لە ساڵی ڕابردوودا (1400) تەقینەوەی مین لە کوردستان لانیکەم 11 کەسی کوشت و 25 کەسی دیکەی بریندار کرد. پارێزگای ئیلام بە 5 کوژراو و 12 بریندار لە ڕیزی سەرەوەی قوربانییانی ناوچە مینڕێژکراوەکانی کوردستاندایە و هەروەها پارێزگاکانی کرماشان بە چوار کوژراو و هەشت بریندار و سنە بە دو کوژراو و سێ بریندار لە پلەکانی دواتردا جێ دەگرن. لە ورمێ، پارێزگاکەی دیکەی کوردستانیشدا ساڵی ڕابردوو برینداربوونی دوو کەس بە هۆی تەقینەوەی مین تۆمار کراوە. هەر لەجێدا دەبێ بگوترێ کە ئامارە تۆمارکراو و ڕاگەیەندراوەکان زۆر کەمتر لە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییانی تەقینەوەی مین لە کوردستانن و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان زانیاریی زیاتر لە ئامارە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامییان لەلایە.
کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارێکدا ڕۆژێ چوارمی ئاوریلی (15ی خاکەلێوەی) بە ڕۆژی جیهانیی وریاکردنەوە لە ڕووداوەکانی مین و یارمەتیدان بە زیانلێکەوتووان دیاری کردوە. مەبەست لەو کارەش وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هەروەها هاندانی وڵاتان بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە مینڕێژکراوەکان و بەهاناوەچوونی قوربانییان دیاری کراوە.
بێهنام سادقی، ڕاهێنەری کۆکرنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا هەموو ساڵێک نیزیکەی 25 تا 30 کەس لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان له کاتی هاتوچۆدا، مین لەبن پێیاندا دەتەقێتەوە و بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دەدەن، یان بریندار دەبن. بەپێی قسەکانی ئەو ڕاهێنەر و چالاکی بواری کۆکردنەوە و نەهێشینی مین، پارێزگای ئیلام یەکێک لە پارێزگاکانە کە زۆرترین مین و تەقەمەنیی لە پانتاییەکی زۆردا کە بەرهەمی سەردەمی شەڕە، تێدا بەجێ ماوە. هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کەمپەینی نێونەتەوەیی قەدغەکردنی مین، دوای تەواوبوونی شەڕی 8 ساڵەی ئیران و عێڕاق و هەتا کۆتایی ساڵی 2016 لە ئیران، لانیکەم 2800 کەس بە هۆی تەقینەوەی مین و جۆرەها تەقەمەنیی دیکەی پووچەڵنەکراوەوە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 7000 کەسیش بریندار بوون.
ڕاگرتنی کۆرسەکانی فێرکاری و وشیارکردنەوە لە زیانەکانی تەقەمەنی و مین
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیران لەنێو 70 وڵاتی دونیادا بە دوهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین ناسراوە و بە میلیۆن مینی پووچەڵنەکراوەی لەکارنەخراو، ڕۆژانە بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان گیانی خەڵکی ئەو شوێنانەیان خستۆتە مەترسییەوە.
بێهنام سادقی لەسەر ئەو بڕوایەیەکە لەوەها بارودۆخێکدا کەچی دوو ساڵە پرسی وشیارکردنەوە و فێرکاری لەسەر مەترسییەکانی مین بۆ خەڵکی ناوچە مینڕێژکراوەکان بە بڕیاری لایەنە بڕیاردەرەکانی حکومەتی ئیران ڕاگیراوە. ئەو ولەم بارەیەوە دەڵێ لە ساڵانی ڕابردوودا ناوەندی کۆکردنەوە و نەهێشتنی مینە پووچەڵنەکراوەکان لە ئیران بەرپرسیارەتیی ئەم ئەرکەیان خستبووە ئەستۆی دوو ڕێکخراوی “بێهزیستی” و “هیلالی ئەحمەر”، بەڵام ئەم دوو ناوەندە لە دوو ساڵی ڕابردوودا کۆرسەکانی ڕاهێنان و وشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مینیان ڕاگرتوە. سادقی دەڵێ لەو سۆنگەیەوە ئاماری قوربانییانی تەقینەوەی مین بەردەوام دەچێتە سەرێ و، پێویستە ناوەندی هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و مین، لایەنی بەرپرسیار لەو ئەرکە دەستنیشان بکا، چونکی لانیکەم ئەم ناوەندە دەتوانێ پێوەندی و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناوچە مینڕێژکراوەکان هەبێ و ئەوان کۆکوپۆشتە بکا و ئاسانکاریی ئەوەیان بۆ بکا لەپێناو پاراستنی گیانی خەڵکدا لە کۆرسە فێرکارییەکان بەردەوام بن.
وڵاتی ئیران دوای تێپەڕینی 33 ساڵ لە کۆتایی شەڕ لەگەڵ عێڕاق ئێستاکەش دووهەمین وڵاتی چێندراو بە مین و تەقەمەنییە و بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان پلەی زۆرترین قوربانییانی تەقینەوەی مینی دژەکەس و تەقەمەنیی جۆراوجۆری دیکەی شەری لە ئاستی دنیادا هەیە. سەرباقی ئەوە ناوەندە حکومییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا نەک هەر پێشیان لە پێکهاتنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان گرتوە و کاری ڕێکخراوەیی و هاوکاریکردنی قوربانییانی مینیان لێ قەدەغە کردوون، بەڵکوو بە پاوانکردنی پڕۆژەکانی کۆکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی و پەیوەستنەبوون بە کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و بنەڕەتییان بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی ئەو ناوچانە هەڵنەگرتوە.
قورسایی لاوازیی مودیرییەت بەسەر لاوازیی تیکنیکیدا
بێهنام سادقی لەسەر ئەم بڕوایەیە کە ئیران لە بواری تێکنۆلۆژی و هەروەها لە هەمبەر هەبوونی هێزی پسپۆڕ بۆ خاوێنکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە مین و تەقەمەنی کەمی ناهێنی. بەڵام کێشە و کۆسپی بنەڕەتی لەپێناو ئەو ئەرکەدا لاوازیی مودیرییەت و ڕێکخستنی کاروبارەکانە. ئەو دەڵێ لاوازییەکە لە پێکهاتە و ڕێوشوێنەکانی ناوەندی کۆکردنەوە و نەهێشتنی مینە پووچەڵنەکراوەکاندا نییە، کێشە ئەوەیە کە پڕۆژەکانی ئەم ناوەندە هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان ناکرێ و ناوەندەکە و ئەرکەکانی پشتگوێ دەخرێ. ئەو دەڵێ دەوڵەتەکان نەک هەر بودجەی پێویست بارتەقای کێشەی ناوچە مینڕێژکراوەکان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە تەرخان ناکەن، بەڵکوو ئەم بڕە کەمە بودجەیەش کە لە ڕەدیفی بودجەدا و لەسەر کاغەز دەنووسرێ ناگاتە ناوەندی کۆکردنەوە و نەهێشتنی مینە پووچەڵنەکراوەکان.
سارا فەلاحی نوێنەری شارەکانی ئیلام، ئەیوان، چەرداول، سیروان، مەلەکشایی و مێهران لە مەجلیس لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوود لە بابەت کەمیی بودجەی دیاریکراو بۆ ناوەندەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە گەڵاڵەی بودجەی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسیدا گوتبووی: لەگەڵ ئەوەیکە ئەم ناوەندە بۆ ساڵی 1401 پێویستیی بە 200 ملیارد تمەن ئێعتبار هەیە، بەڵام لە لایحەی بودجەدا تەنیا 60 ملیارد تمەنی بۆ تەرخان کراوە و ڕوونیش نییە لەوەندە بودجە تەرخانکراوەش چەندی وەدی دێ و دەگاتە دەستیان؟
ئەو نوێنەرە کوردەی مەجلیسی ئێران دەڵێ لە ئێستادا کاروباری ناوەندی کۆکردنەوە و نەهێشتنی مینە پووچەڵنەکراوەکان لە پارێزگای ئیلام لەبەر پشتگوێخران و تەرخاننەکردنی بودجەوە بەکردەوە ڕاگیراوە.