ڕۆژی چوارشەممە١٣ ی ئاوریلی ٢٠١٦ (٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٢٥)، وەزارەتی دەرەوەی ئهمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارهی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ولاتانی جیهاندا بڵاو کردەوە. هەر وەک پێشبینی دەکرا لەو ڕاپۆرتە و لە توێی ٤٥ لاپەڕەدا چۆنیەتیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکان لە ئێران دا باسی لێوە کراوە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتوە کە لە ساڵی زایینیی ڕابردوودا لانیکەم ٩٦٤ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئێعدام کراون. هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی بە دژی کەمینە ئایینی و نەتەوەیییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە کراوە.
لە هاتنهسهرکاری کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا، ئەو ڕێژیمە لەسهر سەرکوت و زەبرو زەنگ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوام بووە و، هەموو ساڵێ لەلایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤهوه مەحکووم کراوە. نوێنەرانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕابردوودا( گالیندۆپۆل و مۆریس کاپیتۆرن) و ئێستاش ئەحمەد شەهید لە ڕاپۆرتەکانیاندا هەمیشە باسیان لە ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییەکان و سووکایەتی و دەستدرێژی بۆسەر بەندییەکان و دەیان شێوەی دیکە لە ئازاردانی لەشی و ڕووحیی زیندانیانیان کردوە و بەو بۆنەیەوە ئەو ڕێژیمە هەموو ساڵێ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکووم کراوە. هەروەها لە تەواوی ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا کە هەموو ساڵێ لە وەزارەتی دەرەوەی ئهمریکا و وڵاتانی ئورووپاییدا بڵاو دەکرێتەوە، کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو چەند وڵاتە سەرەڕۆیانەی جیهانە کە لە ڕیزبەندیی سەرەوەی وڵاتە سەرەکییەکانی پێشێلکهری مافی مرۆڤە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا مەحکوومکرانی هەموو ساڵەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا توانیویەتی ئاڵوگۆرێک لە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەو ڕێژیمەدا پێکبێنێ؟ ئایا ڕەوشی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، شێوەی “ئیعتراف” وەرگرتنی زۆرەملی له زیندانیان و پاشان هێنانی زیندانییهکان بۆ سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن، لەچاو ساڵانی سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی گۆڕانی چۆنیی تێدا پێکهاتوە؟ سیاسەتی کوشتوبڕ و سەرکوتی نەتەوە ژێردەستەکان و بە هێندنەگرتنی ویست و داخوازە ڕەواکانیان لەلایەن ڕێژیمەوە گۆڕانی بەسەردا هاتوە؟ ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکانی کۆمەڵ و بەتایبەت ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامە نووسان و ژنان… پێشڤەچوونێکی بەخۆوە دیتوە؟
زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە وهڵامی هەموو ئەو پرسیارانە و دەیان و سەدان پرسیاری لەم چەشنە لە کۆماری ئیسلامیدا “نا” یە و هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە شێوەی ڕەفتار و سیاسەتە دژی گەلییەکانی ئەو ڕێژیمەدا لە هیچ کام لە بوارەکانی مافی مرۆڤدا ڕووی نەداوە. بەڵگەی ئەو ئیددیعایەش لەلایەک سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیمە کە بە توندترین شێوە لە دژی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەڕێوە دەچن و لەلایەکی دیکەش ڕاپۆرتە یەک لەدوای یەکەکانی نوێنەرانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکهی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ (هیومەن ڕایتس واچ و لێبووردنی نێونەتەوەیی…) و هەروەها ڕاپۆرتی ساڵانەی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریکا و وڵاتانی دیکهی خۆرئاوا لە پێشێلکردنیمافی مرۆڤ له ئێرانه.
هەر چەند مەحکوومکرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسهر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتووی جیهانهوه، زۆر گرینگە و تا ڕادهیهکیش توانیویەتی ڕووی دزێوی ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە به کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان نیشان بدا، بەڵام لەڕاستیدا نەیتوانیوە سیاسەتی کوشتوبڕ و زەبرو زەنگی دەزگای سەرکوت و چەوساندنەوەی سیستیماتیکی ڕێژیم بوەستێنێ. بەدڵنیاییشەوە هەروەک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دیتوومانە، ئەو ڕێژیمە، سەرەڕای پێناخۆشبوونی مەحکوومکرانی لەلایەن ئەو ڕێکخراو و دەوڵەتانەوە و لەگەڵ ئەوەی لە ئاستی جیهانیدا وەک ڕێژیمێکی دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ ناسراوە، ئامادە نیە بەخۆشیی خۆی و لەژێر کاریگەریی ئەو مەحکوومکرانانەدا واز لە سیاسەتی دژی گەلی و سەرکوتکەرانەی خۆی بێنێ.
بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ لەژێرپێنانی مافیمرۆڤ لە لایەن ڕێژیمەوە و بۆ ناچارکردنی بە پاشەکشە لە بەرانبەر ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا، پێویسته هەم لە نێوخۆی ولات و هەم لە دەرەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو، ڕێژیم بخرێتە ژێر گوشارێکی هەمەلایەنە و بەرفرهوان. لە نێوخۆ دەبێ کۆڕوکۆمەڵە بەشەردۆستەکان و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان، بەبێ سڵەمینەوە لە هەڕەشەو گوڕەشەی دەزگاکانی سەرکوتی ڕێژیم و بە پشت بەستن بە هێزی کۆمەڵانی خەڵک و بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو دەرفەت و کەلێن و کەلەبەرە قانوونییەکان و دنیای پێوەندییەکان و سایت و ڕۆژنامە ئێلێکترۆنییەکان و… ، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەتایبەت لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەقاو بدەن. لەدەرەوەی وڵاتیش ئەرکی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسی -مەدەنی و ئێن جی ئۆکانە بەدوور لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانیان، بە پێکهێنانی خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی مەیدانی، بەتایبەت لەکاتی سەردانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرەوە، یان بەپێچەوانە لەکاتی سەردانی ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپایی بۆ ئێران، کێشەی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا وەبیر بیروڕای گشتیی جیهان و ولاتانی ئورووپایی بێننەوە.
شک لەوەدا نیە که هەروەک لە کێشەی ناوکیدا و لە ژێر گوشاری تاقەت پڕووکێنی گەمارۆی ئابووریی ئهمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕێژیم ناچار بە پاشەکشە کرا، لە پێوەندی لەگەل لەژێر پێنانی مافی مرۆڤیشدا ئەگەر ولاتانی پێشکەوتووی جیهان هاودەنگ و هاوڕا بن، ئەگەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نەکەنە ئامرازی قازانج و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان، دەتوانن بە دانانی گەمارۆی ئابووری و بەربەستلێدانی هۆشمەندانە، بەتایبەت لەسەر جومگە ئابووری و سەربازییەکانی ڕێژیم کە لە ڕاستیدا لە ڕاستای ئەمنیەت و ئارامیی ناوچە و جیهانیشە، رێژیم ناچار بە دابینکردنی لانی کەمی مافەکانی مرۆڤ بکەن.
هەر چەند یەکیەتیی ئورووپا لە ماوهڕۆژەی ڕابردوودا بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ گەمارۆی ئابووری لەسەر ٨٢ کەس لە دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم و شیرکەتێک کە دەڵێن سەر بە سپای پاسدارانە بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە، بەو حاڵەش سەردانی ماتێئۆ ڕێنتێزی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا دهگهڵ شاندێکی ٢٥٠ کەسی لە بازرگان و کارناسە ئابوورییەکان لە تاران لە ١٢ی ئاوریل (٢٤ی خاکەلێوە)دا و دیداری فێدێریکا موگیرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەو یەکیەتییە لە ئێران لە ڕۆژی شەممە ١٦ی ئاوریل (٢٨ی خاکەلێوە) کە دیدارێکی سیاسیــ ئابوورییە، ئەو دەنگۆ و ئەگەرەی دیسان بەهێز کردەوە کە بۆ جارێکی دیکە وڵاتانی ئورووپایی بۆ قازانج و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان، پڕەنسیپ و بایەخە مرۆیییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا لە بیر خۆیان دەبەنەوە. بەو حاڵەش ئەوە “ئەگەر”ێکە و دەبێ وێڕای لەبەرچاوگرتنی ئەو “ئەگەر”ە، هەرچەشنە ساتوسەودایەک لە نێوان ڕێژیم و ئەو وڵاتانە، بهقیمهتی چاوپۆشی لە سیاسەتە دژی گەلییەکانی ئەو ڕێژیمە لە لایەن ولاتانی ئورووپایییەوە لەقاو بدەین.
لە ژماره ٦٧٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه