پێشەکی:
کۆمەڵگەی مەدەنی لەو چەمکانەیە کە زیاتر لە ٢٠ سەدەیە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ هەڵگری ڕۆڵ و کارکرد بووە و لە هەر کات و شوێنێک شوناس و جەوهەری جیاوازی بە خۆیەوە گرتوە. بەڵام تاکوو ئێستاش بە شێوی تەواو و پەڕگیر پێناسەیەکی یەکانگیری لێ نەکراوە و هزرڤانان چەمکی جیاواز و، نەتەوەکان و دەوڵەتەکان، نموونەگەلی ئابژەکتیڤی جیاوازیان بۆ داناوە.
کۆمەڵگەی مەدەنی، حەقیقەت و ڕاستییەکە و هەڵگری ئوسوول، پێششەرت و بناغەیەکە کە لە یۆتۆپیا و ئوستوورە و ئاڕمان جیای دەکاتەوە، هەرچەند ئەگەری ئەوە هەیە لە هێندێک لە کۆمەڵگە و نەتەوەکان، ئەم چەمکە ببێتە ئاڕمانێک، بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر جار لە کۆمەڵگەی جیاواز جیاواز بەدیار کەوتوە و ئاڕمانگەراکردنی ئەم بناخە و چەمکە دەبێتە هۆکارێک کە؛ تێگەیشتن و ویستەکانی مرۆڤ لە ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنی بانتر بڕوا و بۆ ئاڕمانێکی بەدینەهاتوو بگۆڕێ، هەربۆیە پێویستە سەرنج بدەین کە کۆمەڵگەی مەدەنی، دەئافراندرێ و لەدایک نابێ.
ئەم چەمکە لە ئێران ساڵانێکە لە دۆخی هزری و تێئۆرییەوە بۆ ئارمانجێک لە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە گوازراوەتەوە و هەر بیرمەند و هزرڤانێک ئارمانجەکانی خۆی لە پارادایمی کۆمەڵگەی مەدەنیدا پێشکەش دەکا. هەر بۆیە شرۆڤە و سەرنجی وردبینانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کارێکی زەرووری و پێۆیستە و بەمجۆرە لە بەستێنی زانستە سیاسییەکان، کۆمەڵناسی، فەلسەفە، مرۆڤناسی و… سەبارەت بەو پرسە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەکرێ.
کۆمەڵگەی مەدەنی چییە؟
چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرامبەر وشەی ئینگلیزی (civil society) و فەرانسەوی (civil societe) کەڵکی لێ وەردەگیرێ. وشەی “civil” لە پەیڤی لاتینی “civis” وەرگیراوە کە لە چاخی کۆندا بەمانای “کۆمەڵگەی شارۆمەندان” بە کار دەهات.
بابەتی هەڵوێستە لەسەر کردن، جۆرێک جیاوازیدانان لەنێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسییە، واتە هەر دووکیان ڕۆڵی سیاسی دەگێڕن و هەوڵ دەدەن لەسەر دانانی سیاسەت و بڕیاری حکوومەتی و یاریکەرانی بەستێنی سیاسی کارتێکەری دروست بکەن.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی سیاسی، سەرەڕای ئەوەیکە زۆر کەس هێزی سیاسی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە یەک چاو سەیر دەکەن، بەڵام وا نییە و پێویستە بڵێین کە دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەوڵی بەدەستەوەگرتنی حکوومەت نیین، بەڵکوو هەوڵ دەدەن لەسەر بڕیارە سیاسییەکان بە قازانجی خەڵک کارتێکەرییان هەبێ، لە کاتێکدا ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی سیاسی هەوڵ دەدەن حکوومەت و دەسەڵات بگرنە دەست. ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێدەکۆشن دەنگی شارۆمەندان بە بەرپرسان بگەیەنن، لە کاتێکدا دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیاسی تینووی هێز و دەسەڵاتن! وڵاتانی یارمەتیدەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن یارمەتیی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بدەن تاکوو بتوانن بەرگری لە بایەخە دێموکراتییەکان بکەن، لە حاڵێکدا ئەم وڵات و ڕێکخراوانە ناتوانن یارمەتیی ڕێکخراوە سیاسییەکان بدەن، چونکە ئەم بابەتە بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان دادەنرێ.
لەڕاستیدا کۆمەڵگەی مەدەنی، لە بەستێنێکی سەربەخۆدا بۆ ڕێکخستنی ڕێکخڕاوەکان و ڕەفتاری شارۆمەندان و بەرتەسککردنەوەی دەستێوەردانی دەوڵەتی لەسەر شانە، ئەڵقەی وەسڵی پەیوەندی دەوڵەت و خەڵکیش بە ئەژمار دێ، بە مانایەکی تر کۆمەڵگەی مەدەنی بەستێنێک لە دەرەوەی بنەماڵە، دەوڵەت و بازارە کە ئەگەر بنەماڵە بە چوارچێوەیەکی تایبەت بزانین، دەتوانین دەوڵەت بە بەستێنێکی دەسەڵاتداریەتی و سەپاندنی یاسا و بازاڕ لە چوارچێوەی ئابووری تێبگەین و لە نێوان ئەم بەستێنانە، ڕەهەندێک دەمێنێ کە گرێدراوە بە کۆمەڵگە و ئەم بەستێنە گشتییەش هەمان کۆمەڵگەی مەدەنییە.
بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەم چوار ئالییەتە ڕاوەستاوە:
١- حیزبەکان و دامەزراوە سیاسییەکان.
٢- مەکۆ و ئەنجومەنە فەرهەنگی، ئەدەبی، هونەری، زانستییەکان و هتد .
٣-سەندیکاکان، ئەنجومەنەکان و دامەزراوە سینفی و پیشەییەکان.
٤-شوڕاکان و ڕێکخراو کۆمەڵایەتییەکان.
بەم شێوەیە، کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەلگەیەکە پێکهاتووە لە هێندێک گرووپی سەربەخۆ و دڵخوازانە، خۆویستانە و خۆبەرێوەبەرانە کە، بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی بەرژەوەندی، هۆگری و سەلیقەی تاکەکان دادەمەزرێ. ئەم گرووپانە دەتوانن لە فۆڕمی سەندیکا، یەکیەتی، ئەنجومەن، ڕێکخراوەی ناحکومی و… هتد، خۆیان دابڕێژن. کۆی ئەم گرووپانە لەسەر بناغەی چوارچێوەیەک و ڕێسایەکی دیاریکراو و شەفاف لەنێو تۆڕێک لە پەیوەندییەکان بە ڕوحی ئاشتیخوازانە، ئەخلاقی، پێکەوەژیان، پێکەوە حەوانەوە و هاوکاری لەگەڵ یەکتر درێژە بە چاڵاکیی خۆیان دەدەن.
ئەم ڕێخکراوانە لە کۆمەڵگەدا، شوناسی دامەزراوەی دیاریکراو و پێناسەداریان هەیە و ئەم شوناسە بە هۆکاری مانەوەی ئەوان دادەنرێ.
کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوکاریی خەڵک
شارۆمەند و کۆمەڵگەی مەدەنی دوو چەمکن کە هەموو کات پێکەوە لەگەڵ یەکتر دێن، هەر لەم ڕووەشە کە زۆرێک لە بیرمەندان، کۆمەڵگەی مۆدێرن بە کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانن، چۆن گرینگترین تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی مۆدێرن، پێکەوەلکاوی و دانەبڕاویی یاسای شارۆمەندی و بەشداریی مەدەنی لە ناوەندێکی سیاسیی جوغڕافی بە ناوی شار دێتە ئاراوە. لە کاتێکدا جووڵەی خەڵک لە پرۆسەی ڕوو بە گەشەی ژیانی مەدەنی بەرەو ئافڕاندانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، بە چەمکی “town” بە مانای “شار ” دەگەینن.
ئەکتەری سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنی، شارۆمەندێکە کە بەشداری و هاوبەشی بە مافی ئەساسیی ئەو دادەنرێ. شارۆمەندی بە مانای ئاستی گرتنی پەیوەندی بە دامەزراوەکانی کۆمەڵگە و لێهاتوویی شرۆڤەی بابەتە کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابووریەکان، وێڕای چاودێری لە ژینگەی ژیانی خۆی. شارۆمەندی یەکێک لە ڕۆڵە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکانی تاک لە کۆمەڵگەی مۆدێڕنە و بەشداریی کۆمەڵایەتیش لەسەر بەربڵاوی پەیوەندیی نێوان گرووپەکان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنە خۆبەخشەکان، یەکیەتییەکان و گرووپ گەلێک ڕادەوەستێ کە بە گشتی تایبەتمەندیی لۆکالی و ناحکوومیان هەیە.
ڕێژە و پەرگێریی ڕێکخراوە لۆکاڵی و ناحکوومییەکان لە یەک جڤاتدا پێوەر و هەڵگری ئاستی بەشداریی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدایە، تا ئەو ئاستەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگای بڵاوکردنەوە و پەرەپێدان بە بەشداریی گشتی پێناسە دەکرێ. بەم ڕوانگەیە بەشداریی گشتی پەیوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە و هزری کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەساسی حزووری خەڵک لە مەیدان و ئەسڵی بەرژەوەندی و قازانجی گشتی یەکانگیر دەبێ. بەشداریی گشتیش بۆ بەدیهێنان پێویستی بە بەستێنێکی لەبارە کە بەبێ ئەم بەستێنە لەبارە ناتوانێ درێژە بە ماهییەتی خۆی بدات. بەستێنی لەباریش بۆ بەشداری گشتیی خەڵک، بە هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکان و پێڤاژۆ گرێدراوەکان بەو ئالییەتەیە و لە ئەساسدا ڕەمزی سەرکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی بە دامەزراندن و بە ڕێکخراوکردنی دامەزراوە بەشداربووەکان هەڵدەسەنگێندرێ، و هەروەها بەشداریی ڕاستەقینەی خەڵک هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی بەدوادا دێ.
تایبەتمەندیی دڵخوازانە، ئاگاهانە و خۆڕسکانەی بەشداریی کۆمەلایەتی بە کۆمەڵگەی مەدەنی لێک گرێ دەدات. ئەنجومەنە خۆبەخشەکان بەستێنێکی گونجاو بۆ وەرگرتنی بەشداریی گشتی دابین دەکەن.
یەکیەتیی سینفییەکان، ئەحزابی سیاسی، بۆنگا ئابوورییەکان، شیرکەتە تەعاوەنییەکان، گرووپی هونەری، ڕاگەیاندن و دامەزراوە خێرخوازییەکان هەموویان دەتوان نموونەیەک لە دامەزراوەی مەدەنی بن. دامەزراوە بەشداریکەرانەکان لە لایەک بە ڕاکێشانی هاوکاری تاکەکان، بەستێنی لێک گرێدانی ئەوان بە کۆمەڵگە دابین دەکەن و بەشداری تاک لە کاروباری کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە. لەلایەکی تر لە ڕێگای پەرەپێدان بە ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنیان، یارمەتی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی بەشداریی چالاکانە و دڵخوازانەی تاک لە کۆمەڵگە دەدا.
کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراو ناحکوومییەکان
ئێمە لەگەڵ دوو جۆر کۆمەڵگەی مەدەنی سەروکارمان هەیە:
١-نەریتی ٢-مۆدێڕن
لە هەموو وڵاتان، چ وڵاتی پیشەسازی یا لە وڵاتی لە دۆخی گەشەسەندووییدا، تۆڕێک لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، یەکیەتییەکان و دامەزراوەکان بوونیان هەیە کە دەکرێ ئەوان بە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی نەریتی ناودێر بکەین.
کۆمەڵگەی مەدەنیی نەریتی بە گشتی بەشێوی ناڕەسمی هێندێک کات لە ڕێگای ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکان بە پەیوەندییەکان و هێندێک جاریش لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕێنوێنییەکان و ئاماژەکان کە لە ڕابردوودا بۆی بەجێ ماوە، بە ڕێکخستن دەکرێ و لە قەوارە و تەشکیلاتی ڕەسمی کەمتر کەڵک وەردەگرێ. ئەم جۆرە کۆمەڵگە مەدەنییە، کاتێک دەوڵەت لاواز دەبێ، لە هێز و توانایی زۆرتر بەهەرەمەند دەبێ و دەتوانێ بۆ ویست و داخوازییەکانی خەڵک وڵامدەر بێ و لە ڕێگای دامەزراندن و بەهێزکردنی “سەرمایەی کۆمەڵایەتی” کاریگەریی هەبێ.
کۆمەڵگەی مەدەنیی مۆدێڕن زۆرتر لە ڕێگای سیاسەتی وڵاتانی دێموکراتیک شکڵی گرتوە و
ئەم چەمکە لەم دواییانەدا بە گەشە، بە هێز و پەڕگێریی دێموکراسی (خەڵک ساڵاری) لێک گرێدراوە و لە چوارچێوەی کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (NGOs) بە سنووری دیاریکراو و جودا لە دەوڵەت و بنەماڵە پێناسە دەکرێ. بەم پێیە کۆمەڵگەی مەدەنی لەم بەکارهێنانەدا بە کۆمەڵێک لە تاکەکان دەگوترێ کە بە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ڕەسمی و پسپۆری بەستراونەتەوە یا بۆ ئەم ڕێکخراوانە کار دەکەن. لێکەوتەی ئەم پڕۆسەیە دامەزراندنی ڕایەڵکەیەکە کە ئێستا بە “کۆمەڵگەی مەدەنیی پسپۆرانەی” ناو دەبەن.
دوو ڕوانگەی گشتی لەسەر پەیوەندیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوونیان هەیە:
یەکەم ڕوانگە پەیوەندیی بە “هاری بلێر”ەوە هەیە کە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە لەخۆگری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانێ. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پتر لە ئامانجی تایبەتی پێداگری لەسەر ئامانجی گشتی دەکەن، یا گرووپگەلی خۆبەخشانەن کە بە کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتەکانی حکوومەت ئاڕمانجی تریان جودا لە “دەستەبەری بەرژەوەندی” هەیە.
بنیاتە تایبەتەکان عەوداڵی وەدەستهێنانی قازانج و حیزبە سیاسییەکان بە دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسین، لە کاتێکدا مەبەستی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە پڕۆسەی کاریگەریدانان لەسەر دەوڵەت، وەدەستهێنانی قازانجی تایبەتی نییە.
ڕوانگەی دووهەم لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەش کراوە و لە کتێبی ژێدەری کۆمەڵگەی مەدەنیدا هاتووە. لەم بەشەدا شڕۆڤەی پەیوەندی دەوڵەت، کۆمەڵگە و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان کراوە.
لە بەشی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەی مەدەنی بە دوو بەشی لێک دانەبراو دەگەین، کە بریتیین لە: ڕاگەیاندنەکان، پارلەمانی یاسادانان، زانکۆ، میدیا و… کە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیین. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، شێوەیەکی جیاواز لە ڕێکخراو گەڵێکن کە لە ڕێگای ئەوان شارۆمەندان پێکەوە بەشداریی یارمەتیدەرانەی یەکتر دەکەن. خزمەتگوزاریی هێندێک لەم ڕێکخراوانە تەنیا بۆ ئەندامەکانیان و ئی هێندێکی تر جودا لە ئەندامەکانیان بۆ چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەلگەشە.