بەرایی: ٧٥ ساڵ لەوە پێش سەرکۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد بە بەخشینی سەر و گیانی خۆی، بەڵێنی گەورەی خۆی بە نەتەوەکەی بردە سەر. ئەگەرچی ١٠ی خاکەلێوە لە مێژووی نەتەوەی کورددا ڕۆژێکی تاڵ و کارەساتبارە، بەڵام هاوکات بوو بە ئیلهامدەری ڕێبەرانی دیکەی حیزبی دێموکرات تاکوو لە پێناو ئامانجە بەرزە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا شێلگرانەتر درێژە بەو ڕەوتە خەباتەی ڕێچەی کۆمار و ڕێبازی ثێسەوا بن. شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندی، دوو سکرتێری حیزبی دێموکرات لە دوای پێشەوا و شەهیدبوونی دەیان ئەندامی تری ڕێبەریی ئەم حیزبە بەڵگە ڕاستەقینەی ئەم ڕاستییەن.
“کوردستان” لە یادکردنەوەی ساڵڕۆژی ساڵەی شەهیدکردنی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیدا بۆ باس لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی نەمریان وتووژێکی لەگەڵ بەڕێز کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب پێکهێناوە و سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
کەسایەتیی کاریزماتیکی پێشەوا بە ئەندامەتیی لە کۆمەڵەی “ژـ ک”دا گەشەی کرد. چۆن بوو دامەزرێنەرانی ئەو کۆمەڵەیە داوا لە پێشەوا کرد بێتە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە وا باشترە بەپێی سەرچاوە بەردەستەکان وێنای هەلومەرجی ئەو کاتی ناوچەکە و بەتایبەتی شاری مەهاباد بکەین، ئەو کات بەباشی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە بەر چ هۆکارێک کۆمەڵەی ژێ-کاف داوا لە پێشەوا دەکات ببێت بە ئەندامی کۆمەڵە و تەنانەت بەرپرسایەتیی ڕێکخراوەکەش بخەنە سەر شانی. لەو سەردەمدا بە هۆی هەبوونی سپای سۆڤیەت لە باکوور و باکووری ڕۆژاوای ئێران و بوونی سپای ئینگلیس و ئەمریکا لە باشووری ئێران، جۆرێک لە بۆشاییی دەسەڵاتی ناوەندی لە زۆر ناوچەی ئێران و بەتایبەتی لە موکریان ببووە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەتا ڕادەیەک ئاڵۆزی و پشێوی ساز ببێت، لەو هەڵومەرجەدا قازی محەممەد بۆ پاراستنی شار (واتە مەهاباد) لە هێرشی عەشیرەتەکانی دووروبەر، خەڵکی هان دا بۆ کڕینی چەک بۆ پارێزگاری لە خۆیان و بنەماڵەکانیان و بەگشتی پاراستنی شار. قازی محەممەد ئەو خەڵکەی ڕۆژانە لە شوێنێک کۆ دەکردنەوە و لەبارەی شێوەی پاراستن و بەرگریکردن قسەی بۆ دەکردن و شەوانەش خۆی سەردانی شوێنی ئێشکگرەکانی دەکرد، ئەمە بیجگە لەوە بوو کە ڕۆژانە لە دادگا دادەنیشت و بە کێشە و گرفتی خەڵک ڕادەگەیشت. بەو شێوەیە لەڕاستیدا شاری مەهاباد و دوروبەری بەتەواوەتی لە دەستی پێشەوادا بوو و کەسایەتیی پێشەوا بە چەشنێک بوو کە تەنانەت سەرۆک عەشیرەکانی ناوچەکەش ڕێزیان لێ دەگرت و لە قسەی دەرنەدەچوون.
هەربۆیە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژ- کاف بەباشی هەستیان بەوە کردبوو کە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵە پێویستیان بەوە هەیە کە کەسایەتییەکی وەک پێشەوا ڕێبەریی کۆمەڵە بەدەستەوە بگرێت و لەو تێڕوانینەشدا بە هەڵە نەچووبوون؛ چونکە هەر کە پێشەوا بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ-کاف و دوای ماوەیەک وەک ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە لەنێو خەڵکدا دەرکەوت، خەڵکێکی زۆر لە چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگەی کوردستان و بە ایبەتی لە ناوچەی موکریان پەیوەست بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ژ-کاف بوون.
پێشەوا بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان کامانە قۆناغی بڕی؟
پێشەوا دوای ئەوە بە فەرمی بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ-کاف، هەستی بەوە کردبوو کە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژ-کاف لە کار و تێکۆشانی خۆیدا هەتا ڕادەیەکی بەرچاو لە کاری ڕێکخراوەیی و بەتایبەتی ئەندامگیری و تەبلیغاتدا، دوا خراوە و زۆر بە پارێزەوە دەجووڵێتەوە و ئەو شێوە کارە ناتوانێت وەڵامدەری ئەو هەلومەرجە بێت، بە واتایەکی دی کۆمەڵەی ژ-کاف لە توانایدا نەبوو کە بتوانێت ئەو هەلومەرجە تایبەتییە بە قازانجی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بقۆزێتەوە. بۆیە پێشەوا لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ-کاف، حیزبی دێموکراتی کوردستانی بە شێوازی سەردەمیانە داڕشتەوە، حیزبەکەی پێشەوا کە خاوەنی بەرنامە و ڕێبەری بوو، بە شێوەی ئاشکرا دەستی بە تێکۆشان کرد و هەموو وزە و توانای خۆی بۆ پتەوکردنی نێوماڵی کورد وەگەڕ خست، لە نێوخۆی کوردستاندا دەستی کرد بە کار و تێکۆشان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و لە هەمان کاتدا کەوتە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دوڵەتانی زلهێز و بەتایبەتی یەکیەتیی سۆڤیەت کە لە ناوچەدا هەبوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرگی حیزبێکی مودێڕندا هەوڵی دا مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سیستمێکی کۆماریدا وەدی بێنێت و بۆ ئەوە پێش دامەزراندن و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکرات بە ڕێبەریی پێشەوا، هەموو ئەو پێویستییانەی کە دەوڵەت و سیستمێکی سیاسی و حوکمڕانیی پێ دەناسرایەوە، وەک ئاڵا، سپای نیشتمانی، سروودی نەتەوایەتی و سیستمی بەڕێوەبەری و پەروەردەیی ئامادەکارییان بۆ کردبوون. هەربۆیە لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی)دا هەموو ئەو هێمایانە دەبیندرێن و پێشەوا وەکوو سەرۆککۆماری کۆماری کوردستان وتاری پێشکەش بە ئامادەبووانی ڕێورەسمەکە کرد.
پێشەوا کەسایەتییەکی ئایینی بوو، ئەدی چ شتێک بوو بە هۆکاری ئەوەی کە نیشتمان و نەتەوە بخاتە پێش ئایینەوە؟
باسکردن و لێکدانەوە لەسەر کەسایەتیی پێشەوا کارێکی دژوارە، چونکە زۆر لایەنی جۆراوجۆری کەسایەتیی پێشەوا دەکرێت توێژینەوەیی ئاکادمیکی لەسەر بکرێت. ئەو سەرچاوانەی لە بەردەستن و باس لە تایبەتمەندییەکانی پێشەوا دەکەن، هەموویان لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە پێشەوا لەو کاتەوە کە توانیویەتی بنوسێت و بخوێنێتەوە، لە هەموو دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە بۆ فێربوونی زانست و هەر ئەو هۆگرییەی بە زانستی سەردەم تواناکانی بە چەشنێک بردووەتە سەر کە لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بە ماموستا ناسراوە. پاش تەواوکردنی زانستی ئایینی و ڕێپێدانی مەلایەتی، بە شێوەی مەلای مزگەوتێک نەجووڵاوەتەوە و لە حوجرە دانەنیشتوە،؛ بەڵکوو چالاکانە خەریکی کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕاپەرندنی کاری خەڵک بووە، خەمی گەورەی پێشەوا دواکەوتوویی نیشتمان و گەلەکەی بووە، هەر بۆیە لە هەموو دەرفەتێک کەلکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی چەندی دەکرێت نەتەوەکەی لە زانست و پێشکەوتنی ئەو سەردەمە نزیک بکاتەوە، بۆ ئەو کارانەش کە دەیکردن چاوی لە هیچ پاداشتێکی ماددی نەبووە. بۆ نموونە بێ ئەوەی مووچەی مانگانە لە حکوومەتی ئەو کات وەربگرێت، بەرپرسایەتیی بەڕێوەبەریی فەرهەنگی مەهابادی گرتە ئەستۆ، بەردی بناغەی یەکەم نەخۆشخانەی لەو شارە لەسەر پارچە زەوییەکی خۆی دانا، هەروەها بە هەوڵ و تێکۆشانی پێشەوا یەکەم قوتابخانەی خوێندن بۆ منداڵانی کچ و کوڕ لە شاری مەهاباد دامەزرا. لەو بارەوە باشترین نموونە گۆڤاری “هەڵاڵە”یە کە لە ژمارە ٢ی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی و لە وتارێکدا بەم شێوەیە باسی پێشەوا دەکات: “هەر لە منداڵیەوە خاوەنی گیانێکی بەرز و دڵێکی بەهێز بووە و نیشانەی گەورەیی و ئازا و ڕەشیدی و لەخۆبوردوویی تێدا دیاری داوە، ئاکارێکی جوانی هەیە و لەگەڵ هەموو تەبەقەیەک تێکەڵی دەکات و بەتایبەتی نیشتمانپەروەری لەگەڵ ڕەگ و خوێنی تێکەلە. زۆری علاقە بە تەرەقی و عیلم و زانست هەیە، لەبەر ئەوە لە تافی جوانیدا چەند ساڵ بۆ خۆی ڕیاسەتی فەرهەنگی سابڵاغی وەعودە گرت و دەرسی نیشتمانپەروەری و میللەتی بەتەواوەتی فێری نەسلی تازەکرد.”
کاک عومەر جەنابتان لە وتووێژێک لەگەڵ “کوردکاناڵ”دا پێشەواتان بە کەسایەتییەکی تابۆشکێن پێناسە کرد، لەم بارەیەوە زیاتر باس بفەرموون؟
ئەوە کە دەڵێین پێشەوا تابۆشکین بووە، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دژایەتیی هەندێک دابونەریتی کردووە کە بەربەست بوون لە بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگە. لەسەردەمی ئەو کاتدا کە هێشتا سیسەتمی عەشیرەیی و کۆمەڵێک دابونەریتی دواکەوتووانە باڵیان بەسەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵگەدا کێشابوو، پێشەوا بێ گوێدان بە سەرکۆنە و تەوس و پلاری کۆنەپەرستان لەگەڵ خەڵکی بیانی و غەیرە دینان هەستان و دانیشتنی هەبووە، هاتوچووی کردوون و لێیان فێری زمان و دابونەریتی ڕۆژاوایی بووە. بێجگە لەوە ئەو کارانەی پێشەوا لەو سەردەمدا کردنی نەک لە ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش نموونەی نەبیندراوە، وەک: بە ناچاریکردنی خوێندن بۆ منداڵان بەبێ جیاوازیدانانی ڕەگەزی، یان خوێندنەوەی خوتبەی نوێژی هەینی بە کوردی و کەڵکوەرگرتن لە خوتبە بۆ ئاگاکردنەوەی خەڵک و دورکەوتنەوە لە خورافات و لە هەمان کاتدا پەرەپێدانی هەستی نیشتمانپەروەری لەنێو خەڵکدا. یان دەستەبەرکردنی بەستێنی ئەوەی کە ژنان و لاوان بێنە نێو گۆڕەپانی کاری سیاسی و لەو پێناوەشدا دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی لاوان و حیزبی یایان کە لە دوایەدا بوو بە یەکیەتیی ژنان. هەروەها ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی کەمینەکان چ نەتەوەیی و چ ئایینی، بۆ نموونە خوێندن بە زمانی زگماکیی خۆیان، بەشداربوون لە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی وڵات و پەرەپێدانی کولتوور و فەرهەنگی خۆیان.
ڕەهەندێکی دیکەی دەرکەوتنی کەسایەتیی پێشەوا لە دادگاییکردنەکەی و بەرگرییەکانی بوو، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەو بابەتە چییە؟
جارێ پێش هەموو شتێک پێویستە بڵێم کە بەپێی ئەو بەڵگانەی هەتا ئێستە کەوتوونەتە بەردەست، ئەو بەناو دادگایە هیچ پێوەرێکی دادوەرانەی بۆ دادگاییکردن تێدا بەدی نەکراوە. یەکەم ئەو دادگایە بەپێی ئەوەی کە دادوەر و دادئەستێنەکانی هەموو سەبازی بوون، کەواتە دادگاکە سەربازی بووە، لە کاتێکدا پێشەوا و هاوڕێیەکانی هیچ کامیان کەسایەتیگەلێکی سەربازی نەبوون و لە بەرەی شەڕدا دەستبەسەر نەکرابوون؛ تەنانەت هیچ بەڵگەیەک بە دەستی ئەو دادگایەوە نەبوو کە پێشەوا لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیشیدا وەک سەرۆککۆمار فەرمانی هێرشی بۆ سەر هێزە سەربازیییەکانی ئێران دەرکردبێت، بۆیە پێشەوا هەر لە سەرەتاوە لەهەمبەر سەڵاحییەتی دادگا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو دادگایە سەڵاحییەتی نییە، چونکە ئەوان کەسی مەدەنین و ئەگەر هەر دادگایی دەکرێن، دەبێت لە بەردەم دادگایەکی مەدەنیدا وڵامدەر بن.
ئەوەی کە دەوترێت پێشەوا دادگای دادگایی کردووە، تەنیا قسەیەک نییە لەخۆڕا کرابێت، بەڵکوو ئەوە بەڵگەیەکی مێژوویییە لە ئازایەتی و بوێریی پێشەوا کە لەو کات و ساتە دژوارەدا چارەنووسی ژیانی خۆی و برا و ئامۆزاکانی بەند بوون بە هەڵسوکەوتی ئەو لە بەرانبەر ئەفسەرانی ڕێژیمی پاشایەتی کە بە ڕوواڵەت لەسەر کورسیی دادگا دانیشتبوون و پێشەوا و هاورێیەکانیان دادگایی دەکردن، بەڵام پێشەوا هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرکردنی بە چارەنووسی خۆیانی دەزانی و دەیزانی کە مەرگ چاوەڕوانیانە، کەچی بەو حاڵەش لە هەر دوو جار دادگاییکردنیدا و لە هەموو ماوەی بەندیخانەدا لەبەر دوژمن نەپاڕایەوە و داوای بەخشینی نەکرد؛ بەڵکوو ئازایانە بەو سوێندە وەفادار مایەوە کە لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، لە بەردەم ٢٠ هەزار کەس لە خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا خواردبووی. پێشەوا باش دەیزانی ئەوە قازی محەممەد نییە دادگایی دەکرێت، بەڵکوو جووڵانەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستانە دادگایی دەکرێت، ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی زۆرلێکراوی کوردستانە کە دادگای سەربازی بە تاوانیان دادەنێت؛ هەربۆیە وەک ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو و وەفادار بە ئامانجەکانی لە دادگا و لە بەرانبەر ڕاسپێردراوەکانی شادا ڕاوەستا و ئازایانە بەرگریی لە کۆماری کوردستان کرد.
دەکرێ ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەن؟
بۆ نموونە، پێشەوا لە وەڵامی داواکاری گشتیی سەبازیدا کە دەڵێت بۆچی نەڕۆیشتی و مەهابادت جێ نەهێشت، دەبێژێت: یەکەم لەبەر بەڵێنێک کە داومە بە نەتەوی خۆم و پەیمانم داوە لەنێویاندا بژیم. دووهەم بۆ ئەوەی بەر بە خوێنڕێژی بگرم و تەنیا لەبەر زیندوومانەوەی من، کۆمەڵکوژی نەکرێت. سێهەم ئەگەر من ڕۆیشتبام زۆر کەستان لە خەڵکی مەهاباد و نەتەوەی کورد لەجیاتی من لەنێو دەبرد. باشترین نموونەش بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بێجگە لەوانەی کە باسمان کردن، دەتوانین ئاماژە بە قسەکانی سەروان شەریفی کە حکوومەتی پاشایەتی وەک پارێزەری تەسخیری بۆ پێشەوا دیاریی کردبوو بکەین. دیارە ناوبراو لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگا ڕواڵەتییەکەدا بەشدار بووە، بەڵام نە ڕێگەی ئەوەی پێ دراوە کە دەستی بە پەڕاوەکانی دادگا ڕابگات و نە ڕێگەی پێ دراوە کە لە پێگەی پارێزەردا بەرگرییەکانی خۆی پێشکەش بکات، تەنانەت لە سۆنگەی گێڕانەوەکانی دادگاوە نەیانهێشت پلەی سەربازیی بچێتە سەرەوە، لە کاتێکدا ئەو ساڵە ساڵی بەرزکردنەوەی پلەکەی بوو. ناوبراو ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی (دە ساڵ دواتر) لەسەر پێشەوا و دادگاییکردنەکەی ئاوا دەدوێت: “بەداخەوە بۆ قازی محەممەد، ئەو پیاوە گەورە و دانایە، قازی محەممەد لە بەردەم دادگادا بەوپەڕی ژیری و بێ ترس دەدوا. لەڕاستیدا ئەوە ئەو بوو دادگای دادگایی دەکرد…”
کەواتە لەخۆڕا نییە کە د. قاسملوو دەفەرموێ پێشەوا گوڵێک بوو لە سەحرا ڕوابوو؟
ئەوە کە شەهیدی ڕێبەرمان د. قاسملوو فەرمووی پێشەوا گوڵێک بوو لە سەحرا ڕوابوو، بەپێی هەلومەرجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمی کۆمەڵگەی کوردستان بەتەواوەتی ڕاستە، چونکە چەندی بە ناخی ئەو مێژووەدا دەچیە خوارێ، کەسایەتیی پێشەوا لە ڕوانگەی جۆراوجۆرە زیاتر و زیاتر بەرجەستە دەبێت، بەتایبەتی کە کۆمەڵگەی کوردستانی نزیک بە ١٠٠ ساڵ لەوەپێش وێنا دەکەی کە هێشتا زانستی سەردەم بەو شێوە بەربڵاو ڕووی تێ نەکردوە، قوتابخانەکان دانەمەزراون، ڕایەڵکەی عەشیرەیی بە هەموو یاسا و ڕێساکانی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵە، دنیای دەرەوە بۆ تاکی کورد نامۆیە و کەمترین زانیارییان لە دەرەوی کوردستان هەیە و زۆر بابەتی دیکەی بواری کۆمەڵایەتی و کولتووری کە زاڵن بەسەر کۆمەڵگەدا، بەڵام دەبینین کە پێشەوا لە سەردەمدا هەر وەک باسمان کرد بۆ فێربوونی زمان و زانست گوێ بە سەرکۆنە و تەوس و پلاری کۆنەپەرستانی ناوچەکە نادات و ڕووی لە خەڵکی بێگانە و غیرە دین کردووە و توانیویەتی بە زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی و ڕووسی قسە بکات. ئەو باوەڕی قووڵی بە دێموکراسی و دەنگی خەڵک و ڕاوێژ هەبووە و لە دنیای سیاسەتدا کەسێکی ڕیئالیزم بووە و هیچ کات ئاوات و ئارەزووی لە جێی ڕاستییەکان دانەناوە، هەموو کات ویستیاری یەکیەتی و تەبایی نێوماڵی کورد بووە و هەموو هەوڵێکی داوە یەکیەتیی نەتەوەیی لە کوردستان پێک بهێنێت. جیا لەوانە بە دەیان تایبەتمەندیی دیکە پێشەوای لە کەسانی سەردەمی خۆی جیا کردووەتەوە، بۆیە د. قاسملوو لە کتیبی “چل ساڵ خەبات”دا دەیەوێت بە واتای ڕاستەقینە کەسایەتیی پێشەوا بۆ نەوەکانی داهاتوو نیشان بدات: “شەخسییەتی قازی محەممەد پێوێستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە، ئەو شەخسییەتە مەزنە لە مێژووی گەلی کورددا پلە و مەقامێکی تایبەتی و بەرزی هەیە کە پێویستە لاوانی تازەپێگەیشتوو لەگەڵی ئاشنا بن و لە ژیانی دەرس وەربگرن، هەرچەند تەمەنی زۆر دریژ نەبوو. بەڵام پێشەوا قازی محەممەد ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو بوو کە لەو ڕۆژگارەدا وێنەی لەنێو نەتەوەی کورددا زۆر کەم بەدی دەکرا . …. لەگەڵ ئەوە کە ڕووناکبیرێکی پایەبەرز بوو، لەنێو خەڵکێکی ساویلکە و بەداخەوە بەشی زۆری نەخویندەواردا دەژیا. گوڵێک بوو لە سەحرا ڕوابوو. بەڵام دیسانەکە لە گەلی خۆی نیزیک بوو، دەرد و ئازار و هیوا و ئاواتەکانی زۆر باش تێگەیشتبوو، لە هێنانەگۆڕ و دەرخستنی ئەو دەرد و ئازار و هیوا و ئاواتانەدا لە هەموو کەس سەرکەوتووتر بوو. بەخۆڕایی نەبوو کە لای خەڵکی کوردستان ئەوەندە خۆشەویست بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا خەڵک نازناوی پێشەوای پێ دابوو”.
زۆر سپاس کە کاتتان بۆ ئەو وتووێژە تەرخان کرد.
ئێوەش ماندوو نەبن کە بایەخی تایبەتیتان بەو بابەتە دا.