لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا “روحانی” سەرکۆماری، کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ بەشداری کردنی لە “کۆنفرانسی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی” کە بە میوانداری دەوڵەتی تورکیە لە شاری ئیستامبوڵ پێک هاتبوو سەفەری ئەو وڵاتەی کردو لە ماوەی چوار رۆژ مانەوەی دا کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیە هەبوو کە مەبەستی ئەو وتارە ئاکامەکانی ئەو دیدارانەیە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیە، نەک ئاکامی کۆنفرانسی وڵاتانی ئیسلامی.
دامەزراندنی پێوەندی و هاتووچۆی دیپلۆماسی و بازرگانی لە نێوان دەوڵەتەکان دا شتێکی سروشتییە. بەڵام کاتێک چاو بە مێژووی کۆن و نوێی “تورکیە و ئێران” دا دەخشێنین، دەبینین ئەم دوو وڵاتە لە سەردەمی “سەفەوی و عوسمانییەکان”ەوە هەتا ئیستا هەمووکات لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و زاڵ بوون بەسەر ناوچەکەدا پێکەوە لە شەڕ و ململانێی سیاسی دابوون، بەڵام لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە بوونی هەموو کێشەو ململانییەکان کە ئەو دوو دەوڵەتە پێکەوە بوویانە، لەسەر یەک مەسەلە پێکەوە کۆک بوون، ئەویش مەسەلەی کورد و خاکی کوردستانە کە چۆن بەرەنگاری جوڵانەوە رەواکانی کورد کە بۆ وەدەست هێنانەوەی مافەکانی نەتەوەی کورد خەبات دەکەن، ببنەوە.
هەر کاتێک هەیئەتەکانی ئەو چوار وڵاتەی کە خاکی کوردستان و نەتەوەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە چ دوو لایەن یان هەر چوار لایان پێکەوە دانیشتنیان هەبووبێ، کورد بە چاوی گومانەوە سەیری ئەو کۆبوونەوانەی کردووە، چونکە مێژووی ئەو سەدساڵەی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە لەو دانیشتن و کۆبوونەوانە دا کورد و خاکی کوردستان و مەسەلەکەی هاتۆتە بەر باس و نەک بۆ چارەسەری مەسەلەکە، بەڵکوو بۆ داڕشتنی گەڵاڵەو پرۆژەیەک کە بتوانن سەرکووتی جووڵانەوەکانی کوردی لە هەر پارچەیەک لە کوردستان بکەن و لە هەمان حال دا پلانی شێوازی گۆڕینی دێموگرافی کوردستان و بە تاڵان بردنی سامان و مێژووی نەتەوەی کورد بە هاوکاری یەکتر جێ بەجێ بکەن.
سەفەری ئەو جارەی روحانیش بر ڕواڵەت بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی بووە، بەڵام دەبینین لە پەراوێزی ئەو سەفەرەدا روحانی کۆمەڵیک دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستانی بەرزی تورکیەدا هەبووە کە بە قسەی خۆی دەسکەوتی سیاسی و ئابووری گرینگی هەبووە و توانیویەتی کەش و هەوای سیاسی و ئەمنییەتی و بازرگانی لەگەڵ تورکیە عادی بکاتەوە و کۆمەڵێک دڕدۆنگی کە لەوماوەدا لە نێوانیان دا بوو بڕەوێنیتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە چەند نوکتەیەکە کە روحانی لە لێدوانەکانی خۆیدا بۆ ڕاگەیەنە گشتییەکان ئاماژەی پێکردوون. لە یەکێک لە قسەکانی دا دەڵێ: ئێران و تورکیە “لە ئوسوولدا هیچ جیاوازی بۆچوونیان نییە”. کە ئەوە پرسیاری زۆری خوڵقاندوە کە دەبێ مەبەستی روحانی لە کام ئوسوول بێ کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیە لەسەری ناکۆک نین. چوونکە شناختێک کە لەسەر تێروانین و بۆچوونی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیە هەیە، راست پێچەوانەی ئەو قسەیەی روحانی دەسەڵمێنی کە نەک لەبەریوەبردنی سیاسەتی نێوخۆییدا جیاوازیان هەیە، بەڵکوو لە تێڕوانین بۆ مەسەلەکان لە سەتحی جیهانی وناوچەیی و لە سیاسەتی خارجیش دا جیاوازییەکی یەکجار زۆریان هەیە. بۆ زیاتر روونبوونەوەی ئەم مەسەلەیە دەتوانین ئاماژە بەو خاڵانە بکەین:
ـ تورکیە بە پێی یاسای بنەرەتی خوی وڵاتێکی لائیکەو لە ریگای هەلبژاردن وململانی حیزبەکان دەسەڵات دەستاو دەستی پێ دەکرێ.
ـ ئێران بە پێی یاسای بنەرەتی خۆی وڵاتێکی مەزهەبییە ورێبەر نوینەری خوایە لە سەرزەوی وقابیلی ئالوگۆرنییەو هەموو یاساو قانوونەکان لە چوارچێوەی مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامیدا بەرێوە دەچی.
ـ لە تورکیە حیزبێکی ئیسلامی سوونە مەزهەب لە حاڵی حازر دا دەسەڵاتدارە، بەڵام لە ئێران مەزهەبی شیعە دەسەڵاتدارە کە دروست لە بواری تێروانین بۆ مەسەلەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پێچەوانەی یەکترن.
ـ تورکیە ئەندامی رێکخراوەی ناتۆیە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوو دا لەگەڵ دەوڵەتانی پێکهێنەری رێکخراوەی ناتۆ لە کێشە و ململانیدا بووە.
ـ تورکیە، ئیسرائیل وەک دەوڵەت بە رەسمی دەناسێ و پەیوەندی دیپڵۆماسی لەگەڵدا هەیە.
ـ ئێران، ئێسرائیل بە دەوڵەت ناناسێ و دەیهەوێ لەسەر زەوی پاکی بکاتەوە.
ـ تورکیە خوازیاری رووخان ونەمانی حکوومەتی بەشار ئەسەدە لە سوریە و پشتیوانی لە ئۆپۆزسیونی سوریە دەکا.
ـ ئێران ویستیاری مانەوەی بەشار ئەسەدە و بە هێزی مادی و ئینسانی و سیاسی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەکاوهەتا ئیستاهەزینەیەکی زۆری مادی وئینسانی بۆ مانەوەی بەشارئەسەد داوە.
ـ تورکیە دۆستی نزیکی عەرەبستان و وڵاتانی عەرەبی کەنداوە.
ـ ئێران لەگەڵ عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو لە کێشەو ململانێ دایە.
ئەو نموونانەی سەرەوە سەڵمێنەری ئەو راستییەن کە ئێران و تورکیە لەگەڵ ئەوەدا هەردوو لا وەک دراوسێ نیازیان بە پێوەندی ئابووری دەگەڵ هەیە، بەڵام لەسەر ئەومەسەلانەی کە لە سەرەوە باس کران پێکەوە ناکۆکن و تەنانەت لە هەوڵی ئەوەدان یەکتر لە مەیدانی ململانێکانی ناوچە دا دەربکەن. هەر بۆیە پێویستە ئەو پرسیارە رووبەرووی روحانی بکرێتەوە کە لەسەر کام ئوسوول لەگەڵ تورکیە جیاوازی بۆچوونتان نییە؟ کە دیارە وڵامی ئەو پرسیارە لای سیاسییەکانی کورد و تەنانەت تاکی کوردیش روون و ئاشکرایە. مەبەستی روحانی و دەوڵەتی تورکیە لەو ئوسولە پیوەندی هەیە بە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان کە بۆ سەرکوت و لە ژێرپێنانی مافی کورد و وێران کردنی کوردستان جیاوازی هەڵوێست و بۆچوونیان نییە.
ئاغای روحانی هەر لەو وتوووێژانەدا کە بۆ چاپەمەنی و راگەیەنە گشتییەکان لە دوای سەفەرەکە بۆ تورکیە کردویەتی،دەڵێ: “دەوڵەتی ئانکاراو تاران لەسەر ئەوە کۆکن کە سنووری وڵاتانی ناوچەکە دەبێ وەک خۆی بمێنێتەوە و پارچە پارچە بوونی هیچ وڵاتێک لە ناوچەکەدا پەسەند ناکەین.” کە دیارە ئەوە راستەوخۆ دژایەتی کردنە لەگەڵ پرسی ڕاپرسی لە باشووری کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کورد لەو پارچەیە و لە هەمان حاڵدا پەیامە بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە ماوەیەک لەوەپێش فدڕاڵیان راگەیاندووە و بە گشتی پەیامێکی روونە بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان کە ئانکارا و تاران لەگەڵ ئەوەدا لەسەر زۆر بابەت لەگەڵ یەک ناکۆکن، بەڵام لەسەر ئەوە کە کورد مافی ئەوەی نییە بریار لە سەر چارەنووسی خۆی بدا کۆک و هاودەنگن و بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن لەو قۆناغەی ئێستا دا پێش بە پارچە پارچە بوونی عێراق و سوریە بگرن، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدا، تاران و ئانکاراش ئەوە باش دەزانن کە رووی لەئەوانیش دەبێ. هیچ دوور نییە لە هەل ومەرجێکی وادا هەموو ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەسەر دژایەتی کردنی کورد یەک هەڵوێست و بڕیار بن، هەر وەکی لە رابردووشدا ئەو کۆدەنگی و هاوکاریان بە دژی جووڵانەوەکانی کورد پێکەوە هەبووە.
لە کۆتایی دا دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە مادام دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان دا هەوڵ نادەن لە رێگای ئاشتییەوە مەسەلەی کورد چارەسەر بکەن و دان بە مافەکانی کورد دابنێن، بەڵکوو هەموو ناکۆکییەکان وەلادەنێن و یەک دەگرن بۆ ئەوەی کورد زیاتر سەرکوت بکەن، پێویستە لە هەل و مەرجی ئیستا دا کە هەتا ڕادەیەکی باش ڕەوتی روداوەکان لە بەرژەوەندی گشتی کورد دایە، کوردیش نێوماڵی خۆی رێک بخا و بە تایبەتی ئەحزابی سیاسی کورد کە رۆڵ و کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر چارەنووسی کورد هەیە، جیاوازی بۆچوون و بەرژەوەندی حیزبیەکانیان لە لایەک دابنێن و هەوڵ بدرێ کۆدەنگییەک لەسەر ئەو مەسەلە گشتییانەی کە پێوەندیان بە مافی نەتەوایەتییەوە هەیە، پێکبێنن و هەوڵ بدرێ بەرژەوەندی هەر چوارپارچەی کوردستان لەبەر چاو بگیرێ بۆ ئەوەی قورسایی کورد وەک نەتەوەیەک باشتر دەربکەویو، لە هەل و مەرجی ئیستادا کار بۆ ئەوە بکرێ کە کورد ببێتە خاوەنی ئادرەسێکی دیاری کراوە بۆ بریاردان لەسەر مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی، نەک چەند یا چەندین ئادرەس بە لیکدانەوە وتێروانینی جیاواز لەسەر مەسەلەی کورد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. ئەو پرش وبڵاویە هەتا ئیستا زیانی بە کورد گەیاندووە ودوژمنان قازانجیان لی کردووە.
لە ژماره ٦٧٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه