بە درێژایی مێژوو کورد لە هیچ کام لەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەش بووە، نە بووەتە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانەو ئەو وڵاتانەش وەک هاووڵاتی پلە یەکی خۆیان سەیریان نەکردوە. مێژووی پڕ لە شۆڕش و رابردووی خوێناوی ئەو گەلە لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان شایەتی نامەحرەم بوونی کورد لە چوارچێوەی ئەو زڕە وڵاتانەیە کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانیان سڕینەوە و سڕکردنی بوون و تواناییەکانی کورد بووە، لە پێناو دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی مەبەستیان.
رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشداری زۆربەی شۆڕش و چالاکی و رووداوە گرنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بووە، هەموو کات تا وەختی دروێنەوە و دەسکەنەی دەسکەوتەکان بە شان و باڵیدا هەڵوتراوە، بەڵام کاتی دابەشینی دەسکەوتەکان پشکی کوردستان هەر نەدامەتی و زیاترکردنی زەبروزەنگ لەسەر ئەو گەلە بووە. سەبارەت بە کردەوە و رەفتاری کۆماری ئیسلامیش لەسەر پێشێلی مافەکانی کورد، کارنامەیەکی رەش و چڵکنی لەچاو پێشینانی خۆی پڕ کردۆتەوە. لە روانگەی ناوەندنشینانەوە کورد هەمیشە جیاییخواز و کافر (فتوای خومەینی) و تێکدەر و سەربڕ و …. هتد بووە و، ئەو نەتەوەیە وەک پشتێندەیەکی بەرگری و لەراستیدا بەڵاگێڕەوەی پێکهاتەی سەرەکی سەیری کراوە و راگواستنی کورد بۆ بەشە سنوورییەکانی دیکەی ئێرانیش سەلمێنەری ئەو ئیدیعایەن.
دەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، کورد ئەگەرچی یەکێک بوو لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هەڵگیرسێنەری شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی بەفیڕۆچوون و تاڵانی ئەو شۆڕشە لە لایەن کۆمەڵێک ئۆپۆرتۆنیستی مەزهەبییەوە لە هەموو دەسکەوتەکان بێبەش کراو، تەنانەت کەوتە بەر تاقیکردنەوەی دژوارترین قۆناخی ژیانی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە و، لە لایەن گەورەترین بەرپرسی ئەو دەسەڵاتە تئۆکراسییەوەوە فتوای قەڵتوبڕی بۆ دەرچوو و، پیاوە گوێ لەمستەکانی ویلاتی فەقیهـ قۆلیان لە ژینۆسایدی کورد لە رۆژهەڵات هەڵماڵی. دەگەڵ گۆڕانی کەشی سیاسی نێوخۆی ئێران و دابەشبوونی بلۆکە سیاسییەکانی نێوخۆ، گەلی کورد زۆر جاران لە شەڕ و چنگەکوڕکێی بەرەکان لەپێناو دەسەڵاتدا، هەمیشە هەوڵی داوە بە بەشداری نەکردن و بەشداری کردنی پەیامدار لە شانۆ و سیناریۆکانی رێژیمدا، ویست و ئامانج و ئاراستە سیاسییەکانی خۆی بە گوێی دەسەڵاتداران بگەیەنێ و تەنانەت ئەو دەرەفەتە بەرتەسکانەش بقۆزێتەوە کە رێژیم و باڵەکانی لە سۆنگەی پاوانخوازییانەوە دەیڕەخسێنن . لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئەو دواییانەی ئێراندا نزیک بە هەمووی شار و دەڤەرە کوردییەکانی رۆژهەڵات بە دەنگدان بە لایەنی دژبەری نێوخۆیی حکوومەت، دیسان دەنگی نامەشرووع بوونی ئەو دەسەڵاتەی بە گوێی دەسەڵاتداراندا خوێندەوە (کە دیارە ئەمەش هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر دایە)، هەر بۆیە دوابەدوای هەر خولێکی هەڵبژاردن، گەلی کورد لە رۆژهەڵات دەکەوێتە بەر رق و کینی ناوەندە سەربازی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم و چالاکان و لاوانی کورد لە گرتووخانەکان دەپەستێوترێن. هەروەها بە گوێرەی رەوتی رووداوەکان ڕا دیارە دوای هەڵبژاردنەکانی ئیعدامەکان لە کوردستان دەسپێدەکەنەوە و بۆ چاوترسێنی تەنانەت ناوچەکانی دیکەش کورد دەکرێ بە قوربانی. کۆماری ئیسلامی بە کوشتار و ئیعدام و شەهیدکردنی کۆڵبەران و گرتن و چەوساندنەوە و بێبێەش و دواکەوتوو راگرتنی کوردستان ناوەستێ و تەنانەت ئەو سەرکەوتن و پێشکەوتنانەی کوردیش دەکەنە ئامانج کە سەرەڕای بەرتەسککردنەوەی هەموو دەرفەتەکان و خنکاندن و لەباربردنی هەلەکان، خەڵکی کۆڵنەدەری کورد دەتوانن دەستەبەری بکەن.
دوایین هێرش و نیشانەکانی شەڕێکی قورس و هەنگاو بە هەنگاوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دژ بە گەلی کورد داخستنی بازار و شوێنە بازرگانییە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڵ باشووری کوردستانە. لە سایەسەری ملهوڕی و دژایەتیکردنی کۆمەڵگەی جیهانی و سیاسەتە ناحەکیمانە و دووبەرەکی نانەوە و پشتیوانیکردنی تیرۆر و ئاژاوەنانەوە لە سەرانسەری جیهان و …… دواجاریش هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، نەک هەر خەڵکی کورد بەڵکوو بەگشتی خەڵکی ئێران ماوەیەکی زۆرە لە سەردەمێکدا کە بە جیهانی بوون باوە، لە گوندی جیهانیدا تەریک خراوە و گەمارۆ و ئابلۆقە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەند هێندەی ژیانی خەڵکی لە ژێر حوکمی دەسەڵاتێکی سەدە ناڤینیدا دژوارتر و بیبەشتر کردوە. دواجاریش سەرەڕای بەفیڕۆدانی ئەو هەمووە تێچووەی لەسەر بەرنامە ناوکییەکان خستیانە ئەستۆی خەڵکی ئێران، هەروەها تەرخانکردنی کات و وزە و سامانێکی زۆر و درووشمە گەوج خەڵەتێنەکانی ویلایەتی فەقیهـ ، دەوڵەتی روحانی دەستیکردەوە بە دانوستان دەگەڵ وڵاتە دیارەکانی جیهان و جۆرە رێککەوتنێکی دەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و زلهێزەکان هێنا گۆڕێ، کە بەردەوام لە لایەن گرووپی سەر بە ویلایەتی فەقیهـەوە جێگەی تەوس و تەوانج و پللارە.
وێدەچوو رێککەوتنی دەوڵەتی روحانی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی خێروبێرەکەی بگاتە کوردستانیش و ئەو بەشە لە ئێرانیش کە ماوەیەکە باجی قورسی نەزانی و بەرزەفڕی سیاسەتڤانانی تاران نشین دەدا، پشوویەکی بێتەوە بەرخۆ و هەندێک لە کۆلەمەرگی و مەینەتەکانی لەسەر سووک بێ. گەلی کورد لە رۆژهەڵات کە سەرەڕای هەموو هەڵاواردن و بێ دەرەتانی و کەندوکۆسپەکان توانیویەتی لە زۆر بواری وەک سیاسی، کۆمەڵایەتیدا لە بەشەکانی دیکەی ئێران دوا نەکەوێ، هەروەها لە بواری ئابووریشدا رۆڵەکانی ئەو گەلە لە شارە کوردییەکان بە گرەوکردن لە سەر ژیانیان توانیویانە جۆرە بازرگانییەک لە شار و دەڤەرەکانیان دەست پێ بکەن، کە دواجار حکوومەتی تاران ئەو دەرەتانەش بە کورد بە رەوا نابینێ و بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی تێکشکانی ئیرادەی سەربەخۆخوازی گەلی کورد لەم بوارەشدا دەدا و بە داخستنی بازارە سنوورییەکان و تێلبەند کردن و دیوار راکێشان لە نێوان سنوورە دەسکردەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان سەدان و بگرە هەزاران کەس نانبڕاو دەکا. ئەو هەنگاوەی رێژیم سەرەتای شەڕێکی نوێیە دژی کورد، شەڕی تێکڕماندنی بناخە ئابوورییەکانی کوردستان کە زیاتر لەسەر بازرگانی دامەزراوە. دیارە ئەمە نە یەکەم شەڕ و نە دواشەڕی تارانە دژی کوردستان. رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری بازرگانەوە بگرە هەتا خوار دیهلۆرانیش چەندین ساڵە مەڵبەندی شەڕی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردە دەگەڵ هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی. شەڕێک کە کاسبکاری کورد تەنیا بە هۆکاری نان پەیداکردن بۆ ماڵ و منداڵی لە لایەن چەک بەدەستانی رێژیم و بە بیانووی قاچاخاچی بوونەوە دەبنە بە سیلە و ئامانجی فیشەک. لە حاڵێکدا بە گوێرەی دان پێدانانی بەرزترین بەرپرسانی دەوڵەتی، گەورە قاچاخچی ئیران سوپای پاسدارانە کە بووەتە هۆی داڕمان و دواکەوتوویی ئابووری ئیران و تێکشکانی هەر چەشنە هەوڵێک بۆ ساخکردنەوەی ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵات. کۆمەڵگەی کوردستان تێچوویەکی زۆری بۆ پێکهێنان و پێکەوەنانی ئەو ئابوورییە ساوایە داوە و نابێ وا بە ئاسانی ملکەچی بڕیارەکانی رێژیم ببێ، رێژیم بە داخستنی سنوورەکان دیسان هەوڵی رەکێشی هێزی کاری کوردستان بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران دەدا، شوێنێک بۆ پەرتەوازەکردنی رۆڵەکانی کورد لە یەکتر و هەڵقەندنیان لە نیشتمان و هەروەها خستنە داوی دەیان پیلانی وەک ئیعتیاد و پیشە درۆییەکانی دیکە. چاونەترسی گەلی کورد لە ئێران و بەتایبەت گوێ نەبزووتنی خەڵکی کوردستان لە بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز کە هەموو ساڵێک زیاتر بەرەو لووتکە هەڵدەکشێن و رەنگ و بۆنی نەتەوەیی تۆختر بەخۆوە دەگرن، هەوێنی خۆی لە سەربەخۆییەکی ئابووریدا دەبیننەوە کە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵات توانیوویانە دەستەبەری بکەن. کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی پێشووتری ئێرانیش زۆر دیار زۆر بەجوانی ئامۆژگارییەکانی محەممەدئاغای قەجەریان لە گوێ گرتوە “ئەگەر دەتانەوێ حوکمی خەڵکی ئێران بەدەستەوە بگرن، برسییان بکەن”.