زمان، وەكوو خەسڵەتی ناوازە و تاقانەی ئادەمیزاد، دەكرێ بڵێین گرینگترین خەسڵەتی ئەو بوونەوەرەیە. تایبەتمەندییەك، كە توانیویەتی لە سۆنگەیەوە، چوارچێوەی ژیان داڕێژێ و سەرلەبەری كەلەپووری مرۆڤایەتی و ئەزموونەكانی ژیانی هەزاران ساڵەی خۆی لە چوارچێوەی زماندا ڕاگوێزێ و بیگەیەنێتە ئەمڕۆ و بە داهاتوویشی بسپێرێ.
محەمەد ڕەزا باتنی لەسەر گرینگیی زمان دەڵێ: زمان تاقە ئامرازی كاریگەری پرۆسەی پەروەردەیە. بەبێ زمان هیچ پێوەندییەك لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروست نابێ و بەبێ پێوەندی، هیچ پەروەردەیەك نایەتە ئاراوە و بەبێ پەروەردەش ناتوانین میرات و كەلەپوور و كولتووری و شارستانییەتی مرۆییمان بۆ نەوەكانی دواتر ڕاگوێزین. كەوابوو زمان، پارێزەری كەلەپوور و كولتوور و شارستانییەت و مێژووە، كە سەرجەمی ئەوانە، ناسنامەی میللەتیان لێ پێك دێ. هەربۆیەشە داگیركەر، لەگەڵ داگیركردنی وڵاتێك هەوڵ دەدا، ئەگەر زمانی گەلی بندەست قەدەغەش نەكا، وردە وردە لە ژێر هێژموونیی زمانی خۆیدا بیچەوسێنێتەوە، سووكی بكا، لە ڕەونەق و برەوی بخا و دواجار بیخەسێنێ و وای لێ بكا، تاكەكانی گەلی بندەست كەڵكوەرگرتن لە زمانەكەی خۆیان بە شەرم و شوورەیی بزانن و بەكارهێنانی زمانی گەلی زاڵ و سەردەست، بە نیشانەی پێشكەوتوویی و ڕووناكبیری دابنێن.
ئێمە دەزانین كە زمانی زگماك، تەنیا زمانی قسەپێكردن نییە، زمانی دەربڕینی هەست و سۆز و زمانی ژیانی تاكەكانە. زمانی زگماك، زمانی ڕۆحی مرۆڤەكانە و پرۆسەی بیركردنەوە و بیچمدان و شكڵپێدان بە ئەو شتەی بیری لێ دەكەی و دواجار داڕشتنی لە چوارچێوەی ڕستەدا و دەربڕینەكەی لە ڕێگەی زمانەوەیە.
زانست سەلماندوویەتی، مرۆڤ كە بەزمانی خۆی دەخوێنێ، خێراتر پرۆسەی وێنە و چەمك و دەستەواژە زەینی و عەینییەكان شی دەكاتەوە و تێیان دەگا و سەریان لێ دەر دەكا. كەوابوو خوێندن بە زمانی زگمان، لە پرۆسەی فێربووندا گرینگییەكی تایبەتی هەیە، لەوەش گرینگتر لە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوەدا.
زمان وەك دەسنیشانكەری بەهاكان
تۆ كە بە زمانی فارسی یان توركی یان عەرەبی دەرس دەخوێنی، چەمكەكان، باری واتایی و تەنانەت بەها و بایەخی واتایی چەمك و دەستەواژە نەتەوەییەكانیشت گۆڕانیان بەسەردا دێ. تۆ سەیر كە لە زمانی فارسیدا وشەی “ڕەزمەندە-پاسدار” دەخوێنیتەوە، ئەوە لە نێو میللەتی خۆیاندا باری واتایی بەرز و جوانی هەیە، بەڵام لە نێو میللەتی تۆدا، ئەو بارە ماناییە ڕێك پێچەوانە دەبێتەوە. ئەوەی بۆ ئەو ڕەزمەندەیە و پاسدارە، لە نێو ئەدەبیاتەكەی تۆدا خوێنڕێژ و جەنایەتكار و خوڵقێنەری جەنایەت و تاوانەكانی مێژوویەكی تاڵە. بەڵام تۆ كە بە زمانی خۆت دەخوێنی، ئەو دەستەواژانە، دەبنە خەباتگێڕ و تێكۆشەر و پێشمەرگە. كە لە ڕووی پاشخانی هزری و مێژووییەوە لە مێشكی منداڵ و گەورەی كورددا باری واتاییەكەیان گرینگ و بەرز و پیرۆزە.
پێناسەی تۆ، لە زمانی داگیركەردا
داگیركەر، یەكەم شتێكی بەسەر نەتەوەی داگیركراویدا دەسەپێنێ، زمانەكەی خۆیەتی. چونكە تۆ كە لە چوارچێوەی چەمك و بەهاكانی ئەودا پەروەردە بووی، وردە وردە ڕاستەوخۆ دەكەویتە ژێر كاریگەریی گوتارەكانی ئەوەوە؛ هەر بۆیەش بە زمانی خۆی پەروەردەت دەكا، تا ڕەوتی نەتەوەسازییەكەت بشێوێنێ و بەلاڕێیدا ببا و لەپێش چاوت سووكی بكا و دواجار پێناسەیەكت لە خۆت و لە نەتەوە بۆ بخاتە ڕوو، كە جیاواز بێ لەو پێناسەیەی دەبوو بۆخۆت كردبایەت و دەبێ بۆخۆت بیكەی. ئەو لە ڕوانگەیەكی كۆلۆنیالیستییەوە، بە تۆ دەڵێ: تۆ ئەو شتەی كە من پێناسەم كردووی و پێناسەت دەكەمەوە، تۆ ئەو شتە نیت كە بۆخۆت بیری لێ دەكەیتەوە. تەنانەت ئەگەر سەیری نووسینی پانفارسیستەكان دەكەی، دەستەواژەی تەوەهومی قەومی و تەوەهومی ناسیۆنالیستی و كۆمەڵێك دەستەواژەی پڕ لە سووكایەتی بۆ شۆڕشەكانی كورد وەك فیتنە و غائێلەی … بەكار دێنن. ئەوە شەڕی میللەتێكە دژی میللەتێكی دی، بەچی؟ بە چەكی زمان.
دكتۆر موحسینی ڕێنانی لەو باسەدا دەڵێ: ئێمە بە بێبەشكردنی منداڵی نەتەوە غەیرەفارسەكان لە زمانی خۆیان و داسەپاندنی زمانی خۆمان بەسەر ئەواندا، ڕەوتی گەشەكردن و كامڵبوونی زمانە دەروونی و ڕوحییەكەیان قەتیس دەكەین و ڕایدەگرین.
ئەوەی ڕێنانی دەیڵێ، ڕاستە. تۆ سەیری بەرنامەكانی منداڵان بكە لە دەنگ و ڕەنگی كۆماری ئیسلامیدا كە چۆن هەوڵی شیرین نیشاندانی زمانی فارسی دەدەن. ئەوان لەوێوە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو گەشە و نەشەیە دەدەن. تا لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا منداڵی ئێمە بۆ داهاتوویەكی دیاریكراوی خۆیان و لە چوارچێوەی ویست و ستراتیژی خۆیاندا پەروەردە بكەن. بۆ ئەوەی بەو زمانە بیر بكەنەوە و قسەی پێ بكەن و بەهاكانیان بەپێی بەها زمانییەكانی نێو ئەو زمانە پێناسە بكەنەوە. ئێمە تەنیا لە ڕێی زمانەوە دەگەین بە واقعییەت و حەقیقەت.
لایەنی كەسایەتی
ئەو نەتەوەیەی زمانەكەی خۆی لێ زەوت و قەدەغە دەكرێ، كۆمەڵێك شتی زۆر بنەڕەتی لەدەست دەدا، كە گرینگترینەكەیان باوەڕبەخۆبوونە. لە ناخی هەر تاكێكی نەتەوەی داگیركراودا، ترسێك هەیە لە زمانی سەردەست و زاڵكراو. ئیتر ئەو زمانەی بە ویستی خۆی هەڵنەبژاردوە، بگرە بەناچاری ملی بۆ ڕاكێشاوە، بۆیەش لە قۆناغەكانی دواتری تەمەنی خۆیدا بەردەوام وەكوو چەكی داگیركەر بەرانبەر زمانەكەی خۆی لێی دەڕوانێ و هەركات بیەوێ بە زمانەكەی خۆی شتێك بنووسێ، لەپێشدا لە چوارچێوەی زمانی زاڵكراودا بیر دەكاتەوە و دوایی دەبێ تەرجومەی بكاتەوە سەر زمانەكەی خۆی ئینجا دایڕێژێتەوە.
هەر ئێستا زۆرن ئەو خوێندەوارە كوردانەی ئەگەر بیانەوێ وتارێك بە كوردی بنووسن، ناچارن لەپێشدا بە فارسی بینووسن، دوایی وەریگێڕنەوە سەر كوردی، چونكە ئیتر لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە زمانی و كولتووری و چەمكانەدا بیر دەكاتەوە كە پێی پەروەردە كراوە. هەر ئەوەش وای لێ دەكا هەم بە چاوێكی سووكتر سەیری زمانەكەی خۆی بكا لە پارسەنگی زمانی زاڵدا، سەرەڕای ئەوەی زمانەكەی خۆیشی لا پیرۆزە، هەمیش لەو سۆنگەیەوە كەسایەتیی خۆی لە كەسایەتیی خاوەن زمانە زاڵكراوەكە پێ كەمتر بێ و لە هەمبەریدا ئەگەر ترسیشی نەبێ، جۆرێك شەرمی هەبێ.
زمان و هزر و گوتار
پسپۆڕانی زمان بەردەوام لەو بازنەیەدا مشتومڕیانە كە ئاخۆ هزر بەرهەمی زمانە یان زمان بەرهەمی هزرە. هێندێ لە خاوەنڕایانی ئەو بوارە پێیان وایە هزریش جۆرێك زمانە، زمانی پەنگراو (بالقوە)، بەڵام لە سیستەمی دەربڕین و وێناكردنی فیزیكیدا بە هێڵ و تابلۆ و هێماكان و وشە و ڕستەدا خۆی دەنوێنێتەوە. كەوابوو ئەو زمانە بەر لەوەی لە هێماكاندا خۆی بنوێنێ، لە مێشكی مرۆڤ وەكوو هزر و بیرۆكە هەیە. زمان و زەین، یان زمان و هزر پەیوەندییەكی دیالێكتیكی و دوولایەنەیان لەگەڵ یەكتر هەیە. هەم هزر بەرهەمهێنەری زمانە، هەم زمان بەرهەمهێنەرەوەی هزرە. لێرەدا ناچارین چەند نموونەیەك بێنینەوە:
بەر لەوەی چەمك و بیری مۆدێڕن بگەنە كوردستان، مرۆڤی كورد هیچ وێنایەكی زەینیی لە دێموكراسی، سۆسیالیزم و سۆسیالیزمی دیموكراتیك نەبووە. لەگەڵ هاتنی ئەو چەمكانە، كە پێش ئەوەی لە ئەورووپاش وەكوو پێناسە، پێناسە بكرێنەوە، لەپێشدا وەك زەروورەتێك لە مێشكی ڕۆشنگەران و بیرمەندانی ئەورووپیدا وێنا بوون و لە ڕەوتی زەماندا و لە چوارچێوەی زماندا پێناسەكەیان ڕوون كراوەتەوە و پەرەیان پێ دراوە. كە گەیشتوونەتە كوردستانیش، لە چوارچێوەی زماندا وردە وردە خەڵكیان پێ ئاشنا كراوە. دەستەواژەی “سۆسیالیزمی دیموكراتیك” لەنێو حیزبی دێموكراتیكدا لەپێشدا بەرهەمی بیركردنەوەیەك بووە لە مێشكی ڕێبەری مەزن و بلیمەتی ئەو حیزبەدا، دواتر لە ڕێگەی زمانەوە گوازراوەتەوە نێو حیزب. لە قۆناغی سێیەمدا هەر ئەو زمانەی پێی پێناسە كراوە، بووەتە هۆی بیركردنەوەی ئەو كەسانەی بیستوویانە و وێناكردنی ئەو سیستەمە لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا. ئەوەیە كاریگەریی دوولایەنەی زمان لەسەر یەكتر.
گرینگیی زمانی كوردی لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا
ئەوەی تا ئێرە باس كرا، گرینگیی ڕەهەندەكانی زمان بوو. لێرەدا دەبێ بگەڕێینەوە سەر گرینگیی زمانی كوردی لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا.
كورد هەموو فاكتەرەكانی نەتەوەی تێدایە: وەكوو خاكی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و زمانی هاوبەش و خەیاڵی هاوبەش، یان هزرێكی هاوبەش كە ئێمە خۆمان بە نەتەوە دەزانین. چونكە دەكرێ میللەتێك یەك زمانی هەبێ، بەڵام خۆی بە یەك نەتەوە نەزانێ و ئامادە نەبێ لە چوارچێوەی خاك و دەوڵەتێك و لەژێر سێبەری یەك ئاڵادا پێكەوە بژین. نموونە وڵاتانی عەرەبی. لێرەدا فاكتەرێك لەو فاكتەرانەی باس كرا، دەوری هەرە گرینگی هەیە، ئەویش زمانە. چونكە میللەتی كورد، میللەتێكە لە زمانەكەیدا زیندووە و زمان، چەق و سەنتەری كۆكەرەوەی هەموو فاكتەرەكانی دیكەیە. بەوپێیە دەكرێ بڵێین ناسیۆنالیزمی كوردی، ناسیۆنالیزمێكی زمانییە و لە دەرەوەی زمان و، ڕوونتر لە دەرەوەی زمانی كوردی ئیتر شتێك نامێنێ ناوی بنێی كورد.