بەپێی بەخشنامەی ئیدارەی ئەوقافی سنە، هەیئەتی ئومەنای مزگەوتەکان مافی دانان یان لابردنی مەلاو پێشنوێژی مزگەوتەکانیان نیە و بۆ ئهو مهبهسته دەبێ ئیزنو ڕەزامەندیی ” ناوەندی گەورەی ئیسلامی” بهدهست بێنن. ئەوان بۆ کردنەوەی کلاسی قوڕئانیش دەبێ ڕەزامەندیی ” ناوەندی گەورەی ئیسلامی” وەربگرن.
ناوەندی گەورەی ئیسلامی کە بەرپرسی ڕێکخستنی کاروباری سونییەکانی ئێرانە، ناوەندیكی حکوومهتییە کە بڕیارەکانی لە نوێنەرانی ویلایەتی فەقیهـ، واتە خامنەیی وەردەگرێ.
لە دەقی ئەو بەخشنامەیەدا هاتوە کە بەپێی بڕیارو پەسندکراوی شووڕای مزگەوتەکانی پارێزگای سنە، دیاریکردنی مەلاو پێشنوێژی مزگەوتەکان لە دەسەڵاتی ناوەندی گەورەی ئیسلامیدایە، بۆیە بەبێ ئاگاداریو ئیزنی ناوەندی گەورە کەس توانای دانان یان لابردنی مەلای مزگەوتەکانی نیە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەخشنامەیەدا هاتوە کە بە سەرنجدان بە پەرەسەندنی بیری سەلەفیو رێکخراوەکانیان لە کوردستان، هەروەها دزەکردنی بیری وەهابیگەری، ئیخوانیو مەکتەبی بۆ نێو مزگەوتەکان لە ژێر ناوی دانانی کلاسە قوڕئانییەکاندا، لەوە بەدوا تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لە مزگەوتەکان کلاسی قوڕئانو تەفسیر دابنێن کە پێشتر ئیزنیان لە ناوەندی گەورەی ئیسلامیو شووڕای ڕووحانییەت وەرگرتبێ.
ئیدارەی ئەوقاف دەڵێ دەبێ هەموو لایەک پێمڵی نێوەڕۆکی ئەو بەخشنامەیە بن.
ئەو بڕیارەی ئیدارەی ئەوقاف لە حاڵێکدایە کە ههرئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بانگخوازانی سوننی بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی سزای قورسی زیندانیان بەسەردا سەپاوە و ژمارەیەک لەوان حوکمی لە داردانیان بۆ دهرچووه و ژمارەیەکیشیان لە ساڵانی ڕابردوودا ئێعدام کراون.
بەندكراوانی سوننیمەزهەب له زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج سەرەڕای ئەوەی بۆ چارهسهری نهخۆشییهکانیان نانێردرێنه نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان ، ماوەی 3 ساڵە گۆشتیان پێنەداون کە بیخۆن. دەگوترێ ئەم گیروگرفتانە لە لایەن كاربەدەستانی بەندیخانەوە بە مەبەستی ئازارو ئەشكەنجەدانی رووحیو ڕەوانیی ئەوانە دەكرێن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە كۆمەڵێك لە بەندكراوانی نەخۆشی ئەم زیندانە كە نەخۆشیی قەندیان هەیەو هێندێكی دیكەشیان پێویستییان بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام كاربەدەستانی پێوەندیداری بەندیخانە لە ناردنیان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆ دەبوێرن. هێندێك جاریش بەرپرسانی بەندیخانە ئاوی گەرم لە بەندكراوان دەگرنەوەو لەم ڕێگەیەوە ئەزیەتیان دەكەنو تەنانەت پێش هاتوە كە ٢ بۆ ٣ ڕۆژ زبڵی سەتڵەكانی بەندی سوننیمەزهەبەكان بەتاڵ ناكەن.
لە لایەكی دیكە لە نێو ئەم بەندكراوانەدا ئهو کهسانه كە قانوونی لێخۆشبوون و ئازادیی بەمەرج دەیانگرێتەوە بە هۆی هەڵاواردن ئەم مافەیان پێشێل دەكرێ. ئەم بەندكراوانە زۆربەیان خەڵكی شارە دوورەكانی دیكەی ئێراننو بنەماڵەكانیان دەبێ مەودایەكی زۆر ببڕن تابگەنه زیندانهکانو چاویان بە ڕۆڵەكانیان بكەوێ و كاربەدەستانیش بۆ ئازاردانی بنەماڵە و بەندكراو تەنیا ٢٠ خولەكیان مولاقات دەدەنێ.
كاربەدەستانی قەزایی دەڵێن تاوانی ئەم بەندكراوانە سەلەفیگەرییە، بەڵام زۆربەی ئەم بەندكراوانە ئەو تۆمەتانە ڕەد دەكەنەوەو دەڵێن ئێمە بە تۆمەتی چالاكیی پروپاگەندەی مەزهەبی دەسبەسەر كراوین یان حوكممان بەسەردا سەپاوە.
لە ژماره ٦٧٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه