بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، ١٢ مووشەکی دوورهاوێژی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج و دەسەڵاتی خۆجێیی ئەو بەشە لە کوردستانیان ئاگادار کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی دراوسێیان بۆ پاراستنی بەناو بەرژەوەندییەکانی و لە ڕاستیدا درێژەدان بە سیاسەتە ناوچەییەکانیان لەحاند نەیارانیان، لە هیچ کردەوەیەک، تەنانەت ئەگەر مووشەکبارانی هەولێری پێتەختی باشووری کوردستانیش بێت خۆ ناپارێزێ.
دیارە ئەوە یەکەمجار نییە و ڕەنگە کۆتا جاریش نەبێ کە کۆماری ئیسلامی سنوورە جوغرافیاییە نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێ و بۆ زەبرلێدان لە نەیارانی ڕێسا و یاسا نێونەتەوەییەکان لەژێر پێ دەنێ. کۆماری ئیسلامی لەپاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێڕاق و ڕووخانی دەسەڵاتی سەددام حوسێن، بەهۆی دەستە و تاقمەکانی، سینگی خۆی لەو وڵاتە داکوتاو و بوو بە یەکێک لە ڕۆڵگێڕانی گۆڕەپانی سیاسی لە عێڕاق؛ هەربۆیەش عێراق بوو بە مەیدانی تەڕاتێنی و ئەو ڕێژیمە. لەوساوە ڕێژیم وەک حەسارخەڵوەتێک ڕوانیویەتە ئەو وڵاتە، دیارە لەو بەینەدا هەرێمی کوردستان بەلەبەرچاوگرتنی زۆر فاکتەر، گرینگیی تایبەتیی بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە و ڕێژیم بە هەستیاری و ڕوانگەیەکی تەواو ئەمنییەتییەوە دەڕوانیەتە ئەو بەشە لەکوردستان و لەڕاستیدا لە سیاسەتی درێژخایەنی خۆی و بۆ بەکردەکردنی “هیلالی شێعی”، باشووری کوردستان بە خاڵێکی ستراتیژیک دادەنێ!
هەر چەند لەپاش ئەو هێرەشە سەرەتا دەوڵەت و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی حاشایان لە دەستتێدابوون لەو هێرشەدا کرد، بەڵام پاش چەند کاتژمێر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ و گوتی ئەوەی بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی دوو فەرماندەی پلەبەرزی سپا لە سووریە کردوە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ دەمیشق کوژراون. هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر بەخۆشییەوە جگە لە خەسارەتی ماڵی و وێرانبوونی چەند باڵاخانەیەک، زیانی گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام هەڵگری چەند پەیامێک بوو کە ڕێژیمی دەسەڵاتدار لەئێران ئاڕاستەی دراوسێکانی، بەتایبەت هەرێمی کوردستانی لە عێراق کردوە.
ڕێژیمی ئێران بەو هێرشە نیشانی دا عێراق و هەرێمی کوردستان لەباری ئەمنییەتییەوە بەسراونەتەوە بە ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئاراستەکان دەبێ بەو ئاقارەدا بڕۆن کە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی تێدا بێ، یان لانیکەم زەرەر و زیانی بۆ ئەو ڕێژیمە نەبێ؛ لەو پێناوەشدا کورد گوتەنی، (شەلم، کوێرم، کەس نابوێرم) داویەتە بەر و ئەگەر هەتا ئێستا گومانێک لەسەر ئەو ڕاستییە هەبێ، ئەوە هێرش بۆ سەر پێتەختی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە مووشەکی دوورهاوێژی بالستیک، هەموو دوڕدونگییەکان دەڕەوێنێتەوە.
کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بوونی بەناو ناوەندی هەواڵگریی ئیسرائیل لە هەولێر و هەرێمی کوردستان هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر کۆنسوولخانەی تازەی ئەمریکا لە ئەم بەشە لە خاکی کوردستان؛ پرسیار ئەوەیە، بۆ کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل و زەبری خۆی لێ ناوەشێنی و تۆڵەی دوو سەرکردە پاسدارەکەی و دەیان و سەدان پاسدار و هێزی خۆی ناکاتەوە کە لە سووریە کوژراون؟ بۆ هێرش بۆ بنکەکانی دیکەی ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ ناکا کە لە پاش پەیمانی”ئاشتیی ئیبراهیم” دامەزراون و ئێستا پێوەندی زۆر توندوتۆڵیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؟ ئیسرائیل بە وتەی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە و هەواڵدەرییەکان، بە سەدان جار ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سووریە داوەتە بەر هێرش و سەدان کەسی لێ کوشتوون، جگە لەوەش لە نێوخۆی ئێران تەنگی بە سپای پاسداران هەڵچنیوە و زۆر لە زانا ناوکییەکان، وەک موحسین فەخریزادەی لەنێو بردوە؛ لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی دەزانێ ناتوانێ ڕاستەوخۆ لە ئیسرائیل بدا، بەتایبەت لەو کاتە ناسک و هەستیارەدا کە دانووستانەکانی بەرجام بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوی بە دانی کەمترین تێچوو، بەرۆکی خۆیان لە گوشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕزگار بکەن، هەربۆیەش زۆرتر هەوڵ دەدا لە ڕێگای گرووپ و دەستەو تاقمەکانی لە وڵاتانی ناوچە و هەروەها بەم دواییانە لە عێراق و باشووری کوردستان، بەناو زەبر لە پێگە و ناوەندەکانی ئیسرائیل بدا، پێگە و ناوەندگەلێک کە بوونیان لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش حاشای لێ دەکرێ.
کۆماری ئیسلامی مەبەستی لە هێرش بۆ سەر هەولێر تەنیا بە وتەی خۆی زەبر لێدان لە بەناو بنکەو بارەگای ئیسرائیل نەبووە کە لە ئەساسدا وەک باس کرا بەوتەی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان هەر بوونیان نییە، بەڵکوو مەبەستیان زەبرلێدان لە کەرامەت و شکۆی دەسەڵاتێکی تازەپێگەیشتووی کورد و دژایەتی لەبڕاننەهاتوویان لەگەڵ نەتەوەی کورد بووە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەڕاشکاوی دەڵێن ئێمە ناتوانین دەسەڵاتێک لە باشووری کوردستان تەحەموول بکەین کە لە دەرەوەی بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانماندا بێ، بەواتایەکی دیکە ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران دەیانەوێ باشووری کوردستان وەک باشووری لوبنان ببێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان و گۆڕەپانی شەڕی نیابەتی، وەک ئەوەی ئێستا لە یەمەن دەیکەن. ڕاستە ئیسرائیل زیانی زۆر گەورەی لە سۆمعە و شکۆی ڕواڵەتیی کۆماری ئیسلامی داوە و ئەوەش بێگومان کاریگەری هەیە لە سەر تووڕەیی کۆماری ئیسلامی و هەستی تۆڵەسەندنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران لەلایەک باش دەزانن دەبێ تێچووی سیاسەتەکانیان لە سووریە و لوبنان بدنەوە و لەلایەکی دیکەش بیر لەوە دەکەنەوە بۆ زەبرلێدان لە ئیسرائیل و ئەمریکا کام ڕێگا تێچووی سیاسی و کردەیی کەمترە! ئەوە بگرنەبەر؛ هەربۆیەش لەسەر ئەو باوەڕەن عێراق و باشووری کوردستان لەبارترین شوێنە بۆ ئەو مەبەستە، بەتایبەت کە بە بۆچوونی خۆیان دەتوانن جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد بەگشتی لەبار بەرن.
شک لەوەدا نییە یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە مووشەکبارانی هەولێر ئەوە بوو بە ئەمریکا و دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانم هیچ سنوورێک ناپارێزم و شەڕی یەکلاکەرەوەش ئەگەر لەئارادابێ ئەوە من ئامادەی ئەو شەڕەم. دیارە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری خویدا نیشانی داوە بۆ بەکردەکردنی سیاسەتەکانی، ئامادەیە تێچووی زۆر بدا و کورد گوتەنی “پشتی خاراوە”؛ ئەو تێچوویەش بۆ خامنەیی و شوێنکەوتووانی زۆر گرینگ نییە چەندە کاریگەریی هەیە لەسەر خوانی خەڵکی هەژار و داماوی ئێران، بەڵکوو گرینگ مەرام و ئامانجەکانیانە کە هەتا ئێستا عەوداڵی بوون و لەپێناویدا سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانیان بەبا داوە.
کۆماری ئیسلامی شەڕی ڕاگەیەندراو و ڕانەگەیەندراوی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان هەیە و لەگەڵ چەند حکوومەتێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆڕیش، وەک ڕووسیە و چین و کۆریای باکوور و چەند وڵاتێکی دیکە پێوەندی دۆستانەی هەیە. ئەو ئاڕاستەیە پێمان دەڵێ ڕێژیمی ئێران خۆی یەکلا کردۆتەوە و دەزانێ بۆ چی و بە چ مەبەستێک سیاسەتی دەرەوەی خۆی داڕشتوە؛ لەڕاستیدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر، بەتایبەت لە جەنگەی هێرشی ڕووسیە بۆ ئۆکراین و هەروەها لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی لەبارچووی بەرجام لە ویەنی ئۆتریش بەردەوامە، لەلایەک پێمان دەڵێ ئەمریکای جۆبایدەن و دێمۆکراتەکان نەیانتوانیوە ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا لەگەڵ قەیرانەکان، بەتایبەت قەیرانەکانی خوڵقاوی دەستی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بن و لە ئاستی ئەو بەرپرسیارەتییەدا نەبوون کە لە ئەمریکا چاوەڕوان دەکرا. لەلایەکی دیکەش ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە کەڵک لە دۆخی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، بەتایبەت شەڕ و دەستدرێژی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وەردەگرێ و دەیەوێ بڵێ لە هاوکێشەکاندا خۆی یەکلایی کردۆتەوە و لە بەرەی چین و رووسەکاندایە؛ هەربۆیەش چاونەترسانە و بێگوێدان بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییە پەسندکراوەکان سەروەریی خاکی دراوسێیەکەی پێشێل دەکا.
ئەو هێرشە مووشەکییە سەلماندی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، رێژیمێکی بێ پڕەنسیپ و نابەرپرسە و دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێ باش بزانن، کردەوەی وەک مووشەکبارانی پێتەختی باشووری کوردستان ئەگەری دووپاتبوونەوەی هەیە و هیچ گەرەنتییەک نییە سپای پاسداران، عێراق و کوردستان لەوە زیاتر نەکاتە مەیدانی تەراتێنی خۆی؛ بەتایبەت کە بەهوی دەستە و تاقمە چەکدارەکانی لە عێراق دەستی دەڕوا؛ دەستەو گروپ و تاقمێک کە بەئاشکرا پشتگیریی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامییان بۆ هەولێر کرد. بۆیە دەبێ لە تەواوەتیی خۆیدا خەم لەو پرسە هەستیارە بخۆن.