کوردەکان لە ورمێو دەورو بەر، ڕێژەیەکی گەورەی دانیشتووانی ئەم دەڤەرە پێک دێننو دەکرێ بڵیین ئەگەر لە ڕووی ژمارەوە شان لە شانی تورکەکان نەدەن شتێکی وا کەمتر نین. لە هەر حاڵدا ئەگەر نەتەوەی یەکەمیش نەبن خۆ نەتەوەی دووهەم هەن، ئەویش بە جیاوازییەکی کەم لە ژمارەی دانیشتووان دا. هەر دەسەڵاتو سیستەمێکی سیاسیی بەرپرسو خوازیاری تەبایی، لە شارو ناوچەیەکی لەم چەشنەدا هەوڵ دەدا هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتی پێکهاتە سەرەکییەکان بە سەرنجدان بە هەستیاریی نەتەوەییو ئایینیو هتد، لە چوون بۆ پارلمان بێبەش نەبن، لە بەڕێوەبەرێتی لە ئاستی پارێزگاو شارو ناوچەدا ڕۆڵێکی دیارو بەرچاویان هەبێو بەم جۆرە بەر بە پێکهاتنی ناکۆکیو کەلێنی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بگرن. بەڵام لە ئێرانو لەم پارێزگایە شتی وا لە گۆڕێ دا نییە.
کوردەکانی ورمێ لە دەوری دووهەمی دەیەمین هەڵبژاردنی پارلمانیی ئێراندا، بە ئاگاداری لەو هەمووە هەڵاواردنە نەتەوەییو ئایینییە کە لەم شارو لەم ناوچەیەو لەم پارێزگایەدا بە پشتیوانیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە دژی ئەوان هەیە، هاتنەوە نێو ململانێیەکی نابەرامبەر. لایەنێک هەموو جومگەکانی سیاسیو ئەمنیەتیو ئابووریو ئیداریی لە دەست دابووو لە دژی بەرامبەرەکەشیان یەکگرتوو بوون، لایەنەکەی دیکەش ، نە خۆئامادەکردنی پێویستیان هەبوو(چونکە ساڵانێکی زۆر داوایان لێکراوە لە دوورەوەی ئەم جۆرە دەرفەتانە ڕابوەستنو تەماشاچی بن)، نە جومگەکانی دەسەڵاتیان لە گەڵدا بوو بگرە دژیشیان بوون! تەنیا بڕوایان بە حەقانیەتی خۆیان هەبووو ڕێگای پارێزگاری لە شوناسی خۆیانو مافەکانی خۆیانو دەنگهەڵبڕین دژی ستەمو هەڵاواردنیان لەوە دا دەدیت کە بێنە نێو مەیدانی ململانێیەکی نابەرامبەر، تا دەنگی خۆیان بگەیەنن، تا بوونی خۆیان بسەلمێنێن. تا نیشانی بدەن کە چی دیکە نایانهەوێ لە پەراوێز بخرێنو لەو پەڕی کەم ئیمکانیو بێدەرەتانیدا دەیانهەوێ ئەم دۆخە بگۆڕن.
لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنیشدا، کاندیدا کوردەکانی ورمێ ڕێگای چوون بۆ مەجلیسیان پێ نەدرا. دەکرێو پێویستە هۆو فاکتەرە نێوخۆییەکان(ئەوانەی پێوەندییان بە خودی کوردەکانەوە هەیە) لە لایەن شارەزایانو چاوەدیرانی سیاسیو کۆمەڵایەتی بخرێنە بەر تیشکی ڕەخنەو شیکاری. بەڵام گومانی تێدا نیە فاکتەرە دەرەکێیەکانیش، ئەوانەی پێوەندییان بە لایەنی بەرامبەرو دامو دەزگاو دامەزراوە حکوومەتییەکانەوە هەیە، لە دژی کورددکان بوون. پڕۆسەی رەددی سەلاحییەتەکانو جێگیرکردنو چاوەدێریی سندووقەکانی دەنگدانو بژاردنی دەنگەکانو زۆر فاکتەری دیکە، وەها موهەندیسی کرابوون کە کوردەکان نەتوانن سەرکەوتووی ئەو ململانێیە بن. لاوازیو کەموکورتییە نێوخۆییەکانی کوردەکانیش، ئەوەندەی دیکە یارمەتیدەری هاتنە دیی ویستو نیازی لایەنەکەی دیکەی ئەو ململانییە بوون.
بەو حاڵەش دەیەمین هەڵبرادنی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی بە هەر دوو خولیەوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بووژانەوەی هەستو بیری نەتەوەیی کوردەکانی ئەم دەڤەرەو وشیاربوونەوەیان بە نیسبەت مافەکانیانەوە. پێوەندیو هاوپێوەندیی ئەوان لەم چەند مانگە داو دەست پێکدانیان بۆ بەرگرییان لە شوناسو مافەکانی خۆیان، جێگای ڕیزو پێزانین بوو. ئەوان توانیان بوونی خۆیان بسەلمێنن نەک بە ناردنی نوێنەر بۆ پارڵمان، کە ئەمەیان بە داخەوە بەو هۆیانەی باسیان کرا، بۆ نەهاتە دی. بەڵکوو بە نیشاندانی هەڵوێستی نەتەوەییو وشیارانەیان لە بەرگری لە شوناسو مافەکانی خۆیان دا. سەرنەکەوتنی کوردەکانی ورمێو دەوروبەر لەم دوو خولەی هەڵبژاردندا، قۆناغی کۆتایی دەیەمین دەورەی هەڵبژاردن بوو، بەڵام کۆتایی هاتنە مەیدانی کوردەکان نییە، بەڵکوو دەسپێکە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر لە دەرفەتەکانی داهاتوو دا. ئەرکی حیزبە سیاسییەکانو سیاسیکارانی ڕۆژهەلاتی کوردستانە خوێندەوەیەکی واقعیانەتر بۆ ڕەفتاری سیاسیو نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لەو شارو ناوچانەدا بکەن کە کوردو تورک پێکەوە تێیاندا دەژین.
ئایا ئێمە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ، ڕۆژێک دەگەینە ئەو باوەڕە کە یارمەتیدەری خەڵکی خۆمان لە نیوخۆی ولات لەم جۆرە ململانێیانە دا بین؟! خۆ ئەگەر هاوکارییەکیشمان لە دەست نەیە, لانیکەم پێویستە بەردیان نەخەینە سەر ڕێ.