دەستێوەردان و ملەتاتکێی سیاسەت لە هەموو کون و قوژبنێکی ژیاندا لەم گۆی زەوییە بووەتە واقعێکی حاشاهەڵنەگر و لە زاری گەورە ڕووناکبیرانی دنیاوە تا بەر دەرک و سەر خواجەنشینەکانی کوێرە دێهاتێکی دابڕاو لە ڕەوتی شارستانییەتی ئاوقەی تەکنۆلۆژیا، باس باسی سیاسەتە و زۆرجار وشەی سیاسەت دەبێتە پاساوی هەموو گیروگرفتەکان و خاڵی کۆتایی زۆربەی دێڕەکان. بەڵام دیاریکردنی کاریگەریی شتگەلی تر لەسەر سیاسەت و باسکردن و ئانالیزکردنی بۆ کۆمەڵگە ئەگەر لە قازانجی دەسەڵاتدا نەبێت دەستبەجێ مۆرک و ناونیتکەوی خۆی وەردەگرێت و بێکاریگەر دەمێنێتەوە، یان دوای ماوەیەک خاوەنبیرانی سەر بە دەسەڵات کە ناتوانین پێیان بڵێین ڕووناکبیر، ئەم کاریگەرییانە لە کارگەی مووچەخۆریی خۆیاندا دەگۆڕنەوە سەر بیروڕایەکی قازانجهێن بۆ ئەو دەسەڵاتەی ژیان و هۆوییەتی پێ بەخشیون. سادق هیدایەت بەم بیرمەندە مووچەخۆرانە دەڵێ ڕووناکبیرانی مەعلووماتفرۆش و بەو کەسانەی کە خاون پلە و پایەی سیاسین و پارێزەری ئەم ڕووناکبیرانەن دەڵێ (رجالە) یان بۆرەپیاوی سیاسی.
هیدایەت وەکوو نووسەرێکی خاوەن ڕوانگەیەکی جیهانی و هاوکات بە خوڵقاندنی دەیان چیرۆک و کورتە ڕومان لە ئاستی ڕێبازە پێشکەوتووەکانی ئەدەبیاتی نیوەی ئەوەڵی سەدەی بیستەمدا لە بەستێنی ڕەوتی ڕووناکبیری لە سەد ساڵی ڕابردووی ئێران مەکتەبێکی بنیات نا کە دەتوانین بە ”مەکتەبی هیدایەت” پێناسەی بکەین. هیدایەت سەلماندی کە کۆمەڵگەی ئێران دەتوانێت بە یارمەتیی فکرییەتی ڕووناکبیرانەی بەڕۆژی خۆی شان بدا لە شانی ئەو وڵاتانەی هەنگاوی بەرەو پێشچوونیان دروست هەڵگرتبوو. بەڵام دوورکەوتنەوەی شەپۆلی ڕوناکبیرانی پاش هیدایەت لەم مەکتەبە نوێیە خەسارێک بوو کە داوێنگیری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بووەوە و لەم لادانە وەهمێک و بۆشاییەک کەوتە نێوان مەکتەبی هیدایەت و ڕێبازی ئەدیبان و هونەرمەندانی ئێرانی و ئەنجامەکەی بوو بە تێنەگەیشتنێکی درێژخایەن و بەلاڕێداچوونی ڕەوتی ڕووناکبیری و لاوازبوونی داهێنانە هونەرییەکانی نێو ئێران. لە نووسینەدا دەتوانین هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی لقێکی ئەو خەسارناسییە بدەین کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی هەیە بە پرسی گەلانی نێو ئێران و بەتایبەت گەلی کوردەوە.
لە مێژووی سەدساڵی ڕابردووی ئێراندا هەر دوو ڕێژێمی دیکتاتۆری پەهلەوییەکان و کۆماری ئیسلامی نەبوون کە وەک دەسەڵات و بۆرەپیاوە سیاسییەکانەوە غەدرێکی زۆریان لە زمان و کولتووری گەلانی غەیرە فارسی نێو ئێران و بەتایبەت گەلی کورد کردوە، بەڵکوو لەلایەن ڕووناکبیران و ئەدیبان و بەگشتی هونەرمەندانی ئێرانییەوە لە سەرانسەری سەدەی بیستەم هیچ هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا نابینین لە هەمبەر پرسی گەلانی غەیرە فارسی نێو ئێران و تەنانەت لە هەمبەر زمان و کولتووریانەوە. بە واتایەکی دی دەتوانین بڵێین فکرییەتی پان ئێرانیزم هەموو بڕیارەکان و تێبینییەکانی خستنە ژیر کاریگەریی خۆیەوە و وەکوو پەتایەک بەری بە نەشونمای ڕەوتی درووستی نوێخوازی لە ئێراندا گرت.
هیدایەت وەکوو نووسەرێک کە خاوەن ڕوانگەیەکی جیهانی بوو لە هەمبەر هەموو دیاردەیەکی سیاسی و فەرهەنگی نێو کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێراندا هیچکات ڕێگەی نەدا کە فکرییەتی شووێنیزمی و پان ئێرانیزمیی دەسکردی پەهلەوییەکان زاڵ بێت بەسەر بیروبۆچوون و هونەر و تەنانەت ڕەفتار و هەڵسوکەوتیدا. لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕەزاخان بە درووشمی ”ئێرانی پێشکەوتوو” هەموو هەوڵێک تاقی دەکاتەوە بۆ ڕاکێشکردنی ڕووناکبیران و هەموو چالاکانی بواری فەرهەنگ و هونەر بۆ ڕەواییبەخشین و دووپاتکردنەوەی ئەم درووشمە، بەڵکوو پاساوی بۆ قەڵتوبڕ و کوشتاری گەلانی مافخوازی نێو ئێران و لە سەرووی هەموانەوە گەلی کورد هەبێ و سیمای دیکتاتورییەتی خۆی بگۆڕێتەوە بۆ سیمای باوکی مودێڕنیتەی ئێران. لەو تیرۆر و کوشتارانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە سەرکوتی بزووتنەوەی لوڕەکان لە باشووری ئێران، میرزا کووچەکخان لە باکوور، سمایل ئاغای شکاک و خەلیل گۆرەمەری لە کوردستان و لە گەرا بنەبڕکردنی زۆر حەرەکەتی مافخوازنە و جیابیرانەی دیکەی نێو ئێران وەکوو یارانی ٥٣ کەسی دوکتور ئەرانی و هتد… .
سادق هیدایەت چاک دەیزانی کە پەهلەوییەکانیش وەکوو قاجاڕەکان دارەدەست و مۆرەی زلهێزەکانن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و سێبەری ئەم دیکتاتورییەتە دزەی کردبووە کون و قوژبنی خەیاڵی نێو زۆربەی چیرۆکەکانیەوە و دەیگوت: ئەگەر ئێمە واز لە سیاسەت بێنین سیاسەت واز لە ئێمە ناهێنێ. هەربۆیە چ بە قەڵەم و چ بە زار و کردەوە دژایەتیی خۆی دەردەبڕی، تەنانەت بە گاڵتەوە لەدژی گرووپی بنەماخوازانی پان ئێرانیستی چالاک لە بواری ئەدەب و هونەری فارسیدا (گرووپی سبعە) کە زۆربەیان نوێنەری هەمان ڕووناکبیرانی مەعلووماتفرۆش بوون، لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێیانی خۆی گرووپی ”ڕەبعە”یان پێکهێنابوو. ئەم گرووپە چوارکەسییە کە بریتی بوون لە هیدایەت، بزۆرگ عەلەوی، موجتەبا مینوویی و مەسعوود فەرزاد (کوردێکی خەڵکی شاری سنە) بەڕاستی نوێنەری بزووتنەوەی نوێخوازیی بوون لە ئێرانی ئەو سەردەمەدا. ئەوان کە هەرکامیان بەجیا لە وڵاتە ئورووپاییەکاندا خۆیان پێگەیاندبوو و بە هیوای ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ئەدەبیات و هونەری وڵاتەکەیان گەڕابوونەوە ئێران و دەستیان دابووە قەڵەم، بەڵام لەلایەن دەسەڵات و بۆرەپیاوە سیاسییەکانەوە بەرەوڕووی هەموو چەشنە دژایەتییەک دەبوونەوە. هیدایەت چاک دەیزانی کە پەهلەوییەکانی بەڕواڵەت نوێخواز لە نێوەڕۆکدا خاوەن هەمان ڕوانگەی خەڵیفە بێڕەحمەکانی مێژووی ئێرانی پاش هێرشی عەرەبەکان و مەغولەکانن، بەو جیاوازییەی کە ئەمان لە سەردەمی سەودای نەوتدا سەرقاڵی کەرکۆپانکردنن و هیچ باوەڕێکیان بە پلۆرالیزمی سیاسی و فەرهەنگی تەنانەت بۆ لایەنە جۆراوجۆرە فیکرییەکانی نەتەوەی فارس نییە چە بگات بەوەی لە ئێرانی چەند نەتەوەییدا داوای مافی گەلانی غەیرە فارس بێتە ئاراوە.
لەو نێوەدا هیدایەت وەکوو نووسەرێکی مودێڕن و خاوەن بەرهەم لە ئاستی ئەدەبییاتی جیهاندا نوێنەرایەتیی شەپۆلێکی دەکرد کە لە هەستیارترین قۆناغەکانی سیاسەت و فەرهەنگی ئێرانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا مێژووساز بوون. هەربۆیە لە نووکی قەڵەم و زاری ئەم نووسەرەوە هەموو وشەدەربڕینێک یاسای پێوەری قەزاوەتێکی چارەنووسساز بوو بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و یەک لەو ڕاستییانەش مافی گەلانی غەیرە فارس بوو کە هیدایەت نەتەنیا باوەڕی تەواوی بەم مافە هەبوو بەڵکوو لە هەر شوێنێک کە باسی زمان و کولتوور لە ئارادا بووایە، بەبێ زمان خستنەلا بیروبۆچوونی خۆی دەردەبڕی و حەساوی خۆی جیا دەکردەوە لە پان ئێرانیستە ڕەگەزپەرستەکانی سیستەمە پەهلەوییەکان. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە وتووێژەکانی نێوان موستەفا فەرزانە، دەرهێنەر و ڕووناکبیری خەڵکی تاران بکەین کە لە سەردەمی ژیانی هیدایەتدا خوێندکار بووە و بۆ ماوەی نزیک بە ٦ ساڵ لە نزیکەوە هەڵسوکەوتی هەبووە لەگەڵ ئەو نووسەرە گەورەیە و تەنانەت لە تاران هامشووی ماڵی هیدایەتی کردوە و لە ئاخر و ئۆخری ژیانی ئەو نووسەرەدا لە پاریس سەردانی ئەپارتمانەکەی دەکات. هەموو ئەم وتووێژانە بە زیرەکییەوە بە قەڵەمی فەرزانە یادداشت دەکرێن و دوای مەرگی هیدایەت لە کتێبێکدا بە ناوی ”ئاشنایی لە گەڵ هیدایەت” لە پاریس لە چاپ دەدرێن. لەو کتێبەدا و لە وتوێژێکیاندا لەسەر زمان و ڕەگەزناسیی وشە (etymology) لە زمانی فارسیدا باسەکە دێتە سەر دەمارگرژی و بیری تەسکی ئەوانەی لە ئاکادێمیای زمانناسیدا کار دەکەن. هیدایەت زۆر بەڕوونی داکۆکی لە مافی نەتەوەکانی عەرەب و کورد و زمان و کولتووری ئەو نەتەوانە دەکا و ئاماژە بە ئەو چیرۆک و دیرۆکە فولکلۆرانە دەکات کە ڕۆژە لسکوو، ڕۆژهەڵاتناسی فەرانسەوی لە لێکۆڵینەوەکانی لە کوردستان کۆی کردوونەتەوە. ئەم ڕادەربڕینەی هیدایەت سەبارەت بە کوردەکان بۆیە بۆ تاکی ڕووناکبیر و خوێنەری کورد گرینگە کە لە سەردەمێکی هەستیاردا و نزیک بە ساڵەکانی دامەزراندن و ڕووخانی کۆماری کوردستان لە دەورانی دیکتاتورییەتی ڕەشی پەهلەوییەکاندا لە زاری نووسەرێکی بەتوانای فارسزمانەوە دێتە دەر کە زۆربەی بەرهەمەکانی لەو سەردەمەدا مۆری قەدەغەی چاپ و سانسۆریان پێوە بووە و ئەم ڕادەربڕینەی هیدایەت دەتوانێ ببێت بە پێوەرێک بۆ ناسینی ڕووناکبیرانی ڕاستەقینە و جیاکردنەوەیان لە ناڕووناکبیرانی پان ئێرانیستی ئەوکات و ئێستای ئێران کە هیچ کات چ بە کردەوە و چ بە زار هیچ باوەڕێکیان بە مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی گەلانی غەیرە فارس لە ئێراندا نەبووە و نییە. ئێمەی کورد بەدرێژایی مێژوو لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی و ڕەگەزپەرەستی ئێرانەوە بەرەوڕووی هەموو چەشنە زوڵم و ستەمێکی نامرۆڤانە بووینەتەوە، بەڵام هیچ غەدر و ستەمێک بۆ بەراورد کردن نابێتە هاوتای بنەبڕکردن و پەراوێز خستنی نەتەوەیەک بە قەڵەم و وتەی ئەدیبان و تاقمی بەڕواڵەت ڕووناکبیر و خاوەن پێگەی فەرهەنگی لەنێو دەسەڵاتی نەتەوەی باڵادەستخراودا.
بۆ وێنە ناوەندی نووسەرانی ئێران نزیک بە ٦٠ ساڵە چالاکی دەکەن و نوێنەری چینی ڕووناکبیرانی ئێرانی فرەنەتەوەن، بەڵام کوا یەک هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرایان لە درێژایی ئەم چەند ساڵەدا لە هەمبەر زمان و کولتووری گەلانی غەیرە فارسی نێو ئێراندا؟ بە چاوخشاندنێک بە مێژووی سەرهەڵدانە بەرچاوەکانی وڵاتانی دیکە بۆمان دەردەکەوێ تا چ ڕادە هەڵوێستی بەکۆمەڵی نووسەران و هونەرمەندانی ئەو وڵاتانە چارەنووسساز ودیاریکەر بووە لەو سەرهەڵدان و ئاڵوگۆڕانە و بێدەنگی و زمانخستنەلایان چە کاردانەوەیەکی بەراوەژووی هەبووە.