ناودێركردنی ڕۆژێک له‌لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به ناوی ڕۆژی جیهانیی ژن هه‌م ده‌توانرێ وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ ژنان و هه‌میش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ مافخوراوی و په‌راوێزبوونی ژنان سه‌یر بكرێ. ئه‌و ناولێنانه ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و حاكمیه‌تی وڵاتان هه‌نگاوی كرداری به‌ره‌و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌م یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی بهاوێن و هه‌روه‌ها داننانه به ناهاوسه‌نگیی ڕه‌گه‌زی له كایه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه تا ئه‌وكاته‌ی سنووره‌كانی مافی هاووڵاتی بوون نه‌گه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی له كۆمه‌ڵگەدا كۆتایی پێ بێ و یه‌كسانیی ڕاسته‌قینه بێته‌دی، بزووتنه‌وه‌ی ژنان به‌رده‌وام ده‌بێ. هه‌ربۆیه ده‌بینین سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژنان له وڵاتانی ڕۆژئاوا له ئاستێكی به‌رزدا له حه‌وزه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌كاندا به‌شدارن، له هه‌مان كاتدا تا ئێستاش ئه‌و بزاڤه به‌رده‌وامه و له به‌رەوپێشچوون دایه.
بزووتنه‌وه‌ی ژنان هه‌ر له‌و كاته‌وه كه وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ركه‌وتوه، ئامانجی سیاسیشی هه‌بووه و ئه‌وه‌ش ده‌توانین به‌ئاشكرا له داواكاریی مافی ده‌نگداندا ببینین كه له قۆناغی جیاوازدا له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگەكاندا سه‌ری هه‌ڵدا و به ئه‌نجام گه‌یشت. كه‌واته خه‌باتی ژنان خه‌باتێكی فره‌ڕه‌هه‌نده له پێناو كۆتاییهێنان به هه‌ر چه‌شنه جیاكارییه‌كی ڕه‌گه‌زی و كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌باته له چوارچێوه‌ی مافه خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، سته‌مێكی ئاشكرای پیاوسالارانه‌یه دژی ژنان.
دۆخی ژنان له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا ناله‌بار و مایه‌ی نیگه‌رانییه. جیاكاریی سیستماتیك و پلانمه‌ندی كۆماری ئیسلامی به پشتبه‌ستن به ئایین و نه‌ریته باوه‌كان و به گشتی ڕوانگه‌ی ئیدئۆلۆژیكی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بۆ پرسی ژن، له كۆسپه سه‌ره‌كییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ڕوو له گه‌شه‌ی ژنان له ئێراندان. ژنان سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زه‌خت و فشاره كه هه‌م ده‌ره‌نجامی نه‌ریته كۆن و چه‌سپاوه‌كانی بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگەن و هه‌م به‌رهه‌می سیاسه‌ته دژه ژنه‌كانی كۆماری ئیسلامین، له‌پێناو گه‌یشتن به مافه ڕه‌وا و سروشتییه‌كانیان له خه‌بات به‌رده‌وامن و له‌و پێناوه‌شدا قوربانی ده‌ده‌ن.
بزاڤی ڕوو له گه‌شه‌ی ژنان به هێنانه‌گۆڕی مێتۆدی نوێ و به‌ربه‌ره‌كانیی واتادار دژی جیاكاریی ڕه‌گه‌زی، به ئازایه‌تییه‌كی كه‌موێنه و له هه‌مان كاتدا پڕتێچوو، سه‌نگه‌ری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان گرتوه. سه‌رسه‌ختیی ژنان له خه‌باتی مافخوازانه وایكردوه له‌گه‌ڵ سه‌ركوت و فشاری به‌رده‌وامی ناوه‌نده ئه‌منی و عه‌قیده‌تییه‌كان به‌ره‌وڕوو بن. بێگومان ئه‌و سهركوته له لایه‌ك ده‌رخه‌ری سروشتی دژه‌ژنی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییه و له‌لایه‌كی تر ئاماژه‌یه بۆ كاریگه‌ری و شوێندارنهریی خه‌باتی ژنان له كۆمه‌ڵگەدا كه ناته‌بایه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیدئۆلۆژیی ده‌سه‌ڵات.
هه‌رچه‌ند له ئامانجه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌شه‌ی پایه‌دار له كۆماری ئیسلامی‌دا، یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی و وه‌دیهێنانی خواسته‌كانی ژنان تاڕاده‌یه‌كی زۆر گونجێنراوه، به‌ڵام به ئاوڕدانه‌وه له سروشتی دژه‌ژنی كۆماری ئیسلامی ئاشكرایه كه له سێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا ئه‌و ئامانجانه ده‌رفه‌تی وه‌دیهاتنیان نییه.
له كوردستاندا كه په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتی له قه‌یرانێكی قووڵ و مێژوویی دایه و سته‌می نه‌ته‌وه‌ییش له په‌نا نایه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی په‌یڕه‌و ده‌كرێ، ژنان له دۆخێكی كاره‌ساتبارتر دان. هه‌ر چه‌ند كولتوور و داب و نه‌ریتی زاڵ به‌سه‌ر کۆمەڵگەی كوردستاندا هه‌لومه‌رجێكی دژواریان بۆ ژنان پێكهێناوه، به‌ڵام ڕوانینی حاكمییه‌ت بۆ ژنی كورد هه‌م به هۆی ژن بوون و هه‌م به‌هۆی كوردبوونه‌وه، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژنانی كورد له دۆخێكی زۆر خراپتر له ژنانی گه‌لانی دیكه‌ی ئێران‌دا بن.
پارێزگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دیارده‌كانی ژنكوژی و قه‌تڵی نامووسی له ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی پارێزگانی ئێراندان. ئه‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌می په‌ڕاوێزخراویی كوردستان و دۆخی ناله‌باری ئابووری و په‌روه‌رده‌یی و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی جیاكاریی نه‌ته‌وه‌ییه كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه په‌یڕه‌و ده‌كرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چوونه‌سه‌ری ئاستی وشیاریی ڕه‌گه‌زی و شوناس‌خوازیی نه‌ته‌وه‌یی ژنانی كورد، بزووتنه‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی ژنانی لێكه‌وتۆته‌وه كه هاوكات له‌گه‌ڵ هێنانه ئارای خواسته هاوبه‌شه‌كانی ژنانی سه‌راسه‌ری ئێران، بوونه‌ته به‌شێكی چالاك و كارا له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. زیاترین ژنی سیاسیی زیندانی له ئێران‌دا كوردن، كه ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی بوێری و ئازایه‌تیی ژنی كورده له مه‌یدانی خه‌باتی ڕزگاریخوازیی ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌ییدا.
حیزبی دیمۆكڕاتی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانیه‌وه پێیوابووه په‌یوه‌ستبوونی هێزی ژنان به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، گه‌ره‌نتیی سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی گه‌لی كورد ده‌كا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵی داوه به به‌رفراوانكردنی مه‌یدانی كار و ژیانی ژنان له بنه‌ماڵه‌وه بۆ جومگه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگە، له قوتابخانه‌وه بگره تا كاری ڕێكخراوه‌یی و بواری جۆراوجۆری تر ئه‌و متمانه‌به‌خۆ بوونه له‌نێو ژناندا به‌هێز بكا تا بتوانن مۆركی خۆیان له هه‌موو حه‌وزه‌كانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بده‌ن. له هه‌مان كاتدا نابێ ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد به گشتی نه‌یتوانیوه ڕه‌ساڵه‌تی مێژوویی خۆی له ڕزگاركردنی زه‌ینیی مرۆڤی كورد له ژێرده‌سته‌یی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌جێ بگه‌یه‌نێ و ئه‌و واقعییهتهش بۆ ژنی كورد له ئارا دایه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە پشتیوانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بووە و خۆی بەرانبەر ستەمی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا بە بەرپرسیار زانیوە. بە باوەڕی ئێمە پۆتانسیەلێکی گەورە لە ژناندا هەیە کە پێویستە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بخرێتە گەڕ و ئەوەش بەدی نایە مەگەر بە چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتی لە ڕێگای دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکانەوە.