کۆمەڵگەی ئێران لە سەت ساڵی ڕابردوودا سێ جۆر حوکمڕانیی جیاوازی ئەزموون کردوە: ساڵانی کۆتایی تەمەنی قاجارەکان، پاشایەتیی پەهلەویی باوک و کوڕ و لە ئێستاشدا پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئاگردانی دادخوازی و خەبات بۆ ماف و داوا ڕەواکان لە هەموو قۆژبنێکی ئەو وڵاتەدا هەروا نێڵەی دێ و خەڵکی هەرکام لە ناوچەکان بە پێودانگی خۆیان عەوداڵی دەسکەوتنی مافەکانیانن. لە وڵاتانی دیکەی ناوچەش چ لەو شوێنانەی بە شۆڕش یان کودەتای نیزامی دەسەڵاتەکان گۆڕاون، دەرد هەمان دەردە. کەواتە هۆکار چییە؟ عەلی ئەلوەردی، کۆمەڵناسی عەڕەب بۆ چییەتیی ئەو باسە وەڵامێکی گشتی دەدا بە دەستەوە: “شۆڕش و خەباتەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕینی ستەمکارەکانی لێ کەوتۆتەوە، بەڵام نەهێشتنی ستەم نا”. پرسیار ئەوەیە سووڕی باتڵی ئەم دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێ؟ زوڵم و ستەم لە ئێرانی فرەڕەنگ و فرەپێناسدا چ پێناسەیەکی گشتیی ئەشێ لێ بکرێ کە کۆدەنگییەکی لەسەر دروست بن بۆوەی ستەمکارەکان تەمەنی خۆیان لە بەگژ یەکتریداکردنی جۆراوجۆرییەکانی ئەو وڵاتەدا درێژ نەکەنەوە؟ بۆ نموونە:
هەموو بەڵگە و دێکیۆمێنتەکانی رووداوەکانی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی یەکەمی دوای شۆڕشی ٥٧ و هەتا ئێستاکەش دەیسەلمێنن کە جووڵانەوەی کورد لە ئێران داواکانی بەرحەق و ڕەوا بوون و هەن. خەڵکی کوردستان ویستوویانە شار و ناوچەکانی خۆیان بۆخۆیان ئیدارە بکەن، بە زمانی خۆیان بخوێنن، بۆخۆیان پارێزگاری لە ژینگە و شوێنی ژیانی خۆیان بکەن و پەرە بە فەرهەنگ و کەلەپووری خۆیان بدەن، هاوکات هەموو ئەو مافانەیان لەوکاتەدا نەک هەر بۆ گەلانی دیکەی ئێرانیش ویستوە، بەڵکوو لە دەیان ساڵە پێشترەوە ئەو بەرابەری و مافی وەکیەک و یەکسانییەیان بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە داوا کردوە. لە ڕاگەیەندراوی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها مەرامنانەی ئەو حیزبەدا کە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بڵاو بوونەتەوە، پێ لەسەر مافی دێموکراتیکی وەکیەک و یەکسانی گەلانی ئێران داگیراوە و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەزموونی بەڕێوەبەریی خۆیدا (کۆماری کوردستان) هەموو ئەو دروشمانەی لە مەیدانی کردەوەشدا جێبەجێ کردوون و وەدیی هێناون. بەڵام دوای شۆڕشی ٥٧ کوردستان هەر لە سۆنگەی ئەو دادخوازی و مافویستییەوە هێرشی کرایە سەر و لەلایەن خەڵکی غەیردە کوردەوە جێگای “ماف” و “ستەم” گۆڕدرا. ئیسفەهانییەک کە هەموو ئەو “ماف”انەی کورد داوای دەیکردن و بۆخۆی لە ئێراندا هەیبوون، بۆ کوردی بە “ستەم”کردن لە خۆی دادەنا، ئەگینا چۆن دەکرێ تەنیا لە ناوچەیەکی کوردستاندا زیاتر لە ٥٧٠٠ ئیسفەهانی لە شەڕ دژی کورددا و لە خاکێکدا کە کوردستانی ناوە بکوژرێن؛ بۆ مەگەر کورد دەستی بۆ بستێک خاکی ئیسفەهان بردبوو، یان مافخوازیی خۆی لەگرەی ئەستاندنەوە و زەوتکردنی مافەکانی ئەوان دانابوو؟
ئەوەی لێرەدا ئاڵقەی ونی باسەکەیە، جێگۆڕکێی “ستەم” و “ستەمکار”ە. دەسەڵاتی ستەمکار کە ئەو مافە بەرحەقەی بۆ کورد بەڕەوا نەدەدی، هەوڵی دەدا ئەو مافە وەک ستەم لەدژی ئەوانیدی جێ بخات. هەر ئەوکات کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتیی ئەو شەڕە و کوژرانی پەلاماردەران و قوربانییانی ئەو شەڕە لە کوردستانی خستە ئەستۆی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و لە سەروو هەمووان خومەینی، ڕێبەری ڕێژیم و ڕوو بە کۆمەڵانی غەیرە کوردی ئێران ڕایگەیاند کە “دەبێ وەخۆ کەون، بەرۆکی کاربەدەستانی ئیسلامی توند بگرن و بتانەوێ بۆتان ڕوون کەنەوە ئەو شەڕە کێ سازی کردوە و درێژەپێدانی بە قازانجی کێیە؟ خوێنی هەزاران لاوی نیشتمانتان لەوان بخوازن و مەجبووریان بکەن بەرامبەر بیروڕای گشتی و بەرامبەر بە خەڵکی ڕاپەریوی ئێراندا وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە. جا ئەگەر دیتتان جوابێکی ئەوتۆیان نییە، ڕێگایان مەدەن چیتر ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە درێژە پێ بدەن…”، هەروەها “ڕۆڵەکانتان لەنێو ئەرتەش و سوپا و هێزە چەکدارەکانی دیکەدا وشیار بکەنەوە و مەیەڵن بۆ دیفاع لە کۆنەپەرستیی فەرمانڕەوا لە خەیانەتێکی نیشتمانیدا بەشدار بن.”
“ستەم” بێبەشکردنی خەڵکی چوارچێوەیەکی جوغرافیایی لە مافێکە کە هەمووان دەبێ وەک یەک هەیانبێت. هەرکات خەڵکی هەر بەشێکی ئەو جوغرافیایە بێبەشیی ئەوانیدیی لە مافێکدا کە بۆخۆی بە ڕەوای دادەنێ و خاوەنیتی بە “ستەم”ێک بۆ سەر خۆی زانی و، لە بەرامبەریدا هەڵوێستی هەبوو؛ ئەوکات ئەوە ستەمکارە بەرەوڕووی بەرگژە و سەرهەڵدان دەکرێت نەک ڕەواییدان بە ستەمێک لەدژی خەڵکانی دی. ئەگەر کێشەی بێئاوی لە خوزستان و ئیسفەهان و مافخوازیی ئەو خەڵکە بوو بە ویستی هەموو خەڵکی وڵات؛ ئەگەر بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و سووتانی دارستانی زاگڕۆس بوو بە خەمی هەموو خەڵکی وڵات؛ ئەگەر بێبەشیی خەڵکی کورد، ئازەری، بەلووچ و غەیرە فارسەکانی دیکەی ئێران لە خوێندن بە زمانی نەتەوەکەیان لە ڕوانگەی فارسێکەوە وەک ستەمێک لەسەر ئەوان و خۆیشیان بیندرا؛ ئەگەر دادخوازیی مامۆستایان، کرێکاران، کامیوندارەکان، پەرستارەکان و…. هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بە پرسی هەموو کۆمەڵ داندرا و هەمووان پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی هاتنە مەیدان؛ ئیدی ئەوکات دەستی ستەمکار بۆ سەرکوت و ستەمی چەندقات ئاوەڵا نامێنێت.
بەر لە هەموو شتێک ئەگەر گەلانی جۆراوجۆری ئێران خوازیاری پێکەوەژیان و مانەوەن لەژێر یەک ساباتدا، دەبێ ئەو خاک و وڵاتەیان بۆ هەمووان بوێ و ڕەوایی مافەکانی خۆیان لە ڕەوابوونی هەمان ماف بۆ هەموواندا ببینن، ئەگینا بەدڵنیاییەوە گەلانی ستەملێکراو بیر لە جێگرەوەی دیکە دەکەنەوە و هەنگاوی بۆ هەڵدێننەوە. پاشان هەنگاوە کردەییەکانی سەرکەوتن بە سەر ستەمکاری ئێستا و چێکردنی نیزامی دێموکراتیکی هاوبەش دەست پێ دەکەن.
شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ناکارامەیی حکوومەت لە بەڕێوەبەرێتیی وڵات و قەیرانەکان پێمان دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیوەتە کۆتایی هێڵ، بەو مەرجەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە بە خۆیاندا بێنەوە و کەلێن و مەودای بەدیهاتوو لە نێوان خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن پڕ بێتەوە. کۆماری ئیسلامی کاتێک بەتەواوی و بە دڵنیاییەوە دەڕووخێ کە جێگرەوەی ئەو ڕێژیمە لاقی لەسەر عەرزی بێت و متمانەی خەڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشابێت. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە بری قەتیسمانەوە، زەقکردنەوەی جیاوازییەکان و پێداگرییان لەسەر تایبەتمەندییەکانی خۆیان، پێویستە وزەی خەباتگێڕیی خۆیان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان چڕ بکەنەوە؛ بە واتایەکی دی دەبێ هاوپەیمانییەکی بەرین لە هێزە دێموکراتیک و گۆڕانخوازەکان دروست ببێت. ناکۆکییە ئیدئۆلۆژییەکان پێویستە وەڵا بنرێن و جێگای خۆیان بدەن بە هاوبەشی لە دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەڕەتی بەبنەما وەرگرتنی دەنگ و ئیرادەی خەڵک. تابۆی لێکترازانی تەواوەتیی ئەرزی و هەڵوەشانی جوغرافیایی دەبێ جێگای خۆی بدا بە ڕێزگرتن لە مافی وەک یەک بۆ هەمووان و گەرەنتیی دابینبوونی ئەو مافانە بۆ هەر پێکهاتە و گرووپێکی نەتەوەیی و ئایینیی ئەو وڵاتە. هەڵوێستی هاوبەشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەدژی سیاسەتەکانی ڕێژیم، دروستکردنی ستادێکی هاوبەش بۆ مودیرییەتی ناڕەزایەتییەکان و بوون بە ئادرەسێکی هاوبەش وەک ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی هەنگاوەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنە کە ئەگەر ئیرادە بکەن هەمووی کردەنین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو ماوەی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا باوەڕی وابووە کە ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی تەنیا بە دانی دروشمی توندوتیژ و شرۆڤەی مێدیایی ناڕووخێ. بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی هێزێکی ڕێکخراو و بەهێز و بەدەستوبرد پێویستە و دەبێ لە هەموو دەرەتانێکیش بۆ پێکهێنانی وەها بەرەیەکی بەرین لە هەموو هێزە دێموکراتییەکان کەڵک وەربگیرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ئێرانیش لەم بارەوە درێخیی نەکردوە و لە دوا ڕۆژیشدا نایکا و لەو بڕوایەشدایە کە پێکهێنانی بەرەیەکی ئەوتۆ زۆریش وەدرەنگ کەوتوە.