هۆکاری ئەوەیکە لەو وڵاتە هەر بستە منداڵێک دەبینی، کۆڵێک بەکۆڵەوە بۆ نانی ڕۆژانەی خۆی یان تەنانەت بنەماڵەکەی خەریک قووڕبەسەرییە، هەمووی لە ئەستۆی دەسەڵاتی زاڵی کۆنەپەرستانەی مەندیل لەسەرانە کە، هەموو هەوڵێکیان داوە کۆستی کۆمەڵگە بخەن و، خەڵک لە قون تەندوور دانێن و دەیان دیاردەی ناشیرینی وەک ڕیزبەستن بۆ کاڵا، خەوتن لە خانووچکە کارتۆندا، گیرۆدەی بەنگەمەنییەکان لە کەلێن و کولێنی کووچە و شەقاماندا، هەڵوەدا و بێکار و، زۆریتر لەو کۆمەڵگەیەدا سەرهەڵبدا. کە بەم ڕۆژە بگا، خەڵک بگاتە ئەوکیان و بڕژێنە سەر شەقامانەوە.
جا ئێستا ئەوەیکە “ئایەتوڵڵا پاشکەوتووەکان” هەتا ئێستا توانیویانە بە درووشم و هاتەران پاتەران دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و لە دەسەڵات نەکەون، قسەی تێدا نییە. بەڵام پاشڤەڕۆی ڕاستەقینە، ئەو بەناو شارستانییە مودێرنەن کە بە بینینی تابڵۆی خوێناوی و کۆستکەوتووی کۆمەڵگەی ئێران، هێشتاش باس لە ڕێفۆرم و ئاڵۆزی دروستنەکردن و ترسی هەڵوەشان دەکەن.
بەشێکی زۆری ئیلیتی ناوەندنشین چوونەتە دەرەوەی وڵات و جاروبار دژی ڕێژیمیش دەدوێن و ڕەخنە دەگرن، کە سەرەتاکان هەر ئەوان هۆکاری سەقامگیربوون و پنجداکووتانی ئەم ڕێژیمە بوون. ئەزموونی هەموو سەرهەڵدانەکان و ناڕەزایەتییەکان و تەنانەت هەوڵی نەزۆکی ڕێفۆرمخوازانیش لەو سیستەمدا، پێمان دەڵێ ئەو کەچە “داکۆکیکارانەی مافی خەڵک” هێشتاش بە جۆرێک لە جۆرەکان هۆکاری مانەوەی ئەم ڕێژیمەن و لە کاتی تەنگانەدا بە هانای ڕێژیمەوە دەچنەوە.
فاکت و هۆکارێکی تاقیکراوەی زۆرن هەن کە هۆکاری دەسەڵات بەدەستەوەگرتن و مانەوەی دیکتاتۆرەکانن. بەڵام یەكێک لە کارەساتبارترین چەشنی شرۆڤە و وەرددانەوەی دیکتاتۆرەکان ڕوتووش کردنی دیاردەکان و ئێفێکتدانان لەسەر نێوەرۆکناسیی دژایەتیکردنەکانە. دیاردەیەک کە ئەگەرچی ئەمڕۆژانە خەڵکی بۆ نانی وشکی کوێرەوەری دەکێشن، هێشتاش دە جەستەی ڕەشبووی ڕێژیم و سەرهەڵدانەکانی خەڵکی دەسوێن. ئەو وێژمانە نادیموکراتیک و دژەخەڵکییە، ئەگەرچی تریبونێکی زۆری لە نێوخۆ و بەتایبەتیش دەرەوەی وڵات هەیە، دوو ئاکامی دیار و هەست پێکراوی هەبووە:
یەکەم، هەمیشە سنگێک بووە لەسەر جەستەی هەر چەشنە شۆڕشێکی ڕادیکاڵ و ئارمانخوازنە و ناڕاستەوخۆ هاوبەشی ڕێژیمیشە لە هەموو کۆست و نەهامەتییەکاندا.
دووهەم، قەیران و نەهامەتییەکانی ئابووری.
سەرچەشنی سیاسەتی ئابووری دەوڵەتی سێزدەیەم و یەکدەستی خامنەیی کە هاوکات نازناوی “دەوڵەتی ئینقلابی، شۆڕشگێڕ”یشی پێ دراوە، گەڕانەوەیەکی تەواوە بۆ سەرچەشنەکانی “ئابووری ئیسلامی”ی ساڵەکانی سەرەتای گەیشتن بە دەسەڵاتیان. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەرێ دەوڵەتەکانی دیکە توانیبوویان لە بازنەی هزرینی “ئابووریی ئیسلامی” دەرچن؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارە چاوێک بە بەرنامە و شێوازی بەڕێوەبەری دەوڵەتەکانی پێشوودا دەخشێنین.
سیاسەت و بەرنامەکانی ڕێژیم لە ساڵەکانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی، پۆپۆلیستی، دروشمی پڕوپووچ و زیاتر کاریگەریی لێکدانەوە شەریعەتییەکانی خومەینی بەسەرەوە بوو هەتا تێگەیشتنێکی دروست لە ئابووری. هەربۆیە دوای شەڕ، ڕەفسەنجانی بە دروشمی “بیناتنان-سازندگی” هێندێک لەو شێوە تێفکرینە دوور کەوتەوە. ڕەفسەنجانی لە ماوەی سەرکۆماریی خۆیدا سیاسەتی ئازادی ئابووری، قەرزکردن لە دەرەوەی وڵات، زیادکردنی هاوەردە و ئازادکردنی نرخەکانی گرتەبەر. بەڵام لە دوایین دەوری سەرکۆماریی خۆیدا تووشی هەڵکشانی بێکاری، نەختینەیی و قەرزێکی زۆر بە دەرەوەی وڵات، هەڵاوسان بوو و، بۆیە ڕووی کردە سیاسەتی هاوسەنگی ستراکچەرە ئابوورییەکان.
دەورانی سەرکۆماری خاتەمی، ئەحمەدینژاد و ڕوحانی، هەر خووڵانەوە لە بازنەی شکست و نوشستی بەڕێوەبەریی هەڵە، گەندەڵی، نایەکسانی دابەشینی سامان، زاڵبوونی زیاتری “بەیتی خامنەیی” لە ڕێگەی پاشکۆکانی وەک ئۆرگانە ئەمنییەتی و سوپای پاسداران بوو. قۆناغی دەست بەسەرداگرتنی بەتەواوەتی ئابووری لە لایەن “بەیتی خامنەیی”ییەوە دەگرێتەوە بۆ سەردەمی سەرکۆماری ئەحمەدینژاد. ئەحمەدینژاد بە بیانووی جێبەجێکردنی سیاسەتی کەرتی تایبەت، دەستی کرد بە فرۆشتنی کۆمپانیا و پشکی دەوڵەتی بە کەرتی تایبەت. بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە سەدا نەودی ئەو فرۆشتنانە بەبێ هیچ زیادکردن “مزایدە” و تەنانەت نرخەکەشیان ناڕوونە چۆناوچۆن دراون بە “بەیتی خامنەیی” و سوپای پاسداران.
ئەگەر بیانووی خامنەیی تا بەرلە بە سەرکۆمارکردنی ڕەئیسی، یەکدەست نەبوون و شۆڕشگێڕ نەبوونی دەوڵەت بوو، ئێستاکە تەواوی سەروەت و سامانی ئێرانی لە تەنگەی باخەڵی ناوە و، تەنانەت نانی وشکیشی لە خەڵک بڕیوە. ئەگەرچێ دەبێ لە “بەیتی خامنەیی”دا بۆ بنەما و هۆکاری داڕمانی ئابووری ئێران بگەڕێین، بەڵام بەو مانایە نییە، هۆکاری ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانەکانی خەڵکی تەنیا لە ئابووریدا کورت بکەینەوە. نەتەوەکانی ئێران بە بەئامانجگرتنی خامنەیی، خوازیاری سیستەمێکی دێموکراتیک و بەتەواوی جیاواز لە هزرین و جیهانبینی کۆماری ئسیلامیین.
بە کورتی: ئیدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە هەموو شتێکی لێ دەوەشێتەوە. ئەوان هەرچی لەو جسنەی بوو، هەر لە سەرەتای شۆڕشێ ٥٧ ەوە، خستیانە نێو لاپەڕەی کتێبەکانەوە و بەکردەوە خزمەتی ئیدیۆلۆژیی بەرمەبەستی خۆیان کرد. بەڵام ئێستا بەر لەوەی شۆڕشێکی دیکە لە ئێراندا سەرهەڵبدا، شۆڕشگەلێکی جوراوجۆر لە بواری پێوەندی و مێدیا و تێگەیشتن و زانیاری لە ئێران ڕووی داوە. گشت شەقامەکان، ئەمجارە لەژێر هەنگاوی پتەوی خۆپێشاندەران و وێژمانێکی ڕووت، بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون و لەسەر پێگەیشتوویی و دواڕۆژبینیی خۆیان پێناسە کردوونەوە.