ئاماژە: ئەو بابەتە لە کتێبی “ئارچی، سوێی فێربوون، بیرەوەرییەکانی ئەفسەرێکی ئیستیخبارات، وەشانخانەی ویدنفیڵد و نیکلسن، لەندەن، ساڵی ١٩٨٨ لاپەڕەی ٢٧٧ – ٢٨٢ وەرگێڕدراوە. کاک حەسەن قازی بەبۆنەی ١٢٢ ساڵەی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد وەرگێرانی ئەو بەشە لە کتێبەکەی “ڕۆزڤیڵت”ی کە باسی سەردانەکەی بۆ کۆماری کوردستان و دیدار لەگەڵ پێشەوا دەکا، لە ئینگلیزییەوە وەرگیراوە سەر کوردی.
سەرنووسی بابەتەکە هەڵبژاردنی “کوردستان”ە و لە گێڕانەوەی رۆزڤێلت وەرگیراوە.
“… شاری مەهاباد پڕ بوو لەو کوردانەی کە هەموو بە جلوبەرگی کوردییەوە لە هاتوچوودا بوون. ئێمەیان ڕێنوێنی کرد بۆ خانووی شارداری و لەوێ بە کاربەدەستە خۆجێیەکان ناسێندراین و پێیان ڕاگەیاندین بۆ بەیانی قازی محەممەد دەمانبینێ. لەوێ بۆ شیوخواردن داوەتیان کردین و بەڕێوەبەری تەبلیغات سەدیق حەیدەری میوانداریی لێ کردین. ئەو ئینسانێکی ڕووخۆش و تاقەئەندامی کابینەی [کورد] بوو کە دەیخواردەوە و ئەفسەرە هاوسەفەرەکەی منیش بە خۆشییەکی زۆر بۆ فڕکردنی چەند پێک ڤۆدکا ڕەگەڵمان کەوت.
ڕۆژی دوایی سەر لە بەیانی بردیانین بۆ خانوویەک کە بەڕواڵەت لە لایەن سۆڤێتیەکانەوە دەکار کرا بوو وەکوو مەقەڕی سەرکردایەتی، ڕەنگە بۆ ئەڕتەشی تازە دامەزراوی مەهاباد. دیوارەکانی ئەو بینایە پر بوو لە تەبلیغاتی سۆڤیەتی و وێنەی ڕێبەرانی سۆڤیەت. کاتێک چووینە نێو دەفتەری قازی محەممەد، ئەو لە دەوری مێزەکەی دانیشتبوو و نەخشەیەکی گەورەی کوردستانی گەورەی بە تەنیشتەوە هەڵواسرا بوو. قازی محەممەد پیاوێکی کورتەباڵایە، و وەک کەسێکی جێکەوتوو وەبەرچاوم هات. باڵتۆیەکی کۆنی سەربازیی ئێرانی دەبەر دابوو، ڕیشێکی تەنک دەموچاوی بزڕکاو و زاهیدانەی ئەوی داگرتبوو. ئەو پاشان پێی گوتین نەخۆشیی زۆر جیدی مەعیدەی هەیە و جگە لە ماست بە هەڵکەوت شتێکی تر دەخوا.
پاش ئەوەی خۆمان ناساند و مەبەستی سەفەرەکەمان بۆ باس کرد، پارچە کاغەزێکی هەڵگرت و قسەکانی لە پێشدا ئامادەکراوی بە فارسی خوێندەوە. وشەکانی تەواو ڕوون و دەنگی ئارام بوو. لە کاتی خوێندنەوەدا جاروبار بە چاوە سێحراوییەکانی سەیری دەکردین. لە قسەکانیدا بەکورتی باسی ئەو زۆردارییەی کرد کە لە کوردەکان کراوە، ئاواتە نەتەوەییەکانیان وهەروەها پێویستیی ئەوەی کە خەڵکی لایەنگری ئازادی -بەتایبەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا- یارمەتییان بدەن بۆ وەدەستخستنی ئازادی و مافە ئینسانییەکانیان لەسەر بنەمای ئەو پرێنسیپانەی کە بۆ پاراستنیان شەڕی دووهەمی جیهانی کرا.
من لە وڵام دا گوتم: “دەوڵەتە یەکگرتووەکان هەمیشە لایەنگری ئازادی و کەڵکوەرگرتنی گشت گەلان لە مافی مرۆڤ بووە. ئێمە هیوادارین ڕۆژێک تەواوی خەڵکی دنیا بەو ئاواتەی خۆیان بگەن. ئێمە هاتووینە کوردستان تا لە وەزعی کوردەکان بکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی خۆمان بدەینەوە بە حکوومەتەکەمان. هیوادارین وەزعی کوردەکان باش بێ و کوردەکان جۆرێک لە دیکتاتۆری بە جۆرێکی دیکەی دیکتاتۆری نەگۆڕنەوە.”
قازیی محەممەد گوتی: “تەواوی ئەو خەڵکەی لەو بەشانەی وڵات دەژین کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی من دان ئازادن بۆ ئەوەی چ دەڵێن و چ دەنووسن. من لە وڵامدا گوتم: “خۆم بە چاو ئەوەم دیوە کە وایە. لە کاتێکدا لە ئازەربایجانی دێمۆکراتدا خەڵک دەتوانن تەنیا گوێ لە ڕادیۆی تەورێز و مۆسکۆ بگرن، ئەمن دوێنێ شەو لە شەقامەکانی ئێرە گوێم لە دەنگی ڕادیۆی لەندەن و ئانکارا بوو.”
قازیی محەممەد کە دیار بوو ئەو قسەی منی پێ خۆش بوو گوتی وەزعی تەورێز لەگەڵ مەهاباد بەتەواوی جیاوازە. شادیی وی نەما کاتێک باسی ئەو گیروگرفتەم بۆ کرد کە هاتبووە سەر ڕێم لە سەرسنوورەکەی، هەروەها ئەوەش کە گوتم لەوە سەرم سوڕ دەمێنێ کە دەبینم مەقەڕی سەرکردایەتی وی بە پۆستێری تەبلیغاتیی سۆڤیەتی داپۆشراوە. قازی گوتی: “کوردەکان ناچارن هەر کەس یارمەتییان پێ بکا لێی وەربگرن، بەڵام ژێردەستەیی هیچ کەس قبووڵ ناکەن…. ئێمە سکاڵایەکمان دا بە سێ دەوڵەتی زلی بەشدار لە کۆنفڕانسی ئوڕووپایی (کۆنفڕانسی پۆتسدام) بۆ ئەوەی ئاوڕێک وە ناڕەزایەتییەکانی کوردەکان بدەنەوە. بەڵام بریتانیا و ئەمریکا گوێیان نەداوینێ”. قازی بە ئاماژە بە مەنشووری ئاتڵانتیک گوتی: کوردەکان هەموو هیوادار بوون دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا -پێشوەچووترین دەوڵەتی سەر زەوی- بۆ سەرکەوتن بە سەر دواکەوتووییدا یارمەتییان بدا: “ئەگەر ئەمریکا لەجیاتی ناردنی سی هەزار سەرباز بۆ ئێران تەنیا سەد مامۆستای بۆ ئەم وڵاتە ناردبایە چ دەبوو؟ بەڵام ئێوە لەجیاتی یارمەتیی ئێمە بدەن، یارمەتیی دوژمنەکانی ئێمە –وەک تورکەکان– دەدەن، ئەوەش بە ڕێگای دانی چەک و تەقەمەنی بۆ سەرکوتکردنمان.”
پاشان بۆ سەرکۆنەی بریتانیاییەکان وتارێکی دا و کردەوە جیاوازەکانی ئەوانی بۆ سەرکوتکردنی کورد لە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو دا ئەژمارد و بە ئاماژە بە شکانی مەلا مستەفا کۆتایی پێ هێنا .لە سەرێکی دیکەوە لە سەر فەڕانسەییەکان بیروڕای باش بوو کە لە سووریە “یارمەتیی کوردەکان”یان دابوو. ئێمە دوایە بیستمان “ناپلیۆن ژاکل “، هەواڵنێرێکی “فڕانس پرێس” کە کەسێکی مەیلەو چەپ بوو لەو دواییانەدا سەفەرێکی مەهابادی کردبوو و بە دوای ئەوەدا زنجیرەیەک وتاری دۆستانەی لەسەر کوردەکان لە چاپەمەنیی فەڕانسەدا بڵاو کردبۆوە.
قازیی محەممەد پاشان لەبارەی تێکۆشانی ناسیۆنالیستی لە وڵاتانی دراوسێدا قسەی کرد و نامەیەکی تایپکراوی پێشان داین کە خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی ئەستەمبوڵ نووسیبوویان لەسەر پارچەیەکی سپی و دیار بوو ئەو تەتەرەی هێنابووی دە جلوبەرگەکانیدا شاردبوویەوە. دوایە ئەو بە دوور و درێژی باسی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ کردین لە عێڕاق.
بەڵام کاتێک باسی مەلا مستەفام لێ پرسی کە وا بڵاو ببوەوە دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ عێڕاق ئەو وڵامێکی وای نەداوە. لەمەڕ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق شتێکی گوت و لێی زیاد کرد کە هەڵبەت مەلا مستەفا ئازادە هەر کاتێک بیەوێ بچێتەوە عێڕاق. کە داوام کرد چاوم بە مەلا مستەفا یان لانی کەم ئەو ئەفسەرە عێڕاقییانەی لەگەڵی هاتوون بکەوێ چ وڵامی نەدایەوە.
قازیی محەممەد لە پاشان لەبارەی وتووێژی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و پێشنیاری پێکهێنانی ئوستانێکی گەورەی کوردستان قسەی کرد. ئەو ئیدیعای دەکرد ئەو پێشنیارە لەلایەن حکوومەتی ناوەندی خۆی کراوە: “ئەو بڕیارە دوای گفتوگۆ لەگەڵ من و دوکتور جاوید دراوە”. ئەو گوتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان هێشتا بڕیاری نەداوە کە داخودا پێشنیاری سەرۆکوەزیر قەوام لەبارەی چوونە نێو حیزبی تازەدامەزراوی دێموکراتی ئێران قەبووڵ دەکا یان نا؟ ئەو هەروەها ئاماژەی بۆ ئەو گیروگرفتە کرد کە عەشیرەتە موخالیفەکان بۆیان سازکردوە و قسەکانی بە دەربڕینی گشتی لەمەڕ سەرکوتکردنی کوردەکان لە لایەن ڕەزا شاوە کۆتایی پێ هێنا کە “چۆن زمانی ئێمەی بڕیبوو” واتە ئیزنی نەدەدا زمانی کوردی بە ئازادی دەکار بکرێ.
قازی گوتی: “کوردەکان داوای شتێکی سەیر و سەمەرە ناکەن، ئەوان تەنیا ئەو ماف و ئازادییە سروشتییانەیان دەوێ کە هەموو ئادەمیزادان هەیانە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بارودۆخی کورد لە بەرچاو بگرێ، و ئەگەر ئێستا هەڵنەسووڕێ دەستبەجێ کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ ساز بکرێ، بە لانیکەمەوە ئەو دەستگایە دەتوانێ ئەو دەوڵەتانەی کە کەمایەتیی کوردیان تێدا دەژی ناچار بکا ناوچەی ئۆتۆنۆمییان بۆ پێک بێنن دە چوارچێوەی سنوورەکانیان دا.”
دوای دیدار و وتووێژ لەگەڵ قازی، چووینە گەڕانی نێو شار. دەرفەتێکی زۆرمان بۆ هەڵنەکەوت بۆ قسەکردن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک، چونکە تەواوی ئەو ماوەی کە لە مەهاباد بووین لانیکەم یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانمان لەگەڵ بوو، و جگە لەو ئاڵقە بچووکە بە کەسی دیکە نەناسێندراین .بەڵام شۆفێرە ئەرمەنییەکەمان بە کەیفی خۆی بە شاردا گەڕابوو و گوتی لە سەرەتاوە خەڵک وایان زانیوە ئێمە ڕووسین و پرسیبوویان ڕووسەکان بۆچی گەڕاونەتەوە. کە زانیبوویان ئێمە ئەمریکایین کەیفخۆش ببوون و ویستبوویان ئەمریکاییەکان کورد بناسن، هەرچەند هێندێکیان لەمەڕ ئامانجی دیداری ئەو ئەفسەرە ئەمریکاییانە دڕدۆنگ بوون. بەگشتی خەڵک لە قازیی محەممەد ڕازی بوون و دەیانگوت حکوومەتەکەی ئەو لەچاو حکوومەتی ڕەزا شا باشبوونێکی گەورەیە، تەنیا سەبارەت بە مانەوەی نیگەران بوون.
من لە ڕاپۆرتەکەمدا بیروڕای ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیم کورت کردبۆوە کە لە مانەوەی کورتمان لە مەهاباد هێنایانە گۆڕێ. ئەوان شوکرانەبژێری سۆڤیەت بوون کە دەرەتانی سەربەخۆیی بۆ پێک هێناون، بەڵام پێداگرییان کرد سۆڤیەت دەست لە کاروباری حکوومەتەکەیان وەر نادا و هێج کاربەدەستێکی سۆڤیەت لە شارەکەیان نییە. (زۆربەیان وێنەدەچوو هۆگرییان هەبێ بەرەو کۆمۆنیزم ، و وا وێدەچوو ئەشڕافییەتی کەونارا هێشتا جڵەوی بە دەست بێ). ئەوان خۆیان لە بارودۆخی شۆڕشدا دەبینی -بەڵام شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی- دەیانگوت: هیوادارن حکوومەتەکەیان ئەوەندە پەرە بستێنێ کە هەموو ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بگرێتەوە. ئەوە بریتی دەبێ لە ناوچەی خوارووی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ئێران. تەنانەت مەڵبەندە عەشیرەتییەکانی زێدی لور و بەختیارییەکانیش کە خۆیان بە کورد نازانن. بەرەو باکوور ئەو بەشە لە ئازەربایجان وەبەر دەکەوێ کە کەوتووەتە خواروو و ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ئورمیە تا دەگاتە سنووری سۆڤییەت. ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بێزاریی هەرە قووڵیان دەربڕی لە ئاست ئەڕتەشی ئێران، وێدەچوو ئەوان زۆر نیگەڕان بن لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئێرانی بە لای باشوورەوە. بە لانیکەمەوە یەکێکیان ڕایگەیاند کە حکوومەتی ناوەندی خەریکی هاندانی هێندێک لە عەشیرەتە کوردەکانە.
سەرلەبەیانیی زوو، ١٦ی سێپتامبر، چووینە سەردانی چاپخانەی مەهاباد کە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی “کوردستان” و هێندێک گۆڤاری کەم تیراژی بە زمانی کوردی بڵاو دەکردەوە.
زمانی کوردی بەکورتی دوو زاراوەیە. یەکەمیان لەهجەی زازایە، کە کوردەکانی سووریە و تورکیە و ناوچەکانی سەرووی عێڕاق و خێلی هەرکی و شکاک و کوردەکانی لای سەرووتر لە ئێران قسەی پێ دەکەن.[دیارە مەبەستی ڕۆزڤێڵت کورمانجییە. ح.ق] بەدرخانییەکان شێوە نووسینێکیان بۆ ئەو دیالێکتە لەسەر بنەمای ئەلفووبێی ڕۆمی داهێنا کە لە سووریە دەکار دەکرێ. لەهجەکەی دیکە کە زۆربەی کوردەکانی عێڕاق و ئێران قسەی پێ دەکەن و فەرقێکی گەورەی لەگەڵ لەهجەی یەکەم هەیە، کورمانجی [مەبەست سۆڕانی. ح. ق] یە. ئەمە بە ئەلفوبێیەکی هەموارکراوی عەڕەبی چاپ دەکرێ، کە لە نووسیندا ڤاڤێلەکان دەکار دەکرێن و ئەو زمانەیە کە لەو کتێب و چاپەمەنییانەدا بەکار دەهێندرێ کە لە مەهاباد و بەغدا و سلێمانی چاپ دەبن . مودیر چاپخانەکەی نیشان داین کە چەرخییە و لە ڕووسیە ساز کراوە. هەرچەند هێندێک لە پارچەکانی ئەڵمانی و چێکی بوون. هەموو ژمارەکانی “کوردستان”یان داینێ لە سەرەتای دەرچوونیەوە و، چەند گۆڤار و چەند نامیلکەی شێعر و ئێمە ئەوانەمان نارد بۆ بەڕێوەبەری دەستگای ئیستیخبارات. هێندێک لە نوسخەی ئەو ڕۆژنامانەشم داوە بە کتێبخانەی کوردی لە شاری نیۆیۆرک.
هەر ئەوەی کە کوردەکان زانییان هەر هەمان ڕۆژ دەمانەوێ مەهاباد بەجێ بهێڵین، پێیان ڕاگەیاندین قازیی محەممەد بۆ نانی نیوەڕۆ بانگهێشتنی کردووین. ناچار بووین سەفەرەکەمان بۆ دوای نیوەڕۆ وەدوا بخەین. نیزیک نیوەڕۆ ئێمە دووبارە لە دەفتەرەکەیدا لەگەڵ قازی کۆ بووینەوە. ئەمجارە قسەکانمان زیاتر لەسەر بابەتی کولتووری بوو. قازی گوتی: “پێم خۆش بوو ئێوە نوسخەی بڵاوکراوەکانی ئێمە وەربگرن چونکە دەمەوێ دەوڵەتە یەکگرتووەکان لەبارەی کوردستانەوە هەموو شت بزانێ… من هیچم نییە بیشارمەوە…”. ئەمن گوتم “ئەدی بۆچی مودیری تەبلیغات ئاخرین ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی لێ وەرگرتینەوە؟ “قازی نوسخەیەکی لەو ژمارەیە هەڵگرت و سەرخەتێکی نیشان دام کە ئاماژەی دەکرد بە ئەنجومەنی ئەیالەتیی کورد، واتە شوڕای ئوستانیی کوردی. گوتی: “ئەمە هەڵەیەکە کە زۆری تووڕە کردووم. کوا هیچ ئوستانێکی کوردی نییە و، ئێمە بەشێکین لە ئازەربایجان و من نامەوێ ئەم نوسخانەی ئەم هەڵەیان تێدایە بڵاو ببنەوە.”
ئەمە بە تەواوی نیشاندەری سیاسەتی وی بوو. ناسناوی تەنیا پێشەوا بوو بە مانای ڕێبەر و ناوی سەرۆکی وەزارەتخانەکانی ڕەئیس بوو، نەک وەزیر کە مانای مینیستر دەگەیەنێ.
وەک لە دیتنەکان دەرکەوت ئەو هێشتا خۆی بە کاربەدەستێکی ئێرانی دەزانی و ئامانجی دەستبەجێی وەدەستهێنانی خودموختاری بوو لەنێو سنوورەکانی ئێراندا. ئەو دایگرتەوە کە کورد و فارس گەلی خزمن و باسی ڕەچەڵەکی کوردەکانی بۆ کردین، کە بەپێی قسەی وی لە مادەکان کەوتوونەتەوە.
لەگەڵ قازی و ئەندامانی کۆمیتەکەی نانی نیوەڕۆمان خوارد و وەک ئیمتیازێک ڤۆدکایەکی تایبەتیی توندیش ئامادە کرابوو. تەنیا یەک یان دوو کەس لە خانەخوێیەکانمان خواردیانەوە. دواجار نیزیکەی سەعاتی سێ و نیوی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ کوردێکی بەخۆوەی خەڵکی مەهاباد وەڕی کەوتین کە شارەزامان بوو، و پاش تێپەڕبوون لە جادەیەکی شاخاوی گەیشتینە بۆکان.
هەوا بە تەواوی تاریک داهاتبوو کاتێک گەیشتینە سنووری جەبهە. لەپڕ شارەزاکەمان هاواری کرد، ڕاوەستن! سێ بارزانی لە کاتێکدا لوولە تفەنگیان لێ ئێمە کردبوو هاتنە پێش و بردیانین بۆ لای ئەمیرخانی فەرماندەکەیان کە بارزانییەکی وێچوو بوو. ئەمیرخان لە سەرەتاوە گوتی: ئیجازەی نووسراوتان لەلایەن پێشەواوە پێ نییە، ناتوانم ڕێگاتان بدەم. بەڵام پاشان فەرقێکی بۆ ئێمە دانا و بە بزە و دەستگوشینێکی دۆستانە بەڕێی کردین. چەند میل لەولاتر ڕێبەندانێکی دیکەمان هاتە پێش. دوای ماوەیەک هۆرنی ماشێنەکەمان وەدەنگ خست، سەروپۆتراکی دوو سەربازی ئێرانی کە لە تەپەکەوە دەهاتنە خوارێ دەرکەوت. یەکیان کاغەز و قەڵەمێکی بە دەستەوە بوو. ناوی ئێمەیان نووسی و ژمارەی تفەنگەکانیان پرسی و ئێمەش چوار ژمارەی ساختەمان پێگوتن. بەڵام ئەوان نەیانتوانی ژمارەی تفەنگی شارەزا کوردەکەمان بنووسن چونکە کووژێندرابۆوە. هەر کە وەڕێ کەوتینەوە دیتم شارەزاکەمان قاقا پێدەکەنێ و سەری ڕادەوەشێنێ. جیاوازیی نێوان تەپبوون و بوروکڕاتبوونی ئێرانییەکان و وشیاری و بەبڕیاری بارزانییەکان جوان دیار بوو.
شەو لە سەقز لەگەڵ ژەنەڕاڵ هومایوونی ڕامانبوارد. تامەزرۆ بوو بیروڕای ڕێبەران لە مەهاباد سەبارەت بە عەشیرەتەکانی دژی قازی محەممەد بزانێ. ئەو گوتی عەشیرەتەکانی مامەش و مەنگوڕ و چەند نوێنەری گەورکان ڕۆژی پێشتر هاتوونە لای و داوای چەک و یارمەتیان لێ کردووە.
لە کۆتایی سەردانەکەمدا، بەو قەناعەتە گەیشتم کە قازی محەممەد بە یارمەتیی ڕووسەکان توانیویەتی بەکردەوە کۆمارێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ. ئەگەرچی قازی بە چاوی باشترین دۆست سەیری ڕووسەکانی دەکرد، بەڵام ڕووسەکان بەئاشکرا دەستیان لە کاروباری نێوخۆیی کوردستان وەرنەدەدا. بزووتنەوەی قازی محەممەد ناسیۆنالیستی بوو، نەک کۆمۆنیستی. بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتانی دیکەش پەسندیان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، عەشیرەتە گرینگەکان لە کوردستانی ئێران یا دژی بوون و یا لە ئاست قازی محەممەد بێ تەفاوەت بوون .
***