ئاماژە: ئەم وتارە، پێشەکیی نویترین کتێبم “شەڕی ناسنامە و سەنگەری زمان”ە کە لە مانگی مای ئەمساڵدا چاپ و بڵاو بۆوە.
لەم کتێبەدا کۆمەڵێک توێژینەوە، وتار و بابەت هەن کە تەوەری سەرەکیی بەشێکی بەرچاویان گرنگیی بایەخدان بە زمان لە خەباتی ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزیدایە. زۆربەی ئەم وتار و بابەتانەم لەم چەند ساڵەی دواییدا، نووسیون و ئامادەم کردوون و بەشی زۆریشیان لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە کوردییەکاندا بڵاو بوونەوە. بەڵام بە پێویستم زانی لە دوو توێی کتێبێکدا کۆیان بکەمەوە، بۆ ئەوەی کەسانێک کە حەز بە خوێندنەوە و بە دواداچوونی ئەم جۆرە باسە دەکەن، ناچار نەبن لەم یا ئەو بڵاوکراوە و ماڵپەڕدا بە دوایاندا بگەڕێن. هەروەها دەمەوێ هاسانکارییەکم کردبێ بۆ کەسانێک کە هێشتا بە گەڕانی نێو ماڵپەرەکان و خوێندنەوەی بابەتی ئەلکترۆنی ڕانەهاتوون.
لەو بڕوایەدام دوای خاک یا نیشتمان، زمان گرنگترین فاکتەرە کە نەتەوەیەک هان دەدا بۆ مانەوەی خۆی، بیپارێزێ و بەرگریی لێ بکا. هەر وا کە ئەگەر خاک و نیشتمان لە نەتەوەیەک داگیر بکرێن و ئەو نەتەوەیە تووشی هەڵقەنران و ئاوارەیی لە سەر زەویی خۆی بێ، زۆر زەحمەتە نەتەوەبوونی خۆی بۆ بپارێزرێ، ئەگەر زمانیش لە نەتەوەیەک بستێنرێتەوە، بەرە بەرە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە دەست دەدا و لە زمان و نەتەوەیەکی دیکەدا دەتوێتەوە.
لەو ناوچەیەی ئێمەی کوردی لێ دەژین، جیاوازیی ڕەگەزی و ڕەنگی پێست و قژی نەتەوەکان ئەوەندە دیار و بەرچاو نین. واتە لەم ڕوویەوە سنوورێکی تۆخ و پڕڕەنگ لە نێوانماندا نییە. هەروەها لە ڕووی دین و ئایینیشەوە کورد و نەتەوەکانی دەوروبەرمان بە تایبەتی نەتەوە زاڵەکان، بە زۆری موسوڵمانن. لە ڕووی کولتووریشەوە، بە هۆی سەدان ساڵ پێکەوەژیان و لێکوەرگرتنی کاریگەری، وێکچوون لە نێوانماندا زۆرە. نیشتمانە دابەشکراو و پارچەپارچە کراوەکەشمان، ڕاستە لەسەر بەشێکی زۆری، خاوەنە ڕاستەقینەکەی واتە نەتەوەی کورد دەژی، بەڵام ژینێکی بندەستانەی هەیە. ژینێکی بێبەش لە کیان و دەسەڵاتی نەتەوەیی و تێکەڵ بە هەوڵێکی هەمەلایەنەی داگیرکەران بۆ سڕینەوە و تواندنەوەمان. ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەی کوردستانیان بە سەر خۆیاندا دابەش کردوە، لە ڕێگەی بە فەرمیکردن و زاڵکردن و پشتیوانیی هەمە لایەنە لە زمانەکەی خۆیان و تەنگهەڵچنین بە زمانی کوردی لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، ڕاگەیەنەکانیان و هتد، زۆرترین مەترسییان بۆ سەر زمانی کوردی دروست کردوە. ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەک بە خاکەکەمان و زمانەکەمان لە “ئەوانی تر” جیا دەکرێینەوە. لە سەر خاکێکی داگیرکراو و لکێنراو بە دەوڵەت-نەتەوەیەک کە هی ئێمە نییە، ئەگەر نەتوانین زمانەکەشمان بپارێزین، بە کام فاکتەر و بە کامە ناسنامە، دەتوانین خۆمان لە وانی دیکە بە جیاواز بزانین؟ چۆن دەتوانین بەرگەی هرووژمی هەمە لایەنەیان بگرین؟
لەم ڕوانگەیەوە، زمان دەبێ وەک چەکێک بۆ بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی و وەک سەنگەرێک بۆ ڕاوەستان بەرامبەر سەرکوت و سڕینەوەی نەتەوەیی و زمانی بەکار بهێنرێ. بە خۆشییەوە ئەم تێگەیشتنە لە بارەی گرنگیدان بە زمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگای خۆی کردۆتەوە و ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێ بزووتنەوەیەکی ڕوو لە گەشەی کولتووری کە داوای بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی و خوێندن بەو زمانە لە ڕیزی پێشەوەی داواکانییەتی، لە هەموو پارێزگەکانی کوردستان سەری هەڵداوە. ئەو بزووتنەوەیە فێرکردنی خۆبەخشانەی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی بە هۆگرانی ئەو زمانە، هاندانی بنەماڵەکان بۆ دانانی ناوی کوردی لە سەر منداڵانیان و قسەکردن بە زمانی دایکیان لە نێو بنەماڵە و دەرەوەی بنەماڵە، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر داسەپانی ناوی ناکوردی لە سەر شوێنی ژیان و کاری دانیشتوانی کوردستان، کۆکردنەوەی ئەدەبیاتی زارەکی، ئامادەکردنی فەرهەنگی وشەی زمانی کوردی لە بواری جیاوازدا، بوار ڕەخساندن بۆ بڵاوبوونەوەی دەقی شێعری و ئەدەبیاتی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاندانی زمانەوانان و توێژەران بۆ توێژینەوەی زانستی لە بارەی دیالێکت و بنزارەکانی زمانی کوردی، بایەخدان بە هەبوونی چاپەمەنی بە زمانی کوردی و دەیان جۆر بەرنامە و چالاکیی دیکەی لە خۆ گرتوە.
زۆر لە پێشەنگان و بەشدارانی چالاک و کاریگەری ئەو بزووتنەوەیە، سەبارەت بە هەوڵە بەنرخەکانیان و پێداگری و بەردەوامی لەسەر ئامانجە پیرۆزەکانیان، لەلایەن دامودەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەرەوڕووی ڕێگری، کێشە و گرتن و چوونە بەندیخانە بوونەوە. ئەو بزووتنەوە کولتوورییە لە گەڵ ئەوەی هێشتا بە ئامانجە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی نەگەیشتوە، بەڵام تا ئێرە توانیوێتی ڕۆڵی بەرچاوی هەبێ لە پەرەپێدانی وشیاریی زمانی و وشیاریی نەتەوەیی و، بەرزڕاگرتنی گیانی ناسنامەخوازی و ناسنامەپارێزی لە نێو تاکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
بزووتنەوەی کولتووریی ناسنامەخواز و ناسنامەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان نوێنەرایەتی و ڕێبەریی دەکەن، لێک نامۆ و بێگانە نین. بزووتنەوە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکە، بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی هەوەڵی دامەزرانییەوە، هەڵگری داخوازە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بووە، داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد لە ئێرانی کردووە و بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردی و قبووڵکردنی وەک زمانی ئیداری و خوێندن لە کوردستان، یەک لە داوا هەمیشەییەکانی بووە. ئەم بزووتنەوەیە، بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو، لە ڕووی گرنگیدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە زمان وەک یەک لە گرنگترین فاکتەرەکانی ناسنامەی نەتەوەییان، کاریگەریی خۆی داناوە. ئەوەندەی بۆشی گونجاو بێت، پشتیوانی لە جموجۆڵ و تێکۆشان بە ئامانجی داواکردنی مافە زمانییەکان کردوە.
بزووتنەوەی کولتووریی ناسنامەخواز و ناسنامەپارێز لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە سەر بزووتنەوە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکە شوێندانەر بووە. بەڵگەیەکی بەهێز بووە لەسەر ڕەواییەتی (شەرعییەت)ی داوا سیاسی و نەتەوەییەکانیان و قووڵبوونی ڕەگ و ڕیشەی ویستەکانیان لەنێو خەڵکی خۆیاندا. بڕوای هێزە سیاسییەکان و مرۆڤەکانی بەشدار لەو بزووتنەوە سیاسی و شۆڕشگێڕییەی بە دروستیی ئامانجەکانیان و بەحەقبوونی خەباتەکەیان پتەوتر کردوە.
لەمێژ ساڵە لە سەر ئەو بڕوایەم، تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ئەوەی ڕیزی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی بۆ تێکۆشان هەڵبژاردووە، چ ئەو کەسەی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی هێمنانە و سەرەڕای نەگونجاوبوونی بارودۆخی سیاسیی نێوخۆی وڵات، بۆ مافە زمانییەکان و بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی هەوڵ دەدا، هەر دوویان هەڵگری یەک ئامانجی سەرەکین. ئەو ئامانجەش ڕزگاربوونی نەتەوەی کورد لە ئێران لە بندەستی و بێمافی و، گەیشتنی بە مافی زاڵبوون بە سەر چارەنووسی خۆیەتی. لەم ڕوانگەوەیە کە لە ژمارەیەک لە نووسین و بابەتەکانی ئەم کتیبەمدا، هەوڵ و تێکۆشانی بەشدارانی بزووتنەوەی کولتووریی ناسنامەخواز و ناسنامەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە جۆرێک لە جۆرەکان هاتوونەوە بەرباس و بە پێزانینەوە ئاوڕیان لێ دراوەتەوە. هەر ئەم تێگەیشتنەشم لە نرخ و گرنگیی هەوڵەکانیانە کە وام لێ دەکا چاپی ئەم کتێبەم پێشکەش بە وان، بە پێشمەرگەکانی نێو سەنگەری زمان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بکەم.