فێمینیزم و خەباتی نەتەوەیی هاوشان و هاوتەریب
(فیمینیزمی ڕەش)
(٣-١)
پێشەکی
فێمینیزم وەک یەک لە ڕوانگە کۆمەڵناسی، سیاسی و فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدە و بیست توانیویەتی بە وێنەی بەشێک لە کەڵکەڵە هزرییەکانی کورد لانیکەم لەو ساڵانەی دواییدا دەرکەوێ، بەڵام فێمینیزم وەک ئیدئۆلۆژی نەبووەتە بنەمایەکی ڕوون بۆ پرسی ژنان و چەشنی چەمکێکی گرینگی پێوەندیدار بە خەباتی نەتەوەییەوە بوونی نەبووە. دیارە وێڕای دەستپێکی خەباتی مودێڕن لەسەر بنەمای حیزبایەتی، دامەزراوەکانی ژنان بۆ یەکەم جار ساز بوون و لە سەرەتای شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات ژنان تیکەڵ بەو شۆڕشە بوون. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە مەیدانی مەدەنی و خەباتی شاردا، ژنان بە شێوەیەکی ڕوونتر و بەرچاوتر وەک سووژەیەکی کارامە شوناسی خۆیان پاراست و لە قەوارەی نەریتخوازانەی بیری کۆمەڵگە هاتنە دەرێ.
بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواریی ئافرەتان و حوزووریان لە دامەزراوە مەدەنییەکان کە بەرهەمی عەقڵی مودێڕن و ڕخنەگرانەی مرۆڤی سەردەمن، پێکهینەری شۆڕشێکی دژ بە ئۆبژەگی مێژوویی مێیینە بوون. لەم ڕووەوە ژنی کورد ئەزموونێکی نوێی لە مافخوازی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەند جۆر ستەمی تاقی کردەوە؛ ستەمی چینایەتی، ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی ڕەگەزایەتی. خۆ ئەگەرچی حووزووری شۆڕشگێڕانەی ئافرەتان لە دوو باڵی خەباتی شار و شاخدا بەرچاو و مانادار بووە، بەڵام جۆری پێوەندی ئەم تێکەڵبوونە لە چوارچێوەی شۆڕشی فێمینیستیدا نەبووە و بنەما تێئۆریکەکانی ئەم ئیدئۆلۆژییە کۆمەڵایەتی و سیاسیە نەپارێزراوە و شێوەی گرێدرانەوەی بە خەباتی نەتەوایەتی کوردەوە کەمهێز بووە.
لە وەها دۆخێکدا پرسیاری سەرەکی دەتوانێ ئەوە بێ کە ئایا بزووتنەوەی کورد لە سەر بنەمای ناسیۆنالیسمی کوردی توانیویەتی فێمینیزم وەک یەک لە دالەکانی گوتاری سیاسیی خۆی مەفسەلبەندی بکا یا بە زمانێکی ساکارتر ئایا ناسیۆنالیسم و فێمینیزم توانیویانە وێڕای یەکتر خەباتی خۆیان بۆ سڕینەوەی ستەمە نەتەوایەتی و ڕەگەزایەتییەکان و باقی ستەمەکانی دیکە لە ئێرانی فرەنەتەوەدا بەرنە پێشێ؟ بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە پێویستە لێکدانەوەیەک لەسەر ئەو جۆرە لە فێمینیزم بدەینە دەستەوە کە توانایی ئەوەی هەیە چوارچێوەیەکی تەحلیلیی بەهێز بۆ هاوڕێیەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ژنان بە مەبەستی سڕینەوەی ستەمەکان پێک بێنی و پێوەندی فێمینیزمی کورد و ئێرانی وەک ژینگەی سیاسیی ژنی کورد باس بکەین.
سێ ڕوانگەی گشتی بۆ وەڵامی پرسیارە سەرەکیەکەی ئەم وتارە بوونی هەیە:
یەکەم؛ ڕوانگەی گشتیی زۆر یەک لە چالاکانی سیاسی و سیاسەتمەداران کە پێیان وایە کاتێک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیسم لە ئارادایە باسکردن لە فێمینیزم و هەر جۆرە خەباتێکی لەو چەشنە دەتوانێ چەواشەکردنی ڕەوتی بزووتنەوەکە بێت. ئەو ڕوانگەیە دەڵێ بۆ ئەوەی هەر جۆرە ستەمێک کۆتایی پێ بێ -کە ستەمی ڕەگەزایەتییش یەک لەوانە- پێویستە گشت کۆمەڵگە پێکەوە و یەکگرتووانە هەوڵ بدەن بۆ سڕێنەوەی ستەمی نەتەوایەتی، کە لە ئاکامی ئەم هەرەوەزەدا سەرکەوتن ڕوو دەدا و هاوکات هەموو ستەمەکانی دیکەش وێڕای ئەو ستەمە یا بە دوای ئەودا کۆتاییان پێ دێت و ستەم بەدژی ژنانیش دەبرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم ڕوانگەیە لە زۆر وڵات و تەنانەت کوردستانیشدا زاڵ بووە و بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەووەی پاشکۆی نەتەوەیی چاوی لێ کراوە و هەموو شتێک لەم بڕوایەوە بەستراوەتەوە بە سەرکەوتوویی یا ناسەرکەوتوویی بزووتنەوەی نەتەوایەتی.
دووهەم؛ دووهەم ڕوانگە ڕیشەی لە شەپۆلی دووهەمی فێمینیزمدایە. ئەم شێوە ڕوانینە جەخت لە سەر جیاوازییەکان دەکات و بڕوای بە شوناسێکی تایبەت و جیاواز بۆ بزووتنەوە فێمینیستیە ئیتنیکی و ڕەچەڵەکییەکان هەیە. کەواتە ناکرێ بزووتنەوەی ژنان بخرێتە چوارچێوەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی یا ئیتنیکییەوە و هەوڵ بدرێ لەو قەوارەیەدا شکڵ بگرێ. لە ڕاستیدا خاڵی ڕوونکەرەوەی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ئەگەر پرسی ژنان لە قەوارە و بەستێنێکی نەتەوەییدا باس بکرێ، شوناسێکی تایبەت بە ئافرەتانی ئەم نەتەوە یا ئیتنیکەی دەبێ. لەم ڕوانگەیەوە پرسی ژنان پرسێکی تەواو جیاوازە و خەبات بۆ ئەم پرسە جیاوازە ڕەوتێکی جیاوازیش دەپێوێ. وەک دیارە ئەم ڕوانگەیە ڕاست ئەودیوی ڕوانگەی یەکەمە و، جیاوازیی بزووتنەوەی ژنان بەپێی بارودۆخ و تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی بەفەرمی دەناسێ؛ بەڵام هەوڵ بۆ سازکردنی پێوەندییەک لە نێوان خەباتە جۆراوجۆرەکان دژبە ستەمە چەند فاقەکان نادا.
سێهەم؛ ڕوانگەی سێهەم لەسەر بڕوامەندبوون بە شوناسە چەندفاقەکان و تێکهەڵکێشانی گونجاوی کەڵکەڵە و داواکارییەکان دامەزراوە. لە ڕاستیدا ژن دەتوانێ هەم کەڵکەڵەی نەتەوەیی هەبێ، هەم داواکاری فێمینیستی و هەم ویستی چینایەتی و… . لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێ ئەو بڕوایە کە فێمینیستەکان دەتوانن لە ڕەوتی نەتەوەسازی و بابەتە نەتەوەییەکاندا نەخشیان هەبێ بێتە بەر باس. ئەم ڕوانگەیە پێیوایە کە چالاکییە فیمینیستیەکان دەتوانن هاندەر و ڕێکخەری نەتەوەخوازییش بن. “نیرا یووال” و “فلۆیا ئانتیاس” پێیان وایە ئافرەتان لەو ڕێگایانەی خوارەوە بەشداری چالاکییە نەتەوەیی و ئیتنیکیەکان دەکەن:
نوێنەرایەتیکردنی کەمایەتییە ئیتنیکیەکان، دیاریکردنی سنووری پێکهاتە نەتەوەیی و ئیتنیکیەکان، ڕاگواستنی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان، ڕوونکردنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئیتنیکیەکان و بەشداریی چالاکانە لە شۆڕشە نەتەوەییەکاندا. لە هەمووی ئەم چالاکییانەدا ژنان بە شێوەیەکی جیاواز لە پیاوان حوزووریان لە پڕۆژە نەتەوایەتی و ئیتنیکییەکان بە تایبەتمەندیی شوناسی ژنانەوە هەیە (فریدمن، ١٣٨٢). کەواتە لەم ڕوانگەیەوە پێویست نییە وەک دوو شتی جیاواز یا دژ بە یەک بڕواندرێتە ڕەگەزایەتی و شوناسی نەتەوایەتی و دەکرێ بزووتنەوە فێمینیستییەکان هاوتەریب و هاوڕێی بزووتنەوە نەتەوایەتیەکان ببیندرێن.
ئەم ڕوانگەیە کە لەسەر بنەمای تێکهەڵکێشانی شوناسی چەندفاقەکان ساز بووە، پێی وایە جیاوازی ڕەگەزی و ڕەچەڵەکی، ئیتنیکی و نەتەوەیی دەتوانێ بەرهەمهێنی ستەم و چەوساندنەوە بێ و مرۆڤێک بە هۆی ئەوەیکە ژنە و ڕەگەز، ڕەچەڵەک، ئایین و ئیتنیکێکی جیاوازی هەیە وێڕای یەک تووشی چەوسانەوە بێت. ئەم بڕوایە لە ڕاستیدا بنەمای هزری فێمینیسمی ڕەش پێک دێنێ، جۆرێک لە فێمینیسم کە دوو شوناسی جیاوزی ژنێتی و ڕەش پێستی هۆکاری دوو جۆر ستەمی ڕەچەڵەکی و ڕەگەزایەتی بوون. لەم ڕوانگەیەوە شوناسە چەندفاقەکان تایبەتمەندی ئاسیایی، ڕەش پێست و بە گشتی ژنانی ئیتنیک و نەتەوە ڕەنگینپێستەکانە (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
کەواتە فێمینیزمی ڕەش دەتوانێ ئەو شێوەیە لە فێمینیزم بێ کە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە، چون ئەم جۆرە لە فێمنیسم لە بارودۆخێکی هاوشێوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەلانی جیاوازی دنیادا کە لە ژێر ستەمە جۆراوجۆرەکان دان، دامەزراوە.
فێمینیزمی ڕەش
کەسانی وەک باربارا ئیسمیت، ئێدرێلێرد، گلۆریا جۆزێڤ، گلۆریا هاڵ وئالیس واکێر هەوڵیان داوە بۆ خوڵقاندنی هێندێک تێئۆری کە پێداویستیی ژنانی ڕەشە بۆ خەبات لە پێناو چاککردنی ژیانی ڕۆژانەیاندا. لە ڕاستیدا تیۆریی فێمینیزمی ڕەش خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ پێوەندی لەگەڵ فێمینیستە سپییەکان پێشکەش دەکا تا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لەنێو کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزپەرەستدا دژایەتییەکانی نێوان ڕەگەز، ڕەچەڵەک و چین لێک بداتەوە (هام و گەمبێل، ١٣٨٢).
لێکدانەوەی بنەڕەتی فێمینیزمی ڕەش ئەوەیە کە ژنانی سپی پێست ناتوانن لە کێشەکانی پێوەندیدار بە ستەمی ڕەچەڵەک پەرەستانە کە دەستەویەخەی ڕەشپێستەکانە بگەن. بە درێژی خەباتی فێمینیستی ئەوەی کە پتر لە هەر لایەنێک بۆتە هۆی کپکردنی دەنگی ئافرەتانی ڕەش، ژنانی فێمینیستی سپی بوون و بایەخێکیان بۆ ئازاری ژنە ڕەنگینپێستەکان دانەناوە (مشیرزادە، ١٣٩٠). هۆکس پێی وایە هێندەی هیچ پێکهاتەیەک لە ئامریکا نکۆڵی لە شوناسی ژنانی ڕەش نەکراوە. بەدەگمەن هەڵدەکەوێ لەم کولتوورەدا وەک تاقمێکی جیاواز لە پیاوانی ڕەش یا ژنانی سپی دان بە ژنی ڕەشدا بهێنرێ. کاتێک باس لە ڕەشپێستەکان دەکرێ مەبەست پیاوانی ڕەشە و هەر کاتێکیش باسی ئافرەتان دەکرێ ژنانی سپی مەبەستن (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
ئەگەرچی کەڵکەڵەی سەرەکیی فێمینیزمی ڕەش هەر ئەو خاڵانەن کە ڕەوتی سەرەکیی فێمینیزم لەسەری پێداگرن، بەڵام جیاوازی ئەم جۆرە لە فێمینیزم دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕاستییە کە ژنی ڕەش لە هەر سێ لایەنی ڕەچەڵەک، ڕەگەز و چینەوە لەژێر ستەمدایە، بۆیە دەگوترێ پێداویستی لاکردنەوە لە هەموو ستەمەکان، لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی فێمینیزمی ڕەشە.
دیوراکینگ کەڵک لە واتای “مەترسیی چەند لایەنە”بۆ باس لە دۆخی ژنانی ڕەش وەردەگرێ. ئەو پێی وایە؛ ئەم ئافرەتانە لە سێ لایەنی ڕەچەڵەک، ڕەگەز و چینەوە لەژێر ستەمدان و جۆری پێوەندیی ئەم سێ ستەمە دەبێتە هۆی چەند قاتبوونی کاریگەری ئەم ستەمانە لەسەر ئافرەتانی ڕەش پێست (همان سەرچاوەی پێشوو) .
بەپێی ئەو ڕوانگەیە ژنانی ڕەش نەتەنیا دەیانهەوێ پێش بە مێینەیەکی ئۆبژە بگرن بەڵکوو دەیانهەوێ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و نەزمی جیهانیدا وەک سووژەیەکی ڕەش و مرۆڤێکی پلە یەک ژیان بە سەر بەرن و ڕووبەڕووی ئەم قەوارەیە ببنەوە کە هەوڵی بە زنجیرکێشانی ڕەگەز، ڕەچەڵەک و پلەی کۆمەڵایەتیی ئەوان دەدات. بۆیە باربارا ئیسمیت، مافزان و فێمینیستی ڕەش دەڵێ: “واتای هاوکاتی ستەمەکان ئێستاش یەک لە دژوارترین پرسەکانی فێمینیزمی ڕەش بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی سیاسیە، کە من پێموایە یەک لە گرینگترین بنەماکانی تێئۆری ئیدئۆلۆژیکی ئەندێشەی فێمینیزمی ڕەشە”
لەلایەکی دیکەوە ژنانی ڕەنگینپێست کە خۆیان لە چوارچێوەی گوتاری فێمینیزمی ڕەشدا دەبیننەوە، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی ڕەوتی سەرەکیی فێمینیزم دەکەن کە سەرنج ناداتە چەوساندنەوەی ژنانی ڕەچەڵەک، نەتەوە و قەومێکی جیاواز بە دەست ژنانی ڕەچەڵەک و نەتەوەیەکی دیکەوە و ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە: “ئایا زانیارییەکمان لەسەر جیاوازییەکانی ژنان هەیە”؟ (ڕیتزێر، ١٣٨١).
“کیمبێرلی کرێنشاو” پسپۆڕی مافی ڕەشپێستەکان داهێنەری واتای “ئینتێرسێکشناڵیتی” یا “تیۆریی تەلاقی”یە. لەم ڕوانگەیەوە هەڵاواردن وەک ترافیکی چوارڕێیانێک وایە کە مومکینە لە هەر لایەکەوە ڕوو بدات. ئەگەر ڕووداوێک لەسەر چوارڕێیانەک ڕوو بدات، دەتوانێ کاریگەریی لە سەر هاتوچۆی ماشێنەکان لە یەک یا هەموو لایەکانەوە هەبێ. ئەگەریش ژنێکی ڕەشپێست لەم ڕووداوەدا زیانی وێ بکەوێ ئەم خەسارە ڕەنگە بە هۆی هاڵاواردنی ڕەگەزایەتی یا ڕەچەڵەک پەرەستانەوە بێ، بەڵام کێشانەوەی ڕەسمی ڕووداوەکە کارێکی ئاسان نییە؛ زۆر کات هێڵی تورموز و ئاستی خەسارەتەکە باس لە کاریگەری چەند هۆکار دەکەن، هەر بەم هۆیە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی شۆفیری تاوانبار بە ئاکام ناگات.
کرێنشاو لە سەر ئەو بنەمایە جەخت دەکاتەوە کە ژنانی ڕەشپێست بە هۆکاری جیاواز دەکەونە بەر پەلاماری هەڵاوردن و ستەمەوە، بەڵام ناتوانرێ قامک لەسەر جۆرێک لە ستەمەکان داندرێ بەڵکو دەبێ بگوترێ کە سەرجەمی ئەم ستەمانەیە بوونەتە هۆی ئەم دۆخە.(ئیسمیت و… ١٣٩٣). کەواتە تیۆریی ئینتێرسێکشناڵیتی بۆ کاریگەری ستەمەکان لەسەر کەسایەتیی ئافرەتی ڕەشپێست و تیوریی ستەمە چەندفاقەکان و شوناسە چەندفاقەکان کە باسی سەرەکیی شەپۆلی سێهەمی فێمینیزمن دەتوانن ئەم بنەما تیۆرییە بدەن بە دەست هەر توێژەرێک لە نەتەوە، ڕەچەڵەک، ئایین، چین و شوناسێکی جیاواز لەو کۆمەڵگەیانەی کە بزووتنەوەی ژنان و ڕەوتە مافخوازە نەتەوەتی، ڕەچەڵەکی و ئیتنیکیەکان لە ئارادان.
(درێژەی هەیە)