ڕەنگە گرینگترین بەربەستی گەشەونەشەی زمانی کوردی، یان تەنانەت سەرەکیترین لەمپەری نووسین و خوێندنی زمانی کوردی و بە زمانی کوردی، “دەسەڵاتی زاڵ” بێ. ئەم دەسەڵاتەی بەدرێژایی مێژوو، تەواوی حەولی تواندنەوەی ئەم نەتەوەیە بووە لە هەناوی خۆیدا لە ڕێگەی هۆمۆژێنسازییەوە. (ناسیۆنالیزمی فارس و تورک و عەرەب بەنیسبەت ئەم هۆمۆژێنسازییە میکانیزمی جیاوازیان هەیە) بۆ ئەم مەبەستەش ستراتیژیی لەنێوبردنی زمانی کوردیی ڕەچاو کردووە، زمان وەک سیاسیترین توخمی پێناسەی نەتەوەیی.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە سەرەڕای ئەوە کە بەری بەوە گرتوە کە تاکی کورد بە ڕەهاییەکی تەواو لەگەڵ زمانی کوردی هەڵسوکەوت بکا، ئەدی چۆنە نەیتوانیوە بیری ناسیۆنالیستی لە زەینی ئەم تاکە بسڕێتەوە؟ بەپێچەوانەوە، ئەم ناسیۆنالیزمە لە ڕەوتی زەماندا و زۆرتربوونی گوشارەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە و خۆی لەگەڵ ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و… زیاتر گونجاندوە و بەرەو “ناسیۆنالیزمێکی فرەڕەهەند” هەنگاوی هەڵێناوەتەوە.
بۆ وێنە لە باکووری کوردستان ئەگەر زمان بە فەرمی قەدەغە دەکرێ، چۆنە هەندێ کارەکتێر یان هەندێ جار چەند کاریزمایەک پەیدا دەبن کە بە زمانی خودی داگیرکەر هاوکێشەکە پێچەوانە دەکەنەوە و دواجار چۆنە ئەم تاکە ڕێک بە زمانی خودی داگیرکەر بەرەنگاری دەبێتەوە؟ ئایا ئەمەش جۆرێ چوونە نێو ناسیۆنالیزمی فرەڕەهەندە؟
ساڵی ١٩٨٤، ییڵماز گونای لە دواگرتەی ڤیدیۆیی خۆیدا، دوایین قسەکانی بە زمانی تورکی دەکا. ئەو دەسەڵاتی فاشیستی ژێنڕاڵەکانی تورکیە دەداتە بەر ڕەخنە و بە زمانی تورکی باس لە بڤەکان دەکا! ئەو تابوویانەی باسکردنیان باسی سەرە: “کوردستانی سەربەخۆ!” لە ڕاستیدا ییڵماز لە قسەکانیدا خۆ لە قەرەی گوتارێک دەدا کە ڕێک قالب و چوارچێوە و نێوەرۆکەکەی، شوناسخوازیی نەتەوەیی کوردە بەڵام بە زمانی تورکی!
ئەوە ڕێک لەم کاتەدایە کە ژێنراڵ ئێورەن سەرۆکی ئەم وڵاتە، حاشا لە بوونی کورد دەکا و وەک تورکی شاخان “Mountain Turks” ناویان دێنێ. ئێورەن ١٩ی سێپتامبری ١٩٨١ لە وتووێژ لەگەڵ شپیگێڵدا دەڵێ: “کوردەکان زۆر جار لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی و ئاتاتورکدا ڕاپەڕیون بۆ دابەشکردنی تورکیە، خەڵکێک لە تورکیە بە ناوی کورد بوونیان نییە.” بۆیە بەردەنگی گونای ڕێک دەسەڵاتی سیاسی – نیزامی تورکیەیە کە بە زمانی خۆی بەگژیدا بچێ و کشوماتی کا. چون لە ڕاستیدا دەقی بێ بەردەنگ، دەقێکی مردووە و گونای بە زمانی ئەوی تر ڕۆدەبێتە بناخەی ناسیۆنالیزمی داگیرکەر کە ئەمە ڕێک ڕوحی شۆڕشگێڕیی کوردییە لە نێو زمانی ئەوی تردا. ئەو بە زمانی تورکی دەدوێ کە داکۆکی لە زمانی کوردی بکا، واتە کوردایەتی بە زمانی تورکی. هەرچەند ئەمە بە لای ناسیۆنالیزمی سوننەتییەوە، جۆرێ لە پێکهاتەشکێنی پێوە دیارە، بەڵام ئەم ناسیۆنالیزمە فرەڕەهەندە کە لە حەولی بەرفرەوانکردن و سنووربەزاندندایە، وەک باس کرا بەرهەمی ژینگەی هاوچەرخی تاک و کۆمەڵی کوردە. ڕەنگە هۆکاری پێکهاتەشکێنیی ئەم داڕشتەش، بگەڕێتەوە سەر ئەو دۆخە تایبەتەی تێیدا ژیاوە و بۆیە ئەم ناسیۆنالیزمە هاوچەرخە، جۆرێ ڕەنگدانەوەی ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە. “ناسیۆنالیزمێکی فرەڕەهەند” کە تێکەڵاوێکە لە چەندین جۆری ئیتنیکی، فەرهەنگی، ئانتی کۆلۆنیالیزم، مەدەنی، ڕۆمانسی، چەپ، ئایینی و… .
کۆی ئەمانە، ڕوخسارێکی ئینسانی دەدەن بە ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمێک کە ڕێز لە بەها و بایەخە ئینسانییەکان دەگرێ. وەک نموونەیەکی بەرچاو لە هیچ پارچەیەکی کوردستان، کورد لە سەر خاکی ئەوی تر شەڕی نەکردوە، ئەمە واتە جۆری نەتەوەخوازیی کوردی، نەتەوەخوازییەکی بەرگریکارانە بووە لەسەر بنەمایەکی ئینسانی نەک هێرشبەرانە و دژەمرۆیی. ئەم ناسیۆنالیزمە کە بە قاوغێکی ئینسانییەوە خۆ دەردەخا، لەسەر بنەمای گوتارێکی ئەخلاقتەوەریش دامەزراوە، واتە ئەخلاق لەم گوتارەدا ئەخلاقێکی کانتی و ئەرکخوازانەیە. بۆیە ئەگەر بە زمانی تر باس لە مافی کورد دەکا لە هەمان کاتیشدا بۆ وێنە گوێ لە مۆسیقای نەتەوەکانی تر دەگرێ، کتێبەکانیان وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی، لە کوردیڕا دەق وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەوان، سەیری فیلم و شانۆیان دەکا و بۆیە ئەگەر کاسێتی گۆرانیبێژێکی فارسیش لە گیرفانی پێشمەرگەیەکی شەهیددا دەدۆزرێتەوە نەک هیچ سەیر نییە، بەڵکوو نیشانەی بەرحەق بوون و ڕەوا بوونی ئەم ناسیۆنالیزمەیە کە ئەو باوەڕی پێیەتی. ئەم “ناسیۆنالیزمە چاکئاکارە” باوەڕی بە Cultural Diversity واتە هەمەجۆریی کولتووری و پلۆرالیزمی فەرهەنگی هەیە و لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە ڕێز لە کولتوور، ئەدەب و هونەری نەتەوەکانی تر دەگرێ. جیاوازیی ئەم ناسیۆنالیزمە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی هێرشبەرانە کە دواجار فاشیزمی لێ دەکەوێتەوە، ڕێک لەوەدایە. واتە کورد، بوونی خۆی لە نەبوونی ئەوی تردا پێناسە ناکا. ئەگەر وردتر بدوێم ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەم چاخە بە هەموو تاریفەکان و وردەڕیشاڵەکانییەوە، ڕوخساری ناسیۆنالیزمێکی ئینسانیی پێوە دیار بووە، واتە مرۆڤ سەر بە هەر نەتەوەیەک بووبێ، بە لای ئەوەوە بایەخی خۆی هەبووە.
دیارە چێژوەرگرتن لە دەق وەک دەقێکی نڤیساری، بینراو و بیسراو پەیوەندی بە ڕەگەز و تۆرەمە و ئایینەوە نییە. چون چێژوەرگرتن شتێکی تاکەکەسییە، هەستێکی ئینسانییە. پەیوەندی بە دڵ و دەروونی تاکەوە هەیە. ناکرێ لۆمەی یەکێک بکەی کە بۆچی چێژ لە مۆسیقای نەتەوەیەکی تر وەردەگرێ؟ بۆ فیلمی نەتەوەیەکی تری بەلاوە سەرنجڕاکێشە؟ دەربڕینی حوکمی لەم چەشنە، چێژکوشتنە. بۆ نموونە ئەو گەنج و لاوانەی گوێ لە دەنگی گۆرانیبێژی نەتەوەیەکی تر دەگرن، یان شێعری نەتەوەکانی تر لەژێر لێو دەڵێنەوە، هەر ئەوان بۆ داکۆکی لە مافی نەتەوەیی و زمانی کوردی ئامادەن زیاترین تێچوو بدەن! ئەوانەی دەڵێن گوێ لە مۆسیقای نەتەوەکانی تر مەگرن بەداخەوە زۆربەیان شارەزاییەکی کەمیان لە مۆسیقا و بەتایبەتی مۆسیقای کوردی هەیە. ئەوانەی دەڵێن دەقی فارسی و تورکی و عەرەبی تەرجەمە مەکەنەوە بۆ سەر زمانی کوردی، بەداخەوە زۆربەیان شارەزاییەکی کەمیان لە وەرگێڕان هەیە و کەمتر دەتوانن کۆپلەیەک بە کوردی بنووسن بەبێ هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی! یان لەمانە سەیروسەمەرەتر کە لە نووسینەکانی هەندێکیان ورد دەبیەوە، دەبینی کە سەرچاوە و ڕێفرێنسی سەرەکیی نووسینەکانیان فارسییە، تورکییە یان عەرەبییە!
ناسیۆنالیزمی کوردی ڕێز لە بەها کولتوورییەکانی نەتەوەکانی تر دەگرێ و وەک باسم لێوەکرد ناسیۆنالیزمێکی چاکئاکارە کە باوەڕی بە پلۆرالیزمی فەرهەنگی هەیە، تا ڕادەیەک کە لە هەندێ شوێن پەلکێشی دەکا بۆ ناسیۆنالیزمی مەدەنی. لەم جۆرە ناسیۆنالیزمەدا خاک دەبێتە چەمکی ناوەندی، خاک دەبێتە نیشتمانی هەمووان بە هەموو تۆرەمە و ڕەگەز و ئایینەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کاتێ بزانین کە لە ماوەی کەمتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ سەرهەڵدانی بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردی، بە هۆی پێکهاتنی حیزبیە سیاسییەکان، لە ئەساسنامە و مەرامنامەی ئەم حیزبانەدا ناسیۆنالیزمی مەدەنی بەتایبەتی و بەگشتی ئەم ناسیۆنالیزمە فرەڕەهەندەی باسم لێوە کرد، بەدی دەکرێ.
بۆ وێنە لە مەرامنامەی “حیزبی ئازادیی کوردستان”دا -ئەم حیزبە بەر لە سازبوونی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزراوە-، سەرەتا بەوردی باس لە دابەشبوونی خاکی کوردستان دەکا و، دواتر هەر لە بەندی یەکەوە باس لە نەبوونی فەرق و جیاوازی لە نێوان کورد، ئەرمەنی، ئاسۆری و تورک دەکا کە نیشتەجێی خاکی کوردستانن. لە بەندی ٥دا باس لە برەوپێدانی زمانی کوردی و ئەرمەنی و تورکی دەکا. لە بەندی ٨ و ١٣شدا ئەم باسانە هەیە و لە کۆتاییدا لە بەندی ٢٣دا ئاوا دەڵێ: “ئازادیی ئەدەبی، فەرهەنگی، قەڵەمی و زمانیی هەموو میللەتە بچووکەکان و ڕێزگرتن لە میللییەتی ئەوان.” (اسناد احزاب سیاسی ایران، بە کوشش بهروز طیرانی، ١٣٧٦) کە سەیری بەندەکان دەکەی ناسیۆنالیزمی فرەڕەهەند بەتەواوی خۆ دەردەخا: دابەش بوونی کوردستان (ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی و ناسیۆنالیزمی دژە – کۆلۆنیالیزم)، نەبوونی فەرق و جیاوازی نێوان نەتەوەکان (ناسیۆنالیزمی چەپ)، کوردستان وەک خاکی نیشتەجێی نەتەوەکان (ناسیۆنالیزمی مەدەنی)، برەوپێدانی زمانی نەتەوەکان (ناسیۆنالیزمی فەرهەنگی) و… . واتە دەمەوێ بڵێم ناسیۆنالیزمی کوردی، لە هەناوی خۆیدا ئەم ناسیۆنالیزمانەی هەڵگرتوە و کردوویە بە ناسیۆنالیزمێکی فرەڕەهەند.
یان لە ئیعلامییەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پاش پێشەکی و شرۆڤە، کۆمەڵێک دروشم ڕیز کراون لەژێر ناوی “دروشمەکانی ئێمە ئەوانەن”. لە دروشمی ژمارە ٦دا ئاوا دەڵێ: حیزبی دێموکراتی کوردستان تێدەکۆشێ کە لە خەباتدا بە تایبەتی لەگەڵ نەتەوەی ئازەربایجان و کەمایەتییەکانی تر کە لە ئازەربایجان دەژین، ئاسۆرییەکان و ئەرمەنییەکان و هی دیکە، یەکیەتی و برایەتییەکی تەواو پێکبهێنێ.” هەروەها لە مەرامنامەی حیزب، پەسندکراوی کۆنگرەی ١ لە فەسڵی ٢، لە بەشێک لە ماددەی ٤دا ئاوا هاتووە: “هەروەها لە کوردستان ئەبێ لەسەر بنچینەی دێموکراسی قازانجەکانی کۆمەڵانی خەڵک ڕەچاو بکرێ، ئەبێ بێگوێدانە جیاوازیی میللی و مەزهەبی، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ مەجلیسی شوڕای میللی مافی وەک یەکیان هەبێ.” دواجار لە ماددەی ٢٢دا ئاوا دەڵێ: “دەبێ مافی کەمە نەتەوەییەکان کە لە کوردستاندا دەژین، وەکوو ئازەربایجانی، ئەرمەنی و ئاسووری، بەتەواوی دابین بکرێ.” دەکرێ ڕێک بۆ کۆمەڵەی ژێکافیش ئەم ناسیۆنالیزمەی تێدا بەدی بکەین. بەڵام ئەم دوو نموونەیەم باس کرد تا زیاتر لایەنی پلۆرالیستی، هەمەجۆری، و وێكهەڵکردن لە ناسیۆنالیزمی کوردیدا زەق کەمەوە.
هەندێ جار نەویکێشان و حاوانەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تر، دەگاتە ئەو ئاستە کە لە هەناوی گوتاری نەتەوەیی بە تۆخی ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی یان ناسیۆنالیزمی ڕۆژاوایی وەدەر دەکەوێ. مەبەست لەم ناسیۆنالیزمە مەدەنییە بایەخەکانی دنیای لیبڕاڵە لەسەر بنەمای ئازادی و دێموکراسی و ڕێزگرتن لە ویست و ئیرادەی تاک. تەنانەت ئەو هێڵە تۆخ و ڕادیکاڵەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەم سەردەمەدا کە وەک ناسیۆنالیزمی دژە-کۆلۆنیالیزم ناوزەد دەکرێ لە هاوکێشەی کۆلۆنیالیست-کۆلۆنیالیکراودا خوازیاری وێکهەڵکردنە. هەرچەند ڕەنگە لەبری باس کردن لە ناسیۆنالیزمی مەدەنی، باس کردن لە ناسیۆنالیزمی فرەڕەهەندی بەرهەمی ژینگەی نەتەوەی کورد، چاکتر جێ بگرێ. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، مەترسییەکی تریش هەیە کە دەکرێ وەک دیوی تری دراوەکە سەیر بکرێ. واتە ئەم تاقمەی کە بە زمانی ئەوی تر لە خزمەت ئەوی تردان. زۆر جاران ئەم تاقمە باڵاپۆشی نووسەر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەنووس و مێدیاکاریشیان بە شانەوە، بەڵام ڕێک بۆ بەرژەوەندیی خاوەنی ئەم زمانە، واتە بۆ نەتەوەی باڵادەست دەنووسن و دەدوێن. ئەمە هەندێ جار ئاسیملاسیۆنێکی نەرمی نابەئاگایە کە خۆیشی ئاگاداری نییە، بەڵام ئەوانەی ئاگایانە لەم زمانە کەلک وەردەگرن بۆ نیشاندانی باڵادەستیی ئەم زمانە لەچاو زمانی کوردی چیرۆکەکەیان جیاوازە. واتە لەگەڵ ئەوەدا کە جۆرێ لە خۆدۆڕاندن و خۆبەدەستەوەدەری (زۆرتر لە پێناو داهات) لەهەمبەر زمانی نەتەوەی باڵادەست لە گۆڕێدایە، حەول دەدەن بە هۆمۆژێنسازییەکی خۆکرد لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست، ببن بە بەشێک لە ئەوان. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە پاش ساڵەهای ساڵ خزمەتی زمان و کولتووری نەتەوەی داگیرکەر، وە خۆیان ناگرن و لە کۆتاییدا بەوپەڕی ڕوانینێکی سووک و نزم وەک “کرد پارسیگوی” ناودێر دەکرێن!
ئەوانەی بە زمانی ئەوی تر داکۆکی و پارێزگاری لە مافی کورد دەکەن، دووقات ماندووترن، چون هەندێ جار هەم دەبنە نیشانەی تیری دوژمن و هەم دەکەونە بەر تانە و تەشەری دۆست. هەرچەند وەک باسم کرد ئەم شاوڵە چی تر وەک پێوەر کاری پێ ناکرێ. لە ڕاستیدا گرینگ ئەوەیە ئێمە چمان پێیە بۆ گوتن لە بەرامبەر ئەوی تردا و چۆنی دەدەرکێنین.
وەک دواوتە، کێشەی ئێمە لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست، عەقڵییەتی حاکم بەسەر گوتارەکەیاندایە بۆ سڕینەوەی هەموو شتێکی ئێمە، دەنا ئێمە کێشەمان لەگەڵ جوانییەکان و بەها ئینسانییەکانی هیچ نەتەوەیەک نییە و مەزن هێمن گوتەنی “جیلوەی جوانی لە هەرچیدا هەبێ خۆشم دەوێ” هەر ئەویشە کە دەڵێ: “ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی.”
ئێمە ئاواین!