بێتوو ڕێککەوتنی ئێران واژۆ بکرێ، بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە شێوە بەڕچاو بنکۆڵ دەکرێ، چونکە ڕێگا بۆ چالاکییە شێوێنەرەکانی تاران ئاواڵا دەبێ. بێجگە لە پێکهاتن لەسەر سنووربەندییەکی لاواز بۆ سەر بەرنامەی ناوکی ئێران، ڕێککەوتنەکە لێشاوی چەند میلیاردی دراو بۆ ئێران و بەکرێگیراوە تێرۆریستەکانی مومکین دەکا و ئەگەری هێنانەدەری سوپای پاسداران لە لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکان، لە کاتێکدا کە ئەندامەکانی بە شێوەی چالاک هەوڵ دەدەن کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان تێرۆر بکەن، ئەو ڕێکخراوەیە بەهێز دەکات. بەڵام ڕێککەوتنەکە تەنیا نابێتە هۆی بەهێزترکردنی ئێران، بەڵکوو زەختی ئەمریکا بۆ سەر ڕووسیەش لاواز دەکات.
مۆسکۆ هەموو جۆرە سوودی لە ئێرانێکی ناوکی پێ دەگات، لەناویاندا قازانجی ئابووری و سەربازی کە دەبنە هۆی پشتگیری لە هەوڵەکانی پوتین لە ئۆکراین.
تێوەگلانی ڕووسیە لە وتووێژەکانی ڤییەن لە سەرەتاوە گیروگرفت بووە. دیمەنەکانی بەتەنیا، مرۆڤ نیگەران دەکەن. لە کاتێکدا کە پوتین خەریکی تاوانی جەنگە و سەربەخۆیی ئۆکراین پێشێل دەکات، وڵاتە یەکگرتووەکان بە وتووێژ دەگەڵ دیپلۆماتەکانی کرێملین خەریکی ڕێککەوتن دەگەڵ تارانە.
لە سەرەتاوە، ڕووسەکان لەلایەن ئێرانییەکانەوە وتووێژیان کردوە و شەرمیشیان لێی نەکردوە. دانوستانکاری سەرەکیی ڕووسیە، میخایل ئولیانۆڤ، ستایشی هەوڵە هاوبەشەکانی دەگەڵ ئێران و چین لە ماوەی وتووێژەکاندا دەکات و دەڵێ، “ئێمە توانیمان بەیەکەوە ئاکامی ئەرێنی مسۆگەر بکەین.” ئەو گوتی مەلاکانی ئێران “بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان وەک شێر دەجەنگێن” و وڵاتەکە لە وتووێژەکاندا “زۆر لەوەی چاوەڕوانی دەکرد، دەستکەوتی وەدەست هێنا.” ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە “دۆستە چینییەکانی بە هەمان شێوە وەک هاودانوستانکار کاریگەر و بەکەڵک بوون. ئێمە دەمانتوانی پشت بە یەکتر ببەستین … و لە زۆر خاڵدا، بە هۆی هەوڵی هاوبەش، سەرکەوتوو بووین.”
هەروەها باڵوێزی ڕووسیە لە ئێران، لێڤان جاگاریان، شانازیی بەوە دەکرد کە نوێنەرانی ئێرانی لە ڤییەن “بەردەوام سوپاسی ئێمەیان دەکرد.” بەتایبەتی نوێنەری ئێمە، ئولیانۆڤ، یارمەتیی زۆر دەکات و ئێمە پێوەندی نزیکمان دەگەڵ دۆستە ئێرانییەکانمان هەیە. ئەو گوتی، “ئێمە … دەمانهەوێ یارمەتییان بکەین.”
ئەوە بەئاشکرا لە بەرژەوەندیی ئابووری، ستراتێژیک و سەربازیی ڕووسیەدایە کە ئێران بگاتە ڕێککەوتنێکی بەسوود. بێهنام بین تالیبلو، هاوکارێکی پلەبەرزی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان، لە وتووێژێکدا دەگەڵ نەیشنال ڕیڤیودا گوتی، “سێ هۆ شی دەکەنەوە کە بۆچی ڕووسیە ڕێککەوتنێکی خراپی دەگەڵ ئێران دەوێ.” ئەو گوتی لەنێو ئەو هۆیانەدا “سووککردنی زەختی ئابووریی پێوەندیدار بە ئۆکراینەوە و پووچەڵکردنەوەی ئابلۆقەکان، فرۆشتنی چەکوچۆڵ و پەرەپێدانی هاوکاریی ناوکی و فرۆشتن.”
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، ڕووسیە دەسکەوتی مەزنی لە بڕیارەکانی ڕێککەوتنی لاوازی بایدن دەست دەکەون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبەری، وەزارەتی کاروباری دەرەوە “بەشداریی ڕووسیە لە پرۆژە ناوکییەکانی” دەگەڵ ئێران ناخاتە لیستەی ئابلۆقەکانەوە، لە ناویاندا هەناردەکردنی بەشە زیادییەکەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی تاران و گۆڕینی دامەزراوەکانی پیتاندن بۆ دامەزراوەی سووتەمەنیی مەدەنی.
بێتوو ئێرانییەکان بگەنە ڕێککەوتن، دەسکەوتەکەیان هەڵگیرانی ئابلۆقە، بایی ١٣٠ میلیارد دۆلار دەبێ، کە پێوەندیی ئابووری ئەوان دەگەڵ ڕووسیە دەبووژێنێتەوە. بەکردەوە، ئەو پێوەندییە هەر ئێستا خەریکی گەشەکردنە. لە سەرەتای ئاپریل فری بیکن ڕایگەیاند کە ئەو دوو وڵاتە کۆنفرانسێکی بازرگانییان بەڕێوە برد “تا هەوڵەکانیان بۆ خۆبواردن لە ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان چڕ بکەنەوە.” خانەخوێی کۆنفرانسەکە مۆسکۆ بوو و لەوێدا ٧٠ ناوەندی پێشەسازیی ئێرانی و ٣٠٠ ناوەندی ڕووسیەیی بەشدار بوون. سیاسەتوانێکی ئێرانی گوتی کە وڵاتەکان چاوەڕوانی “گەشەی بەرچاو لە پێوەندییە دووقۆڵیەکانیانن.” کاتەکەی بە هەڵکەوت نییە. وەک بیکن ئاماژەی پێ کرد، پێوەندیی بازرگانی ئەو دوو وڵاتە دەگەڵ خۆئامادەکردنی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بۆ “لابردنی ئابلۆقە” لەسەر ئێران، پەرە دەستێنێ، کە دەبێتە هۆی “ڕەخساندنی دەرفەت بۆ مۆسکۆ تا لە ئێران وەک ئامرازێک بۆ سووککردنی زەختی نێونەتەوەیی کەڵک وەرگرێ.”
مارک دوبۆویتز و ماتیو زویب، لە واڵستریت ژورناڵدا نووسیان کە ئەوان لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە کاتێكدا پوتین بەرەوڕووی کەڵەکەبوونی ئابلۆقان بۆ سەر خۆی دەبێتەوە، ئێران تەکنیکەکانی دەربازکردنی سیستەمە داراییە نایاساییە چەند میلیار دۆڵارییەکەی لە ئابلۆقە فێری ڕووسیە بکات:
تاران دەتوانێ فێری موسکۆ بکات چۆن ئەو دامەزراوە داراییە نایاساییە کۆپی بکات، یان ڕێژیمی مەلایان دەتوانێ ببێتە دەڵاڵی مۆسکۆ و بەشێک لە داهاتی ئەو بازرگانییە نهێنییەی کە لە جیات ڕووسیە بەڕێوەی دەبات بۆخۆی هەڵگرێ. تێکەڵاویی پسپۆڕی ڕووسیەیی و ئێرانی لە چالاکیی نایاسایی دارایی، دەتوانێ ببێتە هۆی پێکهاتنی پێشکەوتووترین ڕایەڵەی پەرەئەستێنی خۆبواردن لە ئابلۆقە. بێتوو ئابلۆقەکانی خۆراوا کاریگەریی خۆیان لەکیس بدەن، زەختی سەر مۆسکۆ بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی ئۆکراین و هەڕەشەی دیکەش لەنێو دەچێ.
لە ڕوانگەی ئابووری و سەربازییەوە، ئەو ڕێککەوتنە ڕێگا بۆ بازرگانییەکی پڕ سوودی چەکوچۆڵ لەنێوان تاران و مۆسکۆدا دەکاتەوە. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە کاتێک ئابلۆقەی دەساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠٢٠ کۆتایی هات، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەستبەجێ ئابلۆقەیەکی هاوشێوەی بە سەر ڕێژیمدا سەپاند. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن نە دەیهەوێ ئەو ئابلۆقانەی ئەوپەڕی زەخت بسەپێنێ و نە دەشیهەوێ جێبەجێیان بکات. وتووێژە هەنووکەییەکان ئاماژە بە ئابلۆقەی چەکوچۆڵیش ناکەن.
لە مانگی مارچ، وتووێژەکانی ڤییەن لەبەر داواکاریی ڕووسیە لە وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ دانی زەمانەت لە پارێزرانی بازرگانیی ناوکیی کرێملین دەگەڵ تاران لە ئابلۆقە، وەستێندران. وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیە، سێرگەئی لاڤرۆڤ، نەیدەویست ئابلۆقەکان “زەرەر بە مافی بازرگانی، هاوکاری و وەبەرهێنانی ئازاد و هەمەلایەنەی ئێمە و هاوکاریی تەکنیکی-سەربازیی دەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی بگەیەنن.” لە کۆتاییدا لاڤرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکان “زەمانەتی بە نووسراوە”ی داوەتە ڕووسیە کە “پارێزگاریی شیاو لە سەرجەم پرۆژە و چالاکییەکانی پلان بۆ داڕێژراو” لە ڕێککەوتنەکەدا دەکات. (ئەوە لە کاتێکدایە کە پوتین لێدوانی ژاراوی لەمەڕ کەڵکوەرگرتن لە چەکی ناوکی لە کێشەی ئۆکرایندا دەدات.)
بە گوتەی گابرییەل نۆرۆنها، ڕاوێژکاری تەیبەتی پێشوو لەمەڕ دۆسیەی ئێران لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە، ئەو زەمانەتەی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێگا بە ڕووسیە و ئێران دەدا تا مامەڵەیەکی ١٠ میلیارد دۆلاریی ڕاگیراو جێبەجێ بکەن، لە ناویاندا ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی ڕێئاکتۆری مەدەنی لەلایەن ڕووسیەوە لە ناوەندی وزەی ناوکی لە بوشەهر. نۆرۆنها گوتی، “ئەوەی ڕووسیە وتووێژی لەسەر کرد لە بنەڕەتدا پارێزراویی تەواو لە ئابلۆقەیە بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو مامەڵە ناوکیە ١٠ میلیارد دۆڵارییە جێبەجێ بکات.”
ڕووسیە هەر ئێستا کەڵک لە چەکی ئێرانی لە کێشەی ئۆکرایندا وەردەگرێت. گاردیەن بڵاوی کردەوە کە ڕووسیە کەڵک لە تەقەمەنی و ڕەقەواڵەی سەربازی وەردەگرێ “کە لە عێراقەوە … بە یارمەتی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران و خزمەتگوزاریی هەواڵگریی ناوچە کە شارەزاییان لە سەر ئەو پرۆسە هەیە، ڕاگوێزراون”. ئەوانە بریتین لە مووشەکی دژە تانکی سوپای پاسداران، سیستەمی مووشەکهاوێژی برازیلی و مووشەکی ٣٧٣ ی باوەڕی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، ڕووسیە دەتوانێ سوود لە فرۆشتنی چەک بە ئێران ببینێ. نۆرۆنها گوتی کە دوای هەڵگیرانی ئابلۆقەکان، ئێران دراوی دەرەکیی دەبێ تا بتوانێ مامەڵەکانی چەکوچۆڵ دەگەڵ ڕووسیە جێبەجێ بکات. “لە چوارچێوەی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەدا، ئەمڕۆ ڕووسیە ئازادە چەکی ئاسایی بە ئێران بفرۆشێ و دەتوانێ لە ئۆکتۆبری ساڵی داهاتوو ڕا چەکی پێشکەوتووشی پێ بفرۆشێ.”
نۆرۆنها گوتی، “تۆ ناتوانی لە کاتێکدا کە ئیزن بە ئێران دەدەی دەستی بە پاشەکەوتی دراوی بیانیی گەلێک بەرچاو ڕابگات، کە پشتگیریی لە پیشەسازیی چەکۆچۆڵی ڕووسیە دەکات، هاوکات بڵێی خەریکی جەنگ دژی [شەڕانشۆیی] ڕووسیە لە ئۆکراینی.”
ئەوە بەڕوونی دیارە کە ڕووسیە وتووێژ بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات، لەو ڕێککەوتنەدا، بەرژەوەندیی ئێران بەرژەوەندیی ڕووسیەیە. بەڵام، ئەوە نەبۆتە سڵەمینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، تەنانەت کاتێک کە بە زبری دژی پوتین دەدوێ.
لە مانگی مارچ، لە کۆشکی سپی پرسیار کرا کە ئاخۆ ئەوان ئامادەن دەگەڵ ڕووسیە دەست بە دانوستان بکەنەوە تا “ڕێگا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی دەگەڵ ئێران خۆش بکەن”؟ وتەبێژی کۆشکی سپی، جێن پساکی وەڵامی دایە کە “ڕووسیە نایهەوێ ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات” و “ئێمەش نامانهەوێ.” پساکی گوتی، “ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایەکمانە کە ئەوە بەرەو پێشەوە بچێ.”
من لە نۆرۆنهام پرسی ئاخۆ کۆشکی سپی چۆن دەتوانێ وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنێک بکات کە بە تایبەتی یارمەتی مۆسکۆ دەکات، باسی ئەوەش ناکەین کە دەڵێن بەرژەوەندیی هاوبەشمان دەگەڵ ڕووسیە هەیە. ئەو پێی گوتم، “ئەوان ئەو شتە دەڵێن و هیوادارن هیچ کەس بەوە نەزانێ و لێیان لەقاو نەدات، ئەوە لەگەڵ هیچکام لە فاکتەرەکانی پشت شانۆکە یەک ناگرێتەوە.”