکایە.”
لە کاتی لێپرسینەوەی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران کە لە سەرەتای ئەم حەوتوویە بەڕێوە چوو، سەناتۆر تێد کروز لە بلینکنی پرسی: “ڕاستە کە دانوستانکارانی ئەمریکایی بەتایبەتی داوایان کردوە تا سوپای پاسداران بەڵێنی بدا دەست لە هەوڵەکانی بۆ کوشتنی کاربەدەستانی پێشووی ئەمریکایی هەڵگرێ و ئاخۆ ڕاستە ئەوان گوتوویانە نا؟”
ئەو ئەوەشی زیاد کرد: “ئەگەر ئەوان چالاکانە داواکە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن، “نا، ئێمە درێژە بە هەوڵەکانمان بۆ کوشتنی وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشوو دەدەین،” ئەو بیرۆکەیە کە دانوستانکارانی ئێمە لە ڤییەن دانیشتوون و دەڵێن، “باشە، ئەوە زۆر باشە، کەوابوو چەند میلیارد دۆڵاری دیکەتان بدەینێ؟ ئەوە دەگەڵ ئەقڵ یەک ناگرێتەوە.”
ئەو ڕاستییەی باسی نەکرا ئەوە بوو کە مەلاکانی ئێران، بێجگە لە بەئامانجگرتنی کاربەدەستانی پێشوو و هەنووکەیی وڵاتە یەکگرتووەکان، هەڕەشەیان لە چەند پسپۆری کاروباری ئێران لە ناوەندەکانی توێژینەوە کردوە، لە نێویاندا ئەو شوێنەی من کاری لێ دەکەم.
ئەوانی ڕابردوویان لەبیر نەکردووە لەبیریان ماوە، لە ٢٠١١، ئێف بی ئای پیلانی تەقاندنەوەی کافە میلانۆ، ڕێستورانێکی لوکسی “جۆرج تاون” لە کاتێکدا کە عادل ئەلجوبەیر، باڵوێزی ئەو کاتی عەڕەبستانی سعودی لە وڵاتە یەکگرتووەکان لەوێ ژەمی شەوی دەخوارد، پووچەڵ کردەوە. مشتەرییەکانی نزیک مێزەکەی ناوبراو دەبوونە قوربانیی لاوەکی. گریمانە دەکرێ ئەو پیلانە دەگەڵ گەلێک پیلانی دیکە، ئەندازیارەکەیان قاسم سولەیمانی بووە، سەرۆکی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کە پسپۆڕی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تێرۆریستی و میلیشیایی لە سەرانسەری دنیایە. سەرکۆمار ئۆباما بەڵێنی کاردانەوەی جیددیی دا، بەڵام قەت جێبەجێی نەکرد. بەڵام، لە جانیواری ٢٠٢٠ سولەیمانی لە بەغدا بە فەرمانی سەرکۆمار ترامپ، کە لە تویتێکدا شیی کردەوە کە ژەنڕاڵەکە “هەزاران ئەمریکایی لە ماوەیەکی دوور و درێژدا کوشتبوو و بریندار کردبوو و خەریکی دانانی پیلان بۆ کوشتنی ڕێژەیەکی زۆرتر بوو” لە هێرشێکی ئاسمانیدا کرایە ئامانج. دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵێنی “تۆڵەی سەخت”یان دا. هێرشەکانی دواتر دژی ئەمریکاییان لە عێراق و شوێنی دیکە وێدەچێ نەبوونە هۆی ڕەزامەندیی ئەوان.
چەند دێموکڕات ئێستا دەنگی خۆیان خستۆتە پاڵ دەنگی کۆمارییەکان لە دژایەتییان بۆ سڕینەوەی ناوی سوپای پاسداران لە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکان. سێناتۆر مەنەندێز، سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران ڕۆژی یەکشەممە بە فاکسنیوزی گوت: “من داوا لە بەڕێوەبەرایەتی [بایدن] دەکەم تێ بگا کە ڕێکنەکەوتن لە ڕێککەوتنێکی خراپ باشترە.”
ئەوجار چ دەقەومێ؟ بە لەبەر چاو گرتنی ئەو ئەقڵییەتەی دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیارەکانیان دەدەن، تێگەشتنی کارێکی دژوارە.
لە پێوەندی دەگەڵ بایدن، ئەو دەتوانێ تووڕە بێ. بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو بڕیار بدا دەست بۆ ئامرازی دیکە بەرێ تا پێش بەوە بگرێ کە کۆماری ئیسلامی ببێتە پشتیوانێکی تێرۆریزم کە چەکی ناوکیی هەیە. بێتوو ئەو کارە بکات، ئیسڕائیل و هاوپەیمانە عەڕەبەکانی (دەستەواژەیەک کە قەت پێم وانەبوو ڕۆژێک بینووسم!) بە خۆشحاڵییەوە پێشنیارەکانیان پێشەکەش دەکەن.