لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە و، تەنانەت پێش ئەو رێژیمەش جگە لە هەڵبژاردنی سەرەتای مەیینی سیستمی کۆماری ئیسلامی کە بەربژێرەکانی حیزبی دیموکرات نزیک بە ٩٨٪ دەنگەکانی کوردستانیان بۆخۆیان مسۆگەر کرد، نە هەڵبژاردنی ئازاد و لە سەر بنەمای دیموکراتیک و هاوکات بە چاوەدێرییەکی قابیلی قبووڵ وبەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان بەڕێوەچووە، نە کوردیش لە رۆژهەڵات توانیوێ وەک قەوارەیەکی دیاریکراوی نەتەوەیی و سەربەخۆ بەشداری بەناو هەڵبژاردنەکان ببێ. تەنانەت زۆر جار بینراوە کە نوێنەرێکی ناخۆجێی بۆ شارێکی کوردستان دانراوە، کە لێرەدا پێویست ناکا بەو مێژووە پڕ لە هەڵاواردنەدا بچینەوە. هەر بۆیە هەمیشە کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەت بزاڤی رزگاریخوازی لەو پارچەیە بەگومانەوە لەو سیناریۆیەی روانیوە و نزیک بە تێکڕای هەڵبژاردنەکانی بایکۆت کردوە، دەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە رێژەیەک لە خەڵک هەبوون کە بە هۆکاری جۆراوجۆر بەشداری هەڵبژاردنەکان بووون و رێژیمیش بۆ نیشاندانی لاوازی پێگەی هێزە سیاسییەکانی بزاڤی کوردی زیاتر فوکووسی خستۆتە سەر شانۆی هەڵبژاردن لە کوردستان و بە مێدیایی کردوە، کە هەم مەسرەفی نێوخۆیی و هەمیش مەسرەفی دەرەکی بووە و دەگەڵ ئەوەش دژایەتی هێزە شۆڕشگێڕەکانی پێ کردوە. بە کورتی ئێستاشی دەگەڵ بێ هیچ هێزێکی کوردی و زۆربەی ئەو خەڵکەی بە هۆکاری جۆراوجۆر ناچار بە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەبن، لە هیچ کوێ حاشای لە شانۆیی بوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران و هەروەها نابەرابەری و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان بەتایبەت لە کوردستاندا نەکردوە، بۆیە ئاکامی زۆربەی نزیک بە هەمووی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمەڵگە و بزاڤەوە دانی پێدا نەنراوە و هەڵوێستی بایکۆتی بەدواوە بووە.
لە تەمەنی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا کە بە رێژیمێکی قەیرانساز لە پێناو مانەوەی خۆیدا دەناسرێ هەندێک هەڵبژاردن هەن، کە وەک ریفراندۆم و هەستاندنەوەی چەند بارەی مەشرووعییەت لە رێژیم و بە تایبەت باڵی باندی ویلایەت سەیر دەکرێن، یەکێک لە گرنگترینی ئەو قۆناخانەش ئەو هەڵبژاردنانە بوون کە رەوتێکی بەناو ریفۆرمخوازانی لە ئێران بە رێبەرایەتی خاتەمی هێنایە سەرکار و لە ماوەی دەوڵەتدارێتی ئەو کەسایەتییەدا نەک گشتی ئێران بەڵکو کوردستانیش پشوویەکی دێتەوە بەرخۆ و، بناخەی دامەزراوە مەدەنییەکان لە کوردستان دادەڕێژرێن و کەشی ئەمنییەتی زاڵ بەسەر کوردستاندا کاڵتر دەبێتەوە و چالاکانی مەدەنی پێ دەنێنە مەیدانی خەباتەوە. هەر لەو هەڵبژاردنانە دایە کە سەرەڕای نەبوونی قەوارەیەکی دیاریکراوی کوردی، حیزبی دیموکرات هەڵوێستی بەشداری دەگرێتەبەر و خەڵکی کوردستانیش بەدەم دەنگییەوە دێ. بە دوای لێکەوتنی ریفۆرمخوازەکاندا و دوو دەورە دەوڵەتداریی ئەحمەدینژادەوە، کەشی سیاسی کوردستان تووندتر لە پێشوو دادەخرێ و داپلۆسین و تۆقاندن دەگاتەوە ئەوپەڕی خۆی. هەر لەو ماوەیەشدا بزاڤی کوردیی تاراوگە تووشی قەیرانی قووڵ و کاریگەر بووە و لەتبوون و جیابوونەوەکان بەوپەڕی خۆیان دەگەن و، جگە لە تووڕەکردن و بێ هیوا کردنی کۆمەڵگەی کوردستان، پرش و بڵاویی هێزە کوردییەکان بە لووتکە دەگا. دابەزین لە شاخ و نیشتەجێ بوون لە شار، دابڕان لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵات، کێشە و ئارێشەی کەمپ نشینی و دەیان هۆکاری دیکە هێندەی دیکە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە سەر کۆمەڵگە کاڵتر دەکەنەوە و کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ئامادەی بەشدارییە لە هەر چەشنە پلاتفۆرمێک کە لانی کەمی ویستەکانی ئەوان لە خۆ بگرێ و دیسکۆرسی دیکە و نوێ، جێی دیسکۆرس و وێژاری تۆز لەسەر نیشتووی بزاڤ دەگرێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە لە هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی سەرکۆماریدا کە ریفۆرمخوازان بە وێژار و دیسکۆرسی تازەوە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات هاتنە مەیدان، بە پێچەوانەی نەریت دوای ویستی خەڵک کەوتن و دوو پاڵێوڕاوی دیاری ئەو بەرەیە واتە مووسەوی و بەتایبەت کەڕووبی لانیکەم داخوازی و ئامانجەکانی نەتەوە بێبەشەکانیان لە بەرنامە و بەڵێن و درووشمی هەڵبژاردنی خۆیاندا گونجاند، کە ئەمە بووە هۆی ئەوە نەتەوە بێبەشەکان هەرچی زیاتر وەخۆ بکەون و بەشداری هەڵبژاردنەکان بن. هاوکات کۆمەڵگەی کوردستانیش کە بە دوای رووناکاییەکدا دەگەڕێ، بە رێژەیەکی بەرچاو دەنگی خۆی دا بە پاڵێوڕاوی ریفۆرمخوازان. بەڵام هەروەک بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە باندی ویلایەت، ئەو جار وەک خۆرە کەوتە گیانی کەسانی جیابیری نێوخودی سیستمەوە و جگە لە دەسبەسەرکردنی پاڵێوڕاوانی ریفۆرمخواز کە بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان ناڕازی بوون و لە هەمان کاتیشدا هەرتکیان یەکێکن لە کۆڵەکانی ئەو رێژیمە، کارەساتی بەسەر لاوان و ناڕازییانی ناوەندنشین هێنا. بەڵام دواجار کۆماری ئیسلامی کە بەهۆی سیاسەتی ناحەکیمانە و چەوتی سەرکۆماری تاقانەی ویلایەتی فەقیهـ تەواو تەریک بۆوە و هەوڵە زێدەخوازانە و خوڵیا بەرزەفڕانەییەکانی، ئابووری ئێرانی داڕماند و رێژیمی لە زۆر بوارانەوە تووشی قەیران کرد، لە خولی یازدەیەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا خامنەیی بە پێچەوانەی ویستی خۆی ملی بۆ دەنگی خەڵک راکێشا کە لە راستیدا نا وتنێکی چەندبارە بوو بۆ باڵی حکوومەت و حەسەن روحانی بە هەندێک بەڵێن و درووشمی میانەڕۆ و پشتیوانی ریفۆرمخوازان بوو بە سەرکۆمار، ئەگەرچی ئەوە نزیک بە دوو ساڵ بە سەر هەڵبژاردنیدا تێدەپەڕێ هیچ کام لە درووشمەکانی لەسەر گۆڕینی سیاسەتی نێوخۆیی بەدی نەهاتوون.
بژاڤی کوردی و وەرچەرخان لە هەڵوێستدا
بە دوای لەتبوون و جیابوونەوە و لێکترازانی هەرچی زیاتری هێز و لایەنە سیاسییە تاراوگەنشینەکانی کورددا، شاهیدی هەندێ گۆڕان لە درووشم و هەڵوێست و سیاسەت و تێڕوانینی جیاواز دەبین، بە جۆرێک کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی سەرکۆماریدا یەکێک لە دیارترین هێزەکان واتە حدک بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی لە پاڵێوڕاوی دیاریکراوی سەرکۆماری دەردەبڕێ و داوا لە خەڵک دەکا دەنگ بەو پاڵێوڕاوە بدەن، لانی زۆری ویستەکانی لە بەرنامە و درووشمی خۆیدا گونجاندوە. هەر بۆیەش لە لایەن زۆرێک لە هێزە کوردستانییەکانی دیکە کەوتە بەر تانە و تەشەر و دەیان مۆرک و بەرچەسپی ناڕەوا لەو لایەنە دەدرێ. بەڵام حدک کە بە کۆمەڵێک درووشم و خاڵی جێگەی سەرنج بە ناوی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئێمە لایەنێکی لەتبووی دیموکراتی گەورەیە، ئەو دژەباوییەی گۆڕەپانی سیاسەتی بزاڤی درێژە پێ دەداو، جگە لە دەست هەڵگرتن لە بایکۆتی پەسیڤ زیاتر گرنگی بە خەباتی نێوخۆ دەدا و پشتگیری ئەو رەوت و لایەنە کوردستانیانە دەکا لە نێوخۆ سەرهەڵدەدەن و بە پێچەوانەی هێزەکانی دیکەوە بە نرخ و بایەخێکی زیاترەوە دەڕوانێتە هەوڵ و تێکۆشانی نێوخۆ، هەتا ناو و ناتۆرە سازکردن و پاوانی خەبات. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ یەکخستەوەی ریزی هەر کام لە هێزە لەتبوو و جیابووەکانی باشوورنشین، لایەنەکان خەریک کاری سیاسی خۆیانن و لە هەمان کاتدا، جیاوازیی روانین بۆ سیاسەت کردن و رووداوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران، لە هەڵوێستی لایەنەکاندا زیاتر دەردەکەوێ. بەتایبەتیش خولی دەیەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران هەرچی زیاتر لایەنەکان و بەتایبەت حدک دەخاتە بەرانبەر لایەنەکانی دیکە. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دوایین هەڵوێستی خۆیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران، ریسکێکی دیکە دەکا و بڕیار دەخاتە دەست خەڵک و لەو شار و دەڤەرانەی کورد دەگەڵ نەتەوەیەکی دیکە تێکەڵە هان دەدا دەنگ و رەنگی خۆیان هەبێ. هەڵوێستێک کە زۆر زوو هێزە شۆڕشگێڕەکانی دیکە دەخاتە بەرانبەر حدەکەوە، بە چەشنێک هێزی فەیس بووکی ئەو لایەنانە بەدوور لە هەر چەشنە ئەخلاقێکی شۆڕشگێڕی، نیشانەکانی پاوانخوازی خەبات و پاشەڕۆژێکی پێکهەڵنەکەر بۆ کۆمەڵگەی کورد لە رۆژهەڵات دەردەخەن.
کورد لە نێوان بایکۆت و بەشداریدا
سووکە چاوخشاندنێک بە سەر ئاکامی سیاسەتی بەشداری و بایکۆتی کورد لە رۆژهەڵات و هەڵسەنگاندنی دەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بەڕوونی دەردەخا کورد، چەندها زیان و قازانجی کردوە. سەرەتا پێویستە بوترێ بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات سەرەڕای هەموو کۆڵنەدەری و فیداکاری، نەیتوانی گوتاری خۆی لە کۆمەڵگەدا گشتگیر بکا، بەوەیکە نە بایکۆت و نە بەشداری، جگە لە زیان بۆ کۆمەڵگە چی بە دواوە نەبووە. بەو واتایەی لە حەشیمەتی چەند میلیۆنی کورد لە رۆژهەڵات، تەنیا رێژەیەکی زۆر کەم تێچووی شۆڕشی خستە سەر شان و گەورەترین هێزی رۆژهەڵات لەوپەڕی بەهێزیدا پێشمەرگەکانی لە دە هەزار کەس تێنەپەڕیون، کە ئەمە خۆی نیشاندەری خۆبواردنی رێژەیەکی یەکجار زۆری کۆمەڵگە لە خەباتدا نیشان دەدا، سەرەڕای ئەوەی ئەو هێزە لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگەوە پشتیوانی دەکرێ و تێچووی دارایی و ئەرکی لەسەر کۆمەڵگەیە. سروشتییە کە کورد دژایەتی و خەباتی بەرخۆدان و خۆڕاگری لە بەرانبەر ناوەنددا دەگرێتەبەر، دەبێ لە ئاستی کۆمەڵگە و پوتانسییەلی مرۆییشدا بایکۆت و بەشداری نەکردن لە بچووکترین هەتا مەزنترین دامودەزگەی بەڕێوەبەری، ئابووری، سیاسی و ئەمنییەتی و …. هتد، ئەو رێژیمەدا بگرێتە بەر، کە لەو بوارەشدا کۆمەڵگەی کوردستان نە بەشداری و نە بایکۆتی کاریگەر ناگرێتەربەر، دیارە لە لایەن بزاڤەوە بایکۆت سفارش دەکرێ. بە دوای خەباتی خۆڕاگری و شەڕی چەکداری و لە ئاکامدا داخزینی هێزە سیاسییە کوردییەکان بۆ قووڵایی باشووری کوردستان، ئەو هێزانە ئیدی بەگوێرەی هەلومەرج خەباتی چەکداری رادەگرن و تەنیا پەرە بە لایەنی خەباتی سیاسیی دەدەن، کە ئەویش بە هۆی دابڕان لە کۆمەڵگە و، لە هەمان کاتدا گۆڕانی خێرای کۆمەڵگە و جیاوازای کەشی فەرهەنگی و ئابووری لیک دووری دوو شوێنەکە، نەگۆڕان و ئابدەیت نەکردنەوەی وێژاری سیاسی بزاڤ، رۆژ دەگەڵ رۆژ کاریگەریی هەڵوێستی سیاسی بزاڤ لە کورتی دەدا. ئەمە لە حاڵێکدایە، نەتەوەی ئازەری لە بنان گوێچکەی کورد لە سەرەتای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە سەرەڕای کۆمەڵکوژی ئازەرییەکان لە دەورووبەری ئەردەبێل، ئەو نەتەوەیە بەشداری ئەکتیڤ دەگرێتەبەر و، هەنووکە بگرە لە نەتەوەی باڵادەست زیاتریش جومگەکانی دەسەڵاتی لە هەموو بوارەکاندا لە دەست دایە. بەشدارییەک کە هەنووکە ئاکامەکەی لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا بەرچاوە و لە پاشەڕۆژی ئێراندا تواناییەکی شایانی بەو نەتەوەیە بەخشیوە.
حدک و دژەباوی، ئایا حدک داخوازی کوردی دابەزاندوە!
بە دوای یەکلابوونەوەی قەیرانی پێکهەڵنەکردنی نێوخۆیی هێزە کوردییەکان لە باشوور و، سەرهەڵدانی دیاردەی لەتبوون و جیابوونەوەکان، حدک وەک هێزێکی گۆڕانخواز و گۆڕانهەڵگر، یەکەم حیزبە تەلیسمی ناردنەوەی پێشمەرگە دەشکێنێ و قووڵایی خاکی رۆژهەڵات بە بۆن و شوێن پێی پێشمەرگە شاد دەکاتەوە. هەروەها لە پێناو لێکنزیکردنەوەی پێشمەرگە و نیشتمان و ئەو حزوورەدا چەند کادر و پێشمەرگەی ئازا و بەوەجی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان دەبن. حدک وەک هێزێکی جێگەی ئومێدی کۆمەڵگە و بەتایبەت چینی هەڵکەوتە و خوێندەواری کۆمەڵگە، گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەت و روانینی سەبارەت بە چالاکی و دامەزراوە نێوخۆییەکان بەخۆوە دەبینێ و هەرکات پشتیوانی و پشتگیری خۆی بۆ گەشاندنەوەی خەبات لە نێوخۆ و گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەبات دەردەبڕێ و هەوڵی گشتگیرکردنی خەبات و ئەکتیڤ کردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی جیددی دەدا. هەر ئەو گۆڕانی روانینەشە وا دەکا حدک هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران بگۆڕێ و لە سیاسەتی بایکۆتی پەسیڤ و بەیاننامە دەرکردن دوور بکەوێتەوە و بە خوێندنەوە و بەدواداچوونی ئاڵوگۆڕەکانی نێوخۆ و بە تایبەت تاران و هاوکێشەی باڵەکانی دەسەڵاتداری نێو رێژیم، هەڵوێستی جیاواز لە لایەنەکانی دیکە بگرێتە بەر. دەگەڵ ناردنەوەی تیمی پێشمەرگە بۆ نێوخۆ و هاندانی بەشداربوونی خەڵک لە رووداوەکان، هاوکات دەنگۆی دانوستانی حدک و شەخسی سکرتێری تەکنۆکراتی ئەو حیزبەش لە کارنامەی نزیک بە یەک دەیە ژیانی حدکدا دەبینرێ. چالاک بوونی حدک لە زۆربەی بواراندا، زیاتر لە هەموو لایەنێک، لایەنی دیکەی دیموکرات ئازار دەدا، کە هەمیشە هەوڵی داوە خەباتی ئەو لەتەی دیموکرات بە کەم نیشان بدا و چەندین جۆرە مۆرک و ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆر وەدوای حدک بخا. حدک لە سۆنگەی گرنگیدان بە رۆژهەڵات و گەڕاندنەوەی پوتانسییەلی لاوانی رۆژهەڵات بۆ خەبات لە پێناو ئەو پارچەیەدا، وێژاری رۆژهەڵات تەوەری بەرۆژەڤ دەکا و بەم چەشنەش هەوڵ دەدا رۆژهەڵات لە ژێر سێبەری قوورسی هەواڵ و رووداوە گرنگەکانی ناوچەکە بخاتەوە سەرتیتر و بە پێکهێنانی پارێزەرانی رۆژهەڵات لە نێوخۆی کوردستان، هێز و پێگەی جەماوەری خۆی پێشان رێژیمیش دەدا.
دوایین هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر رووداوێکی دیکە حدکی خستە بەر هێرشی نەیارانەوە، کاتێک ئەو هێزە بە پێچەوانەی زۆربەی هێزەکانی دیکە، کە زیاتر لە مانگێک پێش هەڵبژاردن رێکەوتی بەیاننامەکانیان دەگۆڕی، حدک لە خولەکی نەوەددا و، دوای خوێندنەوە و بەدواداچوونێکی زۆر بریار دەداتەوە دەست خەڵک و خەڵک سەرپشک دەکا لە بەشداری و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان و، هەروەها لەو شار و دەڤەرانەش کە کورد و نەتەوەی دیکە تێکەڵن، خەڵکی کورد هان دەدا دەنگ و رەنگی خۆ بنوێنن و نوێنەری خۆیان رەوانەی مەجلیس بکەن. هەڵوێستێک کە سەرەڕای بەرهەمدار بوون و نەبوونی ئاکامەکانی خۆی لە ئەکتیڤ بوونی نەک هەر جەماوەر، بەڵکوو پاڵێوڕاوانیشدا دەرخست، بە جۆرێک زۆربەی هەرە زۆری بەربژێرانی مەجلیس هەوڵیان دا تا ئەو جێیەی بۆیان دەلوێ لە درووشم و دەنگەشە و بانگەشەکانی خۆیاندا دوای ویستی خەڵک بکەون و باس لەو ئامانج و داخوازییانە بکەن، کە بەرمەبەستی کۆمەڵگەی کوردستانن. هەروەها لەو ناوچانەش کە کورد و نەتەوەکانی دیکە تێکەڵن، بۆ یەکەم جار کورد خۆی دیتەوە و بە یەک دەنگ و یەکڕەنگ سەرەڕای چەندین بەربەست ئامادەی سەر سندووقەکانی دەنگدان بوو لە پێناو هەڵبژاردنی پاڵێوڕاوە کوردەکان. ئەگەرچی لە حەوزەیەکی گرنگی وەک ورمێ، ئەویش بە هۆی لە پاواندابوونی هەموو جوومگەکان لە دەستی ئازەرییەکاندا، گەلەکۆمەکی ئازەرییەکان لە شارەکانی تەورێز و هەمەدانەوە، ساختەکاری و تەقەلووبی بەربڵاو، یەکدەنگ نەبوونی هێز و لایەنە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات، بافتی عەشیرەتی ناوچەکە، مهەندیسی دەنگ لە لایەن بنئاژۆخوازانەوە و …. کورد نەیتوانی بەگوێرەی سەنگی خۆی، خۆی نیشان بدا، بەڵام زەنگێکی وشیارکەرەوە بوو بۆ کورد لەو ناوچەیە و، ناوچەکانی دیکە، هەتا لەمەودوا چالاکتر بەدواداچوون بۆ مافەکانی خۆی بکا و یەکگرتووانەتر بێتە مەیدان. هەروەها لە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەنگ نەهێنانەوەی کورد لەو دەڤەرە دەتوانین ئاماژە بە هێزی شۆڕشگێڕی تاراوگەنشینی ئەو ناوچەیە بکەین، کە بە داخەوە بەلای بایکۆتدا کەوتبوون و لە نێوخۆش بوونە هۆی دروستبوونی کەڵێن لە نێوان ریزی جەماوەری کورد.
دۆڕان لە ورمێ بە واتای شکستی سیاسەتی هەڵبژاردنی حدکە?
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە بنئاژۆخواز و ریفۆرمیستەوە لە گوێی گادا نەنووستوون، بەڵکوو ناوەندی (غرب شناسی) لە ورمێ، تەواوی جموجۆڵ و چالاکی و هەلسوکەوتی هێز و لایەنە کوردییەکان و تەنانەت رەفتار و دەروونناسی کۆمەڵگەی کوردی تۆمار دەکا و لێی ورد دەبێتەوە و دەیپشکنێ. ئایا دەکرێ ئەم گۆڕانە لە روانینی حدک لای ناوەندە ئەمنییەتی و سیاسییەکانی رێژیم پشتگوێ خرابێ. ئایا چالاکی و ناردنەوەی تیم و عەمەلیاتی پاریزەرانی رۆژهەڵات لە قووڵایی خاکی رۆژهەڵات و کۆنترۆڵی گەڕەکی شارەکانی رۆژهەڵات بۆ چەند کاتژمێر لە لایەن هێزەکانی سەر بە حدک، رێژیمی رانەچڵەکاندوە. چاونەترسی پێشمەرگە و پارێزەر و کادر و رێبەرایەتی حدک لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگەی مەترسین و بەتایبەتیش ئەو باڵەی خۆ بە بەرهەق و پاک و بێگەرد و پارێزەری شۆڕش و دەسکەوتەکانی شۆڕش دەزانێ و هەوڵی پاوانخوازی و هەرچی زیاتر بە ئەمنییەتی کردنی کوردستان و ئێران دەدا، زیاتر دژایەتی سیاسەتی حدک و بە ئاکام نەگەیشتنی مەبەستەکانی دەدا. هەر بۆیە لە دوا هەڵبژاردنی ئێراندا، هەموو هێزێک وەگەڕ خرا شوێنەواری سیاسەتی حدک لە سەر ئاراستەی رەفتار و کرداری کۆمەڵگە بستردرێتەوە. هەر بۆیە سەرەڕای داپاچین و لە هێڵەک دانێكێ زۆری پاڵێوڕاوان، لە حەساسترین حەوزەی هەڵبژاردنەکان، رێژیم و بەتایبەت باڵی بنئاژۆخواز بەوپەڕی هێزەوە هەوڵی دا رەنگ و دەنگی کورد کپ بکا، کە دیارە بە یارمەتی سیاسەتی ناوردبینانەی هێزە کوردییەکان و نابەرابەری دەرفەت و تەقەلووب، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئەگەرچی لە روانگەی حدکەوە هیچ هەڵبژادنێک لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دەگەڵ پێوەر و پێودانگی دیموکراسی و جیهانی ناگونجێ و فرتوفێڵی رێژیم بۆ لە ئەرزدانی غرووری کورد کۆتایی پێ نایە و، دەنگ نەهێنانەوەی کورد لەو شار و ناوچانەی نزیک بە سێ دەیەیە، کوردی لێ نەبان کراوە و جۆرەها میکانیزم و پیلانیان بۆ سڕینەوەی بەکار هێناوە بە واتای کوردستانی نەبوونیان، نین. بەڵام هەڵوێستی حدک توانی ریزی جەماوەری نێوخۆ رێک بخا و بە رەنگ و دەنگی کوردانەوە بیانهێنێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هەتا شکستی سیاسەتی دژە کوردی رێژیم و پاوانخوازان لەو ناوچانە نیشان بدا. حدک نیشانی دا، دەنگ و خواستی کۆمەڵگەی بیستوە و پشتیوانی لە ئامانجیان دەکا، هەروەها نیشانی دا ئەگەر هێزە کوردییەکان وەک کۆمەڵگەی کوردستان یەکڕیز دەرکەون، توانای ئەنجامی زۆر کاری نەکردەیان هەیە. هەروەها حدک نەریتی رێبەرانی شەهیدیشی دووپات کردەوە، هەم دانوستان لە ئاستی دەسەڵاتدا، هەم دیالۆگ و خەباتی مەدەنیانە، کە سەرەڕای هەموو بەربەست و تەگەرەیەک لەسەر رێبازی رێبەرانی و رێبازی دیموکرات پشوودرێژانە هەنگاو دەنێ و پاوانخوازیش دیاردەیەکی قبووڵی هێڵە گشتییەکانی نیە.