[تووڕەیی لە پسپۆڕی پایەبەرزی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان ڕەنگدانەوەی نائومێدیی لە دەسەڵاتی سنوورداری خۆراوایی بۆ پێشگرتن بە جەنگی ڕووسیە لە ئوکراینە.]
بۆ چی ئەوەی لە ئوکراین دەقەومێ خەتای خۆراوایە؟ ئەوە مانشێتی پرسیاری ورووژێنەری وتارێکی پرۆفیسۆر جان میرشایمەر، لایەنگری بەناو بانگی کەتوارگەرایی (ڕیالیزم)ی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانە، کە لە کۆڕێکی دەرچووانی زانکۆی شیکاگۆ لە ٢٠١٥ پێشکەش کراوە و لەو کاتەوە کە بۆ یەکەم جار لە یوتیوب بڵاو بۆتەوە، زیاتر لە ١٦ میلیۆن جار چاوی لێکراوە.
لە ٢٠٢٢ میرشایمەر دیسان پەیامەکەی بە حەماسەتێکی زۆرەوە لە ١ی مارس لە وتووێژێکی تەلەفۆنیی گەمژانەدا لەگەڵ نیویۆرکەر بڵاو کردۆتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی داگیرکردنی ئوکراین لە لایەن ڕووسیەوە، ورووژاندنی میرشایمەر بۆتە هۆی تووڕەیی و ئەو پرسیارەی دروست کردوە: کەتوارگەرایی چییە کە میرشایمەر پشتگیریی لێ دەکا؟
لە لایەکەوە، میرشایمەر دڵنیاکارانە بێلایەنە. هەنگاوی بەربەرینکردنەوەی ناتۆ لە ٢٠٠٨ بە شێوەیەک کە گورجستان و ئوکراین بگرێتەوە هەڵەیەکی سامناک بوو. ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڤیکتۆر یانۆکۆویچ ،کە ڕووسیە پشتگیری دەکرد، لە ٢٠١٤، لە شۆڕشێکدا کە خۆراوا پشتگیریی کرد، ڕووسیەی هێندەی دیکە تووڕە کرد. خۆراوا دەبوو بەرپرسیارەتیی ئافراندنی دۆخێکی مەترسیدار بگرێتە ئەستۆ کە هۆیەکەی بەرینکردنەوەی هاوپەیمانیی دژی سۆڤیەت بەرەو ناوچەی ژێر دەستڕۆیشتوویی ڕووسیەیە. ئەوسا ئاکامگیرییە تووڕەکەرەکە دێت: پەرچەکردارە توندوتیژانەکەی پوتین نابێ ببێتە هۆی سەرسوڕمان.
هەر ئەوکاتی لە ٢٠١٥، هەڵوێستی میرسهایمەر جێگای مشتومڕ بوو. ئەمڕۆ، ئەوە لەژێر ڕووناکایی پێشێلکاریی ئاشکرای یاسای نێونەتەوەیی لەلایەن پوتینەوە، دیسان سەری هەڵداوەتەوە. لە ٢٨ی فێبریواری، کاتێک وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیە لە تویتێکدا پشتیوانیی لە ڕوانگەی میرشایمەر کرد، کەوتە بەر ڕەخنەی توندی ئان ئەپڵباوم، مێژووناسی ناسراو و لایەنگری لیبرالیزمی خۆرهەڵاتی ئورووپای دوای سۆڤیەت.
ئەپڵباوم گوتی، “دە فەرموو!”، بە ئاماژە بە تویتەکەی وەزیری کاروباری دەرەوە، “ئێستا لە خۆمان دەپرسین ئاخۆ ڕووسیە لە ڕاستیدا چیرۆکی میرشایمەر و ئەوانی دیکە دەڵێتەوە. مۆسکۆ پێویستی پێی بوو بڵێ خۆراوا بەرپرسی داگیرکاریی ڕووسیە (لە چیچان، گورجستان، سووریە و ئوکراینە)، نەوەک چاوبرسیەتیی خۆیان و ئیمپریالیزم. ئاکادێمیسیەنەکانی ئەمریکایی چیرۆکەکەیان بۆ دابین کرد.”
لە ڕۆژەکانی دواییدا، ئیدانەکردنەکانی ئەپڵباوم پشتگیرییەکی زۆری لێ کرا و خوێندکارانی زانستگای شیکاگۆ لە نامەیەکی ئاواڵادا داوایان کرد بزانن ئاخۆ میرشایمەر مووچەخۆری ڕووسیەیە!
ئابڕووچوونەکە بەو مانایەیە کە میرشایمەر شەڕانشۆیی پوتین وەک هیچ شتێک بێجگە لە ئاکاری زلهێزێکی ژێر زەخت نابینێ. بە پێچەوانەی ئەپڵباوم، میرشایمەر شتێکی کەمی هەیە لە مێژووی ڕووسیە یان ئوکرایندا لێی بکەوێتە مەترسییەوە. ئەوەی کە ناوبراو دەیکا شتێک نییە بێجگە لە تیشک خستنەسەر ئاسەوارەکانی تیۆریی دڵخوازی ناوبراو لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، کە بە کەتوارگەرایی “هێرشبەر” یان “زلهێز” ناسراوە. ڕووسیە زلهێزە. زلهێزەکان، بە گوێرەی ئەو تیۆرییە، ئاسایشی خۆیان بە ناوچەی بەرژەوەندی دەپارێزن. وڵاتە یەکگرتووەکانیش هەمان کار دەکا، بە شێوەی دۆکترینی مۆنرۆ و لەو دواییانەدا بە دۆکترینی کارتەر، کە بەرژەوەندیی ئەمریکا تا کەنداوی فارس پەرە پێ دەدا. بێتوو پێویست بێ، ئەو ناوچانە بە هێز بەرگرییان لێ دەکرێ و هەر کەس دانی پێدا نەنێ و ڕیزی لێ نەگرێ، لە تێگەیشتن لە عەقڵانییەتی توندوتیژانەی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان شکست دێنێ.
بەگوێرەی ئیدیعای ئەپڵباوم، کە هیچ بەڵگەیەکی بۆی نەخستە ڕوو، میرشایمەر ڕەنگبێ گوێی نەداتێ. هەرچی بێ، ئەپڵباوم ئیدیعای ئەوە ناکا کە میرسهایمەر و هاوبیرانی، “ئاکادێمیسیەنەکانی ئەمریکایی”، بیرۆکەکەیان داوەتە دەست ڕووسییەکان. پوتین پێویستی بە پرۆفیسۆرە ئەمریکاییەکان نییە تا دڵنیای بکەن ڕووسیە زلهێزە. زلهێزەکان کەڵک لە هەموو ئامرازێک وەردەگرن. کەڵکوەرگرتن لە هۆدانی ئاکادێمیسیەنی بیانیی بچووکترین تاوانی ئەوە.
تا ئەو جێیەی بیرۆکەکان بە ڕاستی کاریگەرییان لەسەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان هەبێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە یەکلاکەرەوانەی بە بۆچوونی میرسهایمەر بۆ جوغرافیا، ئابووری و هێزی سەربازیی قایلە، ئەوپەڕی ئەو شتەی مرۆڤ دەتوانێ هێوای پێ هەبێ ئەوەیە کە بڕیاردەران و خەڵکی ئاسایی دان بە بەرژەوەندی و ناوچەی دەستڕۆیشتوویی یەکتر دابنێن و خۆ لە بەریەککەوتنی ناپێویست ببوێرن. واتای کەتوارگەرایی لەو چوارچێوەیەدا، ڕوونیی بنەماکەی و پەسەندکردنی بەناچاری ئەقڵانییەتەکەیەتی.
لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، هەر ئەو هەڵوێستە بوو کە میرشایمەر هان دا لەدژی ئەوەی بە بۆچوونی نابراو دەستڕۆیشتوویی بێهۆی لۆبیی ئیسڕائیل لەسەر سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانە، هەڵوێست بگرێ. ئەو دەستڕۆیشتووییە بەرچاوی داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکایان لە تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی وڵاتەکەیان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لێڵ کردوە. لە دۆخی هەنووکەییدا، ئەوەی میرشایمەر داوای دەکا ئەوەیە کە بیرۆکەی بەرینکردنەوەی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات چ وەک ئاراستەیەکی خۆ لێ لانەدەری مێژوویی یان شەڕێکی خاچپەرستانە کە ئێمە دەبێ بۆی بجەنگێین، دەبێ وازی لێ بێنین.
بێگومان، ئاسەوارەکانی ڕوانگەی میرشایمەر لەسەر سەربەخۆیی ئوکراین دڵڕەقانەیە. ئەو سەربەخۆییە تا هەتایە لەبەر چارەنووسی کەوتنە ناوچەی ژێر دەستڕۆیشتوویی ڕووسیە سنووردار دەبێ. بەڵام ئەگەرچی ئەوە ناخۆشە، بێتوو مرۆڤ دان بە دەسەڵات و بەرژەوەندیی ڕووسیە دانەنێ، ئاکامەکەی لەوەش خراپتر دەبێ. مەترسیی ئەوە هەیە کە ئوکراین لێکهەڵوەشێ. میرشایمەر حاشا لە شەڕانشۆیی ڕووسیە ناکا، ئەو تەنیا بەو شیوە کە هەیە قبووڵی دەکا. ئەو سەرجەم هێزی هێرشی ڕەخنەگرانەی خۆی ئاراستەی یەکیەتی ئورووپا و ناتۆ دەکا، چونکە ئوکراین بەرەو “ڕێبازی پڕ مەترسی” دەبەن. بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانی خۆراوا لەمەڕ ئەگەری ئەندامەتیی ناتۆ و ڕێککەوتنی لکێندران بە یەکیەتی ئورووپاوە، چۆن سیاسەتوانانی ئوکراین بتوانن خۆ لەبەر خولیای تێکەڵ بوون ڕاگرن؟ بەڵام بێتوو ئەوان نوقمی ئەو وەسوەسەیە بن خۆیان دەخەنە ژێر مەترسیی تووڕەیی ڕووسیە.
بێتوو لە میرشایمەر لەبارەی سەرچاوەی مێژوویی ڕوانگە تیژبین بەڵام تاریکەکەی لەمەڕ دنیا پرسیاری لێ بکرێ، زۆر وێدەچێ پێت بڵێ ئەوە ژیرییەکی کەونارایە کە لە نووسینەکانی مێژووناسی یونانی توکیدیدەسەوە سەرچاوەی گرتوە. بەڵام ئەوە نەریتێکی ساختەی دەستی بڕوامەندانی کەتوارگەرایی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانە کە لە زانستگاکانی ئەمریکایی لە سەردەمی شەڕی سارد دامەزرێندرا.
وەک گێڕانەوە سەرنجڕاکێشە تازەکەی ماتیو سپێکتێر، کەتوارگەراکانی ئاتلانتیک (٢٠٢٢) پێمانی نیشان دەدا، بنەچەکەیەکی عەقڵانیتر هی سەردەمی کەونارا نییە، یان تەنانەت هی سەردەمی سیاسەتی کەتوارگەرایانەی بیسمارکیش، کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودای هاوسەنگیی هێزی سەدەی نۆزدەهەمدا بەڕێوە دەچوو، نییە بەڵکو هی سەردەمی ئیمپریالیزمە. ئەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، بە داخرانی بەرە جیهانییەکان و باو بوونی داروینیزمی کۆمەڵایەتی بوو، کە بۆ یەکەم جار ڕوانگەیەک لەمەڕ دنیا سەری هەڵدا کە لەویدا زلهێزەکان بۆ خۆجێکردنەوە لە هەسارەیەکی سنوورداردا شەڕە ئانیشکیان دەگەڵ یەکتر دەکرد.
بۆ سپێکتێر، هێڵێکی فکری لە تیۆریزانانی دەریایی و جوغرافیازانانی پێش ١٩١٤، وەک فریدریش ڕاتزەل و ئالفرێد ماهان، تا پسپۆڕانی جوغرافیای سیاسیی ئاڵمانی نێوان دوو جەنگەکە، کە ناسیاوترینیان کارل هاوهۆفەر و کارل شمیت و لەوێوە بۆ نووسراوە کلاسیکەکانی کەتوارگەرایی ئەمریکایی، کە ناسیاوترینیان نووسراوەکانی هانس مۆرگێنتاو، هەبووە. وەک میرشایمەر، کارل شمیت، پارێزەری ئاڵمانی نازی و دانەری تیۆزی گرۆسراوم (گەورەشار)، پێشبینی پەرگالێکی جیهانیی دەکرد کە لەویدا دنیا بەسەر ڕووبەری مەزندا دابەش کرابوو کە هەر کام لەوان لەژێر دەسەڵاتی زلهێزێکدا بێ. تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئەو ڕوانگەیە ڕەوشتی خەوشدارە. هێندەی بناخەی ئەو خەوشدارییە لەسەر فرەیی ناوچەی دەسەڵات دامەزراوە، لەسەر فەلسەفە دانەمەزراوە. وەک میرشایمەر، هاوسهۆفەر و شمیت پێشبینی گرۆسراومی ئاڵمانیان وەک شتێکی هاوشێوەی ئیمپراتوریی بریتانیا و دۆکترینی مۆنرۆی ئەمریکایان دەکرد. هەمان پاساوهێنانەوە لەلایەن لایەنگرە ژاپۆنییەکانی ناوچەی مەزنتری هاوخۆشبژیویی ئاسیا لە کۆتاییەکانی ١٩٣٠ کەڵکی لێ وەردەگیرا.
یەکێک لەو هۆیانەی بۆچی ئەو مێژوویە لێڵە ئەوەیە کە ئەوە هەمیشە بۆ لیبڕاڵەکان ئابڕووبەرانە بووە. پاساوهێناوەی فەڕانسەییەکان بۆ داوای دەسەڵات بناخەکەی بە شێوەیەکی لەرزۆک دەگەڕێتەوە بۆ مافە گەردوونییەکان. لە جەنگی جیهانیی دووهەم، پسپۆڕانی جوغرافیای سیاسی، وەک سپێکتێر لە چەند بڕگەی سەرسوڕهێنەردا، نیشانی داوە کە کەتوارگەرایی ئەمریکایی ناچار بوو مێژوویەکی نوێ بۆخۆی دروست بکا کە بە گوێرەی ئەو، خۆی وەک تیۆرییەکی خەیاڵیی جیا لە ڕەچەڵەکە ئیمپریالیستییەکەی ناساند.
سپێکتێر ئاڵمانخوازە. کتێبەکەی پێشووی ناوبراو ژیاننامەی ڕۆشنبیرانەی فەیلەسوفی قوتابخانەی فرانکفورت، یۆرگێن هابرماسە. بەتایبەتی بۆ بەردەنگێکی ئەمریکایی، گرێدانی ئەو جۆرە کەتوارگەراییەی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان کە لە زانکۆکانی ئەمریکادا بڵاو دەکرێتەوە بە بنەچەکە تاریکەکانی سەردەمی ئیمپریالیستی، دەستکەوتێکی ڕۆشنبیرانەی مەزنە. بەڵام ئەوە بە نرخی بەرتەسککردنەوەی ڕوانگەی مێژووییە. ئەگەر میرشایمەر کەسێکی ناوداری کەتوارگەرایی زلهێزە، کەوابوو بەرژەوەندییەکەی کەمتر لە هێنانە ژێر پرسیاری ئیمپریالیزمی سەدەی نۆزدەهەمدایە تا هێنانە ژێر پرسیاری هۆی دەستپێکی جەنگی جیهانیی لە ١٩١٤. بنەچەکەناسیی ڕۆشنبیرانەی کە ناوبراو ڕەچاوی دەکا لە پێش هەموو شتێک بەرهەمی ئاسەوارەکانی چەنگی جیهانیی یەکەم و هەوڵە بەژان و فرەنەتەوەییەکان بۆ تێگەیشتن لە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی جولایە.
لەو باسەدا، ئاڵووێری ئاڵمانی-ئەمریکایی کە سپێکتێر جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەشێک لە پاساو هێنانەوەی بەربڵاوترە کە کەسانی وەک مێژووناس ئی ئێچ کار و فەیلەسوف دۆڵدسوۆرت لۆڤوس دیکینسۆن لە بریتانیا و مێژووناسە چەپییەکانی پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی وەک چارلز بیرد لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە. ئەمڕۆش هێشتا هاوهەستییەک لە نێوان کەتوارگەرای وەک میرشایمەر و چەپەکانی سیاسەتی دەرەوە، کە ڕێز لە لێدوانە بوێرانەکانی لۆژیکی دەسەڵاتی ئەو دەگرن، هەیە.
دەبێ دانی پێدا بنرێ کە هەڵوێستی ناوبراو تێگەیشتنی ڕاستەقینە پێشکەش دەکا. بەڕاستی، ئەگەرچی بە دەنگی بەرز نەگوتراوە، بۆچوونەکانی میرسهایمەر لەمەڕ قەیرانی ئوکراین بە کردەوە دەگەڵ هی بەشێکی بەرچاو لە دەسەڵاتدارانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان هاوبەشە. بەڵێنی ئەندامەتیی ناتۆ کە لە بەڕیوەبەرایەتیی بوش لە ٢٠٠٨ باسی کرا، ئاکارێکی خۆ بەزلزانانە بوو. خۆراوا ئوکراین پاشگوێ ناخا، بەڵام بە شێوەی سەربازیش دەستێوەردان ناکا. بەشێک لە تووڕەیی بەرانبەر بە میرشایمەر، تووڕەیی بەلاڕێدابراوی لیبڕاڵەکانە کە لەبەر ڕووڕاستیی خۆیان دان بە سنوورە ڕاستەقینەکانی تێوەگلانی خۆراوایی دادەنێن و هۆی باشیش بۆ ئەو سنوورانە هەن. بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەگەڵ ڕووسیە شتێکە کە ناتۆ هەمیشە هەوڵی داوە خۆی لێ ببوێرێ. وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پوتینی ڕوون کردەوە کە هیچ تێوەگلانێکی سەربازیی نابێ. گەیاندنی تەنگەتاوی چەکوچۆڵ تا ڕادەیەکی زۆر ئەو هێڵە لێڵ دەکا. ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین هەڵەیەکی کوشندەیە.
بەڵام بۆ هەموو ئەوانە، بانگەشەی سەرکەوتنێکی ڕۆشنبیرانە بۆ کەتوارگەرایی میرشایمەر قەشمەرییە. بێگومان ئەو لەبارەی هۆیەکانی قەیرانەکە ڕاست دەکا. بەڵام ئەوە نابێ ببێتە هۆی جەنگ، وەک چۆن ئاماژە بە ئیمپریالیزم وەک شیکردنەوەیەکی شیاو بۆ هۆی دانی چەکی سپی لە لایەن قەیسەرەوە بە خەڵکی ئوتریش لە جولای ١٩١٤. مودێلی کەتوارگەرایی تا ڕادەیەکی زۆر لێڵە و لە تێگەیشتن لەو ئاڵوگۆڕە خاوەن چۆنایەتییە کە بە دوژمنایەتی دەستی پێ کرد ناسەرکەوتوویە. سەرداری یەکەمی پرووسی، کارل ڤۆن کلاوسەویتز، ڕەنگبێ گوتبێتی جەنگ درێژەی سیاسەت بە ئامرازی دیکەیە. بەڵام ئەوە هێشتا ئەو پرسیارە بەرز دەکاتەوە کە بۆ کەسێک، زلهێز بێ یان نا، پەنا بۆ ئامرازێکی وەها بنەڕەتی و ترسناک ببا.
لە خودی مۆسکۆ، هیچکام لە دەسەڵاتدارە جیددییەکانی سیاسەتی دەرەوە، کە هەموویان لایەنگری ڕووسیەی داهاتوو وەک زلهێزن، بڕوایان نەدەکرد پوتین جەنگ دەست پێ بکا. ئەوان بڕوایان نەدەکرد، نەوەک لەبەر ئەوە کە لە لۆژیکی دەسەڵات تێناگەن، بەڵکو دەقاودەق لەبەر ئەوە کە لێی تێدەگەن. ئەوان هیچ هۆیەکی باشیان پێ شک نەدەهات کە بۆچی ڕووسیە پەنا بۆ ئامرازی جەنگی هەمە لایەنە ببا، بە هەموو مەترسییەکان، نادڵنیاییەکان و تێچووەکانیەوە. ڕووداوەکان دەیسەلمێنن ئەوان ڕاست بوون.
ڕەوشتیبوون و یاساییبوون هۆیەکانی دژایەتیی جەنگن. هۆیەکی دیکە ئەوەیە کە لانی کەم لە سەدەی ڕابردوودا، هەڵنەکەتووە کە ئاکامی هەبێ. بێجگە لە شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی، گەلێک دژوارە مرۆڤ بتوانێ ناوی تاکە جەنگێکی شەڕانشۆیانە لە ١٩١٤ بەولاوە بێنێ کە ئاکامێکی ڕوونی ئەرێنیی هەبووبێ. کەتوارگەراییەک کە لە دانپێدانان بەو ڕاستییە و ئاکامەکانی کە زۆربەی داڕێژەرانی سیاسەت لێیان وەرگرتوون ناسەرکەوتوو بێ، بۆ ئەوە نابێ باسی بکرێ.
ئەوە بەو مانایە نییە جنگ ناقەومێن. بەڵام گریمانەی داهاتوو وەک دووپاتبوونەوەی بێکۆتایی میلیتاریزمی پیداهەڵگوتراوی ١٩١٤، حاشاکردن لە هەر جۆرە توانایی فێربوونی گشتییە و هەڵەیە، بەتایبەتی لە سەردەمی چەکی ناوکیدا. وەک سپێکتێر لە هێندێک بەشی فرە وردبین لەمەڕ کەتوارگەرایی ئەمبەر-ئەوبەری ئاتلانتیک لە سەردەمی دوای جەنگ نیشانی دەدا، ڤییەتنام و چەکی ناوکی بوونە هۆی ئەوە کە کەتوارگەرا کلاسیکەکان هەڵوێستی وشیارانە بەرانبەر بە جەنگ بگرن، لەو پێوەندییەدا ‘کەتوارگەرایی هێرشبەرانە’ی میرشایمەر، دەستەواژەیەکی سەردەمی دوای شەڕی سارد، ناوێکی پڕ بە پێستیەتی.
لەژێر ڕووناکایی مەترسییەکانی جەنگدا، مرۆڤ وەسوەسە دەبێ بڵێ بێتوو وتە هڵۆڵەکانی میرشایمەر لەمەڕ عەقڵانییەتی کێشەی زلهێزان بەڕاستی بیانوویان نەدا دەست پوتین بۆ داگیرکارییە کارەساتبارەکەی ڕووسیە، لەجیاتی ئەوەی میرسهایمەر خزمەت بە ڕووسیە بکا، ئەو چەکی نهێنی جبەخانەی خۆراوایە کە یارمەتیی دەکا تا پوتین پەلکێشی کارەساتێکی مەترسیداری سەر گاشەبەردەکانی ئەفغانستانێکی نوێ بکا. ئەگەر ئێمە بمانهەوێ بزانین لە کرێملین چی ڕووی دا، کە لەناکاو گەمژەیی تاوانکارانەی داگیرکاریی قەوما، پێویستیمان بە قسەی بێمانای دووڕێیانی ئاسایشیی زلهێزەکان نییە، بەڵکو پێویستیمان بە لێکۆڵینەویەکی چڕ لەمەڕ شکستێکی فرەمەزنی بڕیاردان و هەواڵگرییە. ئێمە پێویستە نەتەنیا لە ڕووسیە تێبگەین، بەڵکوو بە هەمان شێوە لە ئوکراینیش، وڵاتێک کە فرە لاواز دەهاتە بەرچاو، بەڵام تا ئێستا توانیویەتی بە شێوەیەکی وەها کاریگەر بەرگریی بکا. لە سەرووی هەموو شتێکەوە، پێویستە ئێمە بەوە دەست پێ بکەین، دان بەوە دابنێین کە بۆ زۆربەی هەرە زۆری لێکۆڵەران، ئەو جەنگە بووە هۆی پەشۆکان، ئەویش هەستی ڕاستیی ئێمە پشتڕاست ناکاتەوە، بەڵکو دەیهێنێتە ژێر پرسیار.
ئەوە سەلمێنەری ئەو شتەیە کە ڕەچاوکردنی هەڵوێستێکی کەتوارگەرایانە بەرانبەر بە دنیا بەو مانایە نییە کە هەمیشە دەست بۆ تاقمە ئامرازی خاراوی باو بەرین، هەروەها بەو مانایەش نییە ویشکەبڕوا بین، بە شێویەک کە خۆمان تا هەتایە بەرانبەر بە زەوقوشەوقی لیبراڵ بەرهەڵستدار بکەین.
کەتەوارگەرایی، بێتوو بە جیددی وەرگیرێ، بیرکردنەوەی بێکۆتایی و ئالنگاریی هەستیاریی دەخوازێ. ئەو بە مانای خەباتی خولەک بە خولەک بۆ تێگەیشتن لە دنیایەکی پێچەڵپێچ و هەردەم لە گۆڕانە، کە بۆخۆمان تێیدا نوقم بووین، دنیایەک کە دەتوانین، تا ڕادەیەک، کارتێکەریمان لەسەری هەبێ و بیگۆڕین، بەڵام بەردەوام ئالنگاریی بۆ بەرژەوەندییەکانمان و پێناسەکانیان دروست دەکا. لەو خەباتەدا بۆ کەتوارگەرایی، ئەرکی بێکۆتایی پێناسەکردنی هەستیارانەی بەرژەوەندییەکان و هەوڵدان بۆ پاراستنیان بە باشترین شێوە و پەنابردن بۆ جەنگ، لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێ، دەبێ بەو شێوەی کە هەیە دانی پێدا بنرێ. نابێ ببێتە پەرچەکرداری ئاسایی و عەقڵانی بۆ دۆخێکی دیاریکراو، بەڵام وەک ئاکارێکی بنەڕەتی، ترسناک و لێوڕێژ لە ئاسەواری ڕەوشتیی سەیر بکرێ. هەر بیرمەندێک یان سیاسەتوانێک کە لەبەر بێهەستیی یان بیرتەنکیی لە ڕادەبەدەر نەتوانێ بەرەوڕووی ئەو ڕاستییە تاڵە ببێتەوە، دەبێ بە هەمان شێوە هەڵسەنگێندرێ.